گەڕەکەکانی گوندی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


لاپەڕەی 247

خەرپانی

١- ڕێزەخاڵ: ناوی گەڕەکێکە لە ناو گوندی (خەرپانی)‌. پاشماوەی دەیان خانوی لێ بەجێماوە. خانووەکانی بەشێوەی یەک لەسەر یەک دروستکراون و سەربانی خانوویەک بووە بە حەوشە و بەردەم ماڵی خانووەکەی سەرووی خۆی. لەنێوان چەند خانوویەکدا ڕێڕەوێکی تەسک هەیە بۆ هاتوچۆو. لە ئێستادا تەنها (١٠) خانووی ئاوەدانکراوەتەوە.

٢- قەڵاتێ: لە گەڕەکە تازەکانی خەرپانییە. بەرانبەر گەڕەکی ڕێژەخاڵ، دەڕوانێت بەسەر ئەمدیودیوی چەمو دۆڵەکانی گونددا، گۆڕستانی ئێستای گوند و چەند خانوویەکی تازەی تێدا دروستکراوە.

٣- وەردەگا: گەڕەکێکە لەناو گوندی (خەرپانی)‌ و چڕترین گەڕەکی گوندەکەیە. بۆیە پێیدەوترێت (وەردەگا)، چونکە کەوتووەتە بەشی خوارووی گەڕەکی (ڕێزەخاڵ)ـەوە. (وەردەگا) ناوێکی هەورامییە و بەواتای (بەردەم لادێ) دێت. خانووەکانی چڕن و ڕووبەریان زۆر کەمە، تەنها لە هۆدە و هەیوانێک پێکهاتوون‌. لە تەنیشت سەرحەوزی خەرپانیەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە تاکو نزیک (قوتابخانەی خەرپانی). لە دیوی خۆرئاواییەوە پێیدەوترێت (حەوشەگەورە). بەشی خوارەوەی گەڕەکەکە پێیدەوترێت (باخەکانی وەردەگا) لە چەندین باخ پێکهاتووە. (کانیی شێخ حەیدەر) کەوتووەتە گەڕەکەکەوە و بۆ ئاودانی باخەکانی ناو چەم بەکاردێت. هەروەها (هانەڕوەنینە) یان (کانییە ڕۆنینە)ی لێیە، کە ئاوەکەی چەوریی پێوە دیارە و بریسکە دەداتەوە. بەشێک لە زەویی و باخەکانی گەڕەکەکە موڵکی مزگەوتن و لەلایەن خەڵکی گوندەوە سەرپەرشتیدەکرێن.

سەرچاوەکان:

  1. بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro. Version ٧. ٣. ٤).
  2. بەکارهێنانی بەرنامەی Open street map (OSM) .

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

2

هاوبەشی پێبکە