بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شارۆچکەی (خورماڵ) لە نێوان خورماڵ و گوندى تازەدێدا هەڵکەوتووە. دانیشتوانەکەی لە عەشیرەتی سەدانین له هۆزی گەورەی جاف. بەهۆی ئەوەی بنەماڵەی (محەمەى مرواری) ساڵی ١٩٤٦ لە گوندی شیرەمەڕە هاتوون و گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە، ئەو ناوەی لێنراوە. چەنج جارێک گوندەکە دووچاری کارەسات بووە، لەوانە: ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن زەعیم سدیقەوە سووتێنراوە. ساڵی ١٩٧١ بەر لافاو کەوتووه، ساڵی ١٩٧٨ بەر ڕاگواستن کەوتووە. ساڵی ٢٠١٠ ئاوەدانکراوەتەوە و لە ئێستادا تەنها سێ ماڵی تێدایه. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا دانیشتوانەکەی تەنها ٢١ کەس بووە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (خورماڵ - هەورامان). (٦١١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. گوندی (ئەحمەدئاوا و سەرگەت) لە خۆرهەڵاتەوە و گوندی (دێکۆن) لە خۆرئاواییەوە، لە باشورەوە گوندی (خارگێڵان) دەورەدراوە. تاڕادەیەک لە سنوری جیاکەرەوەی نێوان هەورامان و شارەزوور دادەنرێت. مێژووی نیشتەجێبوون تێیدا کۆن نییە. (یار ئەحمەد بەگ) لەنێوان ساڵانی ١٨٧٠ لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی ئێران توشی کێشە دەبێت و لە (سەقز و بانە)وە دێتە ژێردەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی. ناوبراو حەوت کوڕی هەبووە. (ڕۆستەم بەگ و عباس بەگ) کوڕی گەورە و بچوکی دەبن. ئەم گوندەی ئێستا ئاوەداندەکەنەوە و بەناوی ئاواییی ڕۆستەم بەگ دەناسرێت. لە هۆزی (وڵەدبەگی)ن، کە یەکێکە لە هۆزە بەناوبانگەکان و لەدیوی عێراق و ئێراندا بڵاوبونەتەوە. لە هەورامان و شارەزوورەوە خەڵکانێک هاتوون لەم ئاوایییەدا نیشتەجێبوون و نەوەکانیان پێکەوە دەژین. ساڵی ١٩٢٢ (ئەحمەد بەگی جاف) دێتە ئەم گوندە و ئینگلیزەکان داوای ڕادەستکردنی لە ڕۆستم بەگ دەکەن، بەڵام بەداواکەیان ڕازینابێت. بۆیە ئینگلیزەکان هێرشدەکەنە سەر ئاوایییەکە و لە ئەنجامدا ٤٠ سەربازیان لێ دەکوژرێت. زەوییەکانی لە کەرتی کشتوکاڵییەکەی ژمارە ٢٨ی دەلێنە و نزیکەی ١٠٠٠ دۆنم زەویی کشتوکاڵی دێم و بەراوی هەیە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا بەناوی ئاواییی عەباس بەگ تۆمارکراوە و ژمارەی دانیشتوانی ١٧٤ کەس بووە. لە ئێستادا نزیکەی ٩٠ ماڵ لە گوندەکەدا نیشتەجێن. چەندین کەسایەتیی ناوداریان هەیە. قوتابخانە و مزگەوتی تێدایە، لە لایەن ڕێکخراوی فاو لە ساڵی ١٩٩٢ پڕۆژەی ئاوی بۆکراوە. سەرچاوەی سەرەکی، ئاوی (دەلێن)ـە، کە لە (تاڤگەی زەڵم)ەوە سەرچاوەیگرتووە. خەڵکەکەی بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە خەریکن و هەندێکیشيان فەرمانبەرن. لە شوێنەوارە کۆن و نزیکەکانی (دێی گاوران، دێکۆن و دەرەسولان)ـە، کە مێژوویەکی کۆنیان هەیە.
کەوتووەتە بەردەم گوندی (هانەی قوڵ). ساڵی ١٨٨٩ بەهۆی نەخۆشی چاوەقوڵە، کە نەخۆشییەکی کوشندە بووە و تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە، دانیشتوانی دێهاتەکان بۆ کوێستانەکان کۆچیانکردووە. دانیشتوانی ئەم گوندەش بەهەمان شێوە گوندەکەیان چۆڵکردووە و نەگەڕاونەتەوە و دواتریش ئاوەداننەکراوەتەوە. هەتا ئێستەش هەر بە چۆڵی ماوەتەوە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە (هانەی قوڵ و ناوباخان)، لە خۆرهەڵاتەوە چیاکانی هەورامان و گوندی (سەرگەت)، لە باکوری خۆرهەڵاتەوە گوندی (زەڵم)، لە باشورەوە شاخەکانی دەرەسولان و ئاواییی ڕۆستەم بەگ و لە خۆرئاواشەوە، شارۆچکەی خورماڵ و گوندی دێکۆنە. بە سنگی گردێکەوەیە بە ناوی (گردە). لەساڵی ١٨٥٠ لە لایەن (شێخ ئەحمەدی شەمسەدین نەقشبەندی کوڕی شێخ حیسامەدینی تەوێڵە)وە بۆ خزمەتی حوجرە و تەریقەت بونیادنراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا دانیشتوانی ١٨١ کەس بووە. هاوینەهەوارێکی بەناوبانگ و چەمی زەڵم بەناویدا تێپەڕ دەبێت و سەرچاوەیەکی ئاوی باشی هەیە و چەندین باخی لێیە. زەوییە بەراوەکانی لەنێوان ئاوی (دەیمەجۆ و دەلێن)دایە. مێژویەکی دێرینی هەیە و شوێنەواری زۆر کۆنی لێیە. هەتا ساڵانێک مووی سەری پێغەمبەر (د.خ) (محاسن الشریفە)ی لێبووە. یەکێک لە گرنگترین قەڵاکانی میرنشینی ئەردەڵانی لەم گوندەیە. بە سێ شورا دەورەدراوە. جگە لەقوتابخانە و مزگەوت و ڕێگاوبان، کابینە گەشتیارییەکانی ئەحمەدئاوای تێدایە. دانیشتوانەکەی بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی کەرتی گەشتیاری و گواستنەوەی گەشتیاران بۆ سەرچاوەی زەڵم و دانانی کەپری گەشتیارییەوە سەرقاڵن.
سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. لە باکورەوە گوندی (گێڵەک)، لە باشورەوە گوندی (تازەدێ، تەپی سەفای سەروو)، لە خۆرهەڵاتەوە گوندی(ئاواییی حاجی حەمەمین، شیرەمەڕ)، لە خۆرئاواوە گوندی (کوڵکنی فەقێ کەرەم)، زەوییەکەی تەختە. (٥٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتایی دروستبوونی نادیارە، بەڵام لە دوای ساڵانی ١٨٥٠ ئاوەنکراوەتەوە، کەسێک بەناوی (ئەحمەد فەقێ کەرەم) ئاوەدانیکردووەتەوە، لە عەشیرەتی(سیان) بووه، ئێستا پێیاندەڵێن(سەیانی)، دانیشتوانی بەشێکی خەریکی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، هەندێککیان فەرمانبەری دەوڵەتن. ٣٥٠ دۆنم زەویی بەراویان هەیە. سەرچاوەی ئاودێری برتییە لە جۆگەی (تەوێڵە جۆ، مەنگ)، چەند کانییەکی هەیە لەوانه: (کانی چاوە درێژ، کانی کەڵکنی، کانی هەڵوژەکە)، که وەک سەرچاوە بۆ مەبەستی ئاو خواردنەوە و ئاودێری بەکاریدەهێنن. یەک جۆگەی ئاودێرییان هەیە، سەرچاوەی ئاوەکەى کانیاوی گوند و ئاوی(گەنجانی) ناحیەی (خورماڵ)ە، گوندەکە بە بەرووبومی(خەیار) و باخی(هەنار) بەناوبانگە. ژمارەی دانیشتوانی ٩٠ کەسە و ٢٥ خێزانن و سەربە عەشرەتەکانى (سەیدانی، ڕۆغزایی، لوڕ، شاتری)ن،(قوتابخانە و مزگەوت و بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانی، ڕێگەى قيرى) هـەیـە.
بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لەسەنتەری ناحیەی(سیروان)ـەوە دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە (گوندی گورگەچیا) و لە خۆرئاواوا (گوندی بێسەلمێن) و لە باشور و باشوری خۆرئاواوە (دەریاچەی دەربەندیخان) دەورەدراوە. کەوتووەتە سەر کەرتی کشتوکاڵیی ٢٩ی چاڵگەی عاشوور. چەمی چاڵگەی عاشوور بە تەنیشتیدا تێدەپەڕێت. گوندەکە سەر بەناوچەی شەمێرانە و یەکێکن لە عەشیرەتە بەناوبانگەکانی ناوچەکە. دەربارەی ناوەکەی سەرچاوەی نوسراو نییە، بەڵام ئەوەی دەماودەم ماوەتەوە بریتییە لە بوونی دارێک لەتەنیشت کانییەک، کە پێیدەوترێت ئیمامی زەمان و خەڵکی ناوچەکە هەر شتێکیان لەو کانی و دارە دانابێت، بە ئەمانەتەوە ماوەتەوە و کەس دەستکارینەکردووە. جگە لە بوونی چەندین زنجیرە گردی نزم و مامناوەند، خاوەنی دەشتێکی بەپیتی کشتوکاڵییە و هەروەها بەهۆی دەریاچەی دەربەندیخانەوە سەرچاوەیەکی گرنگی ڕاوەماسی و گەشتیارییە. (٤٧١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرهەڵاتی ئێستای گوندی (سازان). لە لاپاڵێکدا بووە، لە بناری قەڵای سازان. بنەماڵەیەک لەو شوێنە ژیاون بەناوی بنەماڵەی (تفەنگچیان)، هەتا ئێستاش شوێنەواری خانوەکانیان ماوە و لەگەڵ چەند دارێک، کە لەو سەردەمەدا نێژراون. بەهۆی بونی شوێنەواری ئەوچەند ماڵەوە، خەڵکی پێیانوتووە(کەلارە) یان(کەلار). دواتر، کە شێخ موئمین سازانی هاتووەتە سازان و لێی نیشتەجێبووە، ئەوانیش شوێنەکەی خۆیان بەجێهێشتووە.
کەوتووەتە دامێنی زنجیرە چیاکانی شنروێ لە خۆهەڵات و باڵامبۆ لە باشوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە. لەگەڵ گوندەکانی عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ، سازان، باوەکۆچەک لە خۆرئاوا و چاوگ لە باشوری خۆرئاوا، کانی گوێز و ڕێشاو لە باشوری خۆرهەڵات هاوسنورە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٥١ کەس بووە. پێش بارکردنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٧ زیاتر لە سەد ماڵ بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ٣١ی بامۆکە. سەرچاوەی ئاوی زۆرە. چەندین جۆگەی وەک کلک و زەوی گەورە و پشت ماڵان و... هتدی لێیە. شیوی هەڵەبجە لە گوندەکەوە بۆ هەڵەبجە دەروات. سەرچاوە ئاوییەکانی چاوگی بامۆک و کانی ماران و کانی وەیسە. شوینەواری گردی کاکە فەرهادی هەبووە. جاران دانیشتوانەکەی بەگشتی بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە خەریکبوون، لە ئێستاشدا زۆربەیان فەرمانبەرن. لە ساڵی ١٩٩٨ بەهۆی نزیکیی لە شاری هەڵەبجەوە، وەک گەڕەکێک لە سنوری شارەوانی ناسێنراوە. دەربارەی ناوی گوندەکە هەندێک پێیانوایە وشەکە تورکی یان سریانییە. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دانیشتوانی سەر بە هیچ عەشیرەتێکی دیاری شارەزوور و هەڵەبجە نین و لە چەندین بنەماڵە پێکهاتوون وچەندین کەسایەتی بەناوبانگیان لێ هەڵکەوتووە.
