گەڕەکەکانی شارەدێی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
١- چلانە: گەڕەکێکە لە شارەدێی (تەوێڵە). خانووەکانی چڕوپڕ و چین لەسەر چینن. لە ڕووی مێژووییەوە یەکەمین گەڕەکی شارەدێیەکەیە. لە سەرەتادا تەنها لە ٤٠ ماڵ بووە. دەربارەی ناوەکەی بۆ وشەی (چل یانە)ی زمانی هەورامی دەگەڕێتەوە، کە واتاکەی لە کوردیدا دەبێتە (چل ماڵ). دواتر بە تێپەڕبوونی کات و لەسەر زمان (چل یانە) کورت بووەتەوە بۆ (چلانە). گەڕەکەکە لە چەند کۆڵانێک (دەمەرە سورا، سەفەر، ئۆسایا، مەڵایا، تاشڵا، هەڵاوەگا، قەڵابۆزان، هانە سوسو) پێکهاتووە. لە ئێستادا لە ٢٨٠ خانو پێکدێت و خانووەکان نوێکراونەتەوە. بەهۆی سەختی و تەسکیی کۆڵانەکانەوە، زبڵ و خاشاکی ماڵان بە وڵاخ و ئاژەڵی باربەر کۆدەکرێتەوە.
٢- گەڕیات: گەڕەکێکە لە شارەدێی (تەوێڵە). گەڕەکێکی نوێیە. کەوتوەتە سەرەڕێگەی سەنتەری شارەدێکە. ناوی (گەڕیات) لە وشەی (گەڕیان)، بەواتای گەڕان و هاتوچوونی ئەو گەنجە کەشخە و شیکانەوە هاتووە، کە لە تەوێڵەوە هاتوون و لە نێوان باخەکاندا پیاسەیانکردووە. (٨٠%)ی باخە. لە ئێستادا تەنها ٣٥ ماڵی لێیە. ڕێگەی گۆڕستانی (باوە سەرهەنگ) و گۆڕستانی(گەورەی تەوێڵە) دەکەونە سنوری گەڕەکەکەوە. زیارەتگەی (فەقێ ئەحمەد) و کۆمەڵێک دووکانی کەلەپوری لێیە. لەسەر پردی گەڕیاتەوە دەستپێدەکات تاکو خانەقای تەوێڵە. لەسەر پردەکە بازگەی نشینگەی تەوێڵە و ڕێگەی مەرزی (شوشمێ - تەوێڵە) هەیە. (شێخ عوسمانی حیسامەددین) لە نێو گەڕیات باخێکی گەورەی هەبووە و وەقفی گشتی کردووە تاکو بۆ پشوودان بەکاریبهێنن. لەسەردەمی حکومەتی عێراقدا ئوتێلێکی گەشتیاری لەنێو گەڕیاتدا هەبووە، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بووە بە بارەگای (قیادە مووەقەتە) و وەک نەخۆشخانەش بەکارهاتووە، بەڵام دواتر ڕوخێنراوە. (خانەقای تەوێڵە)، (بنکەی نشینگە) و (بنکەی پۆلیس و ئاسایش) کەوتوونەتە سنورە گەڕەکەکەوە.
٣- مالیدەر: گەڕەکێکە له شارەدێی (تەوێڵە). لە ڕووی مێژووی دروستبوونیەوە لە دوای گەڕەکی (چلانە) بە پلەی دووەم دێت. لە ئێستادا گەورەترین گەڕەکی تەوێڵەیە. سنورەکەی لە سەرەتای (ئاوێسەر)ەوە هەتا کۆتایی باخەکانی چەمی (دزاوەر) درێژدەبێتەوە. دەربارەی ناوی (مالیدەر) بۆچوونی جیاواز هەیە لەوانە: بەواتای (ماڵ لە دەردێت) واتە ماڵ لەدەرەوەی گەڕەکی (چلانە). لە (مارف) ناوێکەوە هاتووە، کە خەڵکی بە (مالە) ناویان هێناوە و پیاوێکی سەربەکێشە بووە و لە گەڕەکی (چلانە) وەدەرنراوە و چووەتە ئەو شوێنە و بووە بە (مالەی دەرکراو). ڕووی لە (قیبلە)یە و تیشکی خۆری بەباشی بەردەکەوێت. نزیکەی ٣٥٠ ماڵی لێ نیشتەجێیە. نزیکەی ٥٠ خانووی لەسەر شێوازی دێرینی ناوچەکە ماونەتەوە. مالیدەر لە کۆڵانەکانی (باخچەمیرا، دەرەتفێ، بانەگەورە، عەلی حاجی، شاسوارا، خەمەکاوە، ماڕێ حاجی، ماڕی مامۆستا، پەشت و بانا، بابائەسکەندەر، کوجین، سەردەرگا) پێکهاتووە. (کتێخانەی گشتیی تەوێڵە) و (شارەوانیی تەوێڵە) کەوتوونەتە سنوری گەڕەکەکەوە.
٤- وەراوەر: گەڕەکێکە لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). نوێترین گەڕەکی تەوێڵەیە. ناوەکەی بەواتای (بەرانبەر) دێت، چونکە کەوتووەتە بەرانبەری هەردوو گەڕەکی (چلانە و مالیدەر)ەوە. مێژووی دروستبوونی بۆ سەد ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. شوێنەکەی سەخت و لێژە، نسرمە و کەمتر خۆری بەردەکەوێت سەخت و لێژە. خانووەکانی یەک نهۆمین و بۆیەکەمینجار لەلایەن (حەسەنی حەمەحسەین) و (ساڵحی حاجی سدیق)ـەوە دروستکراوە. لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ خانوی لێیه. (خانەقای تەوێڵە) کەوتووەتە سنورییەوە. لە کۆڵانەکانی (پشتی خانەقا، شاهۆ، یارە، ماوەزا، وەراوەری وارین، وەراوەری سەرین، وی سورە) پێکدێت.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عیماد محەممەد خالید ئەسکەندر)، لەدایکبوو: ١٩٧٩، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: سەرۆکی شارەوانیی تەوێڵە، لە ١٠ی ١ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید