شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

1 بابەت

گەڕەکەکانی گوندی

١- ڕێزەخاڵ: ناوی گەڕەکێکە لە ناو گوندی (خەرپانی)‌. پاشماوەی دەیان خانوی لێ بەجێماوە. خانووەکانی بەشێوەی یەک لەسەر یەک دروستکراون و سەربانی خانوویەک بووە بە حەوشە و بەردەم ماڵی خانووەکەی سەرووی خۆی. لەنێوان چەند خانوویەکدا ڕێڕەوێکی تەسک هەیە بۆ هاتوچۆو. لە ئێستادا تەنها (١٠) خانووی ئاوەدانکراوەتەوە. ٢- قەڵاتێ: لە گەڕەکە تازەکانی خەرپانییە. بەرانبەر گەڕەکی ڕێژەخاڵ، دەڕوانێت بەسەر ئەمدیودیوی چەمو دۆڵەکانی گونددا، گۆڕستانی ئێستای گوند و چەند خانوویەکی تازەی تێدا دروستکراوە. ٣- وەردەگا: گەڕەکێکە لەناو گوندی (خەرپانی)‌ و چڕترین گەڕەکی گوندەکەیە. بۆیە پێیدەوترێت (وەردەگا)، چونکە کەوتووەتە بەشی خوارووی گەڕەکی (ڕێزەخاڵ)ـەوە. (وەردەگا) ناوێکی هەورامییە و بەواتای (بەردەم لادێ) دێت. خانووەکانی چڕن و ڕووبەریان زۆر کەمە، تەنها لە هۆدە و هەیوانێک پێکهاتوون‌. لە تەنیشت سەرحەوزی خەرپانیەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاکو نزیک (قوتابخانەی خەرپانی). لە دیوی خۆرئاواییەوە پێیدەوترێت (حەوشەگەورە). بەشی خوارەوەی گەڕەکەکە پێیدەوترێت (باخەکانی وەردەگا) لە چەندین باخ پێکهاتووە. (کانیی شێخ حەیدەر) کەوتووەتە گەڕەکەکەوە و بۆ ئاودانی باخەکانی ناو چەم بەکاردێت. هەروەها (هانەڕوەنینە) یان (کانییە ڕۆنینە)ی لێیە، کە ئاوەکەی چەوریی پێوە دیارە و بریسکە دەداتەوە. بەشێک لە زەویی و باخەکانی گەڕەکەکە موڵکی مزگەوتن و لەلایەن خەڵکی گوندەوە سەرپەرشتیدەکرێن.