بە دووریی (١٢کم) کەوتووەتە خۆرئاواى شاری هەڵەبجەوە، سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. ناولێنانەکەی لەو بانانەوە دروستبووە، کە لە گوندەکەدان. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى قارەمانى و لە خۆرئاواییەوە گوندەکانى مامەشەيى و تونى حاجى حەسەن و نێرگزەجاڕ هەن. ساڵی ١٩٥٨ ئاوەدانکراوەتەوە، ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزران بەرەو هەڵەبجە و شارۆچکەی سیروان. دانیشتوانەکەی لەکاتی خۆیدا بە کوشتوکاڵ و باخداری و بەخێوکردنی مەڕوماڵاتەوە خەریکبوون.
کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى شارۆچکەی (سيروان) لە نزيک گردى (قۆرتاس)، بەڵام بەهۆى دروستکردنى بەنداوى دەربەنديخان و فراوان بوونى دەرياچەى دەربەنديخان، شوێنى گوندەکە ژێرئاو کەوتوە و دانيشتوانەکەى بەناچارى ڕويان لە گوندەکانى (کانى شێخ و جانجان و کێلەسپى و قشڵاخەڕووتە) کردووە. ئەم گوندە بە (بانى بەيداغ)يش ناوى هێنراوە، لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٩٩ کەس بووە.
کەوتووەتە بنارى شارەزوور و بە قەدپاڵ چياى سورێنەوەيە. (١٣١٢م) لەئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. لە خۆرهەڵاتيەوە گوندى (گەچێنە) و هەورامانى ئێرانە. لەبەشى خۆرئاوايەوە گوندى (جۆمەرەسى)يە، لەبەشى باکورەوە سنورى ئێرانە و گوندى (ئەسکۆڵ) و لەبەشى باشوریشەوە گوندى (بەردەبەل) ى بنارە شارەزووره. ناولێنانەکەی بۆ بوونی بانێک دەگەڕێتەوە،، کە نۆکی لێکراوە. ساڵى ١٨٥٠ ئاوەدانکراوەتەوە و لەسەرەتاوە چەند ماڵێکى کەمی تێدابووە. بە کاری ئاژەڵداریی و کشتوکاڵی و کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەى دانيشتوانى ٢٥٤ کەس بووە.
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە گوندی عاموورە، لە باشورەوە گوندی تەکیە، لە خۆرهەڵات گوندی یاڵانپێ، لە خۆرئاوا گوندی گوڵەخانە و لە باشوری خۆرئاوا گوندی شیرەمەڕ و لە باکوری خۆرهەڵات شاخەکانی هەورامان و سورێن لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان لەیەکیان جیادەکاتەوە. شەش کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی خورماڵەوە دوورە. ناوەکەی بەواتای پشتی شار یان بەشی سەرەوەی شار دێت. چونکە بەسەر دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. لەسەرەتادا گوندەکە لە بناری شاخی سورێن بووە، پاشان بۆ بەشی خۆرئاوای بانیشاری کۆن گوازراوەتەوە. گوندەکە (٦٣٥م) لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا، ژمارەی دانیشتوانی ٤١٢ کەس بووە. لە ساڵی ٢٠٠٨ دانیشتوانەکەی ٨١٢ کەس بووە و لە ٢٠١٦ بۆ ١١٠ ماڵ و ٤٨٠ کەس کەمی کردووە. لە ساڵی ١٩٩١ پاش ڕاپەڕینی کوردستان بە هاوکاری ڕێکخراوی KRO ئاوەدانکراوەتەوە. شوێنەکەی بۆ بەردەم بانیشاری کۆن گوازراوەتەوە. مزگەوت و قوتابخانە و بنکەی تەندروستی لێیە. دانیشتوانەکەی بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە سەرقاڵن. زەویەکانی لە کەرتی کشتوکاڵی ژمارە ٢٤ تۆمارکراوە. لەلایەکی دیکە پاشماوە شوێنەواریەکانی دەوروبەری گوندەکە، ئاماژەیەکی دیکە پیشاندەدەن، کە باس لە کۆنی و دێرینیی ناوچەکە دەکەن. بۆچوونی بەهێز گەڕاندنەوەی بانیشارە بۆ سەردەمی ماددەکان و بەتایبەت پاشا (هواخشترە) ٢٥٠٠ بۆ ٢٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر. مزگەوت لە گوندەکەدا مێژوویەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام پاشماوەی بینای مزگەوتێک لەنێو کەلاوەکاندا هەر ماوە، لە ساڵی ١٩٧٢ قوتابخانە لە گوندەکەدا کراوەتەوە هەتا ڕاگواستنی گوندەکان، لەساڵی ١٩٩٥دا مزگەوت و قوتابخانە لە بانیشاری ئێستادا کراوەتەوە. چەندین جار بەر شاڵاوی دوژمنان کەوتووەتەوە و بۆردومانکراوە و سوتێنراوە. لە ئێستادا ئاوەدانە و بنکەی تەندروستی و قوتابخانە و مزگەوتی تێدایە.
بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری گوندی (بانیشار)ی نوێوە. لە قەدپاڵێکدا هەڵکەوتووە. سێ بۆچوون لەسەر مێژووی دروستبوونی گوندەکە هەیە؛ یەک لەوانە بریتییە لە گۆڕستانی پیر غەریب لە دووریی چەند سەد مەترێک لە گوندی بانیشاری کۆن، کە یەکێکە لە شوێنەوارەکان و بە گەڕانەوە بۆ نوسراوی سەر کێلی گۆڕەکان، کە ئاماژە بە بوونی ژیان و ئاوەدانی بەر لە ٤٠٠ ساڵ دەکات. هەروەها کۆنترین بنەماڵەی بانیشار دەڵێن، کە ١٠ پشتیان لەنێو گوندەکەدا ژیانیان بەسەربردووە، ئەمەش دەرخەری بوونی ژیان بووە لە نێوان ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر. نزیکەی ١١٢ ماڵی تێدا نیشتەجێبووە و هەتا ساڵی ١٩٧٨ و کاتی ڕاگواستنی گوندەکان ژیانی تێدابووە. مزگەوت، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی تێدا بووە. ڕووبەری گوندەکە زیاتر لە ١٥ دۆنم بووە.
سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. کەوتووەتە خۆرئاوای شاری هەڵەبجە و دەڕوانێت بە سەریدا. لە باشورەوە چاوگی کۆکۆیی و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی بامۆک و لە خۆرئاواشەوە گوندی تریفە هەڵکەوتوون. ڕێگەی سەرەکیی گوندەکانی ناوچەی کۆکۆیی پیادا تێپەڕدەبێت. شاخی باڵامبۆ دەڕوانێت بەسەریدا. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧دا ٢٢٥ کەس و لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ تەنها ١٦٧ کەس بووە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ نزیکەی ٧٠ ماڵ بووە. بنەماڵەی ئەحمەدی عەلی ڕەمەزان و حەمەی ڕەسوڵ و شێخ ڕەزا و شێخ باقی و کەریمی حەمەی ڕەسوڵ و شێخ کەریم و وەستا حەسەنی باوەکۆچەکی و بنەماڵەی حەمەعەزیز و ئەحمەدی ڕۆستەم و مستەفای فەتاح و بنەماڵەی مەلا ڕەشید و میر ئەحمەد حامد و ڕەشید حەمەڕەحیم، بنەماڵەی عەبدولکەریم دێ بەڵقیس و بنەماڵەی محەممەد نادر. بە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ سەرقاڵبوون. گوندەکە باخ و باخاتێکی زۆری هەیە و بە هەنار بەناوبانگە. زەوییەکانی لە کەرتی ٢٦ی باوەکۆچەکن. ئاوی سەرچاوەی چاوگ سەرچاوەی ئاودانی باخەکان و گەرماوەکە بووە. بەهۆی نزیکیی لە شاری هەڵەبجەوە بنکەی تەندروستی نەبووە، بەڵام قوتابخانەی هەبووە و لە چاوگ و هەڵەبجەشەوە قوتابی بۆ هاتووە.
کەوتووەتە بناری چیای (سورێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، لەگەڵ گوندەکانی بانیبنۆک و گەچێنە لە باکور، گوندی قاینەیجە لە باشور، لە خۆرهەڵات گوندی نەوێ و لە خۆرئاواش گوندی قەڵبەزە و تازەدێ هەڵکەوتوون. زستانی ساردە و بەفرێکی زۆری لێدەبارێت. سێ بەردی گەورە لە گوندەکەدا بوونیان هەیە، کە بریتین لە (بەردە گەورە، کەنەپساو، بەردەقۆچکە). ناوی گوندی بەردەبەل لە بەردە قۆچکەوە هاتووە، قۆچ بەواتای بەردێک دێت، کە (بەل) بێت یان دەرپەڕیبێتە دەرەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانی ٢٣٠ کەس بووە، کە ١٢٧ لە ڕەگەزی نێر و ١٠٣ کەس لە ڕەگەزی مێ بوون. لە ٢٨ی ١٠ی ١٩٧٨ ژمارەی خێزانەکانی ٣٠ خێزان بووە، چەندین جار گوندەکە بەر شاڵاوەکانی ڕژێمەکانی عێراق کەوتووە. سوپای عێراق لە ساڵی ١٩٧٦ گوندەکانی بناری سورێن دەکاتە سەربازگە، لە ساڵی ١٩٧٨ لە پرۆسەی ڕاگواستندا تەواوی گوندەکە بە زۆرەملێ ڕاگوێزراون بۆ ئۆردوگای شانەدەری، لەپاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ گەڕاونەتەوە و سەر لەنوێ ئاوەدانیانکردووەتەوە، ساڵی ١٩٩٣ قوتابخانە، ١٩٩٥ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی بۆ کراوە. زەوییەکانی لە کەرتی کشتوکاڵی ژمارە ٣٩ی بەردەبەلە. زۆربەی زەوییەکانی پشتاو (دێم)ن، بۆ گەنم و جۆ و نیسک و پاقلە بەکاردێن. زەویی لەوەڕگا و پاوەنی زۆری هەیە، کە دەکەونە قەدپاڵەکان و شاخەکان و بۆ ئاژەڵداری بەکاردێن. بە گشتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی دانیشتوانی گوندەکەیە. چەمی کەنەسوور و سمایلە کوردە و بەردە گەورە لە دیارترین شوێنەکانی گوندەکەن. چاوگی قامیشەڵە و شاخی بەڕەزا و گۆڕستانی دارئەسحابانی لێیە.
مەبەست لە کۆنە گوندی (بەردەبەل)ـه،، کە لە ڕۆژگارێکدا لەم شوێنەدا بووە. دەشتێکی فراوان و لێژە. ئاڕاستەی هەموو سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکە بۆ ئەم دەشتەیە و بۆ مەرەزە بەکارهاتووە. بەهۆی ئەوەی ئەم شوێنە سەرەڕێگەی گەڵاڵی و جاف بووە و گەرمیان و کوێستانیان کردووە، ئاژەڵەکانیان زیانی بە دەغڵودانی گوندەکە گەیاندووە. بۆیە دەبێتە ئاژاوە و شەڕ و دەواری کۆچەرییەکان تێکدراوە. لەبەر مەترسیی هەڵنەکوتانە سەریان، دانیشتوانی کۆنی بەردەبەل دێنە بناری چیای سورێن و لە بەرزاییەکاندا نیشتەجێدەبن، کە تائێستاش هەر لەوێ ماونەتەوە. لە کۆنە گوندەکەیان هەتا ئێستاش شوێنەواری کەلاوەی کۆن و گۆڕستان و سێ ئاش هەر بوونی هەیە. بەڵام بەهۆی کێڵانی زەوییەکانەوە، بەرەو نەمان و کاڵبونەوە دەچن.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بەمۆ) لە کۆتا خاڵی سنوریی نێوان باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان. ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی پشتە جیابوەتەوە. ساڵی ١٩١٢ لەلایەن چەند بنەماڵەیەکی دانیشتووی گوندی پشتەوە ئاوەدانکراوەتەوە. نزیکەی (١٩کم) لە ناوەندی شارۆچکەی بەمۆوە دوورە. بەهۆی چڕیی پۆشاکی ڕووەکی بەڕوو لە دەوروبەری گوندەکەدا، بە(بەڕوێن) ناونراوە. زەوییەکانی گوندەکە لەگەڵ هەریەک لە گوندەکانی کانیی وەیسکێ، کانیی پاشا و پشتە، یەک کەرتی کشتوکاڵی پێکدەھێنن. بەڕوێن لە باکورەوە لەگەڵ گوندی پشتە، لە خۆرئاوا لەگەڵ گوندەکانی: کانیی وەیسکی و کانیی پاشا، لە خۆرهەڵات و باشور لەگەڵ سنوری نێودەوڵەتیی (عێراق - ئێران) و گوندەکانی (گوڵڕاڵکە و شیرپەڕ) لە شارستانی سەلاسی باوەجانی لە خۆرهەڵاتی کوردستان هاوسنورە. بەپێی ئامارێکی فەرمیی کارگێڕیی ناحیەی بەمۆ ساڵی ٢٠١٩ گوندەکە لە ١٤ خێزان و ٨٣ کەس پێکهاتووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها پێنج خێزان لێی دەژین، کە ژمارەیان ١٥ کەسە. پێشتر بە (بەڕوێنی خواروو) ناسراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٧٥ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٢ی بەڕوێنی سەروو و دارەکونجەیە.
شوێنەواری گوندێکی دێرینە. کەوتووەتە دەشتی شارەزوور لە نێوان گوندەکانی (قەدەفەری، ڕیشێن، قوڵخورد) و لە نێوان هەر دوو چەمی ڕیشێن و چەمی دەلوجە. زەوییەکی بەپیتی ئاوداری کشتوکاڵی هەبووە. مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کاتێک (حامید بەگی جاف) پێشکەشی (حاجی فەتاحی حاجی ئەحمەدی عەلیاوا)ی کردووە. حاجی فەتاح خۆی براکانی لە گوندی عەلیاواوە هاتوونەتە ئەم گونده و ئاوەدانیانکردووەتەوە. پاش چەند ساڵێک گەڕاونەتەوە گوندی عەلیاوا، بەڵام زەوییەکانیان هەر بەدەستەوەیە.
