شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

43 بابەت

ئەندازیاران

کەوتووەتە ناوشاری هەڵەبجە لە نێوان شەقامی (حەسەن زیرەک) و (دکتۆر ئامانج)، کە یەکەمیان لە (گەڕەکی مامۆستایانی دوو) و ئەوی دیکەشیان لە گەڕەکی (تەقتەقان)ی جیادەکاتەوە. چونکە بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیاکراوەتەوە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. درێژکراوەی گەڕەکی (شارەوانیی دووە) و شەقامی (هاوار) لەیەکیان جیادەکاتەوە. ڕووبەرەکەی (٧٠٧٤١٣م٢)یە. شەقامی (زانست) دەیکاتە دوو بەشی سەرەکی و (کۆمەڵگەی پەروەردەیی هاوچەرخی هەڵەبجە)، کە بە (کۆریەکە) ناسراوە لەگەڵ (پەیمانگای هونەرە جوانەکان) و (پارک و یاریگای ئاسۆ)ی تێدایە. بەهۆی ئەوەی نوێیە و لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ ئیفرازکراوە، بەتەواوەتی خزمەتگوزاری بۆ نەکراوە. (قوتابخانەی کاردۆخی) و (پارێزگای هەڵەبجە)، کە لە نێو (باڵەخانەی خەڵوەتگەی پیری)دایە، لەنێو ئەم گەڕەکە دان. جگە لەوەی لە نەخشەی بنەڕەتیدا چەندین پارچە زەوی بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاریی دیکە تەرخانکراوە.

باخی میر

گەڕەکێکی ناوداری هەڵەبجەیە. کەوتووەتە نێوان هەردوو گەڕەکی (کانیعاشقان و سەرا). لە بنەڕەتدا باخێکی ناوداری بنەماڵەی جافەکانی هەڵەبجە و بەدیاریکراوی (ئەحمەدموختاربەگی جاف) بووە. بەڵام دواتر بەهۆی وشککردنی باخەکەوە ساڵی ١٩٦٣ بە بیانووی بوونی پێشمەرگەوە لە لایەن حزبی بەعسەوە بەشێکی زۆری کراوە بە خانوو. سەرەتا بەناوی گەڕەکی (چوارباخ) ناونراوە و دواتر ناوەکەی گۆڕاوە بۆ (باخی میر). لە ئێستادا ڕێژەیەکی کەم لە باخەکە ماوەتەوە و کەوتووەتە ناوەندی گەڕەکەکەوە. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٢٧٥٤٤٢م) چوارگۆشە دەبێت.

بامۆک

لە بنەڕەتدا گوندێکی نزیک ناوەندی هەڵەبجە بووە. لە باشوری شارەکە هەڵکەوتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ وەک گەڕەکێکی دانراوە. لەسەرژمێری ١٩٨٧ کراوەتەوە بە گوند. بەهۆی فراوانبوونی سنوری شارەوانیی هەڵەبجەوە، لە ئێستادا بە یەکێک لە گەڕەکەکان هەژماردەکرێت. ڕووبەرەکەی (٦٣٥٠٨٨م٢) دەبێت. سیمای گوندی پێوە ماوە و هیچ نەخشەیەکی بنەڕەتی بۆ جیاکردنەوەی زەوییەکانی نییە. لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە تەنها خەڵکی گوندەکەی تێدا دەژین. قوتابخانە و مزگەوت و هۆڵی بۆنەکانی تێدایە. لەلایەن بنەماڵەی ناسراوی گوندەکە (حاجی محەممەد بامۆکی و کوڕەکانی)یەوە دروستکراون. خزمەتگوزاریی شارەوانی وەک قیر و شۆستەی نییە.

باوەکۆچەک

گەڕەکێکی نوێی هەڵەبجەیە. بەناوی گوندی (باوەکۆچەکی کۆکۆیی)یەوە ناونراوە. کەوتووەتە بەردەم (دارستانی گوڵان) و لە نێوان گەڕەکی (کانیعاشقان و کانی هەناران و گەشتیاری) هەڵکەوتووە. بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیاکراوەتەوە. خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی شارەوانی بەتەواوەتی بۆ نەکراوە. (مزگەوتی مەحوی و سەڵاوات) قوتابخانەی (مۆردانە) و دایەنگەی (وەنەوشە) و (یەکیەتیی ژنانی کوردستان) و هۆڵی (فەقێ کۆکۆیی) و (یاریگای) تێدایە. ڕووبەرەکەی (٣١٢٠٤٩م٢)یە. بەپێی نەخشەی بنەڕەتی چەندین پارچە زەویی خزمەتگوزاری و سەوزایی جیاکراوەتەوە.

بەختیاری

گەڕەکێکی نوێیە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە بەشە ئاوەدانەکەی لە نێو هەڵەبجەدایە و بەشەکەی دیکەی زەوی ئیفرازکراوی تاپۆن و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، بەڵام تاکو ئێستە ئاوەداننەکراونەتەوە. بەناوی چیای (شنروێ) ناونراوە. ڕووبەری گەڕەکەکە (٦٩٦٦٧٠م٢)یە. زەوییەکانی بەتەواوەتی بۆ نیشتەجێبوون تەرخانکراون و ڕێژەیەکی زۆر بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری دانراوە.

بەفری میری

گەڕەکێکی نوێی هەڵەبجەیە. زەوییەکانی ساڵی ٢٠١٠ بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە. بەناوی لوتکەی (بەفری میری) ناونراوە چونکە کەوتووەتە بەرزاییەکانی شار و لە خۆرهەڵاتی شارەکەیە. لەنێوان گەڕەکەکانی (گۆران سیتی) و (شاڕێ) و (شنروێ)دایە. شەقامی دوو سایدی (ئەبا عوبەیدەی جەڕاح) یان (زانکۆ) بە بەردەمیدا تێپەڕدەبێت. ئیفراز کراوە و تاپۆیە. هەتا ئێستا ئاوەدانی تێدا نییە. لەنێو خەڵکدا بە گەڕەکی ٣٢ەکان بەناوبانگە. ڕووبەری گشتیی گەڕەکەکە (٤٢٩٥٣٥م٢)یە. بەپێی نەخشەی بنەڕەتی چەندین زەویی خزمەتگوزاریی ڕووبەر گەورە و مام ناوەندی تێدایە.

پاشا

بچوکترین و کۆنترین گەڕەکە لەناو شاری هەڵەبجە. بەیەکەمین گەڕەکی فەرمی دادەنرێت لە تۆماری دامودەزگاکانی دەوڵەتدا. ڕووبەرەکەی (٣٧٢٧٠م٢)یە. سەنتەری شارەکەیە. بەهۆی بوونی کۆشکی (وەسمان پاشای جاف) و شوێنی حوکمڕانیەکەیەوە، پێیوتراوە گەڕەکی (پاشا)، کە لە تەنیشتی کۆشکەکەیدا (مزگەوت و بازاڕی) بونیادناوە. ئەم سێ پێکهێنەرە (کۆشکی حوکمڕانی، مزگەوت، بازاڕ)، لە تەواوی شارە دێرینەکانی ناوچەکە بەدیدەکرێن و هەرسێ دەسەڵاتی (حوکمڕانی مرۆیی و هێزی خوداوەند و ئاین و دەسەڵاتی ئابووری) پێکەوە دەبەستێتەوە. گەڕەکی پاشا سنورەکەی سێگۆشەیەکە لە (شارەوانی هەڵەبجە و تەلاری خەڵات و مزگەوتی پاشا) پێکهاتووە. لەگەڵ گەڕەکی (جولەکان) بە ناوکی دروستبوونی (هەڵەبجە) دادەنرێن. زەوییەکانی هەمووی بازرگانین و زەوی نیشتەجێبوونی تێدانیە. نزیکەی (١٠٥٨) دوکانی تێدایە، کە زۆربەیان دەکەونە نێو قەیسەرییەکانی (شنروێ، زانکۆ، ڕاپەرین و بانقە کۆنەکە و هتد). باخچەی (پیران و خولە کاراتی) و چەندین پارکی ئۆتۆمبێلی تێدایە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ شاری هەڵەبجە لە سێ گەڕەک (پیرمحەممەد، سەرا و پاشا) پێکهاتووە. گەڕەکی پاشا. کۆی گشتی دانیشتوانی ٢٠٢١ کەس بووە.

