بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
کەوتوەتە ناوەندی شاری هەڵەبجه بەرانبەر سینەما کۆنەکەی هەڵەبجه. ساڵی ١٩٧١ لە لایەن (حەمەساڵحی حاجی سەعید)ەوە کراوەتەوە و هەفتەی یەکەمی کردنەوەی بە خۆڕایی بووە. هۆڵێکی گەورەی هەبووە و لەوێوە خۆشۆر چووەتە ژوورەوە. دەرکاگەی لەسەر شەقامی گشتی و توونەکەی لە کۆڵانەکەدا بووە. ژمارەیەک دەستشۆر و ژووری بچوکی بە دووشەوە هەبووە، دواتریش بەرەو شوێنێکی گەورەی گشتی خۆشتن بە جۆڕنە و حەوزی بچووکەوە. بە بەرد و بلۆک دروستکراوە و سەربانەکەی کۆنکرێت بووە. بە گازوایل گەرم کراوە.
کەوتووەتە نزيک مزگەوتەکەی ناو گوندی (عەبابەیلێ). به شێوازێکى ئەندازەيى دروستکراوە. موڵکى (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) و (شيخ سادقى شێخ کەريم) بووه. وەستا حەمەئەمين لە دروستکردنیدا دەستڕەنگینی خۆی نواندووە. ساڵانە يان دوو ساڵ جارێک دراوە بە کرێ. سەرچاوەى ئاوى گەرماوەکە کانیى ژنان بووە و بە بۆری (لە بەرد و قسڵ دروستکراو) بۆى گوازراوەتەوه بۆ سەر حەوزی ناو گەرماوەکە. بەشی سەرەکیی گەرماوەکە لە شێوەى هۆڵێکى گەورەدا بووە و بە بەلوعە ئاو گەیەنراوەتە سەر چەند جوڕنەیەک بۆ بەردەم ئەو کەسانەی، کە ویستویانە خۆیان بشۆن.
کەوتووەتە گەڕەکی کانیعاشقان لە ناوشاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن (عەینا عەبدوڵا کەریم)ـەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دروستیکردووە و تایبەت بووە بە ژنانی گەڕەک. هەشت حەوزی بچوکی خۆشۆردنی هەبووە و بەدار گەرمکراوە، هەتا ناوەڕاستی حەفتاکان بەردەوامبووە. عەینا خان ساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە و ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵ بووە. ساڵی ١٩٩٢ کۆچیدواییکردووە.
کەوتووەتە گەڕەکی کانیعاشقان لەناو شاری هەڵەبجە. پێشتر بە گەرماوی کانیعاشقان ناسراو بووە. ساڵی ١٩٣٨ دوای ئەوەی سەید محەممەد ساڵح محەممەد ڕۆستەم لە ئێرانەوە هاتووەتە هەڵەبجە، لەو شوێنە، کە کانیەکی بچوکی لێبووە و دواتر دەستکاریکردووە و وەک بیری لێکردووە، دواتر ژوورێکی گەورەی بۆ خۆشتن لێ دروستکردووە و پاشان فراوانی کردووە. هەتا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەدار گەرمکراوە و پاشان بووە بە نەوت. هەتا کیمیابارانی هەڵەبجە کاریکردووە. نرخی خۆشتن هەتا ٢٠٠ فلس ڕۆیشتووە. بەیانیان هەتا نیوەڕۆ بۆ ژنان و دواینیوەڕۆ بۆ شەو بۆ پیاوان بووە.
١- زەنگۆڵ: کەوتووەتە گەڕەکی دەرەوتەکیەی شارۆچکەی بیارە بەرانبەر قوتابخانەی بیارە. گەرماوێکی حکومیی پێشکەوتوو بووە شارەوانی خاوەنی بووە و داویەتی بە کرێ. بە زۆری کەسێک لەسەر گەرماوەکە بووە بەناوی (حسێن)، کە بە (زەنگۆڵ) ناسراو بووە و گەماوەکەش هەر بەناوی ئەوەوە ناونراوە. بە نۆرە بۆ ژنان و پیاوان گەرمکراوە، هۆڵێکی گەورەی گشتی بووە بە خانە و حەوزی بچووکەوە، بە نەوت و گاز و پەرەمێز گەرمکراوە. کرێی خۆشتن هەتا ٢٥ فلس چووە. لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەکارکەوتووە. ٢- حاجی ئەحمەدی مەلاک: کەوتووەتە نزیک گەرماوی زەنگۆڵ لە نزیک دەرەوتەکیەی. گەرماوێکی گشتیی پێشکەوتوو بووە. حەوز و جۆڕنە و توونی هەبووە. خاوەنەکەی ئەحمەد حەمەشەریفی حەمەشارەزووری بووە، کە بە حاجی ئەحمەدی مەللاک ناسراوە و ساڵانە دراوە بەکرێ. بە دار گەرمکراوە و کرێی خۆشتن لە ٢٥ فلسەوە بۆ سێ پەنجایی چووە و بۆ ژنان و پیاوان بووە. لە شەڕی ئێران و عێراقدا وێرانبووە و دوای ڕاپەڕین لەلایەن ستاری حەمە سەمینۆفەوە بۆ ماوەیەک حەمامەکەی دانراوەتەوە. ٣- گەرماوی مزگەوت: هی مزگەوتی بیارە بووە و لەسەر زەویی مزگەوت دروستکراوە. لەسەر تەرزی گەرماوەکانی ئێران و باشوری عێراق، کە نمرە بووە و ژووری تایبەتی و سەربەخۆی هەبووە، دروستکراوە. ١٦ ژووری هەبووە. دراوە بە کرێ. بەدەست (جافر محەممەد) بووە، بە (جافری گلێ) ناسراوە. لەچاو گەرماوەکانی تردا تازەتر بووە. دوای ڕاپەڕین تاکە گەرماو بووە و ماوەتەوە، کرێی خۆشتنی هەتا دینار و پێنج دینار چووە. لە بۆردومانی هەورامان لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە مزگەوتەکە و حەمامەکە ڕووخاون.
١-حاجی حەمەعەزیز: کەوتووەتە گەڕەکی مالێدەر لە شارەدێی (تەوێڵە). ساڵی ١٩٥٨ دروستکراوە، جۆرنەی هەبوە و بە دار گەرمکراوە. بۆ ژنان و پیاوان بووە. حاجی ژن سوەیبەی خێزانی لە نۆرەی ژناندا بەڕێوەیبردووە. ئەکرەمی خەلیفەعومەر و ناسری میرزا ئەولقادر حەمامچی بوون. هەتا ساڵی ١٩٨١ و چۆڵکردنی تەوێڵە کاریکردووە. ٢-حاجی عەبدولڕەحمانی موڵکی: کەوتووەتە ناوبازاڕی شارەدێی (تەوێڵە). ساڵی ١٩٦١ دروستکراوە. لەناویدا بەینێک بۆ خۆگۆڕین هەبووە. بە هەرچواردەوریدا جۆڕنەی هەبووە. ناوبەناو بۆ ژنانیش بووە. ئەنوەر و عەبدالواحدی کوڕی حاجی حەمامچی بوون. کرێی خۆشۆردن لە ٢٥ فلسەوە تا ١٥٠فلس هاتووە. تا ساڵی ١٩٨١ کاریکردووە و لەگەڵ ڕاگواستنی شارەدێیەکەدا وێرانبووە. ٣-حاجی موعتەسەم: کەوتووەتە ناوبازاڕی شارەدێی (تەوێڵە) ساڵی ١٩٩٩ لەسەر ڕوبەری ٣٠٠م زەوی دروستکراوە. ژووری تایبەتی هەبووە، لەگەڵ سارد و هۆڵی خۆگۆڕین. بە دابەشکردنی ئاو بۆ ژوورەکان و سیستمی هەوای گەرم کاریکردووە. پاش ماوەیەک کراوە بە توون و شێوازی گەرمکردنەکەی گۆڕاوە. کرێی خۆشۆردن پێنج دینار بووە. دوو کەس کاریان تێداکردووە.(حاجی موعتەسەم مەحموود یارە) خاوەنیەتی. تا ساڵی ٢٠٠٥ کاریکردووە و دواتر تێکدراوە و شوێنەکەی کراوە بۆ ئۆتێل جەواهێر. ٤-شێخ حسامەدین :کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە). لە ڕووی مێژووییەوە، یەکەم گەرماوی شارەدێیەکەیە. بە دار گەرم کراوە. ساڵی ١٩١٣ دروستکراوە. ساڵی ١٩٣٦ لافاو بردوویەتی و دواتر دروستکراوەتەوە. حەماییزی گۆپە و ساڵحی یارە حەمامچی بوون. ٥-قادربەگ: کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە)ە. لەڕووی مێژووییەوە، دووەم گەرماوی شارەدێیەکەیە. ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن (قادر بەگ)ـەوە دروستکراوە. بە قسڵ و ئاهەک دروستکراوە و بۆ ئەو کەرەستانەش، سێ کورەی لە دەوروبەری تەوێڵە دروستکردووە. ساڵی ١٩٣٦ لافاو زیانی زۆری لێداوە. بە ئەبجەدی مێژووەکەی لە سەر دەرگاکەی نوسراوە.
١-شێخ لەتیف: گەرماوێکی گشتییە. شێخ لەتیف ناوێک لە ساڵی ١٩٦٠ لەبەردەم مزگەوتەکەی گوڵپ و نزیک ماڵەکەی خۆی دروستیکردووە. بە دار گەرمکراوە، لە هۆڵێکی بچوک پێکهاتووە و ژووری تایبەتی نەبووە، تایبەت بووە بە ژنان. ٢-لالۆ عەبو: گەرماوێکی گشتییە. کەوتووەتە گەڕەکی چنارە. بۆ ژنان و پیاوان، ڕۆژ ناڕۆژێک بووە. ئەبوبەکر ئەحمەد لەسەرەتای ساڵی ١٩٧٠ کردویەتییەوە. هۆڵێکی گەورەی حەوزحەوز بووە، بە پەرەمێزی نەوت و گاز گەرمکراوە، نزیکەی ٢٠ حەوزی تێدابووە، کرێی خۆشۆردن بە ٥٠ فلس بووە.
کەوتووەتە گەڕەکی کانیعاشقان له ناو شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٧٦ لە بەرد و قسڵ و چیمەنتۆ لەسەر ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٥٠م٢ دروستکراوە. (تۆفیق حەمە ئەحمەد پیرۆت) خاوەنی بووە. لە هۆڵی سارد و جێگەی خۆگۆڕین و پشودان و ژوورێکی گەرمی مامناوەند، کە سێ جوڕنەی گشتی و یەک دانەی تایبەتی داخراو و دوو دەستشۆر و هۆڵی گەرم کە ١٩ جوڕنەی هەبووە، پێکهاتووە. سۆپا بۆ وشککردنەوەی خاولی و پشتەماڵ بەکارهاتووە. فڕنی گەرماوەکە ژوورێکی گەورە بووە لە دەرەوە تانکییەکی هەشت هەزار لیتری نەوتی تێدابووە. بەیانیان هەتا کاتژمێر هەشت بۆ پیاوان و دواتر هەتا کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ بۆ ژنان بووە و دوانیوەڕوان دووبارە تایبەتکراوەتەوە بە پیاوان. نرخی خۆشۆردن بەگوێرەی تەمەن بووە. لە ٧٥ فلسەوە بۆ ٢٥٠ فلس ڕۆشتووە. خاوەنەکەی خۆی و کوڕەکانی لە نۆرەی پیاوان و هاوسەر و کچەکانی لە نۆرەی ژناندا وەک دەغیلەدار و ئیشپێکەری گەرماوەکە کاریانکردووە. هەتا ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ کراوه بووە.
