چایخانە بەناوبانگەکانی شارەدێی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-11
لەبەرئەوەی لەسەر سنورە و ناوچەیەکی گەشتیارییە و لە کۆنەوە دامودەزگای میری لێبووە و لەسەر دەمی شۆڕشی ئەیلولدا وەک بنکە بووە، زۆرترین چایخانەی لێبووە، لەوانە:
١- چایخانەی قادربەگ: یەکەم چایخانەبووە، ساڵی ١٩٢٠ دروستکراوە. ژێرەوەی خان بووە و ساڵی ١٩٢٨ سەرەوەی کراوە بە قوتابخانە. یەکەمجار (حەمەسەلیمی نادری) لەسەر بووە. پاشان سەید سادقی عەلی و حەمەمرادی مارفە. دواتر ئەنوەری قادر و حەمە ئیمام گرتوویانە بە ئیجار. کۆتاجار وەلی حەمەلەتیفی لەسەربووە. ساڵی ١٩٥٢ شارەوانی ڕوخاندی و کرا بە گۆڕەپانی بازاڕی تەوێڵە.
٢- چایخانەی شێخ: لە ناوەڕاستی بازاڕ و لای کانی هەمیشەی پلور لە پاڵ مزگەوتی تەوێڵە. ژێرەوەی چەند دوکانێک بوون. باسام نەسروڵڵا یەکەم کەس بووە، کە ئەم چاخانەی گێڕاوە. دوای ئەو ئەنوەر قادر و حەمە ئیمام. ساڵی ١٩٥٢ شارەوانی چاخانە و دوکانی ڕوخاند و شوێنەکەی خستە سەر ساحەی بازاڕی تەوێڵە. ساڵی ١٩٦٣ بۆ ١٩٨١شوێنەکەی کرایەوە بەچاخانەی هاوینە، لەلایەن تاهری کاکەوە ساڵانە دەگیرا بە ئیجار. بەهۆی بوونی تەسجیلەوە، کە گۆرانی(عوسمان و حەمەحسێن و شەفیع و حەمەجەزاو زیرەک و نازم غەزالی و سەمیرە تۆفیق و واحیدە خەلیل)ی پەخشکردووە، لە شوێنە قەرەباڵغەکان بووە و دوای ڕاپەڕین لەلایەن حەیدەرە سوورەوە دانرایەوە. ساڵی ١٩٩٨ شوێنەکەی بوو بە دەرگای مزگەوتی گەورەی تەوێڵەو شەش دوکان لە شوێنەکەی دروستکران.
٣-بانی حەوز: لە بەردەمی مزگەوتی گەورە بووە. لەسەربانی حەوزەکەی مزگەوت کورسیان داناوە بۆ یەکەمجار (حەمەیوسفی گەوەر)ی لەسەربوو. پاشان ئەمانەش بە ئیجار گرتوویانە: (عەبدوڵا سدیق، محەمەد حەکیم، عەبدوڵا مەلا حەمە حسێن، نەسرەدین عەزیز، جەلال ڕۆستەم، حەمەڕەئوف عەزیز). شوێنێکی خۆشی دانیشتن بوو. زیاتر مامۆستایان و زانایان لەم چاخانەیە دانیشتوون. هەتا ١٩٨١ کاریکردووە.
٤- وەزەقم: هاوینە بووە، لە پشتی حەوز لەسەر(هانەی دلین) بووە بە ئاڕاستەی زاوەر. یەکەمجار حەمەڕەزا، پاشان ئەولکەریم (بەگە) لەسەر چایخانەکە بوون.
٥- گەڕیات: هاوینەبووە لەسەر چەمی گەڕیات بووە لە تەوێڵە. لە دەوروبەری پردەکە و ڕێگەی چوونە مەرز، یەکەمجار (حەمەسەلیمی نادر) دایناوە. دواتر سەید جافر، هەتا ساڵی ١٩٧٥ کاریکردووە.
٦- ئاوێسەر: هاوینەی گەشتیاریی بووە. لە هاوینەهەواری ئاوێسەر بووە. سەرەتا حەمەڕەزا بەگ و پاشان ئازەی کەریم چایچی بوون. تا ساڵی ١٩٨١ هاوینان جمەی هاتووە. لە دوای ڕاپەڕین ماوەیەک بەهۆی مین لە سەیرانگای ئاوێسەر و دەوروبەری چۆڵ بووە. دوای پاککردنەوەی ئاوێسەر و دەورووبەری، ئەمین حەمە ڕەزا چاخانەکەی دانایەوە و دواتریش چەند کەسێکی تر... هەتا ئێستاش ئاوەدانە.
٧-باخەوان: هاوینە بووە و لە باخەکانی باخەواندا بووە. لە نیوەڕێی چەمی ئاوێسەردا، محەممەد حەکیم و حەمەکەریمی کوڕی لە باخەکەی خۆیاندا دایانناوە. هەتا ساڵی ١٩٨١ کاریدەکرد. لەبەرئەوەی لەسەر ڕێگەی چوون بوو بۆ ئاوێسەر، بۆ حەوانەوە ڕێبوار لای دەدا. چاخانەیەکی قەرەباڵغ بووە.
٨- تەوێڵە: خاوەنەکەی سامی سەید جافرە، لەبەرئەوە بەو ناوەشەوە ناسراوە. کەوتووەتە ناوبازاڕی تەوێڵەوە. ساڵی ١٩٩٧ کراوەتەوە و هەتا ئێستاش کاردەکات و لەلایەن سامی و کوڕەکانییەوە دەگەڕێت. هەندێکجار گۆرانییە فۆکلۆرییەکانی هەورامان دەخاتەسەر، یەکەم چاخانەبووە سەتەلایتی داناوە و یارییەکانی مۆندیالی ١٩٩٨ی پەخشکردووە. بێجگە لەمانە لە ڕابردوو ئێستادا چەند چاخانەیەکی تریش هەبوون.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (سامی سەی جافر)، لەدایکبوو: ١٩٦٣، بڕوانامە: ئامادەیی، لە ١٢ی ١ی ٢٠٢٤، لە تەوێڵە.
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٥١٤- ٥١٨.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (ئەیوب کوێخا ڕۆستەم)، لەدایکبوو: ١٩٥٤، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: خانەنشین، لە چەند کاتێکی جیاوازدا.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم