بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
لە حەوت گەڕەک پێکدێت و کەوتوونەتە سەنتەری شاری هەڵەبجەوە. بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات فراوانبوون. گەڕەکی پاشا کۆنترین گەڕەکە و هەریەکە لە گەڕەکەکانی (مامۆستایانی یەک و دوو، شەهیدان، کارێز، شنروێ، زانکۆ) دەگرێتەوە. ڕووبەری ئەم زۆنە (٣٧٢٧٩٠٣م٢)یە.
لە کۆنترین گەڕەکەکانی ناوشاری هەڵەبجەن. لە ناوەندی شارەکە بە ئاڕاستەی باشور درێژدەبێتەوە. لە هەشت گەڕەک پێکدێت. وەک گەڕەکەکانی (سەرا، جولەکان، باخی میر، کانیعاشقان). چەند گەڕەکێکی نوێش لەخۆدەگرێت، وەک (هەولێر، بامۆک، کانی هەناران، باوەکۆچەک). ڕووبەری گەڕەکە کۆنەکانی ئەم زۆنە بەبەراورد بە گەڕەکە نوێیەکان بچوکترن، کۆڵانەکانیان تەسکترن و بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیانەکراونەتەوە. ڕووبەری ئەم زۆنە (٥٧٢٣١٨٤م٢) دەبێت، کە ڕێژەی (٢٢. ٦٤%)ی هەڵەبجە پێکدەهێنێت.
لە پێنج گەڕەک پێکدێت و کەوتوونەتە باشوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجە. بچوکترین زۆنی شارەکەیە. لە گەڕەکی (پیرمحەممەد و گوڵان و شێخ ئیسماعیل و یادگاری و سەروەرانی یەک) پێکدێت. ڕووبەری ئەم زۆنە (٢٠٤٣١٤٨م٢)یە و ڕێژەی ٨. ٠٨٥٠%) ناوەندی هەڵەبجە پێکدەهێنێت.
١- بەرانبەر: گەڕەکێکە لە شارۆچکەی (بیارە). نسرمە و بە قەد پاڵی شاخی (وەرانوەر) هەڵکەوتووە. ژمارەی خانووەکانی کەمن. تەنها ٣٨ ماڵی تێدا کراوەتەوە و ژمارەی دانیشتوانی ٩٨ کەس دەبن. گەڕەکی ناودێ کەوتووەتە بەرانبەری. هاتوچۆی تێدا سەختە و زۆربەی خانوەکانی دەکەونە بەردەم جۆگەی سنوری (وەرانوەر). تەنها مزگەوتێکی تێدایە و دەڕوانێت بەسەر چەمی بیارەدا. کۆڵانەکانی بە پلیکان و بەشێوەی پێچاوپێچ دێنەوە سەر بازاڕی بیارە. خانووەکان لە نێوباخ و باخاتی گوێزن، تاڕادەیەک پەڕاگەندەن و دوورن لەیەکەوە. بەڵام بەشێوەیەکی ڕەسمی وەک گەڕەکێکی شارۆچکەکە ناسێنراوە. ٢- پشت جۆ: کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە)، لە پشت خانەقای بیارەیە، (١١٦٦م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی (بیارە) و چیای قاسم خان، لە باشورەوە شارۆچکەی (بیارە) و لە باکورەوە چیای قاسم خان و دۆڵی دەرەو تەکیەی و لە خۆرهەڵاتەوە هانە گەرمەڵە و لە خۆرئاواوە ملەی چنار دەورەیانداوە. گەڕەکێکی کۆنی شارەکەیە و بەردەوامە لە فراوانبوون و ڕێگای کۆنکرێتی بۆ دروستکراوە و خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و قوتابخانەی تێدایە. هەتا نزیک سەرسنوری ئێران درێژبووەتەوە و لە نزیک مەرزی لاوەکی هانەگەرمڵە کۆتاییپێدێت. ژمارەی خانووەکانی ١١٩ خانوو و ٣٤٨ کەسی تێدا نیشتەجێیە، کە ١١ ماڵ کرێنشینن. (پشت جۆگە)یشی پێ دەوترێت. ٣- کاوات: گەڕەکێکی نوێیە لە شارۆچکەی (بیارە). لە دوای ٢٠٠٣ دروستبووە. کەوتووەتە سەر گردی کاوات و دەڕوانێت بەسەر ڕێگای سەرەکیی (بیارە - تەوێڵە). ژمارەی خانووەکانی ١٩٤ خانووە لە ٢٠٢٣، کە کۆی گشتیی دانیشتوانەکەی ٥٨٩ کەسن. لەو ژمارەیە ٤٢ خێزانیان کرێچین. گەڕەکەکە پێشتر پێیوتراوە (ئۆردوگا)، چونکە چەند خێمەیەکی تێدا هەڵدراوە. بەڵام ئێستە ئاوەدانە، (بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی بیارە، یاریگای فوتساڵ، مزگەوت)ی تێدایە. دەڕوانێت بەسەر چەمی بیارەدا و دیمەنێکی جوانی هەیە. ٤- گەناوڵە: یەکێکە لە گەڕەکەکانی ناو شارۆچکەی (بیارە) و کەوتووەتە پشت ملەی چنار و چەندین دامەزراوەی حکومی تێدایە لەوانە (بنکەی کارتی نیشتمانیی بیارە، کتێبخانەی گشتیی بیارە، ڤێتەرنەری بیارە، کشتوکاڵی بیارە، دارستان و پاوانی بیارە، چاکسازیی کارەبای بیارە). لە باکورەوە چیای کڵاوەی ئاشور و لە باشورەوە قەڵا و لە خۆرهەڵاتەوە گەڕەکی پشت جۆ و گۆڕستانی بیارە و لە خۆرئاواوە لوتکەی ئاسنەوەرد، دەورەیانداوە. ٥- مەنارا: کەوتووەتە گوندی (سۆسەکانی)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). یەکێکە لەو سێ گەڕەکەی گوندەکەیان پێکهێناوە، دەکەوێتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندەکە و لەلاپاڵێکدایە. بە سەر باخەکانی گوندەکەدا دەڕوانێت. لە ئێستادا نزیکەی ٢٥ ماڵى تێدا نیشتەجێیە. ٦- ملەی چنار: یەکەمین گەڕەک و دەروازەی شارۆچکەی بیارەیە. بە قەدپاڵی شاخی ئاسنە وەردەوەیە. بەشێکی لەسەر گردێکە بەناوی ملەگای چنار. دەڕوانێت بەسەر چەمی بیارە وزەردەهاڵ و دەرەقەیسەردا. نزیکەی ١٦٠ خانووی تێدایە و ٤٦٦ کەسی تێدا نیشتەجێیە، کە ٢٠ خێزانیان کرێچین. هەریەک لە بنکەی پۆلیس، پاسەوانی سنور، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و کارەبا و قوتابخانەی بیارەی شەریفەی تێدایە. ٧- ناودێ: کۆنترین و چڕترین گەڕەکی بیارەیە. دەوروپشتی خانەقا و نێو بازاڕی بیارە دەگرێتەوە. لە ١١١ ماڵ پێکهاتووە و بواری فراوانبوونی نییە. ٢٨٢ کەسی تێدا نیشتەجێیە، کە ٢٨ خێزانیان کرێنشینن. مزگەوتی کۆنی بیارە و خانەقا و قوتابخانەی سەرەتایی و بازاڕی شارۆچکەکەی تێدایە.
١- چلانە: گەڕەکێکە لە شارەدێی (تەوێڵە). خانووەکانی چڕوپڕ و چین لەسەر چینن. لە ڕووی مێژووییەوە یەکەمین گەڕەکی شارەدێیەکەیە. لە سەرەتادا تەنها لە ٤٠ ماڵ بووە. دەربارەی ناوەکەی بۆ وشەی (چل یانە)ی زمانی هەورامی دەگەڕێتەوە، کە واتاکەی لە کوردیدا دەبێتە (چل ماڵ). دواتر بە تێپەڕبوونی کات و لەسەر زمان (چل یانە) کورت بووەتەوە بۆ (چلانە). گەڕەکەکە لە چەند کۆڵانێک (دەمەرە سورا، سەفەر، ئۆسایا، مەڵایا، تاشڵا، هەڵاوەگا، قەڵابۆزان، هانە سوسو) پێکهاتووە. لە ئێستادا لە ٢٨٠ خانو پێکدێت و خانووەکان نوێکراونەتەوە. بەهۆی سەختی و تەسکیی کۆڵانەکانەوە، زبڵ و خاشاکی ماڵان بە وڵاخ و ئاژەڵی باربەر کۆدەکرێتەوە. ٢- گەڕیات: گەڕەکێکە لە شارەدێی (تەوێڵە). گەڕەکێکی نوێیە. کەوتوەتە سەرەڕێگەی