شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

کارگەی کۆنکرێتی ئامادەکراوی کاپیتەڵ

کارگەیەکی ئەهلییە. کەوتووەتە دەروازەی شاری هەڵەبجە،‌ لە ناوچەی پیشەسازی. ساڵی ٢٠٢٢ دروستکراوە و برەوی پێدراوە. دەزگای کارگەکە پێکدێت لە: کارگەیەکی سێ مەتری و سێ پەمپ، ١٠ مکسەر، شۆفڵێک، گەڵابەیەک و بیری ئاو، مۆلیدەی کارەبایی و چەند ئامێرێکی تر... نزیکەی ٢٠ کرێکار کاری تێدا دەکەن. کەرەستەی خاوی لم لە دەربەندیخان و بوحس و چەو لە تەپەکوڕە و چیمەنتۆ لە سلێمانی دەهێنن. لە کارەکانی کارگەکە: دابینکردنی کەرەستە بۆ پڕۆژەی ڕێگاوبانی هەڵەبجە و پڕۆژەکانی حکومی و لە هەندێک دامەزراوەی شار و کۆنکرێتی ماڵاندا کاریان کردووە.

کارگەی مافوور (ڕستن و چنین) لە سیروان

ئەم کارگەیە لە بەشی سەرەوەی تەنیشت بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی سیروان دامەزرابوو. لە سەردەمی پاشایەتی بناغەی دانرا و لەسەردەمی کۆمارییدا تەواو کەوتەکار. ئەم کارگەیە لەیەک کاتدا خوێندنگە و شوێنی کارکردن بووە، واتە خوێندکار لە پاڵ خوێندنی وانەکانیدا فێری ڕستوچنین دەکرا. کارگەکە هەردوو ڕەگەزی کوڕ و کچی وەردەگرت، بۆنمونە: (جەیرانی ئەحمەدی سۆفی ساڵح، خاتونی کەریم قادر و توبای سەید فاتم). یەکێک لە مامۆستاکانی ئەم کارگەیە ناوی (کاترینە) بوو، ئافرەتێکی بەتەمەن بوو. بەرهەمەکانی ئەم کارگەیە وەک: ڕستنوچنینی خاولی، بەرماڵ، پۆپەشمین، جاجم، لەم دواییەشدا فەرشیان دەچنی بەڵام زۆر گران نەبوو. ساڵانە ئەم بەرهەمانەیان نمایشدەکرد و خەڵکی لێیاندەکڕین. لە ئێستادا شوێنی کارگەکە و دیوارەکانی ماون، بەڵام بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی عێراق - ئێرانەوە لەکارکەوتووە و هیچ کەرەستەیەکی نەماوە.

کارگەی نانەقەیسیی قەمەرەدین

یەکەمین کارگەی دروستکردنی نانەقەیسی بووە لە هەڵەبجە. بەناوی قەمەرالدینی هەڵەبجەوە دانراوە. خاوەنەکەی سۆفی عەبدولرەحمان عەبدوالقادر بووە و ساڵی ١٩٨١ دایناوە، کە لەتەواوی عێراقدا بە(قەمەرەدین) ناوبانگی هەبوو، هەناردەی تاکە وەکیلەکەی دەکرد لەبازاڕی شۆڕیجەی بەغداد و ئەویش بۆ هەموو شارەکانی عیراقی ئەنارد، تا کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە، دواتر ساڵی ١٩٨٩ لە بازاڕی سەعەتاکۆیی لە سلێمانی دایناوەتەوە.

کارگەی نیلوفەر

براندێکی کوردییە. تایبەتە بە بەرهەمهێنانی شامپۆ و سابوونی سروشتی و پێداویستی جوانکاری. کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (سیروان). لقی لە هەڵەبجە، هەولێر، سلێمانی، ڕانیە و بەغداد هەیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی ئۆنلاین و گەیاندن بۆ شارو شارۆچکەکان دەفرۆشێت. هەروەها بەشداریی لە ڤێستیڤاڵ و بۆنەکانی ناو هەڵەبجە و کوردستاندا کردووە. بەرهەمەکانی لەژێر چاودێریی پزیشکی و بە کوالیتی کۆنترۆڵدا تێپەردەبن. گرنگترین بابەتەکانی بریتییە لە ڕۆنە سروشتییەکان، سابوونی برنج، قاوە و چەندینی تر. لەلایەن (شەیدا سەیاد)ەوە بەڕێوەدەبرێت.

فولکەی ئەسپی باڵدار

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە لەسەر دووسایدی نەخۆشخانەکان. بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ چاککردنی جادەکەدا شوێنەکەی دیاریکراوە. هەریەکە لەجوتسایدەکانی (نەخۆشخانەکان، هەڵەبجەپاڵاس، بەنزینخانەی سان، شەقامی هۆبەی چاکسازیی یەکی کارەبای هەڵەبجە) بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بە شێوەیەکی بازنەیی بەتیرەی (٣٧م) دروستکراوە و لەچەقی فولکەکەدا پەیکەری ئەسپێکی باڵدار دانراوە، کە لەلایەن چەند خوێندکارێکی پەیمانگای هونەرەجوانەکانەوە بەپێوانەی سێ مەتر بەرزی و چوار مەتر درێژی دروستکراوە و لەسەر بنکەیەکی لاکێشەیی جێگیرکراوە. بەچواردەوری پەیکەرەکەدا ڕێژەیەکی زۆر سەوزایی هەیە.

فولکەی تەپەتۆڵەکە

کەوتووەتە نێو گوندی (تەپەتۆڵەکە). ڕێگەی (پردی زەڵم و سیروان) بەڕێگە نوێکەی (هەڵەبجە – سلێمانی)یەوە گرێدەدات. ڕێگەیەکی بۆ نێو گوندی (شەکرالی) لێدەبێتەوە. لە دوو لاوە لە شێوەی پیتی (Y) ئینگلیزیە. ئەم فولکەیە ڕوبەرێکی زۆری سەوزایی بۆ کراوە و لە پێنج باخچەی (بچووک و مامناوەند) پێکدێت. فولکەی ناوەند بەشێوەیەکی بازنەیی لەنێوان هەموویان هەڵکەوتووە.

فولکەی عومەری خاوەر

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە لە گەڕەکی (پیرمحەممەد). شەقامی (گۆران یان شەقامی گشتی) و شەقامی (گوڵان و نالی) بەیەکەوە دەبەستێتەوە. شوێنی کۆبوونەوەی ناڕەزایی و مانگرتنی چینوتوێژەکان و دانیشتوانی هەڵەبجەیە.

فولکەی مۆنۆمێنت

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠٠١ دروستکراوە. بەردەم مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و هەریەک لە دووسایدی (هاتنەناوەوەی ناوشار و شەقامی مۆنۆمێنت و دووسایدی دەرچوون لەشار) بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەسەر سەکۆیەکی کۆنکرێتیی شێوە بازنەیی بەتیرەی هەشت مەتر، دروستکراوە. چواردەوری بە محاجەریەکی ئەلەمنیۆمی سپی دەورەدراوە و لەچەقی فولکەکەدا پایەیەکی کۆنکرێتی شێوە لولەکی، بە بەرزیی چوار مەتر و بە شێوازێکی ستوونی جێگیرکراوە و کۆتاییەکەی شێوە چەترێکی لەخۆ گرتوە و وێنەیەکی سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق (مامجەلال تاڵەبانی) لەسەر جێگیرکراوە.

فولکەى ناوبازاڕى خورماڵ

کەوتووەتە ناو سەنتەری بازاڕی شارۆچکەی (خورماڵ)ەوە. شێوەیەکی لاکێشەی هەیه.‌ درێژیی (١٠م) و پانیی پێنج مەتره. مێژووی دروستکردنی لەگەڵ مێژووی دروستکردنی بازاڕی (خورماڵ)ـدایه و ساڵی ١٩٩١ دروستکراوە. سەرەتا سێ وێنەی (شێخ مەحموودی حەفید، قازی محەممەد و مەلا مستەفا)ی لەسەر دانراوە.‌ دواتر بەهۆى پیاکێشانى ئۆتۆمبێلێک، فولکەکە تێکشکاوە و چاک نەکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٤ شارەوانیی (خورماڵ) شوێنى فولکەکەى کردووە بە باخچەیەک و هەتا ساڵی ٢٠٢٣ ماوەتەوە. ساڵى ٢٠٢٣ دووبارە فولکەکە لەلایەن خێرخواز (حاجى تاهیر محەممەد) بە بەردى هەورامان و بە دیزاینێکى جوانتر دروستکراوەتەوە و لە چواردەورى بە دیوارێکى نزم و ناوەڕاستیشى بە بەرد هەڵچنراوە لە شێوەى منارەیەک، کە بەرزییەکەى سێ مەتر دەبێت و ئاو و ڕووناکى بۆ ڕاکێشراوە، بڕیار بوو کوڵەباڵێکیشى لەسەر دابنرێت، بەڵام تاکو ئێستا دانەنراوە.

فولکەی ناوبازاڕی هەڵەبجه

کەوتووەتە ناوەندی شاری هەڵەبجەی شەهید. بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٣ بەشێوەی چەتر بۆ پۆلیسی هاتوچۆ دروستکراوە. شەقامەکانی مزگەوتی پاشا و ئەو شەقامەی دێتەوە ناوبازاڕ و شەقامی گەراجی سلێمانی و شەقامی مەزادخانە بەیەکەوە دەبەستێت. چەند جارێک دروستکراوەتەوە. کۆتاجار ساڵی ٢٠٢٢ بەشێوەیەکی نوێ و وەک کوخێک دروستکراوەتەوە. شێوەیەکی هەشت لای هەیە و بەتیرەی ٢.٥ و بەرزیی سێ مەتر بە خشتی سوور و چیمەنتۆ بونیادنراوە. دەرگا و پەنجەرەی تێدایە، کە بۆ حەوانەوەی پۆلیسی هاتوچۆ بەکاردەهێنرێت. بووەتە ناونیشانێک لەلایەن خەڵکی شارەکەوە.

مەحموودخانی دزڵی

کەوتووەتە ناوەندی شارۆچکەی (خورماڵ) لە بەشی سەرەوەی بازاڕ. هەردوو ڕێگای سەرەکیی (بیارە و هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا) بەیەک دەگەن. ڕووبەرەکەی (١٠٠م)ـە. ساڵی ٢٠٠٩ دروستکراوە. شۆستە و ڕووناکەرەوە و ترافیکلایتی بۆ دابینکراوە. بە فولکەی (مەحموودخانی دزڵی) ناسراوە، چونکە ساڵی ٢٠٠٩ پەیکەرێکی مەحموودخانی دزڵی بە سواری ئەسپەوە لەو شوێنە دانراوە.

ئیبراهیم خورماڵی

ئەرشیفێکی هونەریی گەورەیە، لەلایەن کەسێکی شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە کۆکراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٧٧ەوە دامەزراوە، لە: هەشت هەزار کاسێتی تەسجیل، ٤٠٠ کاسێتی ڤیدیۆیی دراماو گۆرانیی کۆن، ٥٠٠ کاسێتی گۆرانی هەورامی، هەزار کاسێتی سیدی، ١٢ تەسجیلی کۆن و یەک قەوان، پێکدێت. ئەم ئەرشیفەی لە ژوورێکی ماڵەکەیدا کۆکردووەتەوە.‌ زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئەو بەرهەمانە کۆدەکاتەوە و بووەتە جێگەی سەرنجی زۆرێک لە هاوڵاتیان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ئەمە یەکەم ئەرشیفی گەورەیە لە سنورەکەدا تاکو ئێستا دامەزرابێت، ئێستاش بەردەوامە لە کۆکردنەوەی گۆرانی و بەرهەمی هونەریی ناوچەکە. سەرجەم گۆرانییەکانی هونەرمەندان، عوسمان هەورامی و حەمەحسین کەیمنەیی و نەوزاد هانەدنی و چەندین هونەرمەندی تر، لەلاى پارێزراون، کۆنترین گۆرانی هی ساڵی ١٩٤٠ە و لەلاى ئەرشیف کراوە.