پیرمحەممەد

گەڕەکێکی فەرمی و کۆنی ناو شاری هەڵەبجەیە. بەهۆی بوونی مەزارگەی (پیرمحەممەد) لە نزیک (فولکەی عومەری خاوەر)، کە لە پەیڕەوانی (ئەهلی حەق) بووە و دواتر بووەتە (موسوڵمان)، ناونراوە. ئەم گەڕەکە کۆڵانەکانی تەسک و لارن. خانووەکانی کۆن و دیواریان بەرزە و حەوشەکانیان لەنێوەندی خانووەکاندا بووە. بەڵام دواتر نۆژەنکراونەتەوە و کەمترین خانو وەک شێوازی کلاسیکی خۆی کراوەتەوە. بەشێکی بازاڕی هەڵەبجە بەتایبەت ڕیزە دوکانەکانی حاجی (عەبدولڕەحمانە فێڵە) و ئۆتێلی حاجی فەرەجی زەڕە و شوێنی پاس و تەکسیەکانی هێڵی هەڵەبجە - سلێمانی تێدایە. ڕووبەری گەڕەکەکە (٢٥٦٧٥٠م٢)یە. شەقامی (پیرمحەممەد) یان (ڕێگای پەروەردە) لە گەڕەکی (شێخ ئیسماعیل) و شەقامی (چاوگ) لە گەڕەکی (گوڵان)ی جیادەکاتەوە. مزگەوتی (شێخ ئیسماعیل) کەوتووەتە نێو ئەم گەڕەکەوە. فولکەی عومەری خاوەر و مەزاری پیر محەمەد و کتێبخانەی گۆران، کەوتونەتە سنوری ئەم گەڕەکەوە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧، شاری هەڵەبجە لە سێ گەڕەک (پیرمحەممەد، سەرا و پاشا) پێکهاتووە. کۆی گشتیی دانیشتوانی گەڕەکی پیرمحەممەد ٩٨٤ کەس بووە. تەنها سێ کەسی بەڕەگەز ئێرانی تێیدا نیشتەجێبوون.

تەقتەقان

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە. شەقامی (دکتۆر ئامانج ڕەحیم) لە گەڕەکی (شارەوانیی دوو)ی جیادەکاتەوە. یەکێکە لە گەڕەکە نوێکان و بە ناوی چەمی (تەقتەقان)ەوە ناونراوە. ڕووبەری گەڕەکەکە (٣٩٣٦٨٤م٢)یە. بە گەڕەکەکانی (مەسۆیە و گۆران سیتی و شاڕێ) دەورەدراوە. ئەم گەڕەکە بۆ یەکەمجار شەش باڵەخانەی سێ نهۆمی تێدا دروستکرا و بە (شوقەکان) ناسراون. لە ئێستادا چەندین دامودەزگای گرنگی حکومی لەو باڵەخانانەدا هەن. گۆڕستانی (غەریبان) و بەڕێوەبەرایەتیی (هاتوچۆی هەڵەبجە) و (ڕەگەزنامە) و (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی شارەزوور) و (پزیشکی دادی و کۆگای دەرمانی هەڵەبجە) و مزگەوتی (مەلا عەبدولکەریم مودەریس)ی تێدایە.

تووەوشک

گەڕەکێکی نوێیە لە باکوری هەڵەبجەیە. لە کۆندا زەوییەکی کشتوکاڵی و باخاتێکی بەناوبانگ بووە. کەوتووەتە نێوان گەڕەکەکانی (مەرزەبۆتۆ، کانی قوڵکە، شەهید فاتیح و ماردین) و شەقامەکانی (دکتۆر سەردار و ئاشنایی) سنورەکەی دیاریدەکەن. بە درێژایی هەردوو شەقامەکە چەند کۆگایەکی جۆراوجۆری وەک مۆبیلیات و شوشتنگەی ئۆتۆمبێل و ڕۆنگۆری تێدایە. لە ئێستادا زەویەکانی ئیفرازکراون و کەمترین یەکەی نیشتەجێبوونی تێدایە. زۆربەیان دەکەونە تەنیشت (مزگەوتی ئیمامی عەلی) و مزگەوتی (شیفا). ڕووبەرەکەی (٢٧٤١٧٩م٢)یە. بەپێی هەمان نەخشە چوار پارچە زەویی گەورە بۆ پارک و سەوزایی تەرخانکراوە.