بە دووریی نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە ناحیەی (سیروان)ـەوە دووره. لە باکورەوە گوندی (خاکوخۆڵ، تەپەگوڵاوی)، لە باشورەوە گوندی (قشڵاخەڕووتە)، لە خۆرهەڵاتەوە گوندی(بەشارەتی سەروو)، لە خۆرئاواوە شارۆچکەی (سیروان)، زەویی ئەم گوندە تەخته. (٥١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتای دروستبوونی نادیارە، دوای ساڵانی ١٩٠٠ حاجی خالید یاروەیسی و بەتایبەت یاروەیسییەکان ئەم گوندەیان ئاوەدانکردووەتەوه. دانیشتوانەکەی بەشێکی خەریکی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، هەندێککیان فەرمانبەری دەوڵەتن، زەوییەکانی کشتوکاڵییەکانی سەر بە کەرتی حەوتی بەشارەتن. بە کشتوکاڵی دێمی ٧٣٦ دۆنمە، بەراویش ٥٧٤ دۆنمە، سەرچاوەی ئاودێریی برتییە لە جۆگەکانی (کانی ڕەش، چوار بەرد)، لەم گوندەدا چەند کانییەک هەن لەوانه: (کانی ڕەش، ڕەشی ناوەڕاست، ڕەشی خواروو، چوار بەردی گەورە، چوار بەردی بچوک(کانی مامەحا، کەوە، چەمی هازاوی)، که وەک سەرچاوە بە کاریدەهێنن بۆ مەبەستی ئاو خواردنەوە و ئاودێری، هەشت جۆگەی ئاودێری هەیە، کە سەرچاوەیان کانیاوەکانن، بەڵام ئێستا زۆربەی سەرچاوە ئاودێریەکان پشت بە بیری ئیرتیوازی (بیری زۆر قوڵ)، بیری چاڵ (حەفر)، بیری نیمچە قوڵ دەبەستن. ئێستادا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٠٠ کەسە، ١١٠ خێزانه. ئەو عەشرەتانەی لەوێ دەژین (یاروەیسی، نەوڕۆڵی، شاتری، هارونی، خەڕات). لەم گوندەدا هەریەکە لە (قوتابخانە، مزگەوت، بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانی) هەیە.
بە دووریی هەشت کیلۆمەتر لە شارۆچکەی (خورماڵ) و سێ کیلۆمەتر و نیو لە سەنتەری ناحیەی (سیروان)ـەوە دوورە. لەسەر ڕێگەی ناوگردانە. لە باکورەوە گوندەکانی (شەکرالی، خاکوخۆڵ) و لە باشورەوە گوندەکانی (قشڵاخەڕووته، تەپەکوڕە) و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی (شەشکی خواروو)، لە خۆرئاواوە گوندی (بەشارەتی خواروو) هەڵکەوتوە، زەویی ئەم گوندە تەختە. (٥٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتای دروستبوونی نادیارە، بەڵام لە دوای ساڵانی ١٩٣٠ دەستکراوە بە ئاوەدانکردنەوەی، ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن ڕێکخراوی هاد دووبارە ئاوەدانکراوەتەوە. سەر بە کەرتی حەوتی بەشارەتە. ٦٣ جوتیار کشتوکاڵی تێدا دەکەن. دانیشتوانەکەی بە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، خەریکن و هەندێککیان فەرمانبەری دەوڵەتن، زەویی کشتوکاڵی دێمی ٤٠٠ دۆنمە، وە بەراویش ٦٠٠ دۆنمە، سەرچاوەی ئاودێری برتییە لە جۆگەی (زەلەکان) و چەند وردە کانییەک، بیری ئیرتیوازی قوڵ، باخەهەنار لەم گوندەدا زۆرە. ژمارەی دانیشتوانی ١٠٢ کەسە، ٣٩ خێزانی لێ دەژی،، کە سەر بە عەشرەتەکانى (شەمێرانی، نەوڕۆڵی، شاتری، هارونی، شێخ سمایلی، لەک)ن، لەم گوندەدا هەریەکە لە (قوتابخانە و مزگەوت و بنکەی تەندروستی، کارەبای نیشتمانی) هەیە، به ڕێگاى قير بەستراوەتەوە بەهەردوو سەنتەری ناحيەکانى (سیروان و خورماڵ).