زیاتر بزانە
ئەرشیفخانە

ئیمام

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. لە سەرەتای سەدەی بیستەم دامەزراوە. خاوەنەکەی وەستا(ئیمامی لۆقەنتەچی) بووە. کاتێک (ئەحمەدموختار جاف) ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، لە ساڵانی بیستەکاندا و لە کەرکوک لە چێشتخانەکەی وەستا (ئیمام) بۆ نانخواردن لای داوە، پێشنیازی ئەوەی بۆ کردووە لە هەڵەبجەش چێشتخانەیەک بکاتەوە و ئەویش پێشنیازەکەی پەسەندکردووە. لە ئێستادا لە لایەن وەستا (ئازاد ئیمام)ی کوڕیەوە سەرپەرشتیدەکرێت.

زیاتر بزانە
چێشتخانە

ئینگلیزان

کەوتووەتە پشتی گۆڕەکانی گوڵانی سەروو. لە نێو باخی حەمەی کوێخایە. بە دووریی کیلۆمەترێک لە کانیی گەرماوک ئاوی بۆ هاتووە. ئینگلیزەکان دروستیانکردووە. حەوزێک و مەلەیان تێداکردووە هەتا ساڵی ١٩٧٠کان شوێنەواری ماوە. دواتر پڕبووەتەوە و لە ئێستادا بەو ناوە، ئەو ناوچەیە ناودەبرێت.

بازیان

کەوتووەتە سەر ڕێگای کەرکوک - سلێمانی. ناوچەیەکە بە (حەوزەی بازیان) ناسراوە. ئێستا قەزایەکە سەر بە سلێمانی و مەڵبەندی ناحیەکەی بازیانە. بە چیا دەورەدراوە و پێدەشت و دەربەندی هەیە. لەگەڵ تەیناڵ و پیرەمەگروون و سەنگاودا هاوسنورە. دوای فەرمانی ڕاگواستنی گوندەکان شارۆچکەکانی ئەڵڵایی و گۆپاڵە و ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٩ بازیان یەک و دوو، کرانە کۆمەڵگای زۆرەملێ و لەگەڵ باینجاندا، دوای کیمیاباران و شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایدی کورد، خەڵکی ڕاگوێزراوی پێشتری دەڤەری بتوێن و قەڵادزێ و پاش گەڕانەوەی هەڵەبجەییەکانیش، چەند خێزانێکی ئەو شارەی تێدا جێگیرکراوە و لەژێر چاودێری و مانەوەی زۆرەملێ و ئازاری دەرونیدا ژیانیان گوزەراندووە. دواتر بەشێک لە هەڵەبجەییەکانی بازیان و باینجان و پیرەمەگروون، گواسترانەوە بۆ گردەچاڵ و بەرحوشتر و تۆپزاوە.

زیاتر بزانە
کۆمەڵگای زۆرەملێ

بیاوێڵە

بنکەی وەرگرتنی گەنمە. سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراقە. کەوتووەتە گوندی (دەرەشیش)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی چوار دۆنم زەوییە. لە ئێستادا لە پێنج بەنکەر پێکهاتووە و ساڵانە توانای وەرگرتنی ٢٥٠٠٠ تەن گەنمی هەیە. ساڵانە گەنمی جوتیاران وەردەگرن و دەیگوازنەوە بۆ ئاشەکانی ئارد لە سلێمانی. لە ئێستادا بەشێوەیەکی گەورە و فراوان و نوێ کاری تێدادەکرێت.