سەنتەری شارەدێکە. ناوی (گەڕیات) لە وشەی (گەڕیان)، بەواتای گەڕان و هاتوچوونی ئەو گەنجە کەشخە و شیکانەوە هاتووە، کە لە تەوێڵەوە هاتوون و لە نێوان باخەکاندا پیاسەیانکردووە. (٨٠%)ی باخە. لە ئێستادا تەنها ٣٥ ماڵی لێیە. ڕێگەی گۆڕستانی (باوە سەرهەنگ) و گۆڕستانی(گەورەی تەوێڵە) دەکەونە سنوری گەڕەکەکەوە. زیارەتگەی (فەقێ ئەحمەد) و کۆمەڵێک دووکانی کەلەپوری لێیە. لەسەر پردی گەڕیاتەوە دەستپێدەکات تاکو خانەقای تەوێڵە. لەسەر پردەکە بازگەی نشینگەی تەوێڵە و ڕێگەی مەرزی (شوشمێ - تەوێڵە) هەیە. (شێخ عوسمانی حیسامەددین) لە نێو گەڕیات باخێکی گەورەی هەبووە و وەقفی گشتی کردووە تاکو بۆ پشوودان بەکاریبهێنن. لەسەردەمی حکومەتی عێراقدا ئوتێلێکی گەشتیاری لەنێو گەڕیاتدا هەبووە، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بووە بە بارەگای (قیادە مووەقەتە) و وەک نەخۆشخانەش بەکارهاتووە، بەڵام دواتر ڕوخێنراوە. (خانەقای تەوێڵە)، (بنکەی نشینگە) و (بنکەی پۆلیس و ئاسایش) کەوتوونەتە سنورە گەڕەکەکەوە. ٣- مالیدەر: گەڕەکێکە له شارەدێی (تەوێڵە). لە ڕووی مێژووی دروستبوونیەوە لە دوای گەڕەکی (چلانە) بە پلەی دووەم دێت. لە ئێستادا گەورەترین گەڕەکی تەوێڵەیە. سنورەکەی لە سەرەتای (ئاوێسەر)ەوە هەتا کۆتایی باخەکانی چەمی (دزاوەر) درێژدەبێتەوە. دەربارەی ناوی (مالیدەر) بۆچوونی جیاواز هەیە لەوانە: بەواتای (ماڵ لە دەردێت) واتە ماڵ لەدەرەوەی گەڕەکی (چلانە). لە (مارف) ناوێکەوە هاتووە، کە خەڵکی بە (مالە) ناویان هێناوە و پیاوێکی سەربەکێشە بووە و لە گەڕەکی (چلانە) وەدەرنراوە و چووەتە ئەو شوێنە و بووە بە (مالەی دەرکراو). ڕووی لە (قیبلە)یە و تیشکی خۆری بەباشی بەردەکەوێت. نزیکەی ٣٥٠ ماڵی لێ نیشتەجێیە. نزیکەی ٥٠ خانووی لەسەر شێوازی دێرینی ناوچەکە ماونەتەوە. مالیدەر لە کۆڵانەکانی (باخچەمیرا، دەرەتفێ، بانەگەورە، عەلی حاجی، شاسوارا، خەمەکاوە، ماڕێ حاجی، ماڕی مامۆستا، پەشت و بانا، بابائەسکەندەر، کوجین، سەردەرگا) پێکهاتووە. (کتێخانەی گشتیی تەوێڵە) و (شارەوانیی تەوێڵە) کەوتوونەتە سنوری گەڕەکەکەوە. ٤- وەراوەر: گەڕەکێکە لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). نوێترین گەڕەکی تەوێڵەیە. ناوەکەی بەواتای (بەرانبەر) دێت، چونکە کەوتووەتە بەرانبەری هەردوو گەڕەکی (چلانە و مالیدەر)ەوە. مێژووی دروستبوونی بۆ سەد ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. شوێنەکەی سەخت و لێژە، نسرمە و کەمتر خۆری بەردەکەوێت سەخت و لێژە. خانووەکانی یەک نهۆمین و بۆیەکەمینجار لەلایەن (حەسەنی حەمەحسەین) و (ساڵحی حاجی سدیق)ـەوە دروستکراوە. لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ خانوی لێیه. (خانەقای تەوێڵە) کەوتووەتە سنورییەوە. لە کۆڵانەکانی (پشتی خانەقا، شاهۆ، یارە، ماوەزا، وەراوەری وارین، وەراوەری سەرین، وی سورە) پێکدێت.
١- ئاشتى: کەوتووەتە بەشی باکوری شارۆچکەی (خورماڵ). شەقامی هەورامان لە گەڕەکی ئەردەڵان و شەقامی شاکر فەتاح لە گەڕەکی قەڵا جیایدەکاتەوە. لە ٧ بلۆک پێکهاتووە. بەگشتی ٥٠١ بینای تێدایە. ٤٧٢ یەکەی نیشتەجێبوون و ٤١١ خێزان و ١٩٩٠ کەس تێیدا نیشتەجێن. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دروستکراوە. لە ١١ کۆڵان پێکدێت. یەک مزگەوت کەوتووەتە سنوری ئەم گەڕەکەوە. ٢- ئەردەڵان: کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٧٨ دروستکراوه. پێشتر وەک ئۆردوگایەک بۆ خەڵکی لادێکان دروستکراوە. لە نۆ کۆڵان پێکدێت. سێ مزگەوت و قوتابخانەیەک کەوتوونەتە سنوری ئەم گەڕەکەوە. ٣- داڵانی: کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (خورماڵ). گەڕەکێکی دێرینە. بە ئاڕاستەی دێکۆن فراوان بووە. لە ١١ بلۆک و ٩٧٩ بینای تێدایە، کە ٧٤٣ بۆ نیشتەجێبوونە و ٧٠٩ خێزان و ٣١٩٠ کەسی تێدا نیشتەجێن. لە تۆمارە فەرمیەکاندا کۆدی ٣٠١ وەرگرتووە. ٤- فەرمانبەران: کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (خورماڵ) لەسەر ڕێگای سەرەکیی خورماڵ - ئەحمەدئاوا. ساڵی ٢٠٠٥ دروستکراوە. لە حەوت کۆڵان پێکدێت. زۆرینەی خانووی فەرمانبەرانە. دوو قوتابخانە و مزگەوتێک کەوتوونەتە سنوری ئەم گەڕەکەوە. ٥- قەڵا: کەوتووەتە بەشی باکور و باکوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (خورماڵ). کۆنترین و گەورەترین گەڕەکی شارۆچکەکەوە. مێژووەکەی لەگەڵ دروستبوونی خورماڵدایە. لە ٢٠ کۆڵان زیاتر پێکدێت. سێ مزگەوت و دوو قوتابخانە کەوتوونەتە سنوری ئەم گەڕەکەوە.
١- ئازادی: کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (سیروان). لە ڕووی دانیشتوانەوە و بەبەراود بە سێ گەڕەکەکەی دیکە، گەورەترین و چڕترینە. لە هەشت بلۆک پێکهاتووە. بە گشتی ژمارەی بیناکانی ٧١٦ بینا و کۆی گشتی یەکەی نیشتەجێبوونەکانی ٥٨١ یەکەیە. ٥٦٥ خێزان و ٢٦٢٢ کەسی تێدا نیشتەجێیە. ئاڕاستەی فراوان بوونی گەڕەکەکە بە ئاڕاستەی شاری هەڵەبجەیە. سەنتەری گەڕەکەکە کۆنە و بە شێوەی هەڕەمەکی و ئۆرگانی دروستبووە. بەشە تازەکانی تاڕادەیەک شێوەی ئەندازەیی هەیە. ٢- ئاشتی: کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای شارۆچکەکە. لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین گەڕەکی شارۆچکەکەیە. ئەمەش بەهۆی بوونی نەمامگەی سیروان لەسەر ڕووبەرێکی گەورە. بەڵام لە ڕووی دانیشتوانەوە بچووکترینە. لە دوو بلۆک پێکهاتووە. بە گشتی ژمارەی بیناکانی ١٥٨ بینا و کۆی گشتیی یەکەی نیشتەجێبوونەکانی ١٢٦ یەکەیە. ١١٢ خێزان و ٥٤١ کەسی تێدا نیشتەجێیە. ٣- پەرلەمان: کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای شارۆچکەی (سیروان). گەڕەکەکە لە ٥ بلۆک پێکهاتووە. بە گشتی ژمارەی بیناکانی ٤٢٥ بینا و کۆی گشتیی یەکەی نیشتەجێبوونەکانی ٣٢٠ یەکەیە. ٢٥٥ خێزان و ١٣٠١ کەسی تێدا نیشتەجێیە. ئاڕاستەی فراوان بوونی گەڕەکەکە بۆ سەر ڕێگەی گوندی دوانزە ئیمامە. بەشێوەی ئەندازەیی گەڕەک و کۆڵانەکانی جیاکراونەتەوە. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بەتەواوەتی بۆ کراوە. ٤- شەهیدان: یەکێکە لە گەڕەکەکانی شارۆچکەی (سیروان). گەڕەکەکە لە ٧ بلۆک پێکهاتووە. بە گشتی ژمارەی بیناکانی ٦٤٤ بینا و کۆی گشتیی یەکەی نیشتەجێبوونەکانی ٤٦٦ یەکەیە. ٤٨٥ خێزان و ٢٣٠٢ کەسی تێدا نیشتەجێیە. ئاڕاستەی فراوانبوونی گەڕەکەکە بۆ سەر ڕێگەی گوندی بەشارەتی خوارووە. سەنتەری گەڕەکەکە کۆنە و بە شێوەی هەڕەمەکی و ئۆرگانی دروستبووە. بەشە تازەکانی تاڕادەیەک شێوەی ئەندازەیی ڕێکوپێکیان هەیە.
١- ڕێزەخاڵ: ناوی گەڕەکێکە لە ناو گوندی (خەرپانی). پاشماوەی دەیان خانوی لێ بەجێماوە. خانووەکانی بەشێوەی یەک لەسەر یەک دروستکراون و سەربانی خانوویەک بووە بە حەوشە و بەردەم ماڵی خانووەکەی سەرووی خۆی. لەنێوان چەند خانوویەکدا ڕێڕەوێکی تەسک هەیە بۆ هاتوچۆو. لە ئێستادا تەنها (١٠) خانووی ئاوەدانکراوەتەوە. ٢- قەڵاتێ: لە گەڕەکە تازەکانی خەرپانییە. بەرانبەر گەڕەکی ڕێژەخاڵ، دەڕوانێت بەسەر ئەمدیودیوی چەمو دۆڵەکانی گونددا، گۆڕستانی ئێستای گوند و چەند خانوویەکی تازەی تێدا دروستکراوە. ٣- وەردەگا: گەڕەکێکە لەناو گوندی (خەرپانی) و چڕترین گەڕەکی گوندەکەیە. بۆیە پێیدەوترێت (وەردەگا)، چونکە کەوتووەتە بەشی خوارووی گەڕەکی (ڕێزەخاڵ)ـەوە. (وەردەگا) ناوێکی هەورامییە و بەواتای (بەردەم لادێ) دێت. خانووەکانی چڕن و ڕووبەریان زۆر کەمە، تەنها لە هۆدە و هەیوانێک پێکهاتوون. لە تەنیشت سەرحەوزی خەرپانیەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاکو نزیک (قوتابخانەی خەرپانی). لە دیوی خۆرئاواییەوە پێیدەوترێت (حەوشەگەورە). بەشی خوارەوەی گەڕەکەکە پێیدەوترێت (باخەکانی وەردەگا) لە چەندین باخ پێکهاتووە. (کانیی شێخ حەیدەر) کەوتووەتە گەڕەکەکەوە و بۆ ئاودانی باخەکانی ناو چەم بەکاردێت. هەروەها (هانەڕوەنینە) یان (کانییە ڕۆنینە)ی لێیە، کە ئاوەکەی چەوریی پێوە دیارە و بریسکە دەداتەوە. بەشێک لە زەویی و باخەکانی گەڕەکەکە موڵکی مزگەوتن و لەلایەن خەڵکی گوندەوە سەرپەرشتیدەکرێن.