کەوتووەتە سەر شەقامی گشتیی هەڵەبجە لە خانوەکەی ئەنوەربەگدا دانراوە. دوو ڕووی هەبووە، ڕوویەکی لەسەرشەقام و ڕووەکەی تری بەرانبەر ماڵی ئاجی مەیفرۆش. لە دوای ساڵی ١٩٥٨ کراوەتەوە و ناوەکەی بۆ ڕێکخراوی گەنجانی حزبی شیوعی دەگەڕێتەوە. لەگەڵ تێکچوونی نێوان حکومەت و شیوعییەکان ئەم بارەگایە تێکدەدرێت و(عوسمانی شیخ مستەفای عەبابەیلێیی ١٩٤٢ بۆ ١٩٧٤ و ساڵی ١٩٦٣) لە بەرانبەر شوێنی یەکەمی و لە شوێنی دوکانی عەبدوڵای مەلا تاهیر و عەبدوڵای مەلا عەلی و مستەفای مەلاتاهیر، کە هەرسێ دوکانەکە کرابوونە گەنجینەی عەبدوڵای مەلا تاهیر، چاخانەکە دادەنرێتەوە و خۆیشی بە عوسمانی ئازادی دەناسرێت و کورێکیشی ناو دەنێت ئازاد. تەلەفزیۆن و سۆبای داری تێدابووە و هەتا ١٢ی شەوان کراوەبووە. بەشێک لە گەنجان و وەرزشدۆستان لەم چایخانەیە سەیری ئۆلۆمپیادی ١٩٧٤یان کردووە. لە دوای بۆردومانی ٢٦ی٤ی ١٩٧٤ ماوەیەک حەمەسەعیدی زۆراب و مامۆستا قادرە ڕەش دەیکەنەوە. لە دوای ساڵی ١٩٧٥ بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵەکان و لە مێژووی هەڵەبجەدا ڕۆڵێکی گەورەی فەرهەنگی و هۆشیاری سیاسی گێڕاوە و شوێنی کۆبوونەوەی ڕۆشنبیران و خەباتگێران و هونەرمەندان و ئەندامانی حزبی شیوعی بووە. دوای کۆچیدوایی خاوەنەکەی و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەلایەن حەمەئەمینی برای و عەلی فەیمەوە دانراوەتەوە و هەتا کۆتایی حەفتاکان کراوەبووە.
یەکەمین دوکان و چاخانەیە لە ئانوساتی ڕاپەڕین لە ١٤ی ٣ی ١٩٩١ لە هەڵەبجە دانراوەتەوە. کەوتووەتە شەقامی گشتی نزیک بانقە کۆنەکە. دوکانی حەمەرەشید عەلی بووە. ئەحمەد حەمەرەشیدی کوڕی وەک یەکەمین کەسی گەڕاوەی هەڵەبجە دایناوە و بە خەتی گەورە لەسەر دەرگای سەلاجەیەک لێی نوسیوە: چایخانەی ئاوەدان. وینەی جۆرج بۆشی هەڵواسیوە و سەرنجی بیانییەکانی ڕاکیشاوە. لە حەمەی سافەوە، تا نزیک دوکانەکەی پاکدەکاتەوە. ماست و هێلکە و قەنیلە و چایی و ..هتدی بە نانی هەورامییەوە پێشکەشکردووە. دواتر حەمەڕەشید دەروێش غەریب و کەریمی شێخ کازم و..هتد چاخانە دادەنێن و بەرەبەرە شار دەبێتەوە بە خاوەنی دوکان و بازاڕ.
کەوتووەتە گوندی (هاوار)، بە دەوری گۆڕەپانێکی تەختی گەڕەکی باسکێی سەنتەری گوندەکەوە دانراوە. بە ناوی گەڕەکەکەوە ناونراوە. شایی و ئاهەنگەکان و کۆبوونەوەی تری تایبەت، لە نزیک ئەم چایخانەوە کراون. سەنتەری چوونی گەڕەکەکانی تر بووە. بۆیە بووەتە شوێنێکی گشتی و دەیان کاروباری ڕۆژانەی تێدا بەڕێوەبراوە. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا چایچییەکەی ناوی حەمەمین بووە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (کوڵی متکان). لە کۆندا ناوچەیەکی بازرگانی بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ هەتا ١٩٥٦ لەلایەن مەحموود ئاغا مستەفا، حەمەڕەشید حەمەخان مستەفا و جەمیل ئەمین مستەفا بەڕێوەبراوە. کۆڵبەرێکی زۆر تێیدا پشوویانداوە.
کەوتووەتە ناوەندی شارۆچکەی (خورماڵ) بەرانبەر فولکەی ناوبازاڕ. دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ دروستکراوە. سەرەتا بە دەرگای شکاو و بەرمیل دروستکراوە و گیا بەهارەکانییەکانیشی تێدا فرۆشراوە. ڕووبەرەکەی (٥م بە ٢٠م) دەبێت. چوارجار نۆژەنکراوەتەوە. خاوەندارێتیی بۆ دووبرا (خەلیل عەبدوڵا و والی عەبدوڵا) دەگەڕێتەوە. بە چایخانەی (یاڵانپێیەکان)یش ناودەبرێت. شوێنی کۆبونەوەی گشتی و جەماوەری و ڕۆشنبیران و مامۆستایانە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.
لەبەرئەوەی لەسەر سنورە و ناوچەیەکی گەشتیارییە و لە کۆنەوە دامودەزگای میری لێبووە و لەسەر دەمی شۆڕشی ئەیلولدا وەک بنکە بووە، زۆرترین چایخانەی لێبووە، لەوانە: ١- چایخانەی قادربەگ: یەکەم چایخانەبووە، ساڵی ١٩٢٠ دروستکراوە. ژێرەوەی خان بووە و ساڵی ١٩٢٨ سەرەوەی کراوە بە قوتابخانە. یەکەمجار (حەمەسەلیمی نادری) لەسەر بووە. پاشان سەید سادقی عەلی و حەمەمرادی مارفە. دواتر ئەنوەری قادر و حەمە ئیمام گرتوویانە بە ئیجار. کۆتاجار وەلی حەمەلەتیفی لەسەربووە. ساڵی ١٩٥٢ شارەوانی ڕوخاندی و کرا بە گۆڕەپانی بازاڕی تەوێڵە. ٢- چایخانەی شێخ: لە ناوەڕاستی بازاڕ و لای کانی هەمیشەی پلور لە پاڵ مزگەوتی تەوێڵە. ژێرەوەی چەند دوکانێک بوون. باسام نەسروڵڵا یەکەم کەس بووە، کە ئەم چاخانەی گێڕاوە. دوای ئەو ئەنوەر قادر و حەمە ئیمام. ساڵی ١٩٥٢ شارەوانی چاخانە و دوکانی ڕوخاند و شوێنەکەی خستە سەر ساحەی بازاڕی تەوێڵە. ساڵی ١٩٦٣ بۆ ١٩٨١شوێنەکەی کرایەوە بەچاخانەی هاوینە، لەلایەن تاهری کاکەوە ساڵانە دەگیرا بە ئیجار. بەهۆی بوونی تەسجیلەوە، کە گۆرانی(عوسمان و حەمەحسێن و شەفیع و حەمەجەزاو زیرەک و نازم غەزالی و سەمیرە تۆفیق و واحیدە خەلیل)ی پەخشکردووە، لە شوێنە قەرەباڵغەکان بووە و دوای ڕاپەڕین لەلایەن حەیدەرە سوورەوە دانرایەوە. ساڵی ١٩٩٨ شوێنەکەی بوو بە دەرگای مزگەوتی گەورەی تەوێڵەو شەش دوکان لە شوێنەکەی دروستکران. ٣-بانی حەوز: لە بەردەمی مزگەوتی گەورە بووە. لەسەربانی حەوزەکەی مزگەوت کورسیان داناوە بۆ یەکەمجار (حەمەیوسفی گەوەر)ی لەسەربوو. پاشان ئەمانەش بە ئیجار گرتوویانە: (عەبدوڵا سدیق، محەمەد