بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
تاکە گەرماوە لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان بووە. کەوتووەتە پاڵ مزگەوتی خوارەوەی گوندەکە. مەحموود ئەحمەد ناسراو بە (مەحموود ئایشە) لە زەوییەکانی سانی کڕیوە و کردوویەتی بە گەرماو. یەک هۆڵی گشتی بووە و لەسەر شێوازی عوسمانی دروستکراوە. بەدار گەرم کراوە. بە نۆرە بۆ ژنان و پیاوان بووە. لەبەرئەوەی عەبدولکەریمی برای بەڕێوەی بردووە، بەحەمامی ئەولکەریم ناسراوە.
کەوتووەتە ناوەندی شاری هەڵەبجە. لە ڕووی مێژووییەوە یەکەم گەرماوی ناوشاری هەڵەبجەیە، کە لەلایەن بنەماڵەی وەسمان پاشا و تایبەت بە خۆیان لە حەوشەی کۆشکەکەیان دروستیانکردووە. وەستایان لە ئێرانەوە بۆ دروستکردنی هێناوە. توونی گەورەی هەبووە و ئاوەکەی لە کانیی خۆیانەوە بۆ دابینکراوە. بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەستی مام زۆراب ناوێکەوە بووه و دەمڕاست و متمانەپێکراوی ماڵی ئەحمەد بەگ (ئەحمەدموختار بەگی جاف) بووە، هەر بۆیە بە (گەرماوی مام زۆراب)یش ناسراوە، دواتر لە تایبەت بە بنەماڵەی پاشاوه، بووە بە گشتی و لە ڕێگەی جاڕچییەوە ئاگاداری دراوە چ کاتێک بۆ ژنانە و چ کات بۆ پیاوانە. ساڵی ٢٠٠٨ لە لایەن بنەماڵەی پاشاوە فرۆشراوە و کراوە بە قەیسەری، هەتا ئەو کاتیش هەربەدەست کوڕەکانی مام زۆرابەوە بووە.
کەوتووەتە گوندی (زەڵم) لە تەنیشت مزگەوتی گوندەکە. (حاجی عەبدولڕەحمان محەممەد ئەحمەد) خاوەنی بووە. سەرچاوەی ئاوەکەی لە مزگەوتەکەوە بۆ دابینکراوه، کە بە گۆڕیچە بۆی هێنراوە. بە دار و تەپاڵە گەرم کراوە، ڕۆژێک بۆ ژنان و ڕۆژێک بۆ پیاوان بووە. لە سەرەتادا نرخی خۆشۆردن بە ٥٠ فلس بووە، ساڵی ١٩٧٥ هەتا ١٩٧٨ بووە بە ١٠٠ فلس.
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە لە گەڕەکی پاشا. ساڵی ١٩٧٢ دروستکراوە. (حاجی واحیدی کاکە مەدی کۆکۆیی) خاوەنی بووە. لە باخەکەی خۆیەوە بە تەنیشت باخی میرەوە ئاوی بۆ ڕاکیشاوە. لە هۆڵی گەورەی خۆگۆڕین و هۆڵی گشتیی خۆشۆردن، کە ١٥ جۆڕنەی ئاوی سارد و گەرمی تێدا بووە و دوو تەوالێت، پێکهاتووە. گومەزی هەبووە. بە نەوتی ڕەش و گازوایل گەرمکراوە، لە دوای ساڵی ١٩٩٤وە کراوە بە ژووری تایبەت. سەرەتا کرێی خۆشۆردن ٥٠ فلس بووە، هەتا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو تا پێنج دینار ڕۆیشتووە. سەردەمێک (تۆفیق ئەحمەدئاوایی) ناتر و دەغیلەداری بووە و قادری توونچی سەروکاری گەرمکردنی کردووە. لەپاش ڕاپەڕین هەتا لە کارکەوتنی لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن بنەماڵەی حاجی واحیدەوە سەرپەرشتیکراوە.