١- باسکی شێخ مۆمن: گەڕەکێکە لە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). بەناوی (شێخ مۆمنی سازان)وە ناونراوه، کە یەکێک بووە لە کەسایەتییە ئایینیەکانی ناوچەکە و ماوەیەک لەم گەڕەکە دانیشتووە. بەسەر دەشتەکانی بەردەمی و هەڵەبجەدا دەڕوانێت و دەشتی شارەزووری لێوە دیارە. لە ئێستەدا چڕترین گەڕەکی گوندەکەیە. ٢- باسکێ: گەڕەکێکە لە گوندی (عەبابەیلێ). لە بەرزایی و باسکێکدایە و کەوتووەتە بەرانبەری مزگەوتی گوندەکە و لە پشت باخەکانەوەیە. لە پێشتردا شوێنی فڕێدانی (سەنێر) و پاشەڕۆی ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخی گوندەکە بووە و دواتر ئاوەدانکراوەتەوە. ٣- چەم: گەڕەکێکە لە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). لە کۆتایی گەڕەکی (کانییە بەهارێ)وە دەستپێدەکات هەتا (گەڕەکی مەخۆڵێ). لە پێشتردا ئاوەدانبووە و قوتابخانە و نەخۆشخانەی گوندەکەی لێ بووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها شوێنەوارەکەی ماوەتەوە. ٤- سەرحەوز: گەڕەکێکە لە گوندی (عەبابەیلێ). کەوتووەتە دەوروبەری مزگەوت و (کانی ژنان) و خۆرهەڵاتی گەڕەکی (سەنێرگی باسکێ). بەناوی کانی (سەرحەوز) ناونراوە. چایخانەیەکی تێدابووە. مێژووی پەیدابوونی دێرینە و لە بیرەوەری بەتەمەنەکاندا نییە. ٥- کانییە بەهارێ: گەڕەکێکە لە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). بەناوی کانییەکی (عەبابەیلێ)وە ناونراوە. مێژوویەکی دێرینی نییه و بۆ ساڵانی پێش ساڵی ١٩٤٠ دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا بەشێکی کەم ماڵی لێییە. ٦- قەڵا: کەوتووەتە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). کەوتووەتە دەوروبەری بەرزایی (قەڵا)ی گوندەکە و هەر بەناوی ئەو بەرزاییەوە ناونراوە. لە ئێستادا ئاوەدانی تێدا نەماوە و تەنها شوێنەواری ماوە. ٧- مخۆڵێ: گەڕەکێکە لە ناوەڕاستی گوندی (عەبابەیلێ). کەوتووەتە تەختاییەک، کە کاتی خۆی شوێنی هەڵپەڕین و بۆنەکان بووە. (مخۆڵێ) بەواتای (ئەو خۆڵەی، کە لە ژێر پێدا بوەتە تۆز و ورد بووە) ڕێگەی هەموو گەڕەکانی بەشی سەرەوەی گوندەکەی کەوتووەتە سەر و مێژوویەکی دێرینی هەیە. ٨- هەوارگی ئەرخەوان: گەڕەکێکە لە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). کەوتوەتە بەردەمی شاخی (سەرسارایین) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی شاخی (شنروێ - عەبابەیلێ). چڕیی دانیشتوانەکەی کەمترە لە گەڕەکەکانی تر. بەناوی درەختی (ئەرخەوان)ـەوە ناونراوە، کە کاتی خۆی لەو شوێنەدا هەبووە.
١-ئاواییی ژووروو: کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای گوندەکەوە لەسەرووی گابەردێکەوەیە، کە لە ناوەڕاستی گوندەکەدا هەڵکەوتووە. ٢- بەردەڕەشێ: کەوتووەتە سەنتەری گوندەکە، لەبەر ناوەندبونی سەرەتای گەڕەکەکە، بە باسکی ناوی دەرکردووە. ٣- خەرمانی سەوڵێ: کەوتووەتە دامێنی چیای خۆرەتاوە سەختە لە بەشی خۆرهەڵاتی گوندەکە. ٤- خەرمانێ: کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندەکە. ٥- کانیە: کەوتووەتە بەشی باکوری گوندەکەوە.
یەکێکە لە گەڕەکە نوێیەکانی هەڵەبجە. کەوتووەتە گوڵانی سەروو. لە نزیک قوتابخانەی (باڵامبۆ)وە دەستپێدەکات، تاکو مزگەوتی (دایک) لەنێو دارستانی گوڵان درێژدەبێتەوە. ئاوەدانی زۆر کەمە. زەوییەکانی بەشێوەی ئەندازەیی بۆ ١٣ بلۆکی نیشتەجێ و چەند پارچە زەوییەکی گەورە بۆ سەوزایی و پارک، تەرخانکراوە. لە ئێستادا زۆربەی زەوییەکانی باخی هاوڵاتیانن. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٢٥٦٧٥٠م٢) دەبێت.
یەکێکە لە گەڕەکە گەورەکانی هەڵەبجە. لە خۆرئاوای شارەکە هەڵکەوتووە. لە ئەنجامی فراوانبوونی گەڕەکی (پیرمحەممەد) دروستبووە. نزیکەی ٧٧٥ یەکەی نیشتەجێبوون و ١٥٠ دوکان و فرۆشگا و دوو بیری ئیرتیوازی و سێ مزگەوت (گوڵان و فیردەوس و کاک ئەحمەدی موفتی زادە) و دوو قوتابخانە (حەمدون و ئامادەیی باڵامبۆ) و (هۆڵی بۆنەکان) و (گۆڕستانی گوڵان)ی تێدایە. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٨٣١٠٥٢م٢)یە. (شەقامی گوڵان) دەیکاتە دووبەش. بەشێوەیەکی گشتی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بۆ ئەنجامدراوە. ڕووبەری سەوزایی و پارکی تێدانییە. بازاڕی سەرەکیی زۆنەکە کەوتووەتە نێو ئەم گەڕەکەوە.
کەوتووەتە خۆرهەڵات و باکوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە. پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە ساڵی ٢٠٠٩ بەردی بناغەی دانراوە. وەبەرهێنەرەکەی (کۆمپانیای بەڕێز)ە. سەرمایەی پڕۆژەکە زیاتر لە (٢٥٠) ملیۆن دۆلارە. لە ١٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت، کە شەقامێکی چل مەتری بەنێویدا دەڕوات. بەپێی ماستەر پلانی پڕۆژەکە ڕێژەی سەوزایی زیاتر لە (٢٥%) دەبێت. دایەنگە و دوو قوتابخانەی بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیی تێدایە. سەرەڕای بنکەی تەندروستی و یاریگا و هتد. ڕووبەری پڕۆژەکە (٨٤٥٩٥٤م٢)یە.
گەڕەکێکی نوێیە. کەوتووەتە باکوری شاری هەڵەبجە. بە شەقامەکانی (هەژار موکریانی، دکتۆر سەردار، کانیە کوێرە) دەوردراوە. ڕووبەرەکەی (٣٢٣١٧٨م٢)یە. بەشێکی زۆری بە زیادەڕەوی کراوەتە زەویی نیشتەجێبوون. بەشەکانی دیکەی ئیفرازکراون و بۆ خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر تەرخانکراون. قوتابخانەی (شەهید ئەنوەری موهەندیس) و باڵەخانەی (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار) و (چێشتخانەی هەردی) تێدایە.
گەڕەکێکی بچوک و نوێیە. درێژکراوەی گەڕەکی (مامۆستایانی یەک)بووە. لە پاش ٢٠٠٣ دروستبووە. پێشتر دارستان و باخ بووە. بەشێوەیەکی نا_ئەندازەیی زەوییەکانی جیاکراونەتەوە. لە چەمی کارێز نزیک (گۆڕستانی شەهیدان) دەستپێدەکات لە نزیک باخی (جەوهەر) لەسەر ڕێگای زانکۆی هەڵەبجە، بەشێوەیەکی سێگۆشەیی کۆتاییپێدێت. ڕووبەرەکەی (١٩٣٨٩٢م٢)یە. چەندین پارچە زەوی بۆ خزمەتگوزاری تەرخانکراوە. وەک بنکەی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی، کە لەنێو ئەم گەڕەکەدان. بەگشتی خانووەکانی نزیکەی ٤٠٠ خانوو ٥٠ فرۆشگا و کۆگای تێدایە.
گەڕەکێکە لەناو شاری هەڵەبجە. لەپاش ساڵی ١٩٧٨ دروستبووە. بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیاکراوەتەوە. زەوییەکانی لەلایەن (کۆمەڵەی نیشتەجێبوونی کوردستان) بەپێی خاڵبەندی بەسەر (فەرمانبەران و مامۆستایان)ی دەوڵەت دابەشکران. بۆیە بە گەڕەکی (مامۆستایان) ناونراوە. لە پاش ٢٠٠٣ فراوانبووە. بەشە نوێیەکەی پێیدەوترێت (مامۆستایانی دوو). سنورەکەی لە (فولکەی مامۆستای نەناسراو) لە شەقامی (ئەحمەدموختار جاف) دەستپێدەکات، هەتا دەگاتە شەقامی (حەسەن زیرەک)، دواتر لە (سەندیکای ئەندازیاران) بە ئاڕاستەی (چەمی کارێز) دەڕوات لە تەنیشت (باخچەی ڕۆشنا) و مزگەوتی (عوسمان) کۆتاییپێدێت. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٤٥٠٤٦٨م٢)یە. زیاتر لە ٨٠٠ ماڵ و ١٠٠ دوکان و کۆگای تێدایە. جگە لە ئامادەیی ئەحمەدموختار (قوتابخانەی شەهید ئازاد هەورامی و بورهانی حاجی محەممەد و باخچەی منداڵانی هەڵەبجە و هۆڵی دکتۆر مستەفا زەڵمی و بەشەناوخۆیی کوڕانی زانکۆی هەڵەبجە و مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی، مزگەوتەکانی بەهەشت و ئیمام حەمزە)ی تێدایە. جووتسایدی (قانع) دەیکاتە دوو بەشەوە. سەرەڕای بوونی چەندین مارکێت و مۆڵ و پێداویستیی ڕۆژانە و ژنانە. بارەگای چەندین سەندیکای تێدایە.
