گەڕەکەکانى شارۆچکەی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12
١- ئاشتى: کەوتووەتە بەشی باکوری شارۆچکەی (خورماڵ). شەقامی هەورامان لە گەڕەکی ئەردەڵان و شەقامی شاکر فەتاح لە گەڕەکی قەڵا جیایدەکاتەوە. لە ٧ بلۆک پێکهاتووە. بەگشتی ٥٠١ بینای تێدایە. ٤٧٢ یەکەی نیشتەجێبوون و ٤١١ خێزان و ١٩٩٠ کەس تێیدا نیشتەجێن. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دروستکراوە. لە ١١ کۆڵان پێکدێت. یەک مزگەوت کەوتووەتە سنوری ئەم گەڕەکەوە.
٢- ئەردەڵان: کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٧٨ دروستکراوه. پێشتر وەک ئۆردوگایەک بۆ خەڵکی لادێکان دروستکراوە. لە نۆ کۆڵان پێکدێت. سێ مزگەوت و قوتابخانەیەک کەوتوونەتە سنوری ئەم گەڕەکەوە.
٣- داڵانی: کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (خورماڵ). گەڕەکێکی دێرینە. بە ئاڕاستەی دێکۆن فراوان بووە. لە ١١ بلۆک و ٩٧٩ بینای تێدایە، کە ٧٤٣ بۆ نیشتەجێبوونە و ٧٠٩ خێزان و ٣١٩٠ کەسی تێدا نیشتەجێن. لە تۆمارە فەرمیەکاندا کۆدی ٣٠١ وەرگرتووە.
٤- فەرمانبەران: کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (خورماڵ) لەسەر ڕێگای سەرەکیی خورماڵ - ئەحمەدئاوا. ساڵی ٢٠٠٥ دروستکراوە. لە حەوت کۆڵان پێکدێت. زۆرینەی خانووی فەرمانبەرانە. دوو قوتابخانە و مزگەوتێک کەوتوونەتە سنوری ئەم گەڕەکەوە.
٥- قەڵا: کەوتووەتە بەشی باکور و باکوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (خورماڵ). کۆنترین و گەورەترین گەڕەکی شارۆچکەکەوە. مێژووەکەی لەگەڵ دروستبوونی خورماڵدایە. لە ٢٠ کۆڵان زیاتر پێکدێت. سێ مزگەوت و دوو قوتابخانە کەوتوونەتە سنوری ئەم گەڕەکەوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنى ئامادەکار(سەلام هانەدنی) لەگەڵ (جاسم مەحموود مستەفا)، لەدایکبوو: ١٩٧٦، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: فەرمانبەر، لە ٣ی ٧ی ٢٠٢٣، لە خورماڵ.
- چاوپێکەوتنى ئامادەکار (سەلام هانەدنی) لەگەڵ (سامان نامیق ئەسکەندەر)، لەدایکبوو: ١٩٧٣، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٣ی ٧ی ٢٠٢٣، لە خورماڵ.
- بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری سلێمانی، ئەنجامە سەرەتاییەکانی کاری ژمارەلێدان و گەمارۆسازی، ئامادەکاری بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە مانگی ١٢ی ٢٠٠٩.
- سەرۆکایەتیی شارەوانیی خورماڵ، بەشی هونەری، داتای بڵاونەکراوە، ساڵی ٢٠٢٤.
ئامادەکردنی: سەلام هانەدنی,کارزان عەدنان حەمەسەعید