شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

سەرا

یەکێکە لە کۆنترین و سەرەکیترین گەڕەکە فەرمییەکانی هەڵەبجە. مێژوویەکی دێرینی هەیە و ناوێکی تورکیە و لە وشەی (سەرای) سەردەمی عوسمانیەکانەوە هاتووە. بەواتای (کۆشک) دێت. چونکە فەرمانگەکانی قایمقامیەت و پۆلیسی و باج و دارایی لێبووە. هەر لە کۆنەوە موختار و مۆری هەبووە. ڕووبەرەکەی (٤٠٥٤٢٥م٢)یە. سنورەکەی لە عەریزەنوسەکانی بەردەم شارەوانییەوە دەستپێدەکات تاکو مزگەوتی (محمد ڕسول الله) درێژدەبێتەوە. ژمارەی خانووەکانی نزیکەی ١٢٤٠ یەکەی نیشتەجێبوون دەبێت، کە لەو ژمارەیە ١٨٨ خانو چۆڵن، بەهۆی کۆنی یان کارەساتەکانی شارەکەوە ئاوەداننەکراونەتەوە. بەشێک لە خانووەکانی ئەم گەڕەکە کەلەپوری و کۆنن. هەروەها نزیکەی ٩٠ مارکێت و دوکان و فرۆشگای تێدایە. لەگەڵ چوار قوتابخانەی ئامادەیی و بنەڕەتی. پێنج مزگەوت و چەندین بارەگای حکومی وەک دادگا و بانک و نەخۆشخانەی بەخشین و هتد. لە کۆندا گۆڕەپانی وەرزش و خانوی موەزەفەکان لە سنوریدا بوون. شەقامی گشتی لە گەڕەکی شەهیدانی جیادەکاتەوە. لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە ئەم گەڕەکە پێکهاتەیەکی فرە_کلتور و تێکەڵی هەیە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ شاری هەڵەبجە لە سێ گەڕەک (پیرمحەممەد، سەرا و پاشا) پێکهاتووە. گەڕەکی سەرا بە (السرای) ناوی هاتووە. کۆی گشتیی دانیشتوانی ١٨٩٥ کەس بووە.

سەراى کۆن

کەوتووەتە ناوشاری هەڵەبجە و ڕۆژهەڵاتى مزگەوتى گەورە (جاميعە) و بە تەنيشت ماڵى ئەحمەدبەگى سۆسەنەوە بووە، لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا دروستکراوە. ناوى گەڕەکى سەرا لەناوى ئەم سەرا کۆنەوە هاتووە. سەراى نوێ: کەوتووەتە بەشى ڕۆژهەڵاتى سەراى کۆن و لە دواى ساڵى ١٩٣٠يەوە دروستکراوه، زەویى ئەم سەرايە و ئەو گەڕەکەى بە تەنيشت ئەم سەرايەوە دروستبوو، موڵکى ئەحمەدموختار جاف بووە و دابەشیکردووە بەسەر خەڵکى فەقير و کەمدەراتى شارەکەدا. چوارباخ: يەکێک بووە لە باخە جوان و ڕازاوەکانى هەڵەبجە، ئەحمەدموختار جاف دروستيکردووە، بەناوى (چوارباخ)ى پێنجوێنەوە ناويناوە‌. کەسێک بەناوى عەبۆل سەرپەشتیدەکرد، بۆيە هەندێکجار بە (باخى عەبۆل)يش دەناسرا، ئەحمەدموختار ئەو باخەى بۆ خۆشیى خەڵکى هەڵەبجە دروستکردبوو. هەر لەبەرئەوەش بوو شوێنى دانيشتنى تيادا دروستکردبوو، بۆئەوەى ئێواران خەڵکى تيايدا دابنيشن و ئيسراحەتبکەن، لە زۆر شوێنەوە درەختى جۆراوجۆرى بۆ هێنابوو، لەوانە: دارى خەنە، پرتەقاڵ، هەنار و هەنجير و ترێ... هتد.

سەروەرانی دوو

گەڕەکێکە لە ناوشاری هەڵەبجە. بۆ خانەوادەی شەهیدانی کیمیاباران دروستکراوە. شێوەیەکی ئەندازەیی چوارگۆشەی هەیە. ڕووبەرەکەی (١٣٦٨٨٩م٢)یە. (٠. ٥٤%) ڕووبەری ناوەندی هەڵەبجە پێکدەهێنێت. شەقامی (سیروان) بە چواردەوریدا دەسوڕێتەوە و لە گەڕەکەکانی (دەروازە، سێ گردان، حەسەنئاوا)ی جیادەکاتەوە. ڕێژەی سەوزایی تێیدا بەرزە. چەند پارکێکی بچوک و مام ناوەند و چوار یاریگای بچوکی منداڵان تێدایە. هەروەها دوو یاریگای (فوتساڵ)ی تێدایە. نوێنەرایەتیی هەڵەبجەی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لەسەر شەقامی سەرەکیی ئەم گەڕەکەیە.

سەروەرانی یەک

گەڕەکێکی نوێیە له ‌ناوشاری هەڵەبجە. لەنێوان گەڕەکی (شێخ ئیسماعیل و یادگاری) لە خۆرئاوای شارەکە هەڵکەوتووە. لە پاش ساڵی ٢٠٠٥ بۆ کەسوکاری کیمیابارانی هەڵەبجە بونیادنراوە. زیاتر لە ٤٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی (٢٠٠ - ٢٢٠م)ی تێدایە. بەشێوەیەکی ئەندازەیی ڕێکوپێک و بونیادنراوە و ڕێژەی سەوزایی بەرزە و سێ پارکی مامناوەندی تێدایە. لە(بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە)ەوە بە ئاڕاستەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە) درێژدەبێتەوە. ڕووبەرەکەی (١٧٤٢٩٦م٢) دەبێت.

سێگردان

گەڕەکێکی نوێیە، ئاوەدان نییە. زەوییەکانی لە سنوری گوندی (حەسەنئاوا) ئیفرازکراون و کەوتووەتە سنوری شارەوانیی هەڵەبجەوە پشت گەڕەکی (سەروەرانی دوو) و لە تەنیشت گەڕەکی (حەسەنئاوا) هەڵکەوتووە. ڕووبەرەکەی (٢٤٣١٠٥م٢)یە.

شارەوانیی دوو

کەوتووەتە سنوری شاری هەڵەبجە. گەڕەکێکی دێرینە و بە زۆری خەڵکی گوندەکانی (هاوار و بەڵخە و گریانە و هاوارەکۆن و دەرەتوێ)ی لێ نیشتەجێبووە. لەگەڵ گەڕەکی (شارەوانیی یەک) بە کۆمەڵگەی (زۆرەملێی عەنەب) ناسراون. شەقامی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) لەیەکیان جیادەکاتەوە. شەقامی (حەسەن زیرەک) لە گەڕەکی (مامۆستایان) و شەقامی (هاوار) لە گەڕەکی (شاڕێ)ی جیادەکاتەوە. ڕووبەرەکەی (٣٠٩٧٩٩م٢)یە. بە گشتی ١٤١٠ یەکەی نیشتەجێبوون و زیاتر لە ٢٠٠ فرۆشگا و دوکان و ٧٠ کۆگای تێدایە. مزگەوتی (ڕەیان) و (قوتابخانەی شەپۆل و ئامادەیی کیمیاباران) و (قوتابخانەی تۆپی پێی ئاسۆ) و (بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەر) و (ناوچەی هەڵەبجەی پارتی) و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە وەک یاریگا و مەلەوانگەی تێدایە. گەڕەکەکە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی وەک (ئاو و ئاوەڕۆ و قیر و شۆستە)ی بۆ کراوە.

شارەوانیی یەک

کەوتووەتە باکوری شاری هەڵەبجە. گەڕەکێکی دێرینە. بە کۆمەڵگەی زۆرەملێی (عەنەب)یش ناودەبرا. لە دوای ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی (١٩٧٨) دروستبووە. بە زۆری دانیشتوانی گوندەکانی (خەرپانی، شەمێران، تاوێرە) تێیدا نیشتەجێکراون. ڕووبەرەکەی (٤٠٨١٤٨م٢)یە. شەقامی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس) لە گەڕەکی (شارەوانیی دوو) شەقامی (دکتۆر سەردار) لە گەڕەکی (کانی قوڵکە) شەقامی (کانیە کوێرە) لە گەڕەکی (ماردین) جیای دەکاتەوە. نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە (عەنەب) و قوتابخانەی (شارەزوو و باخچەی منداڵانی پەریان) و هەردوو مزگەوتی (ئوسامەی کوڕی زەید و بیلال) و پارکی (کوبرا حەمیدپوور)ی تێدایە. بە گشتی ١٣١٣ یەکەی نیشتەجێیبوون و ٢٢٣ دوکان و زیاتر لە ٥٠ کۆگا و یەک بیری ئیرتیوازی تێدایە.

شەهیدان ١

گەڕەکێکە لە ناوشاری هەڵەبجە. بەشە دێرینەکەی کەوتووەتە نزیک باخچەی (عەلی بەگ) یان (باخی گشتی) و پاش فراوانبوونی گەڕەکی (پاشا) دروستبووە. بەشە نوێکەی کەوتووەتە دەوروپشتی گۆڕستانی (شەهیدان) بە گەڕەکەکانی (سەرا و مامۆستایان و کارێز) دەورەدراو. شەقامی (نالی) یاخود (گشتی) لە گەڕەکی (سەرا)ی جیادەکاتەوە. دەربارەی ناوەکەی بۆ یەکەمجار بەهۆی ناشتنی چەند شەهیدێکەوە دەبێت لەساڵانی ١٩٧٠ بەهۆی تۆپبارانەوە و لە شوێنی ئێستەی (گۆڕستانی شەهیدان) بۆ یەکەمجار نێژراون. ئەم گەڕەکە ڕەگەزی زەوییەکانی لەنێوان نیشتەجێبوون و بازرگانیدایە. بەردەوام بەشی بازرگانییەکەی لەسەر حسابی نیشتەجێبوون لە فراوانبووندایە. فولکەی بەردەم مزگەوتی شەهیدان (عوسمانی کوڕی عەفان) و کۆڵانەکانی نزیک (مزگەوتی شافیعی) یەکێکن لە بازاڕە شەوانە ڕۆژییەکانی شارەکە. فەرمانگەی (شارەوانیی هەڵەبجە) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی (شارەوانییەکان) باخچەی منداڵانی (شەونم) و (نەخۆشخانەی کۆنی هەڵەبجە)ی تێدا هەڵکەوتووە. هەروەها (تانکی دابەشکردنی ئاوی ئەحمەدئاوا) لەتەنیشت گۆڕستانی (شەهیدان) هەڵکەوتووە. ڕووبەرەکەی (٤٩٨٩٧٠م٢)یە. نزیکەی ٥٢٨ یەکـەی نیشـتەجێبوون و زیاتر لە ١٥٠ فرۆشگا و کۆگای جۆراوجۆری تێدایە.

شەهیدانی کیمیاباران

گەڕەکێکی نوێیە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەڵەبجە و لەسەر ڕێگەی هەردوو گوندی (عەبابەیلێ و جەلیلە) بۆ کەسوکاری قوربانیانی کیمیاباران بەتایبەت ئەوانەی، کە تەنها (یەک) شەهیدیان هەیە، دروستکراوە. هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی نییە. خانووەکانی بە تەواونەکراوی ماونەتەوە. ڕووبەری گشتیی گەڕەکەکە (٥٥٩٩٩٥م٢)یە.

شەهید فاتیح

کەوتووەتە خۆرئاوای شاری هەڵەبجە. بەناوی یەکەمین شەهیدی شۆڕشی نوێ (فاتیح شێخ حەیدەر سازانی) ناونراوە. ڕووبەرەکەی (٣٠٩٢٤١م٢)یە. خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بۆ کراوە. بەشێکی زۆری ئیفرازکراوە و لە ئێستادا باخ و زەویی کشتوکاڵییە. نەخۆشخانەی (شەهید فاتیح و قوتابخانەی پێشەنگی بنەڕەتی) تێدایە. شەقامەکانی (ئاشنایی و شانزەی سێ و مەولەوی) لە گەڕەکەکانی (فەرمانبەران، خڕی خەزێنە، تووە وشک) جیای دەکەنەوە.

شۆڕش

گەڕەکێکی نوێیە لە باکوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. لەسەر زەوییەکانی گوندی (جەلیلە) بۆ کەسوکاری شەهیدانی (پ. د. ک) لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ دروستکراوە. ژمارەی یەکەکانی زیاتر لە ٥٠٠ خانووە و ڕووبەری هەر زەوییەک (٢٢٠م) دەبێت. ڕووبەری گشتیی گەڕەکەکە (٥٨٤٨٧٤م٢)یە. لە ئێستادا پڕۆژەی قیر و شۆستە و کارەبای بۆ دەرچووە و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. بەپێی نەخشەی بنەڕەتی ڕێژەی سەوزایی زۆرە و شوێنی قوتابخانە و دایەنگە و فولکەیەکی گەورەی تێدایە، کە سەرجەم شەقامە سەرەکییەکانی گەڕەکەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

شێخ ئیسماعیل

گەڕەکێکی کۆنی هەڵەبجەیە. بە گەڕەکی (گوڵانی خواروو)ش ناوهێنراوە. کەوتووەتە خۆرئاوای هەڵەبجە و لە نێوان گەڕەکەکانی (پیرمحەممەد و سەروەرانی یەکە)، شەقامی (گۆران) لە گەڕەکی (مەرزەبۆتۆ) جیایدەکاتەوە. لە فولکەی عومەری خوارەوە دەستپێدەکات و هەتا نزیک مۆنۆمێنتی هەڵەبجە درێژدەبێتەوە. بەشێوەیەکی نائەندازەیی لە ئەنجامی فراوانبوونی گەڕەکی (پیرمحەممەد) دروستبووە. گۆڕستانی (شێخ ئیسماعیل) و (ئامادەیی هەڵەبجەی ئێواران) و بەڕێوەبەرایەتیی (ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە) و مزگەوتی (حاجی ساڵح) و (بارەگای هەڵەبجە تیڤی)ی تێدایە. بەگشتی لە ٥٥٠ یەکەی نیشتەجێبوون و (٢٩٨) فرۆشگا و شوێنی کاری پیشەوەران و یەک بیری ئیرتیوازی و نۆ گەراج پێکهاتووە. ڕووبەرەکەی (٣٤٨٧٢٢م٢)یە.

فەرمانبەران

گەڕەکێکی نوێیە لە باکوری شاری هەڵەبجە. ڕووبەرەکەی (٤٩٩٣٦١م٢)یە. شەقامەکانی (گۆران و شانزەی سێ) لە گەڕەکەکانی (دەروازە و شێخ ئیسماعیل و شەهید فاتیح)ی جیایدەکاتەوە. خزمەتگوزاریی شارەوانی بە تەواوەتی بۆ کراوە. دامودەزگاکانی وەک نەخۆشخانەی (ئامێزی ئەهلی) و (پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و بنکەی پۆلیسی هاتوچۆ) و (بارەگای لقی ١٢ی پارتی) و (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و ڤێتەرنەری و قەسابخانەی هەڵەبجە) لەگەڵ مزگەوتی (قوبا و قازی محەممەد)، باخچەی منداڵانی (شنە) و هوتێلی (هەڵەبجە پاڵاس) و هۆڵی (ڕۆشنبیریی هەڵەبجە)ی تێدایە.