بۆ ژنان و پیاوان. لەوبەری پردی گەنجانی خورماڵ، لە نێوان سەرچاوەی ئاوی گەنجان و گەڕاودا بووە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن شارەوانییەوە دروستکراوە و دراوە بەکرێ. هۆڵێکی گشتی هەبووە و ژووری تایبەتی نەبووە. کاتژمێر ٨-١٢ نیوەڕۆ بۆ ژنان و کاتەکانی تر بۆ پیاوان بووە. کرێی خۆشۆردن بە ٥٠فلس و پێداویستییەکانی خۆشۆردن لەسەر مشتەری بووە. لە نیوەی دووەمی هەشتاکادا بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە وێرانبووە و دوای ڕاپەڕینیش شوێنەکەی کراوە بە شوێنی نیشتەجێبوون. ئەم کەسانە یەک لە دواییەک گەرماوەکەیان بە کرێ گرتووە بەڕێوەیانبردووە: (حەمە غوڵامی میرزا کەریمی هەڵەبجەیی، مام عەبدوڵای باوکی مامستا تۆفیق خورماڵی، وەستا سدیقی تەنەکەچی، کەمال کاکە حەمەمیرزا فەتاح).
سێیەم گەرماوە لەشاری هەڵەبجە، کەوتوەتە ناوجەرگەی بازاڕ، نێوان چێشتخانەی وەهبی و بانقە کۆنەکە، حەمەساڵح حەمەمراد، خەزورەی ئەحمەد غوڵام، کە پێشتر لەسەر گەرماوی گەورە کاریکردووە، لەساڵی ١٩٦٢ دروستیکردووە. خانویەکی کۆن بووەو تێکیداوە و کردوویەتی بە حەمام، دەرگاکەی لەسەر شەقامەکە بووە. لە ژوورەوەیدا سەکۆیەکی بۆ شوێنی وەستا باشی و دەغیلەدار و دەستی ڕاستی دۆڵابێکی تەختەی کلیلداری لێبووە، بۆ شوێنی هەڵگرتنی نەختینە و شتە تایبەتیەکانی خۆشۆر. هۆڵێکی شێوە ئێڵی وەک سارد هەبووە، کە حەوز و مەرکانەی لێبووە. زەوی و گۆمەزەکەی کۆنکرێت بووە، هۆڵە گەرمەکەی ١١ جوڕنەی بە ئاوی ساردو گەرمەوە هەبووە. سەکۆکەی گەرمکراوە بۆ ئەوانەی ڕەقیتەیان کردووە لەسەری پاڵکەوتوون و ناترەکە وەک چارەسەر شێلاونی. لە ناوەوە حەوزی وسڵ دەرکردن و دوو تەوالێت و کورە و توون و شوێنی وشککردنەوە و بیری ئاوی هەبووە. بە دار گەرم کراوە و بە ترومپا لە بیرەکەوە ئاو بۆ عەمبارەکەی هەڵدراوە. تا دوای ڕاپەڕینیش ماوە و پاشان شوێنەکەی کراوە بە دوکان و بازاڕ.
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە و لە گەڕەکى (کانىعاشقان) لە نزیک مزگەوتی (مەلا ساڵح) و گەرماوی (سەید ساڵح) هەڵکەوتووە. بۆ ژنان و پياوان بووە، هەموو ڕۆژانێک کارىکردووە. نزيکەى ١٠ بۆ ١٢ جوڕنەى تێدا بووە. نرخى خۆشتن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر جياواز بووە، لە ئێستادا ماوەتەوە، بەڵام کارناکات.
کەوتووەتە ناوشاری هەڵەبجه لە گەڕەکی سەرا پشت ماڵی غەفور شەریف و تەنیشت ماڵی حەمەمینی نۆتشی چایچی هەڵکەوتووە. تایبەت بووە بە ژنان، بەناوی خاتوو جەمیلەوە، کە خێزانی عەبدوڵا سەڕاج بووه ناونراوە، کە لە ساڵانی شەستەکان لەناو ماڵەکەی خۆیدا دایناوە، هەتا سەرەتای حەفتاکان کاریکردووە. توونەکەی لە کۆڵان بووە. شەش جوڕنەی تێدابووە. نرخی خۆشتن بە ٥٠ فلس بووە.
ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن شارەوانیی شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە لەسەر ڕووبەری (١٠٠م٢) دروستکراوە. لە ژورێک بۆ خۆگۆڕین، ژورێک بۆ خۆشتن پێکهاتووە. بەیانیان هەتا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بۆ ئافرەتان و ئێوارانیش بۆ پیاوان بووە. یەکەم کەس (محەممەد غوڵام میرزا) سەرپەرشتیکردووە، دواتر دراوە بە (مام عەبدوڵا و وەستا سدیقی تەنەکەچی). لەکاتی شەڕی عێراق و ئێران ساڵی ١٩٨٢ تۆپی بەرکەوتووە و ڕووخاوە. لەوکاتەوە ئەو کۆڵانە بە (کۆڵانی حەمامەکە) ناسراوە.
