گەرماوەکانی شارۆچکەی تەوێڵە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
١-حاجی حەمەعەزیز: کەوتووەتە گەڕەکی مالێدەر لە شارەدێی (تەوێڵە). ساڵی ١٩٥٨ دروستکراوە، جۆرنەی هەبوە و بە دار گەرمکراوە. بۆ ژنان و پیاوان بووە. حاجی ژن سوەیبەی خێزانی لە نۆرەی ژناندا بەڕێوەیبردووە. ئەکرەمی خەلیفەعومەر و ناسری میرزا ئەولقادر حەمامچی بوون. هەتا ساڵی ١٩٨١ و چۆڵکردنی تەوێڵە کاریکردووە.
٢-حاجی عەبدولڕەحمانی موڵکی: کەوتووەتە ناوبازاڕی شارەدێی (تەوێڵە). ساڵی ١٩٦١ دروستکراوە. لەناویدا بەینێک بۆ خۆگۆڕین هەبووە. بە هەرچواردەوریدا جۆڕنەی هەبووە. ناوبەناو بۆ ژنانیش بووە. ئەنوەر و عەبدالواحدی کوڕی حاجی حەمامچی بوون. کرێی خۆشۆردن لە ٢٥ فلسەوە تا ١٥٠فلس هاتووە. تا ساڵی ١٩٨١ کاریکردووە و لەگەڵ ڕاگواستنی شارەدێیەکەدا وێرانبووە.
٣-حاجی موعتەسەم: کەوتووەتە ناوبازاڕی شارەدێی (تەوێڵە) ساڵی ١٩٩٩ لەسەر ڕوبەری ٣٠٠م زەوی دروستکراوە. ژووری تایبەتی هەبووە، لەگەڵ سارد و هۆڵی خۆگۆڕین. بە دابەشکردنی ئاو بۆ ژوورەکان و سیستمی هەوای گەرم کاریکردووە. پاش ماوەیەک کراوە بە توون و شێوازی گەرمکردنەکەی گۆڕاوە. کرێی خۆشۆردن پێنج دینار بووە. دوو کەس کاریان تێداکردووە.(حاجی موعتەسەم مەحموود یارە) خاوەنیەتی. تا ساڵی ٢٠٠٥ کاریکردووە و دواتر تێکدراوە و شوێنەکەی کراوە بۆ ئۆتێل جەواهێر.
٤-شێخ حسامەدین :کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە). لە ڕووی مێژووییەوە، یەکەم گەرماوی شارەدێیەکەیە. بە دار گەرم کراوە. ساڵی ١٩١٣ دروستکراوە. ساڵی ١٩٣٦ لافاو بردوویەتی و دواتر دروستکراوەتەوە. حەماییزی گۆپە و ساڵحی یارە حەمامچی بوون.
٥-قادربەگ: کەوتووەتە شارەدێی (تەوێڵە)ە. لەڕووی مێژووییەوە، دووەم گەرماوی شارەدێیەکەیە. ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن (قادر بەگ)ـەوە دروستکراوە. بە قسڵ و ئاهەک دروستکراوە و بۆ ئەو کەرەستانەش، سێ کورەی لە دەوروبەری تەوێڵە دروستکردووە. ساڵی ١٩٣٦ لافاو زیانی زۆری لێداوە. بە ئەبجەدی مێژووەکەی لە سەر دەرگاکەی نوسراوە.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران ٢٠٠٥، ل٥١٢.
- چاوپێکەوتن لەگەڵ فەیرۆز مەحمود مەحمود. برای ناوبراو. لەدایکبووی ١٩٦٢، پاسەوان لە فوتابخانەی تەوێڵە. دوکاندار، ١١ی ١ی ٢٠٢٤تەوێڵە.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم