شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

52 بابەت

ئۆڵای

کۆمەڵە باخێکی گەورەی تایفەی ئەوڵانە لە گوندی (زەڵم)، کەوتوونەتە پشتی سەرچاوەو چەمەی زەڵم، بە چاوگێکی تر ئاودەدرێن، کە پێیدەوترێت (هانە قوڵقوڵە) یان (چەمە وردیکڵە) و سەرچاوەکەی لەناو باخەکاندایە و دواتریش باخە وێرانە لەخوار خۆیەوە ئاودەدات و ئاوەکەی دێتەوە سەر جۆگەی شێخ خەیات و بوونەتە شوێنی گەشتیاری.

باخە بچکەلی پریس

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (پریسی سەروو) و بەرانبەر باخە گەورە هەڵکەوتووە. (٧٩٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی زیاترە لە حەوت دۆنم، خاوەندارێتی زەوییەکە کۆچکردوو (میرزا کەریمە)، لەگەڵ باخەکەدا بەشێکی زەوییەکەشی کراوە بە کشتوکاڵ و بە ئاوی کانییاوەکانی گوندەکە ئاودێریکراوە.

باخەتازە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (عەبابەیلێ)، ڕێگەی قیری گوندەکە بە پشتیدا تێپەڕ دەبێت. بە ئاوی کانیە بەهارێ ئاو دەدرێت. بە هەنار و ترێ بەناوبانگە، تاپۆیە. نزیکەی هەشت بۆ ١٠ دۆنم دەبێت. موڵکی شێخ ڕەشیدی عەبابەیلێ بووە.

باخەکانی سەر چەمی زەڵم

چەند باخێکن و کەوتوونەتە ئەمبەروئەوبەری چەمی زەڵمەوە، کە بە جۆگە سەرەکییەکانی شێخ خەیات و جۆگە مەننە و بنەوانەکانی قێخا و نەسە و حەمەکە و چەند کانییەک، کە لەناو هەندێک لە باخەکاندا هەن، ئاو دەدرێن، بەشێکی زۆریان بوونەتە شوێنی گەشتیاری. ئەوانیش باخی: گۆشەو دۆڵینێ لەبەردەم سەرچاوەی زەڵم، گۆشەو پردێ و نەزرگەی شێخی تێدایە، باخەگەورە لە بەرانبەر دێی زەڵم بۆ خوارەوە، باخو سەلیمی لەبەردەم دێی زەڵم بە درێژایی گوندەکە درێژ دەبێتەوە، پێشاو کۆمەڵە باخێیکی بەرانبەر یەکن لە تەنگەبەرەیەکدا، سەرو کەوێڵێ، دەرەو وێشەی لەبەرانبەر گوندی زەڵمن لە بەشی خوارەوەی، جەمیناوا، مزگی، کەریمە، فەتە دەکەونە وشکەناو لەبەرانبەر یەکتردان، لە پاڵ ئەمانەشدا چەند باخێکی تر هەن.

باخەکۆنى پريس

بە دووریی نزیکەی (٦٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (پریسی سەروو). زەویەکەی تەخت و بەپیتە. لەسەر ڕێگای چەوڕێژی نێوان گوندی (پریسی سەروو) و (پریسی خواروو)ە، لەکۆنترین باخەکانی گوندەکەیە و بە ئاوی (کانی دەراش و کانی جانە) ئاودێریدەکرێت، (٧٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی لە چوار دۆنم زیاترە.

باخەکۆنی خاکوخۆڵ

کۆمەڵێک باخن کەوتووەنەتە خۆرئاوای گوندی خاکوخۆڵ لە نێوان گوندەکە و گردی دەرەگولان. لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٠٠کان لە لایەن (ڕەحیم عەزیز)ەوە دروستکراون.

باخەگەورەی پریس

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (پریسی سەروو). (٧٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی لە شەش دۆنم زیاترە. بەهۆی گەورەیی ڕووبەرەکەیەوە بە باخە گەورەی (پریس) ناسراوە و بە ئاوی کانیاوەکانی گوندەکە ئاودێریدەکرێت.