بە دووریی (١٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. موڵکی (قادر ئەحمەد نادر)ە. لە کۆنەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی پێست بەکارهێنراوە، چونکە ئاوەکەی مادەی گۆگردی تێدا بووە. جیا لە خەڵکی گوندەکە، خەڵکی لە گوندەکانی تریشەوە سەردانیانکردووە. بەناوی ئافرەتێکی گوندەکە(فاتمە)وە ناونراوه، کە بەردەوام خزمەتی گەرماوەکەی کردووە.
کەوتووەتە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لەپاش ڕاپەرین و گەڕانەوەی دانیشتوانی گوندەکە لە نزیک مزگەوتی بنی چنار لە لایەن ڕێکخراوێکی بیانییەوە دروستکراوە. بە نۆرە سەرەی بۆ دانراوه. بە ئاوی کانیی مزگەوتەکە کاریکردووه و هەتا ساڵی ٢٠٠٠ هەبووە.
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە له تەنیشت مزگەوتی (مەلا ساڵحی گەورە). موڵکی (سەید حەمەساڵح) و هەر بەناوی خۆیەوە ناونراوە. بۆ گشتی بووە و ژنان و پیاوان لەکاتی جیاوازدا خۆیان لێ شتووە. لەبەشی خوارەوە خانووەکەی ماڵی سەید حەمەساڵحدا بووە و لە یەک ژووری گەورە پێکهاتووە. چەند جوڕنەیەکی هەبووە. توونی هەبووە و بە دار گەرم کراوە.
کەوتووەتە شارۆچکەی (سیروان). لە دەوروبەری ساڵی ١٩٧٤ لەسەر ڕووبەری (٢٥٠م٢) زەوی دروستکراوە. لە نزیک حەوزی کانی وەیسی بەردەم مزگەوتی کێلەسپییەوە بووە. تاقی بەیانیان بۆ پیاوان و تاقی ئێوارانیش بۆ ژنان بووە. لە دوو بەشی سارد و گەرم پێکهاتووە. بەشی سارد شوێنی خۆگۆڕین بووە. بەشی گەرم حەوت جوڕنەی هەبووە. بە ئامێری پەرەمێز و سووتەمەنی و ڕۆنی ڕەش (دیزڵ) گەرمکراوە. فەرمانگەی شارەوانیی حکومەت خاوەندارێتی کردووە و ساڵانە بە کرێی داوە. هەریەکە لە (ئەنوەر سدیق عەلی و محەممەد حاجی سلێمان تەوێڵەیی) ساڵانە بە(٨٠) دینار بەکرێیان گرتووە. خۆشتن بە ١٠٠ بۆ ١٥٠ فلس بووە. (عەلە گوێ ڕەش) ناتری بووە. هەتا پێش ڕووداوەکانی ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ کاریکردووە و دواتر کراوە بە شوێنی نیشتەجێبوون.
کەتووەتە ناوشاری هەڵەبجە لە گەڕەکی سەرا بەرانبەر شارەوانیی هەڵەبجە. لەدوای ساڵی ١٩٧٦ شارەوانی گەرماوەکەی دروستکردووە. ڕیزی پێشەوەی لەسەر شەقامی سەرا کراوە بە دوکان و بازأڕ. بە بەرد و بلۆک دروستکراوە و سەربانەکەی کۆنکرێت بووە. بە گازوایل گەرمکراوە. گەرماوێکی نمرە بووە و ژووری تایبەتی هەبووە، هەتا ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەدەست (مەحموودی زاوای ساڵحی میران)ـەوە بووە. دواتر بە گەرماوی (گۆران) ناسراوە.
کەوتوەتە ناوەندی شاری هەڵەبجه بەرانبەر سینەما کۆنەکەی هەڵەبجه. ساڵی ١٩٧١ لە لایەن (حەمەساڵحی حاجی سەعید)ەوە کراوەتەوە و هەفتەی یەکەمی کردنەوەی بە خۆڕایی بووە. هۆڵێکی گەورەی هەبووە و لەوێوە خۆشۆر چووەتە ژوورەوە. دەرکاگەی لەسەر شەقامی گشتی و توونەکەی لە کۆڵانەکەدا بووە. ژمارەیەک دەستشۆر و ژووری بچوکی بە دووشەوە هەبووە، دواتریش بەرەو شوێنێکی گەورەی گشتی خۆشتن بە جۆڕنە و حەوزی بچووکەوە. بە بەرد و بلۆک دروستکراوە و سەربانەکەی کۆنکرێت بووە. بە گازوایل گەرم کراوە.
