شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

1 بابەت

سیروان

لە باکورى خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەی خورماڵ و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەی بیارە هاوسنورە. لە خۆرهەڵات و باشوری خۆرهەڵات ڕووباری سیروان لە خۆرهەڵاتی کوردستان جیایدەکاتەوە. لە خۆرئاوا و باکوری خۆرئاواوە قەزای سەیدسادق و شارەزوور و لە باشوری خۆرئاواشەوە بە‌ دەریاچەی دەربەندیخان و قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی دەورەدراوە. ساڵی ١٩٥٩ بە بڕیاری (مەلیک فەیسەڵ) هەردوو گوندی (کێلەسپی) و (جان جان) لە دەشتی شارەزوور دەکرێن بە یەک و بەناوی شارۆچکەی (کێلەسپی)یەوە دەناسرێت. دەربارەی ناونانیشی بە (دوجەیلە) هۆکارەکەی بۆ هێنانی پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی لە ناحیەی (دوجەیل)ی نزیک بەغداد دەگەڕێتەوە، کە بریتیبووە لە پەنجا خانوو و نەمامگە و پڕۆژەی کشتوکاڵی. دواتریش بەفەرمی بە ناحیەی سیروان لە تۆمارە فەرمیەکاندا تۆمارکراوە. ناحیەکە‌ لە ٧٧ گوند و ٤١ کەرتی کشتوکاڵی پێکهاتووە. زیاتر لە ١٧٨ کانی و سەرچاوەی گرنگی ئاودێری لێیە. پێگەیەکی گرنگی کشتوکاڵی و بەروبومی دانەوێڵە و سەوزە و میوەی هەیە. سەنتەری شارۆچکەکە (٥١٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە چەندین عەشیرەت پێکهاتووە، وەک عەشیرەتی نەورۆڵی، شێخانی بەرزنجی، ساباتی، هارونی، کەڵهور، شەکرالی و زەردۆیی و ئێناخی. ڕووبەرەکەی بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە. ساڵی ١٩٦٥ بریتیبووە لە (٨٧٣کم٢)، کە ڕێژەی (٤٠.٧%)ی ڕووبەری قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. بەڵام ساڵی ٢٠٠٢ ڕووبەرەکەی (٣٦٩کم٢) بووە، کە ڕێژەی (٤٦.٣%)ی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. ژمارەی دانیشتوانەکەی بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٦٥ بریتیبووە لە ٢٠٦٠٣ کەس، کە ڕێژەی ٢٥.٤%ی دانیشتوانی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. بەڵام بە پشتبەستن بە پێشبینیەکانی دانیشتوان لە ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووەتە ١٥٣٢٨ کەس.