شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

قادربەگ

کەوتووەتە‌ ناوبازاڕی شارەدێی (تەوێڵە). ساڵی ١٩٢٠ (قادربەگی جافرسان) لە ناوەڕاستی بازاڕی تەوێڵەدا دروستیکردووە. بریتیبووە لە ٢٤ دوکان. ساڵی ١٩٣٦ بەر لافاو کەوتووە و زیانی پێ گەیشتووە. ساڵی ١٩٥٤ (سەعدی بەگ)ی کوڕی قەیسەرییەکەی دروستکردووەتەوە‌ و ساڵی ١٩٨١ ڕووخاوە و دواجار (بارام بەگی کوڕی سەعدی بەگ) ساڵی ١٩٩٨ قەیسەرییەکەی سەرلەنوێ‌‌ دروستکردووەتەوە و کردویەتی بە ٢٨ دوکان.

قەیسەرییەکانی ناو شارۆچکەی خورماڵ

١- ئەحمەد: کەوتووەتە ناوبازاڕی شارۆچکەی (خورماڵ)، نزیک مزگەوتی(بوخاری)، لە ساڵی ٢٠٢٢ کراوەتەوە، تایبەتە بە جلوبەرگی ئافرەتان و پیاوان و منداڵان و کەمالیات. قەیسەرییەکە لە ١٢ دوکان پێکدێت. ڕووبەری قەیسەرییەکە بە گشتی (٣٥٠م٢) دەبێت. بە بلۆک و کۆنکرێت دروستکراوە و خاوەندارێتی بۆ کەسێک دەگەڕێتەوە بەناوی (ئەحمەد تازەدێی). بەڕۆژ و هەتا درەنگانێکی شەو کراوەیە. ٢-خورماڵ: کەوتووەتە ‌سەر شەقامی (کارێز)ە، تەنیشت قەیسەریى (شەم)، ڕووى لە ڕۆژهەڵاتە، ڕووبەرەکەی (٤٠٠م). ساڵی ٢٠١١ دروستکراوە. لە دوو نهۆم پێکدێت و نهۆمی دووەم ماڵە و نهۆمی یەکەم لە ١٠ دوکان پێکهاتووە، کە کەمالیات و بابەتی ژنانەو مۆبلیاتی قەنەفەیە. خاوەندارێتی بۆ (دڵسۆز یونس کاکەبرا) دەگەڕێتەوە. هەتا کاتژمێر ١١ى شەو کراوەیە. ٣- شەم: یەکەم قەیسەریی دروستکراوە. کەوتووەتە ‌سەر شەقامی (کارێز)ە، لە نزیک لقى یەکگرووى ئیسلامى، ڕووبەرەکەی پێکدێت له (٣٧٥م٢)، مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٠ لە سێ نهۆم پێکدێت، نهۆمی یەکەم لە ١١ دوکان پێکهاتووە و نهۆمی دووەم و سێیەم خانووە، نهۆمى یەکەم، کە قەیسەرییەکەیە و دووکانەکان لەبەرانبەر یەک دروستکراون و ناوەڕاستى دوکانەکان ڕاڕەوێکە، دوکانەکانیش لەبەرگدوور و جلوبەرگی پیاوان و ژنان و بابەتی پێداویستی ماڵ پێکدێن ، خاوەندارێتی بۆ (خاتوو ڕەنگینی کوێخا ڕۆستەم) دەگەڕێتەوه. ٤- میهران مۆڵ: کەوتووەتە سە‌ر شەقامی (کارێز)ە. ڕووه ‌و خۆرئاوا، بەرانبەر هەردوو قەیسەرى (شەم و خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٥٤٠م٢) دەبێت. ساڵی ٢٠٢٣ دروستکراوە. لە ژێرزەمینێکى گەورە و دوو نهۆمم پێکهاتووە. ژێرزەمینەکە وەک کۆگا/مەخزەن بەکاردەهێنرێت. دوو نهۆمەکەى دیکەى لە مۆڵێکی گەورە پێکدێت لە پێداویستی ناوماڵ و کەلوپەلی قاپوقاچاغ و پۆشاک، نزیکەى شەش کەس لەم بینایە کاردەکەن و خاوەنى دووکانن و بژێویان لەسەر ئەو ئیشەیانە. خاوەندارێتی بۆ مامۆستا (عەبدوڵا حەمەموڕاد مەجید) دەگەڕێتەوه. ٥- وەستا عوبەید: ساڵی ٢٠١٨ دروستکراوە. تایبەتە بە جلوبەرگی ئافرەتان و پیاوان. لە ژێرزەمینێک و ١٤ دوکان پێکدێت. ڕووبەری قەیسەرییەکە (٣٥٠م٢) دەبێت. خاوەندارێتی بۆ کەسێک دەگەڕێتەوە بەناوی (عوبەید حەمەخان). لە ئێستادا ١٢ دوکاندار دوکانیان لە قەیسەرییەکەد هەیە.

مەزاتخانەکە

بازاڕێکی دیار و ناونیشانێکی سەربەخۆیە. کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە لە نێوان گەڕەکی سەرا و پیرمحەممەد و نزیک جولەکان هەڵکەوتووە. لە فولکەی مرورەکەی بازاڕەوە بۆ مزگەوتی گەورە (جامیعە) دەگرێتەوە. دوکانی سەر شەقامە گشتییەکە چاخانە و جوملەفرۆشی شێخ ئومێد و کۆگای هێلکە و فرۆشیاری بەرهەمی شیرە. بۆ ناوەوە دەستە ڕاستی دوکانی برغوو و بزمار و گوریس و قفڵ و لەو چەشنە بابەتانە و کەرەستەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و بۆری و تەباخ و ساج و غاز و سێپا و وەستای چاککردنەوەی ئامێری کارەبایی و چەند کۆگایەکە، کۆتاییەکەی کارگەیی بچوکی دروستکردنی سۆبای دار و مەقەڵی و دروستکراوەکان لە پلێت و تەنەکە، دەستی چەپی گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل و محەلی ئاسن و وەستای چاککردنەوەی دینەمۆ و ڕادیۆ و فرۆشیاری کاسێت و دوکانەکانی سەراجی و قایش و نیتاق و بەرگدرووی دێرین و شوێنی کۆنی چەکفرۆشەکانە.

وەزگێڵ

کەوتووەتە ناو بازاڕی شاری هەڵەبجە بەرانبەر کتێبخانەى هەژار موکریانی. لە دوو نهۆم پێکهاتووە. نهۆمی یەکەمی لە ئێستادا داخراوە. سەرەوەشى چەند دوکانێکی مۆبایلی تێدایە.

ئەولکەریم

تاکە گەرماوە لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان بووە. کەوتووەتە پاڵ مزگەوتی خوارەوەی گوندەکە. مەحموود ئەحمەد ناسراو بە (مەحموود ئایشە) لە زەوییەکانی سانی کڕیوە و کردوویەتی بە گەرماو. یەک هۆڵی گشتی بووە و لەسەر شێوازی عوسمانی دروستکراوە. بەدار گەرم کراوە. بە نۆرە بۆ ژنان و پیاوان بووە. لەبەرئەوەی عەبدولکەریمی برای بەڕێوەی بردووە، بەحەمامی ئەولکەریم ناسراوە.

باجى فاتمه (گەرماو)‌

کەوتووەتە بەرانبەر مەرقەدى پيرمحەممەد لەناوشاری هەڵەبجە. بەناوی بەڕێوەبەرەکەیەوە (فاتمە محەممەدى حاجى دەروێش باڵەخانەى کوڕى محەممەد ئەمين کوڕى مارف)ـەوە ناونراوە. بە(حەمامى فاتمەخان) ناسرابوو. فاتمەخان لەگەڵ (حسێن عەلى عەمەڵ) ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ڕووبەری گەرماوەکە‌ بچووک بووە و لە تەنها ژوورێک پێکهاتووە و سێ جوڕنەى هەبووە، کە هەریەکەیان دوو بەلوعەى ئاوى گەرم و ساردى لەسەر بووە. تايبەت بووە بە ئافرەتان. لەکاتی خۆیدا کرێى خۆشتنى هەر ئافرەتێک ٥٠ فلس بووه. لە ئێستادا گەرماوەکە نەماوە.

پاشا: زۆراب

کەوتووەتە ناوەندی شاری هەڵەبجە. لە ڕووی مێژووییەوە یەکەم گەرماوی ناوشاری هەڵەبجەیە، کە لەلایەن بنەماڵەی وەسمان پاشا و تایبەت بە خۆیان لە حەوشەی کۆشکەکەیان دروستیانکردووە. وەستایان لە ئێرانەوە بۆ دروستکردنی هێناوە. توونی گەورەی هەبووە و ئاوەکەی لە کانیی خۆیانەوە بۆ دابینکراوە. بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەستی مام زۆراب ناوێکەوە بووه و دەمڕاست و متمانەپێکراوی ماڵی ئەحمەد بەگ (ئەحمەدموختار بەگی جاف) بووە، هەر بۆیە بە (گەرماوی مام زۆراب)یش ناسراوە، دواتر لە تایبەت بە بنەماڵەی پاشاوه،‌ بووە بە گشتی و لە ڕێگەی جاڕچییەوە ئاگاداری دراوە چ کاتێک بۆ ژنانە و چ کات بۆ پیاوانە. ساڵی ٢٠٠٨ لە لایەن بنەماڵەی پاشاوە فرۆشراوە و کراوە بە قەیسەری، هەتا ئەو کاتیش هەربەدەست کوڕەکانی مام زۆرابەوە بووە.

حاجی عەبدولڕەحمان

کەوتووەتە گوندی (زەڵم) لە تەنیشت مزگەوتی گوندەکە. (حاجی عەبدولڕەحمان محەممەد ئەحمەد) خاوەنی بووە. سەرچاوەی ئاوەکەی لە مزگەوتەکەوە بۆ دابینکراوه،‌ کە بە گۆڕیچە بۆی هێنراوە. بە دار و تەپاڵە گەرم کراوە، ڕۆژێک بۆ ژنان و ڕۆژێک بۆ پیاوان بووە. لە سەرەتادا نرخی خۆشۆردن بە ٥٠ فلس بووە، ساڵی ١٩٧٥ هەتا ١٩٧٨ بووە بە ١٠٠ فلس.

حاجی واحید

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە لە گەڕەکی پاشا. ساڵی ١٩٧٢ دروستکراوە. (حاجی واحیدی کاکە مەدی کۆکۆیی) خاوەنی بووە. لە باخەکەی خۆیەوە بە تەنیشت باخی میرەوە ئاوی بۆ ڕاکیشاوە. لە هۆڵی گەورەی خۆگۆڕین و هۆڵی گشتیی خۆشۆردن، کە ١٥ جۆڕنەی ئاوی سارد و گەرمی تێدا بووە و دوو تەوالێت، پێکهاتووە. گومەزی هەبووە. بە نەوتی ڕەش و گازوایل گەرمکراوە، لە دوای ساڵی ١٩٩٤وە کراوە بە ژووری تایبەت. سەرەتا کرێی خۆشۆردن ٥٠ فلس بووە، هەتا نەوەدەکانی‌ سەدەی ڕابردوو ‌تا پێنج دینار ڕۆیشتووە. سەردەمێک (تۆفیق ئەحمەدئاوایی) ناتر و دەغیلەداری بووە و قادری توونچی سەروکاری گەرمکردنی کردووە. لەپاش ڕاپەڕین هەتا لە کارکەوتنی لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن بنەماڵەی حاجی واحیدەوە سەرپەرشتیکراوە.

حەمامی کۆنی خورماڵ

بۆ ژنان و پیاوان. لەوبەری پردی گەنجانی خورماڵ، لە نێوان سەرچاوەی ئاوی گەنجان و گەڕاودا بووە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن شارەوانییەوە دروستکراوە و دراوە بەکرێ. هۆڵێکی گشتی هەبووە و ژووری تایبەتی نەبووە. کاتژمێر ٨-١٢ نیوەڕۆ بۆ ژنان و کاتەکانی تر بۆ پیاوان بووە. کرێی خۆشۆردن بە ٥٠فلس و پێداویستییەکانی خۆشۆردن لەسەر مشتەری بووە. لە نیوەی دووەمی هەشتاکادا بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە وێرانبووە و دوای ڕاپەڕینیش شوێنەکەی کراوە بە شوێنی نیشتەجێبوون. ئەم کەسانە یەک لە دواییەک گەرماوەکەیان بە کرێ گرتووە بەڕێوەیانبردووە: (حەمە غوڵامی میرزا کەریمی هەڵەبجەیی، مام عەبدوڵای باوکی مامستا تۆفیق خورماڵی، وەستا سدیقی تەنەکەچی، کەمال کاکە حەمەمیرزا فەتاح).