جولەکان

جولەکان کەوتبووە سەنتەری شارەکەوە. کۆڵانەکانی تەسک و دیواری خانووەکانی زۆر بەرزبووە. پێش ساڵی ١٩٥٠ و دروستبوونی (ئیسرائیل) لەناو شاری هەڵەبجەدا جولەکەکان دووەم نەتەوەی نێو هەڵەبجە بوون. نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ ماڵی جولەکە هەبووە. لەوانە ماڵی (هارونی بابلێ بازرگان، شیلان، میران بابلی خەیات، بنەی یاقوبی بازرگان، بنەی باتێ، میخیایل(مێرێ)ی وردەواڵەفرۆش، ئیسحاقی ئاشێر، ڕەحیم شێلە، حسقێ سەروپێچی، مالوم، بلەجوو، دایناڵی بابا، حەکیم، دێودەی چرچە، شالوم، شەمام، حیومی جۆڵا، سەلمان گەڕۆک، عەزیز، دەدە عەتار، گەوریلی زەڕنگەر، سەلمانی شوبە، بابە عەتار، بنیامین و خدرە، ئیسحاق، ڕاحیلی گەزۆ و کونجی فرۆش، جرتاڵی گەڕۆک، دانەی موسای لێفەدوور، مورتخای شیلان، شەمە شاولی باجگر، غەریبی کەحێڵ، ناتان باپیری عەزەی وسو، دوودە...). لەڕێگەی تێکەڵاوی و ژن و ژنخوازییەوە بەشێکیان موسڵمان بوون، کە پێیانوتراوە (نۆ موسڵمان). وەک (میرزا محەمدی زەڕنگەر، سۆفی محەممەد، باپیری مامۆستا شەونم، عەبدوڵای سۆفی محەممەد، دایکی حەمەی ئەحمەد ڕەشان و ژنێکی حامید بەگ). (مێجەرسۆن) لە گەشتە نهێنیەکەیدا لە ١٩١٩ ژمارەی جولەکەکانی هەڵەبجەی بە ٢٠٠ کەس خەمڵاندووە، بەڵام ئامارەکانی دواتر باس لە ژمارەیەکی زۆر زیاتر دەکەن و بە نزیکەی ١٠٠ ماڵیان داناوە. زۆربەشیان بە کاری بازرگانی و کەمتر بە کشتوکاڵەوە خەریکبوون. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٧٧٨٣٤م٢) دەبێت. خانووە کۆنەکانی ئەم گەڕەکە بەهۆی پشتگوێخستنیانەوە کراونەتە گەراج و کۆگای خواردەمەنی یان هەندێکیان خاپوربوون و زۆربەشیان، کە نۆژەنکراونەتەوە شێوازە مێژوویەکەی خۆیانیان لەدەستداوە. لەم گەڕەکە (سێ مزگەوت) و خوێندنگای سالمی بنەڕەتی تێدایە.

خڕی خەزێنە

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای هەڵەبجە. ئاوەدان نییە و ئیفرازکراوە. بەناوی چەمێکی دوورودرێژ ناونراوە، کە لە بەنزینخانەی سان دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی شارۆچکەی (سیروان) لێژدەبێتەوە. ناوەکەی بەسراوە بە ڕازێکی ئەفسانەییەوە، کە دروای ئاڵتون و زێڕی بەخشیوە. ڕووبەرەکەی (١٣٤٧٦٠٦م٢)یە. شەقامی (پێشمەرگە) لە ناوچەی پیشەسازی و گەڕەکی (دەروازە) جیای دەکاتەوە. هەروەها شەقامی (مەولەوی) لە باکورەوە سنورەکەی لەگەڵ گەڕەکەکانی (شەهید فاتیح) و (فەرمانبەران) جیادەکاتەوە. لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک بۆ بواری نیشتەجێبوون بەکارنایەت، بەڵام چەندین دامودەزگای خزمەتگوزاری و فێرکاریی کەرتی گشتی و پڕۆژەی کەرتی تایبەتی تێدایە وەک نەخۆشخانەی (منداڵان و منداڵبوون، چارەسەری بەرکەوتوانی کیمیایی، نەخۆشخانەی فریاکەوتن)،(سەنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی هەڵەبجە و پەیمانگا و کۆلێژی تەکنیکی)، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و (دادگای باری کەسێتی) و بەنزینخانەکانی (سان و عەدنان) و (یاریگای داخراو و مەلەوانگە) و (هۆڵی بۆنە و شایی) و بەڕێوەبەرایەتیی (چاکسازیی کارەبا) و هتد. لە نزیک بازگەی (زەمەقی) سنورەکەی کۆتاییدێت و بەپێی نەخشەی بنەڕەتی شاری هەڵەبجە، شەقامی شەست مەتری بەناوی (کوردستان)ی پێدا تێپەڕدەبێت.

