ئازادی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە سەر شەقامی گشتیی هەڵەبجە لە خانوەکەی ئەنوەربەگدا دانراوە. دوو ڕووی هەبووە، ڕوویەکی لەسەرشەقام و ڕووەکەی تری بەرانبەر ماڵی ئاجی مەیفرۆش. لە دوای ساڵی ١٩٥٨ کراوەتەوە و ناوەکەی بۆ ڕێکخراوی گەنجانی حزبی شیوعی دەگەڕێتەوە. لەگەڵ تێکچوونی نێوان حکومەت و شیوعییەکان ئەم بارەگایە تێکدەدرێت و(عوسمانی شیخ مستەفای عەبابەیلێیی ١٩٤٢ بۆ ١٩٧٤ و ساڵی ١٩٦٣) لە بەرانبەر شوێنی یەکەمی و لە شوێنی دوکانی عەبدوڵای مەلا تاهیر و عەبدوڵای مەلا عەلی و مستەفای مەلاتاهیر، کە هەرسێ دوکانەکە کرابوونە گەنجینەی عەبدوڵای مەلا تاهیر، چاخانەکە دادەنرێتەوە و خۆیشی بە عوسمانی ئازادی دەناسرێت و کورێکیشی ناو دەنێت ئازاد. تەلەفزیۆن و سۆبای داری تێدابووە و هەتا ١٢ی شەوان کراوەبووە. بەشێک لە گەنجان و وەرزشدۆستان لەم چایخانەیە سەیری ئۆلۆمپیادی ١٩٧٤یان کردووە. لە دوای بۆردومانی ٢٦ی٤ی ١٩٧٤ ماوەیەک حەمەسەعیدی زۆراب و مامۆستا قادرە ڕەش دەیکەنەوە. لە دوای ساڵی ١٩٧٥ بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵەکان و لە مێژووی هەڵەبجەدا ڕۆڵێکی گەورەی فەرهەنگی و هۆشیاری سیاسی گێڕاوە و شوێنی کۆبوونەوەی ڕۆشنبیران و خەباتگێران و هونەرمەندان و ئەندامانی حزبی شیوعی بووە. دوای کۆچیدوایی خاوەنەکەی و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەلایەن حەمەئەمینی برای و عەلی فەیمەوە دانراوەتەوە و هەتا کۆتایی حەفتاکان کراوەبووە.
سەرچاوەکان:
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد غەفور شەریف)، لەدایکبوو: ١٩٥٤، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: خانەنشین، لە ١٩ی ٦ی ٢٠٢٤.
- چیرۆکەکانی شار، کۆچەر میرزا، کتێبی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانە؟، ٢٠١٩، ل٤١١.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم