گەڕەکەکانی شارۆچکەی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-13
١- بەرانبەر: گەڕەکێکە لە شارۆچکەی (بیارە). نسرمە و بە قەد پاڵی شاخی (وەرانوەر) هەڵکەوتووە. ژمارەی خانووەکانی کەمن. تەنها ٣٨ ماڵی تێدا کراوەتەوە و ژمارەی دانیشتوانی ٩٨ کەس دەبن. گەڕەکی ناودێ کەوتووەتە بەرانبەری. هاتوچۆی تێدا سەختە و زۆربەی خانوەکانی دەکەونە بەردەم جۆگەی سنوری (وەرانوەر). تەنها مزگەوتێکی تێدایە و دەڕوانێت بەسەر چەمی بیارەدا. کۆڵانەکانی بە پلیکان و بەشێوەی پێچاوپێچ دێنەوە سەر بازاڕی بیارە. خانووەکان لە نێوباخ و باخاتی گوێزن، تاڕادەیەک پەڕاگەندەن و دوورن لەیەکەوە. بەڵام بەشێوەیەکی ڕەسمی وەک گەڕەکێکی شارۆچکەکە ناسێنراوە.
٢- پشت جۆ: کەوتووەتە خۆرئاوای شارۆچکەی (بیارە)، لە پشت خانەقای بیارەیە، (١١٦٦م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی (بیارە) و چیای قاسم خان، لە باشورەوە شارۆچکەی (بیارە) و لە باکورەوە چیای قاسم خان و دۆڵی دەرەو تەکیەی و لە خۆرهەڵاتەوە هانە گەرمەڵە و لە خۆرئاواوە ملەی چنار دەورەیانداوە. گەڕەکێکی کۆنی شارەکەیە و بەردەوامە لە فراوانبوون و ڕێگای کۆنکرێتی بۆ دروستکراوە و خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و قوتابخانەی تێدایە. هەتا نزیک سەرسنوری ئێران درێژبووەتەوە و لە نزیک مەرزی لاوەکی هانەگەرمڵە کۆتاییپێدێت. ژمارەی خانووەکانی ١١٩ خانوو و ٣٤٨ کەسی تێدا نیشتەجێیە، کە ١١ ماڵ کرێنشینن. (پشت جۆگە)یشی پێ دەوترێت.
٣- کاوات: گەڕەکێکی نوێیە لە شارۆچکەی (بیارە). لە دوای ٢٠٠٣ دروستبووە. کەوتووەتە سەر گردی کاوات و دەڕوانێت بەسەر ڕێگای سەرەکیی (بیارە - تەوێڵە). ژمارەی خانووەکانی ١٩٤ خانووە لە ٢٠٢٣، کە کۆی گشتیی دانیشتوانەکەی ٥٨٩ کەسن. لەو ژمارەیە ٤٢ خێزانیان کرێچین. گەڕەکەکە پێشتر پێیوتراوە (ئۆردوگا)، چونکە چەند خێمەیەکی تێدا هەڵدراوە. بەڵام ئێستە ئاوەدانە، (بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی بیارە، یاریگای فوتساڵ، مزگەوت)ی تێدایە. دەڕوانێت بەسەر چەمی بیارەدا و دیمەنێکی جوانی هەیە.
٤- گەناوڵە: یەکێکە لە گەڕەکەکانی ناو شارۆچکەی (بیارە) و کەوتووەتە پشت ملەی چنار و چەندین دامەزراوەی حکومی تێدایە لەوانە (بنکەی کارتی نیشتمانیی بیارە، کتێبخانەی گشتیی بیارە، ڤێتەرنەری بیارە، کشتوکاڵی بیارە، دارستان و پاوانی بیارە، چاکسازیی کارەبای بیارە). لە باکورەوە چیای کڵاوەی ئاشور و لە باشورەوە قەڵا و لە خۆرهەڵاتەوە گەڕەکی پشت جۆ و گۆڕستانی بیارە و لە خۆرئاواوە لوتکەی ئاسنەوەرد، دەورەیانداوە.
٥- مەنارا: کەوتووەتە گوندی (سۆسەکانی)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). یەکێکە لەو سێ گەڕەکەی گوندەکەیان پێکهێناوە، دەکەوێتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندەکە و لەلاپاڵێکدایە. بە سەر باخەکانی گوندەکەدا دەڕوانێت. لە ئێستادا نزیکەی ٢٥ ماڵى تێدا نیشتەجێیە.
٦- ملەی چنار: یەکەمین گەڕەک و دەروازەی شارۆچکەی بیارەیە. بە قەدپاڵی شاخی ئاسنە وەردەوەیە. بەشێکی لەسەر گردێکە بەناوی ملەگای چنار. دەڕوانێت بەسەر چەمی بیارە وزەردەهاڵ و دەرەقەیسەردا. نزیکەی ١٦٠ خانووی تێدایە و ٤٦٦ کەسی تێدا نیشتەجێیە، کە ٢٠ خێزانیان کرێچین. هەریەک لە بنکەی پۆلیس، پاسەوانی سنور، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و کارەبا و قوتابخانەی بیارەی شەریفەی تێدایە.
٧- ناودێ: کۆنترین و چڕترین گەڕەکی بیارەیە. دەوروپشتی خانەقا و نێو بازاڕی بیارە دەگرێتەوە. لە ١١١ ماڵ پێکهاتووە و بواری فراوانبوونی نییە. ٢٨٢ کەسی تێدا نیشتەجێیە، کە ٢٨ خێزانیان کرێنشینن. مزگەوتی کۆنی بیارە و خانەقا و قوتابخانەی سەرەتایی و بازاڕی شارۆچکەکەی تێدایە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (سەلام هانەدنی) لەگەڵ (فاتیح عەبدولقادر مستەفا)، لەدایکبوو: ١٩٦٥، ئاستی خوێندن: ناوەندی، پیشە: فەرمانبەر، لە ٣٠ى ٩ى ٢٠٢٣، لە سۆسەکان.
- داتا و زانیاریی سەرۆکایەتی شارەوانی بیارە، بەشی خزمەتگوزاری بە هاوکاری سەرۆکی شارەوانی (زانا حەمەشەریف)، لە ١٥ی ١ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (د. ڕێباز لوقمان مستەفا) لەگەڵ مامۆستا (حەمەئەمین بیارەیی)، لەدایکبوو: ١٩٤٩، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستای خانەنشین، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکاران (د. ڕێباز لوقمان مستەفا و کارزان عەدنان حەمەسەعید) لەگەڵ مامۆستا (حەمەئەمین بیارەیی)، لەدایکبوو: ١٩٤٩، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستای خانەنشین، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (کارزان عەدنان حەمەسەعید) لەگەڵ (عەلی عەبدوڵا حەمەسەعید)، لەدایکبوو: ١٩٦٤، پیشە: سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، لە ١٤ی ٤ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید,سەلام هانەدنی,د. ڕێباز لوقمان مستەفا