بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
میوانخانەی حکومییە. کەوتووەتە گەڕەکی سەرا لە ناو شاری هەڵەبجە. لە ڕیزی خانووەکانی حاکم و بەڕێوەبەری پۆلیس و قایمقامدا بووە. تەرخانکراوە بۆ ئەو شاند و میوانانەنی میری، کە بە فەرمی سەردانی هەڵەبجەیان کردووە. میوانی بەرپرسەکانی شاریش لەوێ ماونەتەوە. هەندێکجار کەسە دوورخراوەکانیش، کە بە هۆکاری سیاسی ڕەوانەی هەڵەبجە کراون، لەم شوێنەدا دانراون. دوو کارمەندی میری خزمەتیان تێدا کردووە.
بەناوی خاوەنەکەیەوە (عەبدولقادر محەممەد خوادە قوربانی)یە ناسراوە. ساڵی ١٩١٤ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. دوکانەکەی کەوتبووه نزیک گەراجی تەوێڵە و بیارە، بەرانبەر ڕێرەوەکەی مزگەوتی پاشا و دیوی ناوەوەی قەیسەری حامدبەگ. ناونیشانێکی دیاری شارەکە بووە. کەلوپەلی کوردەواری و عەنتیکە پێداویستی تێدابووە. بە جۆرێک وتراوە شاخی مار و شیری چۆلەکەشی لەلا دەستکەوتووە. ڕێک نەکەوتووە چووبیت بۆ شتێک و نەیبوبێت! حاجی لە ناوەڕاستی دوکانە گەورەکەیدا بە چوارمشقی دادەنیشت و لەڕێگەی کەوچکێکی دارینی درێژەوە شتەکەی بە کڕیار داوە و نرخەکەی لێوەرگرتووە. کەسێکی خێرخواز بووە و سەرپەرشتی دروستکردنی مزگەوتی جموری و خانوی مامۆستای کردووە و لە کانیی باخەیەکەیەوە ئاوی بۆ مزگەوتەکە دابینکردووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٩٤ کۆچیدواییکردووە و لە سلێمانی بەخاکسپێرراوە.
کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی (هەڵەبجە - هەورامان). لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لە گوندی (خارگێڵان) لە ناوچەی هەورامان، کوێخا حەمەحەسەن لەسەر ڕووبەری (١٠٠م٢) دایمەزراندووە. شوێنێک بووە بۆ حەوانەوە و نانخواردنی ڕێبواران و کاروانچییەکان. ١٥ ساڵە کراوەبووە. لە ئێستادا لەسەر هەمان شێواز دروستکراوەتەوە.
سەنتەرێکی تەلەفۆنیی جیهانییە. کەوتبووە ناو بازاڕی شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٧ دامەزراوە و ساڵی ٢٠٠٣ لەگەڵ لەناوچوونی ڕژێمی بەعسدا داخراوە. لە چەندین کابینە پێکهاتبوو. (حاجی محەممەدی بامۆکی) خاوەنی بووە.
سەنتەرێکی تەلەفۆنیی جیهانییە. کەتبووە ناو بازاڕی شاری هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٠٢ دامەزراوە و ساڵی ٢٠٠٣ لەگەڵ لەناوچوونی ڕژێمی بەعسدا داخراوە. لە ١٢ کابینە پێکهاتووە. (یاسین عەزیز عەبدولکەریم) و (عیرفان محەممەد غەفور) خاوەنی بوون.
لە دوای ساڵی ١٩٧٠ لەسەر جادەی گشتی، گەڕەکی پاشا، بە تەنیشت گەراجی سەعید خەڵەفەوە، لە لایەن حەمەلاسلکی و براکەیەوە لەسەر ڕووبەرێکی چوارگۆشەیی دروستکرا. ٣٠٠ کەسی دەگرت. لەسەرەتادا سەقفی نەبوو، سینەمایەکی هاوینە بووە. بە شەوان دراوسێکان توانیویانە لەسەربانەکانەوە فیلمەکان ببینن. دواتر سەرگیراوە و گۆڕانکاری لە دیکۆر و کورسیەکانیدا کراوە. شوێنی دانیشتنی٦٠ فلسی و ٤٠ فلسی هەبووە. بێجگە لە پیاوان، ژنانیش لە گەڵ کەسوکاریاندا بە شەوان دەچوونە سینەما. پێش دروستکردنی سینەماکە لە تەویڵە و چەند شوێنی هەڵەبجە فیلم پیشاندراوە. لەم سینەمایەدا چەند ئاهەنگ و گۆرانی و شانۆییەکی پێشکەشکراون.
ساڵی ٢٠١٧ کراوەتەوە. ڕووبەرەکەی (٢٨٠٠م٢)یە. کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە لەناو پارکی گشتیی خورماڵدایە. لە ئێستادا ١٢ یاریی جۆراوجۆری تێدایە، کە هەندێکیان تایبەتن بە منداڵان و هەندێکیشیان بۆ گەورەکانیشدەن، خاوەنی شاری یاریی خورماڵ (سەلام سەعید ئەحمەد)ە. هەشت کارمەند بەبەردەوامى کاری تێدا دەکەن. لە شەو و ڕۆژێکدا نزیکەی ٢٠٠ کەس سەردانیدەکەن.
کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (ئيمامى زامن) و کيلۆمەترێک لە گوندەکەوە دوورە، ئەم جێگەيە شانێکى تەختان بووە و کەوتووەتە کەنارى دەرياچەى دەربەنديخان و لەڕابردوودا وەک وێستگە و بازاڕچەيەک، کڕيارى تەواوى شارەکانى کوردستان و عێراق ماسيیان لێ کڕيووە و لەو جێگايە باريانکردووە و هەناردەى بازاڕى شارەکانيان کردووه و بەلەمەوان و ماسيگرەکانيش لەم شوێنەدا ماسيیەکانيان ساغ کردووەتەوە.
مەکینەی بەرهەمهێنانی کارەبایە. خەڵک بە شوێنەکەیان وتووە عەلەتریکەکە. ساڵی ١٩٣٨ لە سەردەمی وەکالەتی قایمقام سەعید قەزازدا دوو مەکینەی D. C بۆ ڕووناککردنەوەی شار هێنراونەتە هەڵەبجە. پێشتر ماڵان و شەقامەکان بە فانۆس و دیوارکۆ ڕوناک دەکرانەوە. مەکینەکان لەسەر زەوییە سێگۆشەکەی بەرانبەر شارەوانی و باخی گشتی دانراون، کە لە کاتی ئیشکردندا دەنگیان گەورە بووە. بە شەو ئیشیانپێکراوە. ئەم کەسانە لەسەردەمی جیاجیاکاندا ئیشیانپێکردوون: (شەمعوون، سەید عەتا کەرکوکی، مەحموود ئەحمەد ئەمین، حەمە ئەمین ئەحمەد ئەمین، مەلا مەحموود کوێخا مستەفا، نووری شێخ حەمەساڵح، ئەحمەد فەتاح، حەمەی قادر، عەلی ئەولێ، ئەحمە ئەوڕەحیم، وەستا ئەحمەدی کارەبا، ئەحمەد قاجری، و... هتد). ساڵی ١٩٦٨ دوو مەکینەی گەورەی(A. C) هێنران، کە کۆمپانیایەکی بەریتانی کارەکەی لەئەستۆگرتبوو، عەزیز بەرادی تەوێڵەیی، کاری لەگەڵدا کردوون. هێنانی ئەم مەکینانە ڕۆڵی دوو مەکینەکی تری نەهێشت. دواتریش ساڵی ١٩٧١ هەڵەبجە بە تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە بەستراوەتەوە.
کەوتووەتە دەروازەی شاری هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ڕووبەری چوار دۆنم زەوی دروستکراوە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانییە. لەلایەن کۆمپانیای (ئەرکاد)ەوە خاوەندارێتی دەکرێت. ٢٤ کاتژمێر بەردەوامە. پێنج کارمەندی هەیە. توانای کۆگاکردنی (٦٧٢٠م٣) شمەک و خۆراکی هەیە. لە ئێستادا (بەڵێن بەشیر محەممەد) بەڕێوەبەری پڕۆژەکەیە.