دەروازە

لە دەروازەی هەڵەبجەیە. بە (کۆمەڵگەی زەمەقی)یش ناودەبرێت. لە پاش ڕاگواستنی گوندەکانی ناوچەکە ساڵی (١٩٧٨) دروستکراوە. بە درێژایی شەقامی (پێشمەرگە) بە ئاڕاستەی ناو شاری هەڵەبجە درێژدەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (٧٢٥١٤٧م٢)یە. نزیکەی ١٠٤٥ یەکەی نیشتەجێبوونی تێدایە هەروەها نزیکەی ٢٤٦ دوکان و ٧٦ کۆگای جۆراوجۆری تێدایە، هەروەها هەشت بیری ئیرتیوازی و لەسەر شەقامی سەرەکی ئەم گەڕەکە چەندین کۆگای بازرگانی جۆراوجۆر وەک کاشی و سیرامیک و مۆبیلیات و هتد هەیە. بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکەی، کە لە دەروازەی هاتنەناوەوەی شاری هەڵەبجەدایە، ناوچەیەکی بازرگانیی سەرەکییە. گەڕەکەکە شێوەیەکی لاکێشەیی درێژی هەیە. بلۆکەکانی بە شێوەی ئەندازەیی جیاکراونەتەوە. شەقامی (ئۆزتورک) لە (مۆنۆمێنتی هەڵەبجە) و شەقامی (سیروان) لەگەڕەکی (سەروەرانی دوو)ی جیادەکاتەوە. مزگەوتەکانی (صالحین و مەلا ئەمین و شێخ عیزەدین)ی تێدایە.

ڕاپەڕین

کەوتووەتە ئەوپەڕی باکوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجەوە. بە گەڕەکی (ئێرانییەکان)یش ناسراوە. چونکە ئەو ئاوارانەی لە ئێران گەڕانەوە لەوێ زەویان وەرگرتووە. بە تەواوی ئاوەداننییە. ڕووبەرەکەی (٧٧٣١٧٧م٢)یە. هاوسنورە لەگەڵ گەڕەکەکانی (دەروازە، سێگردان) و ناوچەی پیشەسازی. قوتابخانەی (کۆلێژی هەڵەبجەی هاوبەشی کچان)ی تێدایە. هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی شـارەوانی تێدا نییە.

زانکۆ

گەڕەکێکی نوێی هەڵەبجەیە. لە پاش ٢٠١٠ ئیفرازکراوە و ئاوەداننییە. تەنها زانکۆی (هەڵەبجەی) تێدایە و بەهۆی ئەویشەوە ناونراوە. لەبەردەم گوندی (عەبابەیلێ)وە دەستپێدەکات و لە تەنیشت گەڕەکی (گۆران سیتی) هەڵکەوتووە. زەوییەکانی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە. ڕووبەری گەڕەکەکە (١٤٩٢٣٩٦م٢) دەبێت. بە سێیەم فراوانترین گەڕەک لە پاش گەڕەکی (خڕی خەزێنە و هەولێر) دادەنرێت.

سەرا

یەکێکە لە کۆنترین و سەرەکیترین گەڕەکە فەرمییەکانی هەڵەبجە. مێژوویەکی دێرینی هەیە و ناوێکی تورکیە و لە وشەی (سەرای) سەردەمی عوسمانیەکانەوە هاتووە. بەواتای (کۆشک) دێت. چونکە فەرمانگەکانی قایمقامیەت و پۆلیسی و باج و دارایی لێبووە. هەر لە کۆنەوە موختار و مۆری هەبووە. ڕووبەرەکەی (٤٠٥٤٢٥م٢)یە. سنورەکەی لە عەریزەنوسەکانی بەردەم شارەوانییەوە دەستپێدەکات تاکو مزگەوتی (محمد ڕسول الله) درێژدەبێتەوە. ژمارەی خانووەکانی نزیکەی ١٢٤٠ یەکەی نیشتەجێبوون دەبێت، کە لەو ژمارەیە ١٨٨ خانو چۆڵن، بەهۆی کۆنی یان کارەساتەکانی شارەکەوە ئاوەداننەکراونەتەوە. بەشێک لە خانووەکانی ئەم گەڕەکە کەلەپوری و کۆنن. هەروەها نزیکەی ٩٠ مارکێت و دوکان و فرۆشگای تێدایە. لەگەڵ چوار قوتابخانەی ئامادەیی و بنەڕەتی. پێنج مزگەوت و چەندین بارەگای حکومی وەک دادگا و بانک و نەخۆشخانەی بەخشین و هتد. لە کۆندا گۆڕەپانی وەرزش و خانوی موەزەفەکان لە سنوریدا بوون. شەقامی گشتی لە گەڕەکی شەهیدانی جیادەکاتەوە. لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە ئەم گەڕەکە پێکهاتەیەکی فرە_کلتور و تێکەڵی هەیە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ شاری هەڵەبجە لە سێ گەڕەک (پیرمحەممەد، سەرا و پاشا) پێکهاتووە. گەڕەکی سەرا بە (السرای) ناوی هاتووە. کۆی گشتیی دانیشتوانی ١٨٩٥ کەس بووە.