حەمامی گەورە

کەوتووەتە ناوشاری هەڵەبجە بەرانبەر دەرگای مزگەوتی پاشا بۆ ناوەوە. بە دەستپێشخەری عادیلەخانم دروستکراوە، ماڵی حامدبەگ خاوەنی بوون. بۆ دروستکردنی وەستای لە ئێرانەوە بۆ هێنراوە. بە ١١ پلیکانە بۆی چوویتەتە خوارەوە. یەکەمجار بەدەست وەستا ئەولێی باوکی ئافتاوخانی هاوسەری مامۆستا حەمەسەعیدی ڕەشە بانەییەوە بووە. ئەحمەدی حەمەمراد و زۆراب، شاگردی بوون. دوای مردنی وەستا ئەولێ، ئەحمەدی حەمەمەمراد بە کرێ گرتوویەتی و نوری مارکۆنی و عەبووش، ناتری بوون. بە دار گەرم کراوە. ساڵی، ١٩٥٨ -١٩٦٢ لە کاتی فراوانکردنی شەقامەکە بۆ چێشتخانەی ئیمام گەرماوەکە بەر جادە کەوتووە.

حەمەساڵح حەمەمراد

سێیەم گەرماوە لەشاری هەڵەبجە، کەوتوەتە ناوجەرگەی بازاڕ، نێوان چێشتخانەی وەهبی و بانقە کۆنەکە، حەمەساڵح حەمەمراد، خەزورەی ئەحمەد غوڵام، کە پێشتر لەسەر گەرماوی گەورە کاریکردووە، لەساڵی ١٩٦٢ دروستیکردووە. خانویەکی کۆن بووەو تێکیداوە و کردوویەتی بە حەمام، دەرگاکەی لەسەر شەقامەکە بووە. لە ژوورەوەیدا سەکۆیەکی بۆ شوێنی وەستا باشی و دەغیلەدار و دەستی ڕاستی دۆڵابێکی تەختەی کلیلداری لێبووە، بۆ شوێنی هەڵگرتنی نەختینە و شتە تایبەتیەکانی خۆشۆر. هۆڵێکی شێوە ئێڵی وەک سارد هەبووە، کە حەوز و مەرکانەی لێبووە. زەوی و گۆمەزەکەی کۆنکرێت بووە، هۆڵە گەرمەکەی ١١ جوڕنەی بە ئاوی ساردو گەرمەوە هەبووە. سەکۆکەی گەرمکراوە بۆ ئەوانەی ڕەقیتەیان کردووە لەسەری پاڵکەوتوون و ناترەکە وەک چارەسەر شێلاونی. لە ناوەوە حەوزی وسڵ دەرکردن و دوو تەوالێت و کورە و توون و شوێنی وشککردنەوە و بیری ئاوی هەبووە. بە دار گەرم کراوە و بە ترومپا لە بیرەکەوە ئاو بۆ عەمبارەکەی هەڵدراوە. تا دوای ڕاپەڕینیش ماوە و پاشان شوێنەکەی کراوە بە دوکان و بازاڕ.

حەمەساڵح کۆکۆيى

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە و لە گەڕەکى (کانىعاشقان) لە نزیک مزگەوتی (مەلا ساڵح) و گەرماوی (سەید ساڵح) هەڵکەوتووە. بۆ ژنان و پياوان بووە، هەموو ڕۆژانێک‌ کارىکردووە. نزيکەى ١٠ بۆ ١٢ جوڕ‌نەى‌ تێدا بووە. نرخى خۆشتن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر جياواز بووە، لە ئێستادا ماوەتەوە، بەڵام کارناکات.

خاتوو جەمیلە

کەوتووەتە ناوشاری هەڵەبجه لە گەڕەکی سەرا‌ پشت ماڵی غەفور شەریف و تەنیشت ماڵی حەمەمینی نۆتشی چایچی هەڵکەوتووە. تایبەت بووە بە ژنان، بەناوی خاتوو جەمیلەوە، کە خێزانی عەبدوڵا سەڕاج بووه ناونراوە، کە لە ساڵانی شەستەکان لەناو ماڵەکەی خۆیدا دایناوە، هەتا سەرەتای حەفتاکان کاریکردووە. توونەکەی لە کۆڵان بووە. شەش جوڕنەی تێدابووە. نرخی خۆشتن بە ٥٠ فلس بووە.