تەوارییەکەی سلێمانی

فەرمانگەیەکی سەرکوتکەری ڕژێمی بەعس بووە لە سلێمانی. سەر بە فەرمانگەی ئاسایشی شارەکانی ناوچەی کوردستان بووە. هێزەکەی بە زۆری لەو مەفرەزە تایبەتەکانی ئاساییش و کارمەندەکانی ئەمن بوون، لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەی لە دژی هاوسەنگەرەکانیان تاوانیان ئەنجامدەدا و خۆیان ڕادەستی ڕژێم دەکردەوە، ئەم هێزانەی تەواری دڵڕەق و ترسناک بوون، تەنانەت دژی کەسوکاری خۆشیان. ژمارەیەکی زۆری ئەو هەڵەبجەییانەی بەپڕوپاگەندەی لێبوردنەکەی ئابی ١٩٨٨ گەڕانەوە عێراق، لێرە ڕادەگیران و تۆماریان بۆ دەکراو دوای سوکایەتیپێکردن بەرەو باشوری عێراق بۆ سەماوە و عەرعەر و نوگرەسەلمان بەڕێدەکران. لە بیرەوەریی شایەتحاڵەکاندا وەک شوێنێکی ترسناک ناوی هاتووە.

خانوی موەزەفەکان

کۆمەڵێک خانوی جوان بوون لە گەڕەکی سەرای هەڵەبجە بەرانبەر خەستەخانەی سەرا. هەندێک لەم خانووانە لەسەر شەقامی سەرەکی بوون و هەندێکیان کەوتوونەتە کۆڵانەکانی پشتەوە. بەردەم و دەوربەریان قیرتاو بووە. بە ماڵە موەزەفەکان یان گەڕەکی موزەفەکان، یان ماڵە مەئمورەکانیش ناوبراوە. لەسەردەمی خۆیدا بە گەڕەکی عەقاری لە سلێمانی وێنە کراوە. لە ئێستادا ئەو خانووانە بوونەتە شوێنی بازرگانی و نەخۆشخانەی ناحکومی.

خورماڵ

شوێنی سەربڕین و ئامادەکردنی حەیوانی سەبڕاوە بەشێوەیەکی شەرعی و یاسایی. کەوتووەتە (ئاواییی ڕۆستەم بەگ) لە شارۆچکەی خورماڵ. ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن (عیرفان فەتاح محەممەد)ەوە لەسەر زەوییەکی (٤٠٠م٢)، کە موڵکی خۆی بووە کراوەتەوه و هەرخۆیشی سەرپەرشتیدەکات. مانگانە (٣٥٠ بۆ ٤٠٠) سەر حەیوانی وردە و (١٠ بۆ ١٥) سەر وڵاخی گەورەی تێدا سەردەبڕرێت و بەرە و بازاڕی خورماڵ و بیارە دەبرێت.

زیاتر بزانە
کوشتارگە

خورماڵ

یانەی خواردنەوە کحولییەکان بووە، پێیوتراوە نادییەکەی خورماڵ. لەساڵی ١٩٦٠ بۆ یەکەمجار کراوەتەوە، لە دوو ژوور پێکهاتووە. لە نێوان مزگەوتی گەورەی خورماڵ و ئاشەمەکینەی خورماڵدا بووە. ڕووبەرەکەی ٥٠٠ مەتر دووجا بووە. تاکو ساڵی ١٩٨٠ لەو شوێنەدا ماوەتەوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ تەنیشت سەرچاوەی ئاوی گەنجان. لە سەر ڕووبەری ٤٠٠ مەتر دووجا بووە دانراوەتەوە. تاکو ساڵی ١٩٨٣ کراوە بووە، لە کۆتایی ئەو ساڵەدا داخراوە. نادییەکە بۆ خواردنەوە و فرۆشتنی مەشروب بووە، هەر لەوێش خەڵک ماوەتەوە. خاوەنداریەتی گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت و بە ساڵانە دراوە بەکرێ. ماوەی ئەو چەند ساڵە دوو هاوڵاتی بە کرێی ساڵانە وەریانگرتووە، ئەوانیش (عەبدوڵا کەیخەسرەو لەگەڵ فەرەج هاواری) بوون.

پێشتر 1
...
44 45 46 47 دواتر