باخەگوڵاوی

باخێکە کەوتووەتە خوارووی بەروەزەن و نێوان باخەکانی چەم و خوار جادەی سەرەکیی گوندی (سازان). پێشتر بەم شوێنە وتراوە (باخە گواوی)، بەڵام دواتر کراوەتە باخێکی جوان و ناوەکەی بۆ باخە گوڵاوی گۆڕاوە.

باخچە گەورە

کەوتووەتە بەردەم گوندی (خەرپانی) و لەنێو دۆڵێکدایە. هاوینان شوێنێکی فێنک و هەوارگەیە. لە کانی کارێز و لاڵەگاوە ئاوی بۆهاتووە.

باخ و سالاری

کەوتووەتە بەردەم گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). چواردەوی بە تەل و بە دیواری بەرد پەرژین کراوە، ڕووبەرەکەی ٢٠ دۆنم زیاترە و گەورەترین باخە لە سنورەکەدا. بەشێکی پشت بە ئاوی ئەو کانییە دەبەستێت، کە لە ناوباخەکە خۆیدایە و بەشێکی تریشی بە ئاوی چەمی (هەمەشوانە) ئاودەدرێت. لەسەرەتای سەدەی بیستدا دروستکراوە و خاوەنەکەی (ئەفراسیاو بەگ)ی فەرمانڕەوای ناوچەکە بووە، کە بە (سالا) ناسراوە و هەر بەناوی ئەویشەوە ناونراوە. زۆرتر بەرهەمی (سێو، هەنار، هەنجیر، توو، قەیسی، هەرمێ، هەڵوژە) هەیە.

باخ و شێخی

کۆمەڵەباخێکن. کەوتوونەتە نێوان جۆگەی دەلێن و ڕووباری زەڵم، لە خوارەوەی دەروازەی دەربەندی زەڵمەوە دەستپێدەکەن و درێژ دەبنەوە، کە ١٨ دۆنمە، لەگەڵ هەموو ئەو باخانەی، کە کەوتوونەتە نێوان دەیمەجۆ و دەلێن لە ئەحمەدئاوا، کە ٤٠ دۆنم دەبن، کاتی خۆی (شێخ ئەحمەد شەمسەدینی کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵە) خاوەنی بووە، کە گوندی ئەحمەدئاوای ئاوەدانکردووەتەوە و بە موڵکایەتی بە ناوی شێخەکانەوە هاتوون.

باخى مير

یەکێک بووە لە باخە بەناوبانگ و گەورەکانى هەڵەبجە. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٢٥ دۆنم) بووە. ساڵی ١٨٩٥ دروستکراوە. لە عوسمان پاشاى جافەوە بەميرات بۆ ئەحمەدموختار جافى کوڕى ماوەتەوە. چەند کانییەکی تێدا بووە و جۆگەی ئاوی (کوڵەبۆز) بە ناوەڕاستیدا تێپەڕبووە. بە مەبەستی سەرپەرشتیکردن و خزمەتکردنی باخەوانى بۆ گيراوە، لەوانە (مچە مەريوانى، ڕەشەکۆیی، مام عەبۆل) له نمونەی ئەو باخەوانانەبوون. ئەگەرچى باخەکە موڵکى ماڵى ئەحمەدموختار جاف بووه، بەڵام بۆ هەموو کەسێک کراوە بووە. چايخانەى تێدابووه و خەڵکى زياتر بە ئێواراندا سەردانيانکردووە. ساڵی ١٩٦٣ بە پاساوی ئەوەی پێشمەرگە لەوێوە دێنە ناو شار، حکومەت زۆربەی دارەکانی بڕیوەتەوە و دواتر زەوییەکەی کراوە بە کێڵگەی شێلم و توور و دواتریش بووە بە خانووی نیشتەجێبوون و سەرەتا شوێنەکە گەڕە‌کی چوارباخی پێوتراوە و لە ئێستادا بە گەڕەکی باخی میر ناسراوە.

