بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەهۆی شەڕی عێراق و ئێران و هێزە ناوخۆییەکانەوە، چەند شوێنێکی سنوری پارێزگای هەڵەبجە مینڕێژکراوە. پشت عاموورە، دەوروبەری دەرەگوڵان هەتا چنارە و ڕێگاکانی دەوروبەری، هەندێک شوێنی چیای سورێن و ئێڵانپێ و هانەی قوڵ، ناوچە و شوێنە شاخاوییەکانی ڕەنگینە و زەڵم و پشتی ئەحمەدئاوا، پشتی سەرگەت و گوڵپ و گەچێنە، بەرزاییەکانی نارنجڵە و بیارە و بەڵخە و تەوێڵە و لاپاڵ و چیاکانی دەوروبەریان، هاوار و دەرەتوێ و گریانە و پاڵانیا و تاوێرە و سەرکەن و خەرپانی، هەندێک ئاواییی ناوچەی سازان و ئاواییەکانی، شاخی شنروێ و چەند ئاوایییەکی کەناری سیروان و... هتد. لەدوای ڕاپەڕین و کۆڕەو و گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ شوێنەکانیان، ئەم چەکانە زۆرترین زیانی مرۆیی و قوربانیان لێکەوتووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشی لەلایەن ڕێکخراوەکان و کەسە خۆبەخشەکانەوە ملیۆنان دانەیان لێ پوچەڵ کراوەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکیان ماون و جێی مەترسین.
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای هەڵەبجە و دەروازەی شارەکە. شەقامی سەرەکیی (پێشمەرگە) لە بازگەی (زەمەقی)، لە گەڕەکی (خڕی خەزێنە)ی جیادەکاتەوە. شەقامی (حیلمی) بە ئاڕاستەی ڕوباری سیروان بە بەردەمیدا تێپەڕدەبێت. ساڵی ٢٠٠٣ بڕیاری دروستکردنی دراوە. ڕووبەرەکەی (١٠٥١٤٦٨م٢) دەبێت. خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبای بۆ کراوە. تەنها قیرتاوکردنی ماوەتەوە. شوێنی نزیکەی ٨٠٠ پیشەوەری تێدا دەبێتەوە. هەر یەکە لە یاریگای نێودەوڵەتیی (هەڵەبجە) و کارگەی (غاز) و بەنزینخانە و بەشەناوخۆییەکانی پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە و کۆلیژی تەکنیکیی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە و پێشانگاکانی ئۆتۆمبیل و پشکنینی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلی تێدایە. شەقامی (یاریگا) بە ناوەندیدا تێپەڕدەبێت و دەیکاتە دوو بەشەوە.
شوێنی سەربڕین و ئامادەکردنی حەیوانی سەبڕاوە بەشێوەیەکی شەرعی و یاسایی. ساڵى ١٩٩٩ لەلایەن حکومەتەوە لەسەر ڕووبەرى (١٢٥٠م٢) دروستکراوه و کەوتووەتە گەڕەکى فەرمانبەران لەناو شارى هەڵەبجە. سێ پزیشک و ٢٠ کارمەندی هەیە. ڕۆژانە نزیکەى ٦٠ سەر ئاژەڵى تێدا سەردەبڕرێت. سەرەتا (عوسمان حسەین) و دواتر (د. دڵنیا فاروق ئیبراهیم) بەڕێوەبەریبوون و لە ئێستاشدا (د. هەتاو ئەحمەد محەممەد)، بەڕێوەبەرى کوشتارگەکەیە.
کەوتووەتە سەنتەری ناوبازاڕی شاری هەڵەبجە. مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٩٦٢ دەگەڕێتەوە خاوەنەکەی (غاندی مەحموود محەممەد)ە وەستا (وەسفی)ی برای چێشتلێنەری بووە. پێشتر پێیوتراوە (لۆقەنتەخانە) و سەرەتا سەروپێخانە بووە، لە ساڵی ١٩٦٩ بەدواوە وەک چێشتخانە بەردەوامبووە.
یەکەم پڕۆژەی خێرخوازی و خزمەتگوزاریی ژینگەییە بۆ خزمەتگوزاریی گواستنەوە و لێخوڕینی پاسکیل بە بێ بەرانبەر، لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سەرمایەدار حاجی تاهیری سەرگەتییە و بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاریی هەڵەبجە. کەوتووەتە نزیک کۆمەڵگەی فەرمانگەکان لە خورماڵ، دابینکردنی ٣٠ پاسکیلە بۆ ڕاییکردنی هەر کەسێک لەناو خورماڵ، کە بیەوێت کارەکانی ڕاییبکات، بە مەرجێک تەمەنی لە ١٥ساڵ کەمتر نەبێت. دوای تەواوبوونی کارەکەی پاسکیلەکە دەباتەوە شوێنی خۆی. کارمەندێک سەرپەرشتی پێدان و وەرگرتنەوەی پاسکیلەکان دەکات و کات بۆ بردنی پاسکیلەکە دیارینەکراوە.
یەکێکە لە سیما شارستانییەکانی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٥٣ لەسەر ڕووبەری (١٣٨٤م) دروستکراوە. جێگەی کۆبونەوە و سەرگەرمکردنی ژمارەیەک لە فەرمانبەر و خەڵکانی شاربووە بۆ سەرگەرمکردن و خواردنەوە. لە پێشەوە حەوشەیەک و ژمارەیەک داری سێبەر و لەولاوە کەبابخانە و هۆڵێکی گەورە و چەند ژوورێک و جامخانەیەکی هەبووە. پلیکانەی بۆ ناوەوە هەبووە و بە دوو پلیکانەش بۆ حەوشەی پشتەوە، کە دوو پەڵە چیمەنی گەورە و بچووکی بە گوڵ ڕازاوە و حەوزێکی هەبووە. میوانان، بە ئێواران و شەوان سەردانیانکردووە. شوێنێکی بە مۆرد ڕوپۆشکراوی پەنهانی هەبووە بۆ ئەوانەی، کە حەزیان نەکردووە ببینرێن. کەبابخانەکە جەلالی عەزە و عومەری تەبە و ڕەئوفی مستەفا، لە ماوەی جیاجیادا بەڕێوەیانبردووە. بێجگە لەمیوانانی شوێنەکە، خەڵکی دەرەوەش بە سەرپێیی کەبابیان خواردووە و ماڵانیش بە سەفەری لێیانبردووە. باخچەکە سەعید محەممەد ئەمین خزمەتیکردووە. شوێنی کۆبوونەوەی لیژنەی پیاوماقوڵانی شار و هونەردۆستان بووە، سەکۆیەکی هەبووە زۆرجار بەرهەمی هونەری و سەما و گۆرانی تێدا پێشکەشکراوە. لە کیمیابارانی ١٩٨٨ وەک شوێنەکانی تر وێرانبووە و دوای ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە نەکراوەتەوە. شوێنەکەی ئێستا کراوە بە بانک.