شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

15 بابەت

ئازادی

کەوتووەتە سەر شەقامی گشتیی هەڵەبجە لە خانوەکەی ئەنوەربەگدا دانراوە. دوو ڕووی هەبووە، ڕوویەکی لەسەرشەقام و ڕووەکەی تری بەرانبەر ماڵی ئاجی مەیفرۆش. لە دوای ساڵی ١٩٥٨ کراوەتەوە و ناوەکەی بۆ ڕێکخراوی گەنجانی حزبی شیوعی دەگەڕێتەوە. لەگەڵ تێکچوونی نێوان حکومەت و شیوعییەکان ئەم بارەگایە تێکدەدرێت و(عوسمانی شیخ مستەفای عەبابەیلێیی ١٩٤٢ بۆ ١٩٧٤ و ساڵی ١٩٦٣) لە بەرانبەر شوێنی یەکەمی و لە شوێنی دوکانی عەبدوڵای مەلا تاهیر و عەبدوڵای مەلا عەلی و مستەفای مەلاتاهیر، کە هەرسێ دوکانەکە کرابوونە گەنجینەی عەبدوڵای مەلا تاهیر، چاخانەکە دادەنرێتەوە و خۆیشی بە عوسمانی ئازادی دەناسرێت و کورێکیشی ناو دەنێت ئازاد. تەلەفزیۆن و سۆبای داری تێدابووە و هەتا ١٢ی شەوان کراوەبووە. بەشێک لە گەنجان و وەرزشدۆستان لەم چایخانەیە سەیری ئۆلۆمپیادی ١٩٧٤یان کردووە. لە دوای بۆردومانی ٢٦ی٤ی ١٩٧٤ ماوەیەک حەمەسەعیدی زۆراب و مامۆستا قادرە ڕەش دەیکەنەوە. لە دوای ساڵی ١٩٧٥ بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵەکان و لە مێژووی هەڵەبجەدا ڕۆڵێکی گەورەی فەرهەنگی و هۆشیاری سیاسی گێڕاوە و شوێنی کۆبوونەوەی ڕۆشنبیران و خەباتگێران و هونەرمەندان و ئەندامانی حزبی شیوعی بووە. دوای کۆچیدوایی خاوەنەکەی و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەلایەن حەمەئەمینی برای و عەلی فەیمەوە دانراوەتەوە و هەتا کۆتایی حەفتاکان کراوەبووە.

ئاوەدان

یەکەمین دوکان و چاخانەیە لە ئانوساتی ڕاپەڕین لە ١٤ی ٣ی ١٩٩١ لە هەڵەبجە دانراوەتەوە. کەوتووەتە شەقامی گشتی نزیک بانقە کۆنەکە. دوکانی حەمەرەشید عەلی بووە. ئەحمەد حەمەرەشیدی کوڕی وەک یەکەمین کەسی گەڕاوەی هەڵەبجە دایناوە و بە خەتی گەورە لەسەر دەرگای سەلاجەیەک لێی نوسیوە: چایخانەی ئاوەدان. وینەی جۆرج بۆشی هەڵواسیوە و سەرنجی بیانییەکانی ڕاکیشاوە. لە حەمەی سافەوە، تا نزیک دوکانەکەی پاکدەکاتەوە. ماست و هێلکە و قەنیلە و چایی و ..هتدی بە نانی هەورامییەوە پێشکەشکردووە. دواتر حەمەڕەشید دەروێش غەریب و کەریمی شێخ کازم و..هتد چاخانە دادەنێن و بەرەبەرە شار دەبێتەوە بە خاوەنی دوکان و بازاڕ.

باسکێ

کەوتووەتە گوندی (هاوار)، بە دەوری گۆڕەپانێکی تەختی گەڕەکی باسکێی سەنتەری گوندەکەوە دانراوە. بە ناوی گەڕەکەکەوە ناونراوە. شایی و ئاهەنگەکان و کۆبوونەوەی تری تایبەت، لە نزیک ئەم چایخانەوە کراون. سەنتەری چوونی گەڕەکەکانی تر بووە. بۆیە بووەتە شوێنێکی گشتی و دەیان کاروباری ڕۆژانەی تێدا بەڕێوەبراوە. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا چایچییەکەی ناوی حەمەمین بووە.

پوڵیچک

کەوتووەتە سنوری گوندی (کوڵی متکان). لە کۆندا ناوچەیەکی بازرگانی بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ هەتا ١٩٥٦ لەلایەن مەحموود ئاغا مستەفا، حەمەڕەشید حەمەخان مستەفا و جەمیل ئەمین مستەفا بەڕێوەبراوە. کۆڵبەرێکی زۆر تێیدا پشوویانداوە.