حەکیم، عەبدوڵا مەلا حەمە حسێن، نەسرەدین عەزیز، جەلال ڕۆستەم، حەمەڕەئوف عەزیز). شوێنێکی خۆشی دانیشتن بوو. زیاتر مامۆستایان و زانایان لەم چاخانەیە دانیشتوون. هەتا ١٩٨١ کاریکردووە. ٤- وەزەقم: هاوینە بووە، لە پشتی حەوز لەسەر(هانەی دلین) بووە بە ئاڕاستەی زاوەر. یەکەمجار حەمەڕەزا، پاشان ئەولکەریم (بەگە) لەسەر چایخانەکە بوون. ٥- گەڕیات: هاوینەبووە لەسەر چەمی گەڕیات بووە لە تەوێڵە. لە دەوروبەری پردەکە و ڕێگەی چوونە مەرز، یەکەمجار (حەمەسەلیمی نادر) دایناوە. دواتر سەید جافر، هەتا ساڵی ١٩٧٥ کاریکردووە. ٦- ئاوێسەر: هاوینەی گەشتیاریی بووە. لە هاوینەهەواری ئاوێسەر بووە. سەرەتا حەمەڕەزا بەگ و پاشان ئازەی کەریم چایچی بوون. تا ساڵی ١٩٨١ هاوینان جمەی هاتووە. لە دوای ڕاپەڕین ماوەیەک بەهۆی مین لە سەیرانگای ئاوێسەر و دەوروبەری چۆڵ بووە. دوای پاککردنەوەی ئاوێسەر و دەورووبەری، ئەمین حەمە ڕەزا چاخانەکەی دانایەوە و دواتریش چەند کەسێکی تر... هەتا ئێستاش ئاوەدانە. ٧-باخەوان: هاوینە بووە و لە باخەکانی باخەواندا بووە. لە نیوەڕێی چەمی ئاوێسەردا، محەممەد حەکیم و حەمەکەریمی کوڕی لە باخەکەی خۆیاندا دایانناوە. هەتا ساڵی ١٩٨١ کاریدەکرد. لەبەرئەوەی لەسەر ڕێگەی چوون بوو بۆ ئاوێسەر، بۆ حەوانەوە ڕێبوار لای دەدا. چاخانەیەکی قەرەباڵغ بووە. ٨- تەوێڵە: خاوەنەکەی سامی سەید جافرە، لەبەرئەوە بەو ناوەشەوە ناسراوە. کەوتووەتە ناوبازاڕی تەوێڵەوە. ساڵی ١٩٩٧ کراوەتەوە و هەتا ئێستاش کاردەکات و لەلایەن سامی و کوڕەکانییەوە دەگەڕێت. هەندێکجار گۆرانییە فۆکلۆرییەکانی هەورامان دەخاتەسەر، یەکەم چاخانەبووە سەتەلایتی داناوە و یارییەکانی مۆندیالی ١٩٩٨ی پەخشکردووە. بێجگە لەمانە لە ڕابردوو ئێستادا چەند چاخانەیەکی تریش هەبوون.
یەکەم چایخانەیە، کە لە گوندی (ئەحمەدئاوا) کراوەتەوە. بە چایخانەکەی (حەمەسالە مەشروتە) ناسراوە. هاوینان کراوەتەوە. کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندەکەوە. لە نێوان هەردوو مزگەوتەکەی ئێستا. ئاوی دەیمەجۆ لە بەردەمیدا ڕۆشتووە. بەردی گەورەگەوەری بۆ دانیشتن هەبووە. زۆربەی جار کێشە و گرفتەکانی ئاوایی لێرە چارەسەرکراون. بەگزادە و کوڕە شێخانيش سەردانیانکردووە.