سەراى کۆن

کەوتووەتە ناوشاری هەڵەبجە و ڕۆژهەڵاتى مزگەوتى گەورە (جاميعە) و بە تەنيشت ماڵى ئەحمەدبەگى سۆسەنەوە بووە، لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا دروستکراوە. ناوى گەڕەکى سەرا لەناوى ئەم سەرا کۆنەوە هاتووە. سەراى نوێ: کەوتووەتە بەشى ڕۆژهەڵاتى سەراى کۆن و لە دواى ساڵى ١٩٣٠يەوە دروستکراوه، زەویى ئەم سەرايە و ئەو گەڕەکەى بە تەنيشت ئەم سەرايەوە دروستبوو، موڵکى ئەحمەدموختار جاف بووە و دابەشیکردووە بەسەر خەڵکى فەقير و کەمدەراتى شارەکەدا. چوارباخ: يەکێک بووە لە باخە جوان و ڕازاوەکانى هەڵەبجە، ئەحمەدموختار جاف دروستيکردووە، بەناوى (چوارباخ)ى پێنجوێنەوە ناويناوە‌. کەسێک بەناوى عەبۆل سەرپەشتیدەکرد، بۆيە هەندێکجار بە (باخى عەبۆل)يش دەناسرا، ئەحمەدموختار ئەو باخەى بۆ خۆشیى خەڵکى هەڵەبجە دروستکردبوو. هەر لەبەرئەوەش بوو شوێنى دانيشتنى تيادا دروستکردبوو، بۆئەوەى ئێواران خەڵکى تيايدا دابنيشن و ئيسراحەتبکەن، لە زۆر شوێنەوە درەختى جۆراوجۆرى بۆ هێنابوو، لەوانە: دارى خەنە، پرتەقاڵ، هەنار و هەنجير و ترێ... هتد.

سەروەرانی دوو

گەڕەکێکە لە ناوشاری هەڵەبجە. بۆ خانەوادەی شەهیدانی کیمیاباران دروستکراوە. شێوەیەکی ئەندازەیی چوارگۆشەی هەیە. ڕووبەرەکەی (١٣٦٨٨٩م٢)یە. (٠. ٥٤%) ڕووبەری ناوەندی هەڵەبجە پێکدەهێنێت. شەقامی (سیروان) بە چواردەوریدا دەسوڕێتەوە و لە گەڕەکەکانی (دەروازە، سێ گردان، حەسەنئاوا)ی جیادەکاتەوە. ڕێژەی سەوزایی تێیدا بەرزە. چەند پارکێکی بچوک و مام ناوەند و چوار یاریگای بچوکی منداڵان تێدایە. هەروەها دوو یاریگای (فوتساڵ)ی تێدایە. نوێنەرایەتیی هەڵەبجەی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لەسەر شەقامی سەرەکیی ئەم گەڕەکەیە.

سەروەرانی یەک

گەڕەکێکی نوێیە له ‌ناوشاری هەڵەبجە. لەنێوان گەڕەکی (شێخ ئیسماعیل و یادگاری) لە خۆرئاوای شارەکە هەڵکەوتووە. لە پاش ساڵی ٢٠٠٥ بۆ کەسوکاری کیمیابارانی هەڵەبجە بونیادنراوە. زیاتر لە ٤٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی (٢٠٠ - ٢٢٠م)ی تێدایە. بەشێوەیەکی ئەندازەیی ڕێکوپێک و بونیادنراوە و ڕێژەی سەوزایی بەرزە و سێ پارکی مامناوەندی تێدایە. لە(بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە)ەوە بە ئاڕاستەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە) درێژدەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (١٧٤٢٩٦م٢) دەبێت.

سێگردان

گەڕەکێکی نوێیە، ئاوەدان نییە. زەوییەکانی لە سنوری گوندی (حەسەنئاوا) ئیفرازکراون و کەوتووەتە سنوری شارەوانیی هەڵەبجەوە پشت گەڕەکی (سەروەرانی دوو) و لە تەنیشت گەڕەکی (حەسەنئاوا) هەڵکەوتووە. ڕووبەرەکەی (٢٤٣١٠٥م٢)یە.

1 2 3 دواتر