ئەو کەمپ و ئوردوگایانەن پاش ئاوارەبوونی هەڵەبجەییەکان لە ساڵی ١٩٧٤ و زۆربەشیان پاش کارەساتی کیمیابارنکردنی هەڵەبجە و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی لە لایەن (جمعیت هلال احمر)ی ئێرانی کرانەوە و ئاوارەکانی هەڵەبجەی لێ نیشتەجێکران. لەلایەن کۆمیتەیەکی ئەو ڕێکخراوەوە، بەجێماوەکان و دابڕاوەکان لە یەکتری هەوڵی دۆزینەوەیان دەدرا و لەگەڵ خێزانەکانیان لەو ئۆردوگایە نیشتەجێدەکران. ئەو ئوردوگایانەش برتیبوون لە: (کەنگاوەر، گەلیاران، سەرابی فەرش، هەرسین، سەلاسی باوەجانى، سنغور، وەرمەهەنگ، هەزارخانی، بەردەسیری کرمان، ڕوانسەر، سەقز، جوانڕۆ، شارەک، کامیاران، شوشمێ، سەریاس، بارامئاوا، شوێشە، دەبەنی دزڵی، گەیلان، سەرپێڵی زەهاو، دێگولان و...
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گوڵەخانە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). سأڵی ٢٠١٤ لەسەر ڕووبەری (١٠٠م) لەلایەن (محەممەدی حاجی مەحموود)ی سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کوردستان دروستکراوه. چەندین کەلوپەل و کەرەستەی سەربازیی کۆن، ئۆتۆمبێل و ئامێری کۆنی کشتوکاڵی تێدا پارێزراوە. جگە لە میوانە تایبەتەکانی، کەسانی تریش سەردانیدەکەن.
ساڵی ١٩٧٠ لە باشوری گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ بەئامانجی پێشخستنی کشتوکاڵ و توێژینەوە لەسەر کشتوکاڵ، دامەرزاوە. لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە دامەرزاوە و سەرپەرشتیکراوە. چەند بینایەکی تایبەتیان بۆ تەرخانکردبوو، کە وەک سەنتەرێکی تویژینەوەی کشتوکاڵی بەکاردەهێنران و تایبەت بوو بە گوندەکانی (شیرەمەڕ، بانیشار، عاموورە، تەکێ، یاڵانپێ و هانەی قوڵ). لە دابینکردنی هەلیکار بۆ دانیشتوانی گوندی شیرەمەڕ و گوندەکانی دەوروبەریدا ڕۆڵی هەبووە و چەندین کەس وەک کارمەند لێی دامەرزاوە. (جماعە تعاونی الزراعیە ڕەنگین)یشی پێدەوترێت. هەتا ساڵی ٢٠١١ بیناکانی مابوون.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا و دوای نسکۆی شۆڕشی کورد، مەرکەزی تەدریباتی عەسکەریی، لە شوێنی دارستانی فەرمانگەی گشتوکاڵی سیروان، کە بە (غاباتەکە) ناسراوە، دانراوە. تیپی گۆرانی و مۆسیقا و ڕەقس و سەمایان هێناوە و ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان سەیریانکردووە.
پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی بوو، حکومەتی عێراق لە شوێنی نەمامگەی ئێستای سیروان دایمەزراند. بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک (ترێ، قەیسی، گەنم، هەنگەڵان و ئاژەڵداریی) تێدا بەرهەمدەهێنرا. دواتر لقێکی هاوشێوەی ئەم پڕۆژەیە لە (دوجەیل)ی عێراقی عەرەبییەوە هات و پڕۆژەکە فراوانتر بوو، بەتایبەتی ئامێری پاککردنەوەی گەنم (هەباشە) و خێراتربوون و زیادبوونی بەرهەمەکانی لێکەوتەوە. ئەم چالاکییە جۆرییە کاریگەریی گرنگی لە ناساندن و جێگیربوونی ناوی شارۆچکەکە بە (دوجەیلە) هەبووە. ئەم پڕۆژەیە مۆلیدەیەکی گەورەی کارەبای بۆ تەرخانکرابوو. لەم پڕۆژەیەدا چەندین کرێکاری خەڵکی سیروان کاریان تێداکردووە، لەوانە: ئەوڕەحیمی مەلا، کاک فەتاحی هەسەنی محەممەد و مەحموودی ئەحمەی ئەوڵا. کابرایەکی یابانی لێبوو ناوی (ئیواتە) بوو، ئەم کەسە سەگێکی بچوکی هەبوو، بەقەد پشیلەیەک دەبوو، بەڵام زۆر دڕ و هار بوو، بەردەوام پاسەوانی خاوەنەکەی دەکرد، هەر بەحاڵ پەنجەیەکت بدایە لە (ئیواتە) یەکسەر پەلاماری دەدایت. (ئیواتە) بنێک گیای لەناو هەڵوژە و قەیسی و درەختەکانی تردا ناشتبوو، بەردەوام خزمەتی ئەم بنە گیایەی دەکرد، ئەم هەڵسوکەوتەی (ئیواتە) بوو بووە جێی سەرنجی کاک فەتاح. ڕۆژێک کاک فەتاح سەیردەکات(ئیواتە) گەڵایەک لێ دەکاتەوە و دواتر تێکەڵی توتنی دەکات و دەیکات بەجگەرە و دەیکێشێت. فەتاحیش وتبووی: ئای ئەمە جگەرەی لای خۆیانە، وادیارە زۆر خۆشە، با دوایی بڕوا منیش تۆزێکی لێ دەبەم، دواتر چەند گەڵایەکی کردبووە کیسە توتنەکەیەوە، یەک جگەرەی کێشابوو، لەوێدا بێ هۆش کەوتبوو، هەتا مەغریب و عیشا بەسەرا هات و نەگەڕابووە ماڵەوە. دادە ئامینی هاوسەری بەدوایدا گەڕابوو، هەواڵی دابوو بە هاوڕێ کرێکارەکانی، ئەوانیش وتبوویان: وەڵا ئیمە دوای نیوەڕۆ هاتووینەتەوە ئەو خەوی لێکەوتبوو، وتمان دوای ئێمە لەخەو هەڵدەستێت و دەگەڕێتەوە. شەو ڕۆشتن هێنایانەوە، هەتا ڕۆژ بوویەوە خەبەری نەبووەوە، لەبەرئەوەی گیایەکە تلیاک و ئەو جۆرانەبوو، (ئیواتە) هاتبووە سەر ڕووداوەکە، دەستبەجێ بنەگیاکەی هەڵکەندبوو، کەس نەیزانی چی لە بنە گیاکە کردووە.
کەوتووەتە ناو شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە. لە مەلەوانگەیەکی (١١ به ٢١م) و ساونای وشک و هەڵم، پێکهاتووە. ڕۆژانی شەممە تایبەتە بە ئافرەتان، لە کاتژمێر(یەکی دوانیوەڕۆ) بۆ یازدەی شەو کراوەیە.
بازاڕە. کەوتووەتە سەر چوار ڕیانى ناوبازاڕ، بەرەو مزگەوتی گەورەى هەڵەبجە. دواى ڕاپەڕین دامەزراوە. لەبەرئەوەی تایبەتبووە بە فرۆشتی چەک، ئەو ناوەی لێنراوە. لە ١٨ دوکان پێکهاتووە، کە لە ئێستادا تەنها پێنج دوکانیان تایبەتن بەو کارە و ئەوانی تریان کراون بە چایخانە و پێداویستیی ئاو و ئاوەڕۆ و پۆشاک.
کەوتووەتە بەردەم گەراجی (گشتیی خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی چوار بە چوار مەترە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢. لەلایەن وەستا (بەکری خەیاتە)وە دروستکراوە، کە پێکهاتووە لە منارەیەکی بەرز، به بەرزیی (١٠م) و لەسەر شێوەی منارەی مزگەوتى گەورەى (خورماڵ) دروستکراوە. لەسەر منارەکە پەیکەری کتێبێک نەخشێنراوە، ئاماژە بە خوێنەواری دەکات لە ناوچەکەدا. هەروەها وێنەی (مەلا تایەری تەپی سەفا) لە تەنیشت کتێبەکەوە نەخشێنراوە. ئەم منارەیە ناوێکى دیاریکراوى بۆ دانەنراوە. لەناو خەڵکدا بە منارەى بەردەم گەراجەکە ناسراوە.
ئۆردوگای زۆرەملێی بەشێک لە خەڵکی گوندنشینەکانی هەورامان و هەڵەبجە و سیروان و تەنانەت گوندەکانی وەکو ئارۆزەر لە ناحیەی شارباژێڕ، گوندی دەرمیانە لە ناحیەی ناڵپارێز، بووە. ئەم ئۆردوگایە ساڵی ١٩٧٧ دەست بەدروستکردنی کراوە و ساڵی ١٩٧٨ زۆرینەی خانووەکانی تەواوکراوە، لە ئێستادا بە (گەڕەکی ئازادی) لە شارۆچکەی (سیروان) ناسراوە.
قەرەباڵغترین شوێن و ناونیشانێکی دیارە، لە ناوەندی شاری هەڵەبجەیە. لە کۆمەڵێک دوکان و شوێنی کاری هاوڵاتیان پێکهاتووە و کەوتوەتە ناوجەرگەی شارەوە. بەشێویەکی گشتی لەلایەن هاوڵاتیانەوە پێکهاتووە. لە شەقامی گشتی لە فولکەی مروورەکەی بازاڕەوە بۆ تەلاری خەڵات درێژدەبێتەوە. دەستی ڕاستی چەند دوکانی موعەلەبات، گوزەری نانەواخانەکان، کەبابخانە، سەمونی حەجەری و چەند دوکانی سەوزە و میوە، قەساب و دوکانەکانی بەردەم مزگەوتی پاشا بۆ بەردەمی بانقە کۆنەکە، کە چەند چاخانە، خورمافرۆش، پێڵاوفرۆش، قوماشفرۆش، لە گەراجی سەعید خەڵەفیشەوە کۆمەڵێک دوکانی ئامێری کارەبایی، سینەما کۆنەکە، فەرشفرۆش، کۆگای کەلوپەلی کارەبایی و ئاو و ئاوەڕۆ. لە دەستە چەپیشەوە چەند دوکانی مۆبایل، نوسینگە و شیرینی... لەسەره، هەتا چێشتخانەی ئیمام، لەوێوە گوزەری بەقاڵ و میوەفرۆشەکانی لێدەبێتەوە، کە نزیکەی چل دوکانن. هەندێکیان کەپری مۆدێرنن و تیایدا سەوزە و میوە و بەروبوومی تەڕەکاڵ دەفرۆشن. خوارەوەیان دەبێتە دوکانی مریشکفرۆشەکان. لەچێشتخانەی ئیمامەوە بۆ مرورەکەی بازاڕ، دەیان چاخانە و نانەواخانە و سەمونخانە و گۆشتفرۆش و گەراجی پەروەردە و گوزەری عەلافەکان، کە نزیکەی ١٥ دوکانی فرۆشتنی ئارد و دانەوێڵە وشکەدانن، لەگەڵ چەند کەبابخانە و چاخانە و شوشەفرۆش و عەلوەی کۆن، بۆ خوارەوە بەردەم بەریدەکە بۆ خەستەخانەی چاوەکە، نزیکەی چل دوکانی فرۆشتنی پێداویستیی ئۆتۆمبێلە، بەرەو قەیسەریی حامیدبەگ دوکانەکانی حەواڵە و ئاڵوگۆڕی دراو و بەهاراتفرۆش و وشکەفرۆش و پێڵاوفرۆشن، تێکڕای دوکانەکانی بازاڕ ئەوانەن، کە دەکەونە سەر کۆڵان و شەقام، بێجگە لەمانە قەیسەریی ئاڵتون و شنروێ و حامیدبەگ و چەند دوکان و بازاڕی جیای لێدەبێتەوە.