ئاشەکانی گوندی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
١-ئاشى خواروو: ئاشی ئاوە. بە دووریى (٢٠ بۆ ٣٠م) کەوتووەتە خوارووی مەرقەدى (عەبابەيلێ)وه لە دەروازەى گوندی (عەبابەیلێ). ناوەکەى لەوەوە هاتووە، کە لە خواروو ئاوايى و ئاشەکانى ترى ناو گوندەکەوەیە. موڵکى ماڵى (شێخ ڕەشيدى شێخ محەممەد، شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود و شێخ ئەحمەدى شێخ مەحموود)ە. بە بەرد و قسڵ دروستکراوە و بەرداشەکانيان لە ئێرانەوە بۆ هێناوه. بە ئاوى (کانیى ژنان) و (کارێزان) گەڕاوه. هەتا حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە. بەهۆى پەيدابوونى ئاشە کارەباييەکانى ناو هەڵەبجەوه، چيتر ئەو بايەخەى جارانى نەماوە و لەکارکەوتووە.
٢- ئاشى سەروو: ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ)، لە سەروو (ئاشى ناوەڕاست)ـەوەیە. موڵکى (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) بووە. بە بەرد و قسڵ دروستکراوە. بەرداشەکەی لە ئێرانەوە بۆ هێنراوە. به ئاوى (کانیى ژنان) گەڕاوە. هەتا شەستەکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە و و دواتر لەکارکەتووە.
٣- ئاشى ناوەڕاست: ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) لە سەروو (ئاشى خواروو)ەوەیە. موڵکى (شێخ ئيبراهيمى شێخ ڕەشيدى شێخ محەممەد) و (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) بووە. لە بەرد و قسڵ دروستکراوە و بەرداشەکەى لە ئێرانەوە بۆ هێنراوه. بە ئاوى(کانیى ژنان) و (کانیى ناودێ) گەڕاوە. هەتا شەستەکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە و دواتر لەکارکەتووە.
٤- ئەحلان: ئاشی ئاوە. کەوتووەتە ناوەڕاستی باخەکانی گوندی (عەبابەیلێ). موڵکی (شێخ ڕەشید)بووە. بە ئاوی (کانیی سەرحەوز) گەڕاوە.
٥- بەر شەخسی : ئاشی ئاوە. کەوتووە بەردەم مەزاری گوندی (عەبابەیلێ). بە ئاوی کارێزان گەڕاوە. موڵکی (شێخ ئیبراهیم) بووە. حسێن ناوێک کاری لەسەر کردووە. هەتا ساڵانی حەفتاکان بەردەوامبووە و شوێنەوارەکەی ماوە.
٦- ڕۆستەم: ئاشی ئاوە. لە بەردەم ماڵی (شێخ ڕەشید) و موڵکی ئەو بووە. هەتا کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بە ئاوی (کانییە بەهارێ) گەڕاوە. (ڕۆستەم) ناوێک سەرپەرشتیکردووە. هەتا کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو شوێنەواری ماوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عەبدوڵا ڕەئوف ڕەشيد)، لە دایکبووی ١٩٥٤، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: خانەنشین، لە ٣٠ی ١ی ٢٠٢٣، لە عەبابەیلێ.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (مستەفا ڕەشيد ئەحمەد محەممەد)، لە دایکبووی ١٩٤٩، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: کاسب، لە ٢٢ی ٦ی ٢٠٢٠، لە هەڵەبجه.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (شێخ حەمەساڵح شێخ محەممەد)، لە دایکبووی ١٩٥٦، ئاستی خویندن، سەرەتایی، پیشە: خانەنشین، لە ٢٥ی ١٢ی ٢٠٢٠، لە عەبابەیلێ.
ئامادەکردنی: د. عادل سديق ععەلی,تیمی مەیدانی گوندی عەبابەیلێ