باسێرە

کۆمەڵە باخێکن و لە چەند کانییەکی بچوک پێکهاتووە. دەکەونە سنوری گوندی (دەرەتوێ) لە خوار ڕێگەی (کاروانگەی) هەڵکەوتووە. لە وشەی (هەسێر یا ئەستێڵ)ەوە هاتووە. چونکە باخەکانی بە بەکارهێنانی ئاوی ئەستێر و کۆکردنەوەی ئاوی کانییەکان لەنێویدا و دواتر بەکارهێنانەوەی بۆ ئاودێری ئاوەکەیان بەکارهێناوە.

بەر دێ

کەوتووەتە بەردەم قەڵا و کانی هاوارەکۆن. هەر لەبەرئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە. لە کۆمەڵێک باخ و هەندێک زەویوزار پێکهاتووە. باخەکانی بە ئاوی کانی هاوارەکۆن ئاودەدرێن. زەوییەکانی دەکرێنە لەوەڕگا و لە کۆندا کراونەتە کشتوکاڵی گوندەکە. ڕێگای هاوارەکۆن – گریانە دەچێت بەناویدا و هەردوو بەشی (زەوی) و (باخەکان) لەیەکتر جیادەکاتەوە.

بێدەری

کەوتووەتە نێوان سۆسەکان و تەوێڵە و لە سەرەتای چوونە ناو تەوێڵەیە لە نزیک ئاساوگا. چەند باخ و باخات و کانی و ئاون لە دامێنی چیای بێدەری و دەڕوانن بەسەر ڕێگەی (تەوێڵە - سۆسەکان) بەو ناوچە و دەوروبەرە دەڵین: بێدەری، کە چەند چڵێک لە گوێزەکانی ئەم باخانە وەقفی مزگەوتی گەورەی تەوێڵە کراون.

ترجان

تاکە باخێکە و کەوتووەتە گوندی (دەرەتوێ) لە خوار باخی (هەرمێلێ) لە هەورامان‌. بەهۆی وشکەساڵییەوە ئەم باخە زیانی زۆری بەرکەوتووە. سەرچاوەی ئاوەکەی وشکیکردووە و باخەکانی وشک هەڵاتوون.

چاڵەخەڵوزێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (هاوار دەرەتوێ)یە. کاتی خۆی خەڵکی ناوچەکە ئاوی ئەم باخەیان بۆ کوژاندنەوەی خەڵووز بەکارهێناوە. ناوەکەشی هەر لەوەوە سەرچاوەیگرتووە.

چاڵی نەیجە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بەشێوەی تەڵان تەڵان ڕیکخراوە و کانی و ئەستێڵ و داری توو، هەنار و هەنجیری تێدا بوو‌ە. ناولێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کەوتووەتە بەشی خوارەوەی گوندەکە و قامیش و نەیجەی تێدا ڕوواوە.

چوار وەشە

کەوتووەتە نێو گوندی هاوار. کۆمەڵەباخێکن زیاتر توو، هەنار، هەنجیرن. لە تەنیشتیەوە تەختایی(باریکەی) هەیە. لەسەرویانەوە کەلی (بڵێ) هەیە، کە ڕێگای سەرەکیی گوندەکانی (هاوار و هاوارەکۆن و گریانە)یە. لە تەنیشت تەختایی باریکەیە. پێیدەوترێت(قەڵاتێ)، پاشان شۆڕدەبێتەوە بەرە و چەمی ئاشی. لەم چەمەدا ئاشی ئاو هەبووە. بەهۆی شێوەی ناوچەکە، کە زیاتر چوارگۆشە بووە ئەو ناوەی وەرگرتووە. لە گوندەکەدا ناوبانگێکی زۆری هەیە و بە یەکێک لە چەم و باخە دیارەکانی(هاوار) دادەنرێت.

حەوزی نیزامان

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەتوێ) لە نێوان چەمی (بگارێ) و باخەکانی (چەمی دەرەتوێ). ڕێگای سەرەکیی گوندەکە بە سەرەوەیدا تێپەڕدەبێت. باخەکانی بە ئاوی (چەمی دەرەتوێ) ئاودەدرێن.

1 2 3 دواتر