کارێز

گەڕەکێکی نوێیە. لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ دروستبووە. بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیاکراوەتەوە. لە ٢١ بلۆکی نیشتەجێبوون و کۆمەڵێک فەرمانگەی خزمەتگوزاری وەک (کارەبا، ئاو، دادنوس، بنکەی ئاسایش و هتد) تێدایە. ناوی ئەم گەڕەکە بەهۆی (چەمی کارێز)، کە لە (عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ)ەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بە ئاڕاستەی ناوشاری هەڵەبجە، ناونراوە. زەوییەکانی پێشتر باخ و باخاتی جۆراوجۆر بوون. بەشێک لە گەڕەکەکە خزمەتگوزاریی شارەوانی بۆکراوە. بەشەکەی دیکە قیر و شۆستەی نیە. ڕووبەرەکەی (٣٥٨٢٣٧م٢)یە.

کانی قوڵکە

یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی هەڵەبجە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٨٧ بە چوارەمین گەڕەک لە دوای گەڕەکەکانی (سەرا، پاشا، پیرمحەممەد) دانراوە. بەناوی کانییەکی بەناوبانگی شارەکەوە ناونراوە. چەندجارێک فراوانبووە. ڕووبەرەکەی (٥٢٥٠٨٢م٢)یە. بازاڕی سەرەکی و سەنتەری شاری هەڵەبجە کەوتووەتە ئەم گەڕەکەوە. شەقامی (ئەحمەدموختار جاف) لە گەڕەکی (پاشا و شەهیدان و مامۆستایانی یەک)ی جیادەکاتەوە. بە یەکێک لە چڕترین گەڕەکەکانی شار لە ڕووی دانیشتوانەوە دادەنرێت. خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بۆکراوە. بە درێژایی شەقامی سەرەکیی گەڕەکەکە، چەندین سۆپەرمارکێت و فرۆشگای مۆبیلیات هەیە. (پارکی پەرلەمان) مزگەوتی (مصعب و عومەری کوڕی خەتتاب و دارولئیحسان) و (خانەی نەوجەوانانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆمەڵایەتی و قوتابخانەی هەڵەبجەی بنەڕەتی) تێدایە. ١٦٤٧ یەکەی نیشتەجێبوونە، کە ٢٥٥یان کرێنشینن تێدایە. ٧٥٥ دوکانی هاوڵاتیان و ١٧ دوکانی حکومی و فرۆشگای جۆراوجۆر، ١٥٠ کۆگای قەبارە جیاواز، حەوت پارکی ئۆتۆمبێل و دوو بیری ئاو، سێ بارەگای حیزبی لەوانە (مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان، مەڵبەندی یەکێتیی نیشتیمانی و مەڵبەندی سۆسیالیست)، هەروەها نەخۆشخانەی چاوەکە لە خۆدەگرێت. هەروەها پۆستە و گەیاندنی هەڵەبجە و گەراجی (خورماڵ و سیروان و هەورامان) لەگەڵ چەندین قەیسەری و بازاڕی سەرەکی تێدایە.

کانیعاشقان

یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی هەڵەبجە. بەهۆی بوونی کانییەکەوە ناونراوە، کە تاکو ئێستاش شوێنەکەی ماوە و نۆژەنکراوەتەوە. کەوتووەتە نێوان گەڕەکی (باخی میر و گەشتیاری). ئەم گەڕەکە ڕووبەڕووی تەقاندنەوە و کاولبوون بووەتەوە. ساڵی ١٩٧٤ تەقێنراوەتەوە و نزیکەی ٣٠٠ ماڵ تەختکراوە. ساڵی ١٩٨٧ ڕاپەڕین تێیدا سەریهەڵداوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی ٧٠ کەس تێیدا شەهیدبووە. پاشان ئاوەدانکراوەتەوە. لە پێش ساڵی(١٩٤٠) هەر بەناوی کانیعاشقان ناوی گەڕەکەکەش هاتووە. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٢٤٨٠٣٧م٢)یە. نزیکەی ٩٥٠ یەکەی نیشتەجێبوون و ٨٠ فرۆشگا و دوکان دوو یاریگا و دوو باخچە و سێ بیری ئیرتیوازی، پێنج قوتابخانە و باخچەی منداڵان و شەش مزگەوتی تێدایە. لەنێو دانیشتوانی هەڵەبجەدا، ئەم گەڕەکە بۆ گەڕەکەکانی (مۆردانە) و (کانی شێخ)یش دابەشدەکرێت، کە لە دوای ساڵی ١٩٧٨ەوە گەڕەکی (کانی شێخ) بەفەرمی خرایە سەر (مۆردانە) پاشان هەرسێ گەڕەکەکە بە فەرمی بوونەتە (کانیعاشقان).

