شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

شنروێ

ئوتێل و گازینۆیە. کەوتووەتە ناوەندی شاری هەڵەبجە بەرانبەر شارەوانی. موڵکی شارەوانی هەڵەبجە بووە. بە کرێی ساڵانە دراوە بە کرێ. ساڵانی ١٩٧٧ هەتا ١٩٨٠ تۆفیق حەمەئەحمەد پیرۆت (تۆفیقی موختار) گرتویەتی بەکرێ. ساڵی ١٩٨٠ بە دواوە دراوە بە (حەمەقوتوو). بیناکەی لە پایەی کۆنکرێت و بەرد و چیمەنتۆ و ئاسن دروستکراوە. ژووری ئیدارەی ئوتێل و هۆڵی چێشتخانە و هۆڵی گازینۆی هەبووە. نهۆمی سەرەوەی لە نۆ ژووری نوستنی چوار نەفەری و دوو نەفەری پێکهاتووە. هاوینان سەربانی نهۆمی دووەمی ئوتێلەکە بۆ خەوتن بەکارهێنراوە. بەردەمەکەی شوێنێکی کراوە بووە و کراوە بە گازینۆ و کورسی لێ دانراوە. پشت بیناکە چیمەن و باخ و سەوزاییەکی گەورەبووە و هەتا سنوری قوتابخانەی هەڵەبجە ڕۆیشتووە. ئیدارەی ئوتێلەکە و گازینۆکە جیاواز بووە و خاوەن ئوتێلەکە گازینۆکەی بە کرێ داوە. ساڵانی هەشتاکان بە زۆری میسرییەکان چایخانە و گازینۆکەیان گرتووە. نرخی مانەوەی شەوێکی میوان ٧٥٠ فلس بووە و مانگانە ١٥ دینار بووە.

کوردستان: حاجی فەرەجی زەڕە

ئوتێلێکی نمرە یەکە. کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە لە نێوان هەردوو شەقامی چوونە ناوەی هەڵەبجە و دەرچوونی لە گەڕەکی پیرمحەممەد. بە ناوی خاوەنەکەیەوە (فەرج محەممەد حسێن کۆکۆیی ١٩١٠ بۆ ١٩٩١)یش ناودەبرێت، کە بە حاجی فەرەجی زەڕە ناسراوە. ساڵی ١٩٥٩ بە دوو نهۆم دروستکراوە. نهۆمی یەکەمی تایبەتکراوە به ١٤‌ دوکان و نهۆمی دووەمی ١٠ ژوور بووە لەگەڵ ژوورێکی گەورەی پێشوازی. تاقی هەبووە، لە هەردوو ڕووی شەقامەکانەوە باڵکۆنی هەبووە. کەریم شاسوار ئەوڕەحمان بەکرێی مانگانەی ١٨ی دینار بەکرێی وەرگرتووە، لەبەرئەوە بەناوی (کەریم شاسوار)یشەوە ناو براوە. سەرەتا نرخی مانەوەی یەک شەوی ١٠٠ فلس بووە. لە لەشکرکێشیی سوپای عێراق و شاڵاوی زەعیم سدیقدا، زۆربەی دوکان و بازاڕ و هەندێک ماڵ، بەر تاڵان کەوتوون. ساڵی ١٩٧٠ بووەتە شوێنی پەیمانگای ئیسلامی، هەتا ساڵی ١٩٧٤ و بەهۆی بۆردومانی هەڵەبجەوە دووبارە زیانی بەرکەوتووەتەوە ڕووخاوە.

ڤیوو

یەکێکە لە مۆتێلە گەشتوگوزارییەکانی هاوینەهەواری (زەڵم). ساڵی ٢٠٢١ دروستکراوە. دوو نهۆمە. لە: ژووری نوستن، هۆڵێکی گەورە، مشتەمەلات، چێشتخانە، باڵکۆن، مەلەوانگە پێکهاتووە. خزمەتگوزاری: گەراجی سەربەخۆ، کارەبای بەردەوام، سیستەمی غاز، ئاوی خواردنەوە، پێداویستی خەو و خواردن، فێنک کەرەوە و ساردکەرەوەی تێدایە.

میری

ئوتێلێکی حکومییە. ساڵی ١٩٧٧ لە خوار خانەقاکەی (تەوێڵە)ەوە دروستکراوە‌. ماوەیەکی کەم بەردەوام بووە و ساڵی ١٩٨١ بەهۆی شەڕی عێراق - ئیران چۆڵ کراوە.

میوانخانە دێرینەکانی هەڵەبجە

چەند میوانخانەیەک لەناو شاری هەڵەبجەدا بەپێی سەردەمی جیاواز، بەتایبەتی دوای ساڵی ١٩٢٣ بۆ ١٩٢٨، هەبوون‌: ١- شاهۆ: لە نزیک مزگەوتی گەورە بووە و مەلا محەممەد ئەمینی گوڵچین کردویەتییەوە. ٢- حامیدبەگ: بە میوانخانەی جاف ناسراوە و لە قەیسەریی حامیدبەگی جافدا بووە، هەتا ڕادەیەک خاوێن و پێشکەوتوو بووە و کەریم شاسوار ناوێک سەرپەرشتیکردووە. ٣- سلێمانی: لە شەقامی گشتیدا بووە لە سەرووی دوکانەکەی عومەر بانەیی. خاوەنەکەی حاجی ئەحمەد ڕەشید خەڵکی سلێمانی بووە. لە دوای نەمانی میوانخانەکەی حامید بەگ، کەریم شاسوار بەڕێوەیبردووە. ٤- هەورامان: لە گەڕەکی کانی قوڵکەدا بووە. خاوەنەکەی سەعید خەڵەف ناوێک بووە.

هانا

کەوتووەتە سنوری (وەزەنێ). ساڵی ٢٠١٦ لەسەر ڕووبەری(٤٠٠م٢) دروستکراوە. بەدرێژایی ساڵ کراوەیە و شوێنی پێنج بۆ شەش خێزان دەبێت، کرێی مانەوەی گەشتیار لەم مۆتیلەدا بەپێی وەرزەکان جیاوازە، لە وەرزی زستاندا نرخەکەی ٢٥ هەزار دینارە، بەڵام لەوەرزی هاویندا لەنێوان ٧٥ بۆ ٨٥ هەزار دینارە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوای ناوچەکە، کە لە هاویندا فێنکە و گەشتیاری زۆر سەردانیدەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە خواست لەسەر ئەم مۆتێلە زۆرتر بێت و لە گرنگترین ئەو خزمەتگوزارییانەی، کە لەم مۆتیلەدا هەیە بریتین لە: (ئاو، کارەبا، ئینتەرنێت) زۆرترین گەشتیار، کە سەردانیدەکەن، لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، کەرکوک)ەوەیە. ئەم مۆتێلەش شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی هەیە، کە کرێی وەستانی هەیە و لەپاڵیدا چێشتخانەیەک هەیە.

هەڵەبجە پاڵاس

میوانخانەیەکی بەناوبانگە لە شاری هەڵەبجە. (دانا ئەحمەد عەزیز) خاوەنیەتی و بەشێوەی موساتەحە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٩ بەفەرمی کراوەتەوە و (عەلی کازم ئەحمەد)ی بەڕەگەز عەرەب بەڕێوەبەری بووە. بیناکەی چوار نهۆمە و لەسەر ڕووبەری ١٠ دۆنم زەوی دروستکراوە. لە ٣٢ ژووری خەوتن و پێکهاتووە. ژێرزەمین، چێشتخانە، مەلەوانگە و دوو هۆڵی کۆنفرانسی هەیە. کەوتووەتە دەروازەی شار، لەنێوان بەنزینخانەی سان و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە.

ئاساوە بەرزە

ئاشێکی دێرینە. کەوتووەتە ناوبازاڕی شارۆچکەی (بیارە) بەرانبەر خانەقای بیارە. ئاوی جۆگەی (ئاشەبەرزە)ی لە شاخی (وەرانوەر)ی بیارەوە بۆ هاتووە. بە (ئاساوە سەرینە) و ئاشی (ناوبازاڕ)یش ناوی هێنراوە. (حەمە دەرەکێ) لە ئاساوە سەرینە یان ناو بازاڕ سەرپەرشتیکردووە، بە ئاوی کانیی (جۆگەی ماجەمین) ئاوی بۆ هاتووە.

ئاساوگا

ئاشی ئاوە. مێژووەکەی بۆ ساڵانی ١٨٠٠ - ١٨٢٠ دەگەڕێتەوە. کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی (نارنجڵە) و لەسەر (جۆگەی کۆ) هەڵکەوتووە. جۆگەکە لە گوندى (هانەگەرمڵە) و لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە هاتووە.

ئاساو و حاجی ڕەشیدى

کەوتووەتە باشوری گوندى (سۆسەکانى). لەبەردەم گوندەکەدایە، لە تەنیشت چەمێک، کە ئاوەکەی لە تەوێڵەوە و خۆرهەڵاتی کوردستانەوە دێت. خاوەندارێتی بۆ (حاجی ڕەشید) دەگەڕێتەوە. لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو هەتا ساڵی ١٩٧٢ کاریکردووە.

ئاساو و شێخی

کەوتووەتە باشوری گوندى (سۆسەکانى). لەقەراغ چەمێکدایە. لە ساڵانی پەنجاکاندا دروستکراوە. خاوەندارێتی بۆ بنەماڵەی شێخەکانی تەوێڵە دەگەڕێتەوە. بنەماڵەی (کوێخا سەعید) ئیشیانپێکردووە. هەتا ساڵی١٩٧٠ کاریکردووە.

ئاشە بەردینەکانی گوندی نەوێ

کەوتووەتە گوندی (نەوێ)، بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی لە گوندەکەدا، ژمارەیەک لە ئاشە بەردینە هەبووە و دانیشتوانی گوندەکە و گوندەکانی تری دەوروبەر بۆ هاڕینی (گەنم و جۆ) و دانەوێڵە بەکاریانهێناوە، هەتا ڕاگوێزانی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ کاریانکردووە. دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، کە خەڵکی گوندی (نەوێ) گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکەیان، دووبارە ئاشەکانیان بەکارخستوەتەوە. لە ئێستادا هەموو ئەم ئاشانە بەتەواوەتی لەکارکەوتوون و کارناکەن، تەنها شوێنەواری جۆگەی ئاوی ئاشەکان ماونەتەوە. لە ئاشەکانی گوندەکە (ئاشی عێزەت بەگ، ئاشی حەمەسەعید بەگ، ئاشی سالەی کوێخا فەرەج، ئاشی قادر بەگ، ئاشی حەمەی عەبە و ئاشی حاجی حەمەئەمین).

ئاشەبەرزه

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) لە گەڕەکى (باسکى شێخ موئمن)ـە. موڵکى (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) بووە. لە بەرد و قسڵ دروستکراوە. بەرداشەکەى لە ئێرانەوە بۆ هێنراوە. بە ئاوى (کانى بەهارێ) گەڕاوه. هەتا ناوەڕاستى حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە و دواتر لەکارکەتووە.

ئاشەتەنورە

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە باشورری خۆرئاوای شارۆچکەی خورماڵ. (١٥٠م) لە گەڕاوەکەوە دووربووە. شێخی حسامەدین لە نیوەی دووەمی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو دایناوە. ئاوێکی زۆری ویستووە و بۆ سوڕان و لە ئاوی زەڵمەوە بۆی هاتووە لە کلکەی باخەوە. ئاوبارەکەی (٣٠م) بووە و بە بەرد و قسڵ دروستکراوە. له ‌ئێستادا شوێنەواریشی نەماوە.

ئاشە سپى

کەوتووەتە باکورى گوندى (نێرگسەجاڕ) و لەنێوان گوندەکە و گوندى قارەمانيدا هەڵکەوتووه. خاوەنەکەى (شێخ مارفى گەورە)ى نێرگسەجاڕ بووه، بەهۆى ئەوەى ديوارەکەى به ‌گڵێکى سپى دروستکراوە، ئەو ناوەی لێنراوە. بەئاوى تانجەرۆ گەڕاوە.

ئاشەکانی تەوێڵە

١-خاڵێ: لە شارەدێی (تەوێڵە)، کەوتووەتە پشتی حەوزەوە. بەئاو گەڕاوە. خاوەنەکەی مەلا حەیبوڵڵا بووە، بەڵام بەناوی (خاڵێ)ی ئاشەوانەوە ناسراوە. دواتر بووە بە ئاشی مەلا فائقی کوڕی مەلا حەبیبوڵڵا و هەتا ساڵی ١٩٨١ لەکاردا بووە. ئێستە شوێنەکەی کراوە بە دوکان. ٢-خانەقا: بەئاو گەڕاوە. لە نزیک خانەقا بووە. لە سەردەمی شێخ ئەحمەددا کراوە بە ئاشی مەکینە. یەکەمین ئاشی مەکینە بووە. باشتر و خێراتر و ئاسانتر کاریکردووە. نالە ئاشەوان، ئاشەوانی بووە. هەتا ساڵی ١٩٨١ لەکاردا بووە. ٣-خەرتاو: کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە). بەئاو گەڕاوە. لە خوار خانەقای تەوێڵەوە بووە، لە دەستی ڕاست و کەوتووەتە بەردەم جۆگەی سۆفییەوە. ٤-سەی فەتحە: کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە). بەئاو گەڕاوە. هی شێخی بەهادین بووە و داویەتی بە خاتوو عومەرێی خوشکی و دواتر بووە بە ئاشی سەی فەتحەی خوشکەزای. ٥-ئاشەبەرزە و ئاشەنزمە: دوو ئاشی ئاویی شێخ بوون، کەوتوونەتە شارەدێی تەوێڵە، یەکیان لەسەرەوە بووە و ئەویتر لە خواری، شوێنەکەیان خانوی حاجی مستەفای حاجی ساڵحە. ژن و پیاوێک ئاشەوانی بوون بە ناوی(ئامان و ئەحمەد) ماوەیەکیش عەبدیلە و ئەمنەی لەسەر بوون.

