شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

10 بابەت

ئاوێسەر

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە و تەنیشت قەیسەریی دەوەن. لە ٢٨ دوکان پێکدێت. دواى کیمیابارانی هەڵەبجە دروستکراوە و بە قەیسەریی (کڵاشچنەکان)یش ناوی دەرکردووە. دوو دەروازەى هەیە، کە هەردوو شەقامی ئەمدیو و ئەودیوى خۆی پێکەوە دەبەستێت. دوو لە دوکانەکانی کتێبخانەن.

باڵانبۆ

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەى ڕابردوو لەلایەن بنەماڵەى شێخ عیزەدینەوە دروستکراوە. لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە و دواتر سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە. زیاتر لە ٣٠ دوکانی لە جۆر و پیشەی هەمەڕەنگی تێدابووە.

حامید بەگ

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٢٦ لە لایەن (حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشا)وە دروستکراوە. جگە لە وەستاکانی هەڵەبجە، لە سلێمانی و سنەوە وەستای دەستڕەنگینی بۆ هێنراوە. لە خشتی سوور و گەچ و قسڵ دروستکراوە و نموونەی جوانی تەلارسازی و هونەری سەردەمەکەیان نەخشاندووە‌. ڕووبەرەکەی (٢٦٠٠م)ـە. دوو نهۆم بووە و نهۆمی سەرەوەی وەک میواخانە (ئوتێل) بەکارهاتووە. بەشی سەرەوەی لە شەش گومەزی کڵاوڕۆشنەدار پێکهاتووە. نهۆمی خوارەوە چەندین دوکان و فرۆشگە و باخچەیەکی بچوکیشی تێدابووە. لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە و دواتر نۆژەنکراوەتەوە و کراوەتە بازاڕێکی سەردەمی.

خانەقا

کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە) لە ژێر خانەقاکەدایە. هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە. بە قەیسەری (شێخ عەلادین)یش ناسراوە. لە یەک نهۆم پێکهاتووە و ڕیزە دوکانەکانی ئەمبەر و ئەوبەری یەکتربوون. نزیکە ٦٠ دوکانی تێدا بووە لە جۆری بازرگان و عەتار و پێداویستییەکانی خواردن و کەرەستەی هەندێک پیشە و بەرگدروو.

سەید محەممەد

کەوتووەتە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ‌شارۆچکەی (بیارە). مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. (حاجی سەید محەممەد) خاوەنی بووە و زیاد لە ٢٠ دوکانی تێدابووه. زۆرتر‌ بۆ کوتاڵفرۆشی و قەسابی بەکارهاتووە.

شنروێ

یەکێکە لە قەیسەرییە کۆنەکانی هەڵەبجە. کەوتووەتە تەنیشت مزگەوتی پاشا لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٨١ لەلایەن بنەماڵەى حاجی کەریمەوە دروستکراوە. ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە. پاش ڕاپەڕین، دووبارە دروستکراوەتەوە. لە ئێستادا سێ نهۆمە و زیاتر لە ٢٢٠ دوکان لەخۆى دەگرێت.

شێخ سادق

کەوتووەتە ناو گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لەلایەن (شێخ سادقی شێخ محەممەد)ەوە دروستکراوە‌.‌ لە ١٨ دوکان پێکهاتووە و تایبەت نەبووە بە پیشە و کەرەستەیەکی دیاریکراوەوە. دوکانەکانی دەرەوەی قەیسەریش ئاسنگەری بوون، بە دەڕابەی دار داخراون. دوو دەرەوازەی گەورەی هەبووە و شەوانە داخراون، سەربانەکەی وەک گۆڕەپانێک وابووە بۆ منداڵان، لە گەشەی گوڵپدا لەدوای ساڵی ١٩٢٥ شێخانی نەقشبەندی سەرەتا تۆڕێکی تۆکمەی دابەشکردنی ئاو بونیاددەنێن و پاشان کانی و شوێنی ئەرک و خۆشۆردنی ژنان بە جیا دروستدەکەن. بازاڕ و قەیسەریش بووەتە پێداویستیی گرنگ.

شێخ محەممەد

کەوتووەتە ناو گوندی (گوڵپ)ی سەر بە هەورامان. دوو دەروازەی هەبووە، بە دەڕابەی دار داخراوە، سەربانەکەی وەک شوێنی کۆبوونەوەی ژنان وابووە، بۆ سەیرکردنی ئاهەنگی بۆنەو زەماوەندەکان. دواتر، کە قەیسەریی شێخ سادق لە بەرانبەریدا کراوەتەوه،‌ ئەم کراوەتە چایخانە و کەبابەخانە و دوکان و بازاڕی تر.

قادربەگ

کەوتووەتە‌ ناوبازاڕی شارەدێی (تەوێڵە). ساڵی ١٩٢٠ (قادربەگی جافرسان) لە ناوەڕاستی بازاڕی تەوێڵەدا دروستیکردووە. بریتیبووە لە ٢٤ دوکان. ساڵی ١٩٣٦ بەر لافاو کەوتووە و زیانی پێ گەیشتووە. ساڵی ١٩٥٤ (سەعدی بەگ)ی کوڕی قەیسەرییەکەی دروستکردووەتەوە‌ و ساڵی ١٩٨١ ڕووخاوە و دواجار (بارام بەگی کوڕی سەعدی بەگ) ساڵی ١٩٩٨ قەیسەرییەکەی سەرلەنوێ‌‌ دروستکردووەتەوە و کردویەتی بە ٢٨ دوکان.

وەزگێڵ

کەوتووەتە ناو بازاڕی شاری هەڵەبجە بەرانبەر کتێبخانەى هەژار موکریانی. لە دوو نهۆم پێکهاتووە. نهۆمی یەکەمی لە ئێستادا داخراوە. سەرەوەشى چەند دوکانێکی مۆبایلی تێدایە.