گەڕەکێکی ناو شاری هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٩١ بەناوی شارێکی بچووکی (ئیتاڵیا) ناونراوە. بەهۆی ڕەشەکوژی دانیشتوانەکەی لە لایەن نازییەکانەوە شارەوانی ئەو شارە لە هەڵەبجە قوتابخانەیەکی بەناوی (مەرزەبۆتۆ)وە دروستکرد و گەڕەکەکەش ئەو ناوەی لێنراوە. ڕووبەرەکەی (٣٨٨٥٠٨م٢)یە. شەقامی (گۆران) لە گەڕەکی شێخ ئیسماعیلی جیادەکاتەوە. لە نێو خەڵکیشدا بە گەڕەکی (بەنزینخانە) ناودەبرێت. چونکە یەکەمین بەنزینخانەی حکومی، لەم گەڕەکەدا بووە. ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی بریتییە لە ١٦٦٨ یەکە. لەو ژمارەیە ١٩٨ یەکە کرێنشین و ١٣٢ یەکەش چۆڵن. بە گشتی ٢٠٥ دوکان و فرۆشگا و ٥٠ کۆگای عەمبارکردنی تێدایە. لەگەڵ دوو قوتابخانە (مەرزەبۆتۆ و گۆران) و (کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە)ی تێدایە.
نوێترین گەڕەکی هەڵەبجە و گەورەترین گەڕەکە بەپێی نوێترین نەخشەی شارەوانی. ڕووبەرەکەی (٢٨١٣٨٥٠م٢)یە. ئەم گەڕەکە ئیفرازکراوە، کەوتووەتە نێوان هەردوو گوندی (عەنەب و جەلیلە)وە. بەناوی کانییەکەوە ناونراوە، کە کەوتووەتە نێو ئەم زەوییە کشتوکاڵییە بەپیتانەوە. لە ئێستادا بەشێوەی نەخشەی پەسەندکراو ئاوەدان نییە و هەموو زەوییەکان کراونەتە خانەباخ و وەک شوێنێک بۆ پشوودان بەکاردێت.
پێشتر گوند بووە. بەهۆی فراوانبوونی سنوری شاری هەڵەبجەوە، کەوتووەتە سنوری شارەوانی و بەهەمان ناوی گوندەکە کراوەتە گەڕەکێک. سیمای گەڕەکێکی شارستانی پێوەدیارنییە و هەر گوندە و ناوەکەی کراوە بە گەڕەک. زۆربەی زەوییەکانی دەوروپشتی ڕەگەزی کشتوکاڵیان لەدەستداوە و کراونەتە گەڕەک. هاوسنورە لەگەڵ گەڕەکەکانی (یادگاری و سێ گردان و سەروەرانی دوو). ڕووبەرەکەی (١٢٦٤١٢م٢)یە. چەمی گوڵان بە دیوی پشتەوەیدا تێپەڕدەبێت. چەندین باخی هەناری تێدایە. لەسەر شەقامی سەرەکی ئەم گەڕەکە قوتابخانەی (یەکیەتی برایان) هەڵکەوتووە.
نوێترین گەڕەکی ناو شاری هەڵەبجەیە. لەپاش ساڵی ٢٠١٣ جیاکراوەتەوە. زەوییەکانی سەر بە گوندەکانی (عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ و بامۆک) بوون. ڕووبەرێکی فراوانی سنوری شارەوانیی هەڵەبجەی داگیرکردووە. ڕووبەرەکەی (٢٧٥٢٤٥٥م٢)یە. جگە لە پڕۆژەی شوقەی کرێنشینان، کە ١٢ باڵەخانەن و کۆلێژی هەڵەبجەی هاوبەشی کوڕان، چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بە پەرشوبڵاوی تێدایە. زەوییەکانی تاپۆن و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، یان وەک قەرەبوو دراونەتە جوتیارانی دیکە، کە زەوییەکانیان لە ئەنجامی فراوانبوونی سنوری شاردا، کەوتونەتە بەر پڕۆژەکانی شارەوانی.