ئاشەکانی گوندی

چەند ئاشێکی ئاون. سەرچاوەی ئاوەکەیان لە چەمی بیارە لەسەر جۆگەی هەزارگری نزیک زەردەهاڵەوە بۆ هێنراوە. جگە لە خەڵکی گوندەکە خۆی، گوندەکانی: دەرەقەیسەر، دەگا شێخان، گۆمەلار، دەوروبەریشی کەڵکیان لێ وەرگرتوون. ئاشەکان بریتیبوون لە: ١- شێخ سادقی گوڵپ: لە کاتی خۆیدا بەئاوی چەمی خارگێڵان، کە ئاوی بیارە و خەرپانی و چەند گوندێکی تری هاتووەتە سەر، کاریکردووە. خاوەندارێتی بۆ (شێخ سادقی گوڵپی) گەڕاوەتەوە و (دەروێش مەحموود) خارگێلانەیی، کاری لەسەر کردووە. ساڵانی ١٩٥٢ بۆ ١٩٧٨ ئیشیکردووە. ٢- مستەفا بەگی جافرسان: کەتووەتە خوار زەردەهاڵ. چەند ساڵێک بە دەست نەوەکانی مستەفای خەسرەو بەگەوە بووە و دواتر سالار فرۆشتویەتی و بە (حاجی سەعیدی فەرەج زەردەهاڵی). ٣- حاجی ئەحمەد: کەوتووەتە دەرەقووڵە. هەتا ١٩٧٦ کاریکردووە.(خاڵۆ ئەسکەندەری کڵاوقوچ دەرەقەیسەری) ئاشەوانی بووە. ٤-کەلارا : سێ ئاشن. کەوتووەنەتە ڕۆهەڵاتی گوندی (خارگێڵان) لە تەنیشت چەمی خارگێڵان هەڵکەوتوون، کە ئاوی چەمی بیارە و گوندەکانی تری هاتووەتەسەر. لە ئێستادا تەنها شوێنەواریان ماوە.

زیاتر بزانە
خارگێڵان

ئاشەکانی گوندی

١- چوار ئاساوا: چوار ئاشی ئاوی جیان و پێکەوە ناودەبرێن، لە باخی نەسە لە چەمی زەڵم دانراون. جۆگە و بنەوانیان گەورە بووە. بریتیبوون لە ئاشی: حەمە دەلاک، کە لافاوی ساڵی ١٩٥٤ فەوتاندوویەتی و چاکنەکراوەتەوە، دوو ئاشیان هی بابا نەسە بوون، دوای ساڵی ١٩٥٤ دروستیکردوون، یەکێکیان دواتر بە چوار یەک تاپۆ کراوە لەسەر حامیدبەگ، ئاشی چوارەم لەوبەری ئەم سیانەوە بووە بەناوی حەمەدەروێشی ڕۆسەمی مەلا حەسەنی قادرئاغا. بەردەوام سیانیان کاریانکردووە، لەسەرووی ئاشەکانی حاجی ئەحمەد و ئەحمەد و حەمەجانەوەن، نزیک قەڵای زەڵم، کەوتوونەتە شوێنێکەوە پێیدەڵێن پەچە. لە باوەڕی خەڵکیدا پێشتر گوندی زەڵم لەو شوێنەدا بووە و بەهەر هۆکارێک بووە، وێرانبووە و دواتر هاتووەتە شوێنی ئێستای. ٢-حاجی ئەحمەد: ئاشی ئاوە. ئەحمەدی کوڕی ئەلە خاوەنی بووە. بەرانبەر ئاشی حەمەجان، دوای بەشکردنی باخەکانی فەقێ مەحموود، لەلایەن ئەمین چاوش و ئەلەوە، هەتا ساڵی ١٩٧٠ کاریپێکردووە. ٣-حاجی حەمەجان: ئاشی ئاوە. حاجی حەمەجانی کوڕی ئەمین چاوشی فەقێ مەحموود خاوەنی بووە، کە لە بنەماڵە کۆنەکانی خورماڵن و هاتوونەتە گوندەکە و باخەکەیان کەوتووەتە سەروتری باخ و ئاشی حەمەی سەلیم و کوێخا سادقەوە و ئەم ئاشە کۆنەی تێدابووە، ئاوەدانیانکردووەتەوە و دەستکاریانکردووە و خستویانەتە گەڕ، پێشتر شەریفی برای سەروکاریکردووە. لە ساڵی ١٩٥٩دا بووە بە موڵکی حەمەجان. هەتا ساڵی ١٩٧٨ کاریکردووە و دوای ڕاگواستنی گوندەکان لەکارکەوتووە و دواتریش چاکنەکراوەتەوە. ٤-حەمەکە: محەممەد کوڕی ڕەحیمی خواکەرەم، کە مەریوانین، هاتوونەتە گوندی زەڵم، حەمەکەی باوکی حەبیب ئاشەکەی دایناوە. بەردی هاڕینەکانیان لە کانەکان و لەگەڵ لالۆ نەسەدا دروستکردووە و پێکەوە لەگەڵ قێخا ڕەحیمی زەڵم و بە یارمەتی ٦٠ پیاو دەستهاڕەکانیان هێناوە و دوای لافاوی ساڵی ١٩٥٤ دانراوە و هەتا ساڵی ١٩٧٨ کاریکردووە. ٥-حەمەکوێر: کەوتووەتە سەروی هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و سەرەتای چەمی زەڵم. حەمەکوێر برای ئەحمەد و حەمەساڵەی کوڕی مستەفان لە خێڵی لاوە. بنەماڵەکەیان لە ساڵی قڕان و چاوەقوڵەدا لەناوچوون، ڕزگاربووانیش کوێربوون. حەمە بە نابینایی سەرپەرشتیکردووە. لە بنچینەدا حەمەساڵەی برای خاوەنی بووە. ٦-حەمەی سەلیم : محەممەدی سەلیمی مەلاحەسەنی بنەماڵەی قادرئاغای خورماڵ خاوەنی بووه،‌ کە هاتووەنەتە گوندی (زەڵم). باخێکی گەورەیان هەبووە لە بنی پەڵگەوە ئەمبەر و ئەوبەری چەمی زەڵم هەتا دەگاتە بیناکان. کەوتووەتە بنی پەڵگ. لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و لە پشتی مەزاری بیلال و سەرەتای چەمی زەڵمدا، ساڵی ١٩٢٩ بۆ ١٩٣٣ بەرد و کەرەستەکانیان هێناوە و ئاشەکەیان داناوە. دواتر سادقی کوڕی لە براکانی سەندووەتەوە و دەستکاری شوێن و جۆری کەرەستە و دەستهاڕەکانی دەکات و دەبێتە ئاشی قێخا سادقی حەمەی سەلیم، ئاوەکەی لە جۆگەیەکی بەردەم قەڵاوە بۆ هەڵگیراوە. هەتا ساڵی ١٩٩٨ ماوە و ئیشیکردووە. لەئێستادا شوێنەواری ماوە. ٧- سۆفی: ئاشی ئاوە. لەناو باخەکانی شێخدا بووە. دوای هاتنی شێخ ئەحمەد و دواتر شێخ حسامەدین، تایفەی سۆفییان کردووە بە سەرپەرشتیکەری باخ و ئەم ئاشە. بە پاڵپشتیی شێخ حسامەدین دروستکراوە و کەسێکی ناودار بەناوی سۆفی حەمەمینەوە دایناوە.

ئاشەکانی گوندی سازان

١-شێخ سەعید: ئاشى ئاوە. کەوتووەتە دامێنی ئاشى (شێخ عارف) لە گوندی (سازان). خاوەنەکەی (شێخ سەعید) بووە دواتر بووە بە ئاشی کاکە شێخ کوڕی شێخ سەعید. ئاشێکی کۆن بووە و نۆژەنکراوەتەوە. هەتا ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ کاریکردووە. لە گوندەکانی نزیکی سازان وەک لمە و پێگە و کۆساوا و بۆین، بارئاشیان لێ هاڕیوە. بەئاوی سەروەزەن و چاوگ ئیشیکردووە. ئاشەوانی خۆی هەبووە. شوێنەواری ئاشەکە و خەزانی ئاوەکەی و بەرداشەکەی هەر ماون. ٢-شێخ سەلام : ئاشى ئاوە. کەوتووەتە (دەراش)ی گوندی (سازان). مێژووەکەی بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا شوێنەواری نەماوە و ئاشتی تر لە شوێنی دانراوە. ٣-شێخ عارف: ئاشى ئاوە. کەوتووەتە خوار ئاشی(سەرچاوگ). بەناوی خاوەنەکەی (شێخ عارف)ـەوە ناونراوە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و ڕاگواستنی گوندەکە کاریکردووە. ٤- شێخ کەریم: ئاشى ئاوییە‌. کەوتووەتە سەر چاوگی گوندی (سازان). بە ناوی خاوەنەکەیەوە (شێخ کەریم)ـەوە ناونراوە. دواتر کەوتووەتە دەست شێخ محەمەدی کوڕی بۆیە بە ناوی ئەویشەوە ناسراوە. بە ئاوی سەرچاوگ کاریکردووە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و ڕاگواستنی گوندەکە کاریکردووە.

ئاشەکانی گوندی

١-ئاشى خواروو: ئاشی ئاوە‌. بە دووریى (٢٠ بۆ ٣٠م) کەوتووەتە خوارووی مەرقەدى (عەبابەيلێ)وه لە دەروازەى گوندی (عەبابەیلێ). ناوەکەى لەوەوە هاتووە، کە لە‌ خواروو ئاوايى و ئاشەکانى ترى ناو گوندەکەوەیە‌. موڵکى ماڵى (شێخ ڕەشيدى شێخ محەممەد، شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود و شێخ ئەحمەدى شێخ مەحموود)ە. بە بەرد و قسڵ دروستکراوە و بەرداشەکانيان لە ئێرانەوە بۆ هێناوه. بە ئاوى (کانیى ژنان) و (کارێزان) گەڕاوه. هەتا حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە. بەهۆى پەيدابوونى ئاشە کارەباييەکانى ناو هەڵەبجەوه،‌ چيتر ئەو بايەخەى جارانى نەماوە و لەکارکەوتووە. ٢- ئاشى سەروو: ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ)، لە سەروو (ئاشى ناوەڕاست)ـەوەیە. موڵکى (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) بووە. بە بەرد و قسڵ دروستکراوە. بەرداشەکەی لە ئێرانەوە بۆ هێنراوە. به ‌ئاوى (کانیى ژنان) گەڕاوە. هەتا شەستەکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە و و دواتر لەکارکەتووە. ٣- ئاشى ناوەڕاست: ئاشی ئاوە‌. کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) لە سەروو (ئاشى خواروو)ەوەیە‌. موڵکى (شێخ ئيبراهيمى شێخ ڕەشيدى شێخ محەممەد) و (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) بووە. لە بەرد و قسڵ دروستکراوە و بەرداشەکەى لە ئێرانەوە بۆ هێنراوه. بە ئاوى(کانیى ژنان) و (کانیى ناودێ) گەڕاوە. هەتا شەستەکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە و دواتر لەکارکەتووە. ٤- ئەحلان: ئاشی ئاوە‌. کەوتووەتە ناوەڕاستی باخەکانی گوندی (عەبابەیلێ). موڵکی (شێخ ڕەشید)بووە. بە ئاوی (کانیی سەرحەوز) گەڕاوە. ٥- بەر شەخسی : ئاشی ئاوە‌. کەوتووە بەردەم مەزاری گوندی (عەبابەیلێ). بە ئاوی کارێزان گەڕاوە. موڵکی (شێخ ئیبراهیم) بووە. حسێن ناوێک کاری لەسەر کردووە. هەتا ساڵانی حەفتاکان بەردەوامبووە و شوێنەوارەکەی ماوە. ٦- ڕۆستەم: ئاشی ئاوە‌. لە بەردەم ماڵی (شێخ ڕەشید) و موڵکی ئەو بووە. هەتا کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بە ئاوی (کانییە بەهارێ) گەڕاوە. (ڕۆستەم) ناوێک سەرپەرشتیکردووە. هەتا کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو شوێنەواری ماوە.

زیاتر بزانە
عەبابەیلێ
پێشتر 1
...
37 38 39
...
47 دواتر