کەوتوەتە ڕاستەڕێی ناوەندی شار سەرەتای شەقامی کانی قوڵکە، نزیک گەرەکی تەوێڵەیی و دەڵەمەڕییەکان. دووەم چاخانەی ناوداری هەڵەبجە بووە و زیاتر وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری و سیاسی و هونەری و وەرزشی بووە. پێشتر بە چاخانەی (ئەسکەندەر) ناوبراوە. ئەوڕەحمان، کە دواتر بە خاڵۆ ناسراوە، شاگردی بووە. دوای شەهیدکردنی خالدی حاجی فەرەج و برینداربوونی ئەسکەندەری چایچی، خاڵۆ چاخانەکەی بەڕێوەبردووە. تا ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ کاریکردووە و لە ڕووداوی کیمیاباران و تەقاندنەوەی شاردا، ئەویش تەقێنراوەتەوە. ئاگاداریی یارییە وەرزشییەکان و چالاکییە هونەرییەکانی لێ هەڵدەواسرا. لە چایچچەکانی: ١-ئەسکەندەر ڕۆستەم عینایەت، (١٩٢٥-٢٠٠٩)، ٢-عبدالرحمان سعید قادر ئاغا (ئەورەحمانی سەعا گۆچان) ناسراو بە خاڵۆ (١٩٣-٢٠٠٦)،
کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (خورماڵ) بە دووریی کیلۆمەترێک لە نزیک خاڵی پشکنینی خورماڵ نزیکی (گردی چەقڵاوا)وەیە. مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە. (سوارەی عەتا کوێخا محەممەد کوێخا فەتاحی خورماڵ) خاوەنی بووە. ڕووبەرکەی نزیکەی (٤٠٠م٢)یە. شوێنی دانیشتێکی سوننەتەی بۆکراوە. بە خەڵوز چا لێدەنێت. لەکاتی پێگەیشتی میوەی وەرزی، میوەکان دادەنرێن بۆ فرۆشتن. کاتێک گەشتیار لە هەورامانەوە دەگەڕێنەوە، لێی لادەدەن. لەوەرزی پایزدا لەکاتی گەڵاڕێزاندا دارتووەکە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دەدات بە شوێنەکه و خەڵکی وێنەی لێ دەگرن.
کەوتوەتە نزیک جادەی (خورماڵ - بیارە - تەویڵە) لەژێر سێبەری سێ دارەبەڕوە گەورەکەی داری بەرمەڕای نزیک ئەشکەوتەکانی گوندی (گوڵپ). بەشێوەی کەپر بووە و ئاوەدانبووە، شوێنی حەوانەوەی جوتیار و وەرزێرانی ناوچەکە بووە. ئەو باخەوانانەی بۆ فرۆشتنی میوەکانیان ڕوویان لە هەڵەبجە و خورماڵ کردووە، لەوێ لایانداوە. یەکەم چایچی (مەحموود مستەفا) بووە، کە بە (مەحموودە سوور) ناسراوە، دواتریش (خاڵۆ عەبدوڵا ڕێحانێ) سەرپەرشتیکردووە. هەتا ڕاگواستنی گوندەکانی سنور لە ساڵی ١٩٧٨ بەردەوامبووە.
کەوتووەتە گوندی (دەرەشیش). لەسەر ڕێگەی (دەرەشیش - عەنەب)، کە بە ڕێگەی هەورامییەکان ناوبراوە، دامەزراوە. هەتا ساڵانی حەفتاکانیش بەردەوامبووە. وەک کاروانسەرایەک وابووە. کاروانچییەکانی هەورامان هەر لە گوڵپ هەتا تەوێڵە بەو ڕێگەیەدا هاتووچۆیانکردووە و لەوێ پشوویانداوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (زەردهاڵ)ی هەورامان. لەسەر ڕێگەی کاروانیان بووە. خاوەنەکەی (یارئەحمەدبەگی ئەفراسیاوبەگی بنجۆی دڕە ١٩٢٦-٢٠٠٥) و (عارف عەبدوڵا مارفی زەردەهاڵی ١٩١٩-١٩٨١) بووە. ٤٠-٥٠ وڵاخی گرتووە. ئەو کاروانییانەی لە هەورامان و خۆرهەڵاتەوە میوەیان بۆ شارەزوور و گەرمیان بردووە، لەوێ لایانداوە، ساڵی ١٩٦٤ زەعیم سدیق سەردانیکردووە. هەتا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو کراوە بووە.