کەوتووەتە نزيک مزگەوتەکەی ناو گوندی (عەبابەیلێ). به شێوازێکى ئەندازەيى دروستکراوە. موڵکى (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) و (شيخ سادقى شێخ کەريم) بووه. وەستا حەمەئەمين لە دروستکردنیدا دەستڕەنگینی خۆی نواندووە. ساڵانە يان دوو ساڵ جارێک دراوە بە کرێ. سەرچاوەى ئاوى گەرماوەکە کانیى ژنان بووە و بە بۆری (لە بەرد و قسڵ دروستکراو) بۆى گوازراوەتەوه بۆ سەر حەوزی ناو گەرماوەکە. بەشی سەرەکیی گەرماوەکە لە شێوەى هۆڵێکى گەورەدا بووە و بە بەلوعە ئاو گەیەنراوەتە سەر چەند جوڕنەیەک بۆ بەردەم ئەو کەسانەی، کە ویستویانە خۆیان بشۆن.
کەوتووەتە گەڕەکی کانیعاشقان لە ناوشاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن (عەینا عەبدوڵا کەریم)ـەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دروستیکردووە و تایبەت بووە بە ژنانی گەڕەک. هەشت حەوزی بچوکی خۆشۆردنی هەبووە و بەدار گەرمکراوە، هەتا ناوەڕاستی حەفتاکان بەردەوامبووە. عەینا خان ساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە و ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵ بووە. ساڵی ١٩٩٢ کۆچیدواییکردووە.
کەوتووەتە گەڕەکی کانیعاشقان لەناو شاری هەڵەبجە. پێشتر بە گەرماوی کانیعاشقان ناسراو بووە. ساڵی ١٩٣٨ دوای ئەوەی سەید محەممەد ساڵح محەممەد ڕۆستەم لە ئێرانەوە هاتووەتە هەڵەبجە، لەو شوێنە، کە کانیەکی بچوکی لێبووە و دواتر دەستکاریکردووە و وەک بیری لێکردووە، دواتر ژوورێکی گەورەی بۆ خۆشتن لێ دروستکردووە و پاشان فراوانی کردووە. هەتا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەدار گەرمکراوە و پاشان بووە بە نەوت. هەتا کیمیابارانی هەڵەبجە کاریکردووە. نرخی خۆشتن هەتا ٢٠٠ فلس ڕۆیشتووە. بەیانیان هەتا نیوەڕۆ بۆ ژنان و دواینیوەڕۆ بۆ شەو بۆ پیاوان بووە.
کەوتووەتە گەڕەکی کانیعاشقان له ناو شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٧٦ لە بەرد و قسڵ و چیمەنتۆ لەسەر ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٥٠م٢ دروستکراوە. (تۆفیق حەمە ئەحمەد پیرۆت) خاوەنی بووە. لە هۆڵی سارد و جێگەی خۆگۆڕین و پشودان و ژوورێکی گەرمی مامناوەند، کە سێ جوڕنەی گشتی و یەک دانەی تایبەتی داخراو و دوو دەستشۆر و هۆڵی گەرم کە ١٩ جوڕنەی هەبووە، پێکهاتووە. سۆپا بۆ وشککردنەوەی خاولی و پشتەماڵ بەکارهاتووە. فڕنی گەرماوەکە ژوورێکی گەورە بووە لە دەرەوە تانکییەکی هەشت هەزار لیتری نەوتی تێدابووە. بەیانیان هەتا کاتژمێر هەشت بۆ پیاوان و دواتر هەتا کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ بۆ ژنان بووە و دوانیوەڕوان دووبارە تایبەتکراوەتەوە بە پیاوان. نرخی خۆشۆردن بەگوێرەی تەمەن بووە. لە ٧٥ فلسەوە بۆ ٢٥٠ فلس ڕۆشتووە. خاوەنەکەی خۆی و کوڕەکانی لە نۆرەی پیاوان و هاوسەر و کچەکانی لە نۆرەی ژناندا وەک دەغیلەدار و ئیشپێکەری گەرماوەکە کاریانکردووە. هەتا ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ کراوه بووە.