بیرۆکەی پڕۆژەکە
سه‌ره‌تا و بیرۆكه‌ی پڕۆژە‌ی (زانیارینامه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه)، بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كە له پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی 5ی ٣ی ٢٠١٨ له ناوه‌ندی ئه‌ندێشه له شاری سلێمانی ئه‌نجامدرا، كه خوالێخۆش بوو مامۆستا (کۆچەر ئەنوەر میرزا) بانگهێشتی كۆمه‌ڵێك له ڕۆشنبیر و كه‌سایه‌تیی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی كردبوو، تا له‌سه‌ر پرسی پاراستن و چۆنێتیی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووه دێرینه‌كانی گه‌ڕه‌كی جووله‌كان له شاری هه‌ڵه‌بجه، گفتوگۆ بكه‌ن و به‌رنامه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه دابنێن. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌م پرسه و چه‌ند باسێكی تریش گفتوگۆیان له‌سه‌ركرا، كه یه‌كێكیان بیرۆكه‌ی ئاماده‌كردنی (زانیارینامه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه) بوو و له‌لایه‌ن مامۆستا (ڕێبوار حه‌مه‌تۆفیق)ـه‌وه خرایه‌ڕوو.
بۆ چۆنێتیی كاركردن له زانیارینامه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجەدا، به‌شێك له ئه‌ندامانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی 5ی ٣ی ٢٠١٨ و چه‌ند ئه‌ندامێكی تریش، كه ژماره‌ی هه‌موویان نۆ كه‌س بوو، لیژنه‌یه‌كیان پێكهێنا و ڕۆژی 31ی 5ی 2018 له مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان كرد و له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كی بۆ كاركردن له پڕۆژە‌كەدا ڕێككه‌وتن. پاشان به‌شێك له ئاماده‌بووانی هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ڕۆژانی 5ی ٣ی ٢٠١٨ و 31ی 5ی 2018 و چه‌ند كه‌سێكی تریش، به‌پێویستیان زانی، كه كاره‌كانیان له‌ژێر چه‌تری ڕێكخراوێكدا كۆبكه‌نه‌وه، كه سه‌رئه‌نجام له ڕۆژی ٢٤ی ٦ی ٢٠١٨ دامه‌زراندنی ڕێكخراوی دۆستانی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێكه‌وته‌وه و پڕۆژە‌ی (زانیارینامه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه)، بوو به به‌شێك له كاری ئه‌و ڕێكخراوه.
بۆ ماوه‌ی سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2018 به شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خشانه و له‌خۆبوردووانه، لیژنه نۆ كه‌سییه‌كه كاریان بۆ خستنه‌سه‌رپێی پڕۆژە‌كه كرد و نزیكه‌ی 300 بابه‌تیان ئاماده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دارایی و سه‌رقاڵیی به‌شێك له ئه‌ندامانی لیژنه‌كه به ژیانی تایبه‌تییانه‌وه، پڕۆژە‌كه كپ بوویه‌وه. ڕۆژی 17ی 5ی 2022 دووباره له‌لایه‌ن (تۆفیق كه‌ریم ساڵح)ی ئه‌ندامی سه‌ره‌كیی لیژنه نۆ كه‌سییه‌كه و ڕێكخراوی دۆستانی هه‌ڵه‌بجه و سه‌رۆكی ڕێكخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری، جارێكی تر هێنرایه‌وه به‌ر باس و زیندوكرایه‌وه.
ئه‌مجاره‌یان به جۆرێكی زانستی تر و باشتر كار له‌سه‌ر پڕۆژە‌كه كرا، له‌لایه‌كه‌وه سه‌رمایه‌داری نیشتمانی و خێرخوازی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه (شێخ عه‌لی شێخ عیزه‌دین) به‌ڵێنی پشتگیریی دارایی بۆ پڕۆژە‌كه ده‌ربڕیبوو و له لایه‌كی تریشه‌وه بوو بە پرۆژی هاوبه‌شی نێوان ڕێكخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیریی و زانكۆی هه‌ڵه‌بجه و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی‌تر به‌رنامه‌ڕێژی بۆ كرابوو. بۆیه له ڕۆژی 7ی 8ی 2022 له هۆڵی كتێبخانه‌ی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه پڕۆژە‌كه ڕاگه‌یه‌نرا و بنه‌ماكانی كاركردنی له دوو سیمیناردا له‌لایه‌ن (ڕێبوار حه‌مه‌تۆفیق) و (بوار نوره‌دین سابیر)ه‌وه بۆ ئاماده‌بووان ڕوونكرایه‌وه.