گەڕەکەکانی گوندی

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-16


لاپەڕەی 248

عەبابەیلێ

١- باسکی شێخ مۆمن: گەڕەکێکە لە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). بەناوی (شێخ مۆمنی سازان)وە ناونراوه،‌ کە یەکێک بووە لە کەسایەتییە ئایینیەکانی ناوچەکە و ماوەیەک لەم گەڕەکە دانیشتووە. بەسەر دەشتەکانی بەردەمی و هەڵەبجەدا دەڕوانێت و دەشتی شارەزووری لێوە دیارە. لە ئێستەدا چڕترین گەڕەکی گوندەکەیە.

٢- باسکێ: گەڕەکێکە لە گوندی (عەبابەیلێ). لە بەرزایی و باسکێکدایە و کەوتووەتە بەرانبەری مزگەوتی گوندەکە و لە پشت باخەکانەوەیە. لە پێشتردا شوێنی فڕێدانی (سەنێر) و پاشەڕۆی ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخی گوندەکە بووە و دواتر ئاوەدانکراوەتەوە.

٣- چەم: گەڕەکێکە لە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). لە کۆتایی گەڕەکی (کانییە بەهارێ)وە دەستپێدەکات هەتا (گەڕەکی مەخۆڵێ). لە پێشتردا ئاوەدانبووە و قوتابخانە و نەخۆشخانەی گوندەکەی لێ بووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها شوێنەوارەکەی ماوەتەوە.

٤- سەرحەوز: گەڕەکێکە لە گوندی (عەبابەیلێ). کەوتووەتە دەوروبەری مزگەوت و (کانی ژنان) و خۆرهەڵاتی گەڕەکی (سەنێرگی باسکێ). بەناوی کانی (سەرحەوز) ناونراوە. چایخانەیەکی تێدابووە. مێژووی پەیدابوونی دێرینە و لە بیرەوەری بەتەمەنەکاندا نییە.

٥- کانییە بەهارێ: گەڕەکێکە لە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). بەناوی کانییەکی (عەبابەیلێ)وە ناونراوە. مێژوویەکی دێرینی نییه و بۆ ساڵانی پێش ساڵی ١٩٤٠ دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا بەشێکی کەم ماڵی لێییە.

٦- قەڵا: کەوتووەتە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). کەوتووەتە دەوروبەری بەرزایی (قەڵا)ی گوندەکە و هەر بەناوی ئەو بەرزاییەوە ناونراوە. لە ئێستادا ئاوەدانی تێدا نەماوە و تەنها شوێنەواری ماوە.

٧- مخۆڵێ: گەڕەکێکە لە ناوەڕاستی گوندی (عەبابەیلێ). کەوتووەتە تەختاییەک، کە کاتی خۆی شوێنی هەڵپەڕین و بۆنەکان بووە. (مخۆڵێ) بەواتای (ئەو خۆڵەی، کە لە ژێر پێدا بوەتە تۆز و ورد بووە) ڕێگەی هەموو گەڕەکانی بەشی سەرەوەی گوندەکەی کەوتووەتە سەر و مێژوویەکی دێرینی هەیە.

٨- هەوارگی ئەرخەوان: گەڕەکێکە لە سنوری گوندی (عەبابەیلێ). کەوتوەتە بەردەمی شاخی (سەرسارایین) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی شاخی (شنروێ - عەبابەیلێ). چڕیی دانیشتوانەکەی کەمترە لە گەڕەکەکانی تر. بەناوی درەختی (ئەرخەوان)ـەوە ناونراوە، کە کاتی خۆی لەو شوێنەدا هەبووە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عەبدوڵا ڕەئوف ڕەشید)، لەدایکبوو: ١٩٥٤، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: خانەنشین، لە ٢٢ی ٣ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

5

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئاشەکانی گوندی

١-ئاشى خواروو: ئاشی ئاوە‌. بە دووریى (٢٠ بۆ ٣٠م) کەوتووەتە خوارووی مەرقەدى (عەبابەيلێ)وه لە دەروازەى گوندی (عەبابەیلێ). ناوەکەى لەوەوە هاتووە، کە لە‌ خواروو ئاوايى و ئاشەکانى ترى ناو گوندەکەوەیە‌. موڵکى ماڵى (شێخ ڕەشيدى شێخ محەممەد، شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود و شێخ ئەحمەدى شێخ مەحموود)ە. بە بەرد و قسڵ دروستکراوە و بەرداشەکانيان لە ئێرانەوە بۆ هێناوه. بە ئاوى (کانیى ژنان) و (کارێزان) گەڕاوه. هەتا حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە. بەهۆى پەيدابوونى ئاشە کارەباييەکانى ناو هەڵەبجەوه،‌ چيتر ئەو بايەخەى جارانى نەماوە و لەکارکەوتووە. ٢- ئاشى سەروو: ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ)، لە سەروو (ئاشى ناوەڕاست)ـەوەیە. موڵکى (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) بووە. بە بەرد و قسڵ دروستکراوە. بەرداشەکەی لە ئێرانەوە بۆ هێنراوە. به ‌ئاوى (کانیى ژنان) گەڕاوە. هەتا شەستەکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە و و دواتر لەکارکەتووە. ٣- ئاشى ناوەڕاست: ئاشی ئاوە‌. کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) لە سەروو (ئاشى خواروو)ەوەیە‌. موڵکى (شێخ ئيبراهيمى شێخ ڕەشيدى شێخ محەممەد) و (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) بووە. لە بەرد و قسڵ دروستکراوە و بەرداشەکەى لە ئێرانەوە بۆ هێنراوه. بە ئاوى(کانیى ژنان) و (کانیى ناودێ) گەڕاوە. هەتا شەستەکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە و دواتر لەکارکەتووە. ٤- ئەحلان: ئاشی ئاوە‌. کەوتووەتە ناوەڕاستی باخەکانی گوندی (عەبابەیلێ). موڵکی (شێخ ڕەشید)بووە. بە ئاوی (کانیی سەرحەوز) گەڕاوە. ٥- بەر شەخسی : ئاشی ئاوە‌. کەوتووە بەردەم مەزاری گوندی (عەبابەیلێ). بە ئاوی کارێزان گەڕاوە. موڵکی (شێخ ئیبراهیم) بووە. حسێن ناوێک کاری لەسەر کردووە. هەتا ساڵانی حەفتاکان بەردەوامبووە و شوێنەوارەکەی ماوە. ٦- ڕۆستەم: ئاشی ئاوە‌. لە بەردەم ماڵی (شێخ ڕەشید) و موڵکی ئەو بووە. هەتا کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بە ئاوی (کانییە بەهارێ) گەڕاوە. (ڕۆستەم) ناوێک سەرپەرشتیکردووە. هەتا کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو شوێنەواری ماوە.

زیاتر بزانە
عەبابەیلێ

کەرتی ٢٨ی اباعبیدە کەرتی کشتوکاڵی

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارۆچکەی سیروان و باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. تۆبۆگرافیاکەی لە ناوچەی شاخە بەرزەکانی شنروێ و بەفری میری هەڵکەوتووە و بەسەر دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. بەرزییەکەی لە پێدەشتەکانی دەروبەری هەڵەبجە نزیکەی (٨٠٠م)ە و بە ئاڕاستەی چیای شنروێ هەتا بەرزیی (١٧٥٠م) لە ئاستی دەریا بەرزدەبێتەوە. سنوری گوندەکانی (عەبابەیلێ، دەڵەمەڕ، بەختیاری، کانی گوێز) دەگرێتەوە. بڕیاری تەسوییەکردنی بە ژمارە ٣٧١٥ لە ٢٢ى ١٠ی ١٩٥٥ لە ڕۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە. لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین کەرتی شارۆچکەی سیروان و لەپاش کەرتی (٢٥ی یاڵانپێ) دووەمین کەرتی گەورەی پارێزگای هەڵەبجەیە. کۆی گشتیی ڕووبەرەکەی ١٦٠٠٧٨ دۆنم و ٣٠ ئۆلکە. خاوەندارێتیی زەوییەکانی ١٢٠٣٥ دۆنم و یەک ئۆلکی بۆ میری و ٣٧٩٧ دۆنم و دوو ئۆلکی وەک موڵک بۆ جوتیاران تۆمارکراوە. زەویی بەراو (٣٨٩) دۆنم و ١٠ ئۆلکە زەویی پشتاو دێم ٣٠٠٥ دۆنمە بەردەڵان ٢٣٥ دۆنم و ١٦ ئۆلک و ڕێگاوبان ٨٩ دۆنم و جێ_گوند ٢٥٦ دۆنم و ٢٢ ئۆلک باخی بەراو ١٤٤ دۆنم و باخی پشتاو تەنها شەش دۆنم و دارستانی سروشتی ٩٠١١ دۆنم و دارستانی دەستکرد ١٠٠ دۆنم و لەوەڕگای سروشتی ٣٠٣٩ دۆنم لە ڕووبەری گشتی پێکدەهێنێت.

زیاتر بزانە
عەبابەیلێ