جەماوەر

کەوتووەتە ناوەندی شارۆچکەی (خورماڵ) بەرانبەر فولکەی ناوبازاڕ. دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ دروستکراوە. سەرەتا بە دەرگای شکاو‌ و بەرمیل دروستکراوە و گیا بەهارەکانییەکانیشی تێدا فرۆشراوە. ڕووبەرەکەی (٥م بە ٢٠م) دەبێت. چوارجار نۆژەنکراوەتەوە. خاوەندارێتیی بۆ دووبرا (خەلیل عەبدوڵا و والی عەبدوڵا) دەگەڕێتەوە. بە چایخانەی (یاڵانپێیەکان)یش ناودەبرێت. شوێنی کۆبونەوەی گشتی و جەماوەری و ڕۆشنبیران و مامۆستایانە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

حەمەسالە

یەکەم چایخانەیە، کە لە گوندی (ئەحمەدئاوا) کراوەتەوە. بە چایخانەکەی (حەمەسالە مەشروتە) ناسراوە. هاوینان کراوەتەوە. کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندەکەوە‌. لە نێوان هەردوو مزگەوتەکەی ئێستا. ئاوی دەیمەجۆ لە بەردەمیدا ڕۆشتووە. بەردی گەورەگەوەری بۆ دانیشتن هەبووە. زۆربەی جار کێشە و گرفتەکانی ئاوایی لێرە چارەسەرکراون. بەگزادە و کوڕە شێخانيش سەردانیانکردووە.

دارتووەکە

کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (خورماڵ) بە دووریی کیلۆمەترێک لە نزیک خاڵی پشکنینی خورماڵ نزیکی (گردی چەقڵاوا)وەیە. مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە. (سوارەی عەتا کوێخا محەممەد کوێخا فەتاحی خورماڵ) خاوەنی بووە. ڕووبەرکەی نزیکەی (٤٠٠م٢)یە. شوێنی دانیشتێکی سوننەتەی بۆکراوە. بە خەڵوز چا لێدەنێت. لەکاتی پێگەیشتی میوەی وەرزی، میوەکان دادەنرێن بۆ فرۆشتن. کاتێک گەشتیار لە هەورامانەوە دەگەڕێنەوە، لێی لادەدەن. لەوەرزی پایزدا لەکاتی گەڵاڕێزاندا دارتووەکە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دەدات بە شوێنەکه و خەڵکی وێنەی لێ دەگرن.

داروبەرمەڕای

کەوتوەتە نزیک جادەی (خورماڵ - بیارە - تەویڵە) لەژێر سێبەری سێ دارەبەڕوە گەورەکەی داری بەرمەڕای نزیک ئەشکەوتەکانی گوندی (گوڵپ). بەشێوەی کەپر بووە و ئاوەدانبووە، شوێنی حەوانەوەی جوتیار و وەرزێرانی ناوچەکە بووە. ئەو باخەوانانەی بۆ فرۆشتنی میوەکانیان ڕوویان لە هەڵەبجە و خورماڵ کردووە، لەوێ لایانداوە. یەکەم چایچی (مەحموود مستەفا) بووە، کە بە (مەحموودە سوور) ناسراوە، دواتریش (خاڵۆ عەبدوڵا ڕێحانێ) سەرپەرشتیکردووە. هەتا ڕاگواستنی گوندەکانی سنور لە ساڵی ١٩٧٨ بەردەوامبووە.

دەروێش حەمەسەعی

کەوتووەتە گوندی (دەرەشیش). لەسەر ڕێگەی (دەرەشیش - عەنەب)، کە بە ڕێگەی هەورامییەکان ناوبراوە، دامەزراوە. هەتا ساڵانی حەفتاکانیش بەردەوامبووە. وەک کاروانسەرایەک وابووە. کاروانچییەکانی هەورامان هەر لە گوڵپ هەتا تەوێڵە بەو ڕێگەیەدا هاتووچۆیانکردووە و لەوێ پشوویانداوە.

زەردەهاڵ

کەوتووەتە سنوری گوندی (زەردهاڵ)ی هەورامان. لەسەر ڕێگەی کاروانیان بووە. خاوەنەکەی (یارئەحمەدبەگی ئەفراسیاوبەگی بنجۆی دڕە ١٩٢٦-٢٠٠٥) و (عارف عەبدوڵا مارفی زەردەهاڵی ١٩١٩-١٩٨١) بووە. ٤٠-٥٠ وڵاخی گرتووە. ئەو کاروانییانەی لە هەورامان و خۆرهەڵاتەوە میوەیان بۆ شارەزوور و گەرمیان بردووە، لەوێ لایانداوە، ساڵی ١٩٦٤ زەعیم سدیق سەردانیکردووە. هەتا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو کراوە بووە.

مام دەروێش

بە چایخانەی نێوان ڕۆژهەڵات و باشور ناسراوە. خاوەنەکەی (عەفان حەمەیوسف سەعید)ـە و بە (مام دەروێش) ناسراوە. ساڵی ٢٠٢٠ لە (دەرۆ سەری) لەسەر جۆگەی سنور لە بیارە دروستیکردووە. نیوەی چایخانەکە کەوتووەتە عێراق و نیوەکەی تری ئێران. نزیکەی ٥٠ کەس دەگرێت، جۆگەلە ئاوێک چایخانەکەی کردووە بە دووبەشەوە، لەبەر ئەو تایبەتمەندییەی، کە دەتوانرێت چایەک لە عێراق و ئێران پێکەوە بخورێتەوە، گەشتیارێکی زۆر سەردانیدەکەن. کورسیی دانیشتنەکەی زۆرینەی لە کۆتەرە داری ناوچەکە دروستکراوە و دیمەنی سروشتی و کلتوری ناوچەکەی تێدا پارێزراوە.

مزگەوت

کەوتووەتە سنوری ‌گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لە تەنیشت مزگەوتی گوندەکەوە بووه،‌ وەقفی مزگەوت بووە. ساڵانە دراوە بە کرێ، پارەکەی بۆ مزگەوت بووە. لە ساڵانى شەستەکانى سەدەى ڕابردوودا کراوەبووە. ڕووبەرەکەی سێ بە شەش مەتر بووه. لە کاتی جیاوازدا (حەمەسەعیدی چایچی، سەعدی چاپچی، حاجی عارف) چایچی بوون.

مستەفا بەگ

کەوتووەتە سنوری گوندی (کوڵی متکان). لە تەنگەبەری پوڵیژگ هەڵکەوتووە. خاوەنەکەی مستەفا سەلیم حەمەخان بووە. لەلایەن خۆی و کوڕ و کوڕەزاکانی لە ساڵی ١٩٤٦ – ١٩٥٦ بەڕێوەبراوە. ئەم چایخانە بەهۆی گواستنەوەی کەلوپەل لە پوڵیژگەوە بەرەو سارۆخانی ئێران سەردانکەر و ناوبانگی زۆری هەبووە. شوێنی حەوانەوە و پشودانی بارچییەکان بووە، کە هەر لە هەڵەبجە و چاوگ و باوەکۆچەک و سازانەوە باریان هێناوە و بە وڵاخ بۆ گوندی سارۆخانیان گواستووەتەوە.

هانەیدن

کەوتووەتە ناو گوندهی (هانەیدن) و هەر بەناوی گوندەکەوە ناونراوە. یەکەمجار ساڵى ١٩٦٨ کراوەتەوە. حاجى (حەبیب کەریم محەممەد) خاوەنی بووە. کەوتبووە بەردەم دەرگاى مزگەوتی گوندەکە، دواتر لە ساڵی ١٩٧٠ گوازراوەتەوە بۆ لاى ڕاستى مزگەوتەکەوە و گەورەترکراوە. جگە لە گوندنشینان ڕێبوار و میوان و کۆڵبەرەکان سەردانیانکردووە. حاجی حەبیب لە پاڵ چایخانەکە کەلوپەلى وشکەشی فرۆشتووە. لە کاتی ڕاگواستنى گوندەکاندا، چایخانەکەش داخراوە.

ملەهۆڵمە

کەوتووەتە نێوان گوندی باوەکۆچەک و سازان. لەسەر ملە هوڵمە هەڵکەوتووە. لە کۆندا ئەو ناوچەیە ڕێگەیەکی بازرگانیی گرنگی نێوان هەڵەبجە و جوانڕۆ و کرماشان بووە. چایخانەیەکی بەناوبانگ بووە. بە بەرد دروستکراوە و شوێنی حەوانەی کۆڵبەر و باربەرەکان بووە، کە لە هەڵەبجەوە چایی و قوماش گوازراوەتەوە بۆ پردی ئاوەمار لەسەر ڕووباری سیروان لە گوندی سازان، لەوێوە چوونەتەوە سارۆخان لە ناوچەی جوانڕۆ. شوێنەوارەکەی کەمێک ماوە.