خورماڵ

ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن شارەوانیی شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوە لەسەر ڕووبەری (١٠٠م٢) دروستکراوە. لە ژورێک بۆ خۆگۆڕین، ژورێک بۆ خۆشتن پێکهاتووە. بەیانیان هەتا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بۆ ئافرەتان و ئێوارانیش بۆ پیاوان بووە. یەکەم کەس (محەممەد غوڵام میرزا) سەرپەرشتیکردووە، دواتر دراوە بە (مام عەبدوڵا و وەستا سدیقی تەنەکەچی). لەکاتی شەڕی عێراق و ئێران ساڵی ١٩٨٢ تۆپی بەرکەوتووە و ڕووخاوە. لەوکاتەوە ئەو کۆڵانە بە (کۆڵانی حەمامەکە) ناسراوە.

دێ فاتە

بە دووریی (١٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. موڵکی (قادر ئەحمەد نادر)ە. لە کۆنەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی پێست بەکارهێنراوە، چونکە ئاوەکەی مادەی گۆگردی تێدا بووە. جیا لە خەڵکی گوندەکە، خەڵکی لە گوندەکانی تریشەوە سەردانیانکردووە. بەناوی ئافرەتێکی گوندەکە(فاتمە)وە ناونراوه، کە بەردەوام خزمەتی گەرماوەکەی کردووە.

سەرگەت

کەوتووەتە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ‌ناحیەی (بیارە). لەپاش ڕاپەرین و گەڕانەوەی دانیشتوانی گوندەکە لە نزیک مزگەوتی بنی چنار لە لایەن ڕێکخراوێکی بیانییەوە دروستکراوە. بە نۆرە سەرەی بۆ دانراوه. بە ئاوی کانیی مزگەوتەکە کاریکردووه و هەتا ساڵی ٢٠٠٠ هەبووە‌‌.

سەید ساڵح

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە له ‌تەنیشت مزگەوتی (مەلا ساڵحی گەورە). موڵکی (سەید حەمەساڵح) و هەر بەناوی خۆیەوە‌ ناونراوە. بۆ گشتی بووە و ژنان و پیاوان لەکاتی جیاوازدا خۆیان لێ شتووە. لەبەشی خوارەوە خانووەکەی ماڵی سەید حەمەساڵحدا بووە و لە یەک ژووری گەورە پێکهاتووە. چەند جوڕنەیەکی هەبووە. توونی هەبووە و بە دار گەرم کراوە.

سیروان

کەوتووەتە شارۆچکەی (سیروان)‌. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٧٤ لەسەر ڕووبەری (٢٥٠م٢) زەوی دروستکراوە. لە نزیک حەوزی کانی وەیسی بەردەم مزگەوتی کێلەسپییەوە بووە. تاقی بەیانیان بۆ پیاوان و تاقی ئێوارانیش بۆ ژنان بووە. لە دوو بەشی سارد و گەرم پێکهاتووە. بەشی سارد شوێنی خۆگۆڕین بووە. بەشی گەرم حەوت جوڕنەی هەبووە. بە ئامێری پەرەمێز و سووتەمەنی و ڕۆنی ڕەش (دیزڵ) گەرمکراوە. فەرمانگەی شارەوانیی حکومەت خاوەندارێتی کردووە و ساڵانە بە کرێی داوە. هەریەکە لە (ئەنوەر سدیق عەلی و محەممەد حاجی سلێمان تەوێڵەیی) ساڵانە بە(٨٠) دینار بەکرێیان گرتووە. خۆشتن بە ١٠٠ بۆ ١٥٠ فلس بووە. (عەلە گوێ ڕەش) ناتری بووە. هەتا پێش ڕووداوەکانی ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ کاریکردووە و دواتر کراوە بە شوێنی نیشتەجێبوون.

شارەوانی: گۆران

کەتووەتە ناوشاری هەڵەبجە لە گەڕەکی سەرا بەرانبەر شارەوانیی هەڵەبجە. لەدوای ساڵی ١٩٧٦ شارەوانی گەرماوەکەی دروستکردووە. ڕیزی پێشەوەی لەسەر شەقامی سەرا کراوە بە دوکان و بازأڕ. بە بەرد و بلۆک دروستکراوە و سەربانەکەی کۆنکرێت بووە. بە گازوایل گەرمکراوە. گەرماوێکی نمرە بووە و ژووری تایبەتی هەبووە، هەتا ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەدەست (مەحموودی زاوای ساڵحی میران)ـەوە بووە. دواتر بە گەرماوی (گۆران) ناسراوە.

پێشتر 1
...
33 34 35
...
47 دواتر