کانی هەناران

گەڕەکێکی نوێیە لەناو شاری هەڵەبجە. کەوتووەتە نێوان گەڕەکی (بامۆک و باوەکۆچەک)ەوە. بەتەواوەتی ئاوەدان نییە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی بۆ نەکراوە. جگە لە چەند خانویەکی پەرش و بڵاو، کۆمەڵگەی فەرمانگە داراییەکانی هەڵەبجە، کە پێکدێت لە باڵەخانەی (باجی خانووبەرە، گەنجینە، باجی دەرامەتی هەڵەبجە)، پەیمانگای هەڵەبجەی ناحکومی بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەریشی تێدایە. لە ئەنجامی فراوانبوونی شار، ئەم زەوییانە ڕەگەزەکەیان لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون گۆڕاون. ڕووبەرەکەی (٧٦٠١٠٤م٢)یە.

گەڕەکەکانی زۆنی (A) هەڵەبجە

لە حەوت گەڕەک پێکدێت و کەوتوونەتە باکوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجە. گەڕەکەکانی دەروازەی هاتنە ناوەوەی هەڵەبجە لە شارۆچکەی سیروان دەگرێتەوە، کە بریتین لە (دەروازە، ناوچەی پیشەسازی، خڕی خەزێنە، ڕاپەڕین، سێ گردان، سەروەرانی دوو، هەسەنئاوا)، جگە لە گەڕەکی (دەروازە - زەمەقی) و (گوندی هەسەنئاوا)، کە بووەتە گەڕەکێک، تەواوی گەڕەکەکانی دیکەی نوێن. ڕووبەری ئەم زۆنە (٤٤٠٣٨٠٤م٢)یە.

گەڕەکەکانی زۆنی (B) هەڵەبجە

لە حەوت گەڕەک پێکدێت و کەوتوونەتە باکوری شاری هەڵەبجە. گەڕەکەکانی بەردەم شەقامی (ئەحمەدموختار و مەلاعەبدولکەریمی مودەریس و ناوەندی بازاڕی هەڵەبجە) دەگرێتەوە. سێگۆشەیەکە لە بەنزینخانەی سان و قەیسەریی حامد بەگ و کۆتایی شەقامی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس پێکدێت. هەریەک لە گەڕەکەکانی (شارەوانیی یەک، ماردین، شەهید فاتیح، فەرمانبەران، مەرزەبۆتۆ، کانی قوڵکە و تووە وشک) دەگرێتەوە. ڕووبەری گشتیی ئەم زۆنە (٢٧٢٧٦٩٧م٢)یە و ڕێژەی (١٠. ٧٩)ی هەڵەبجە پێکدەهێنێت. (گەڕەکی کانی قوڵکە و شارەوانیی یەک) بە کۆنترین گەڕەکەکانی دادەنرێن.

گەڕەکەکانی زۆنی (C) هەڵەبجە

لە هەشت گەڕەک پێکدێت و کەوتوونەتە ڕۆژهەڵاتی شاری هەڵەبجە، کە زۆربەیان نوێن و جگە لە گەڕەکی (شارەوانیی دوو)، ئەوانی دیکە لەپاش ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی (عەبابەیلێ و جەلیلە و عەنەب) دروستبوون. گەورەترین زۆنی شارەکەیە و ڕووبەرەکەی (٦٦٤٥١٠٤م٢)یە و ڕێژەی (٢٦. ٢٩) ڕووبەری هەڵەبجە پێکدەهێنن. هەندێک گەڕەکی ئیفرازکراون و ئاوەدان نین. هەریەکەلە گەڕەکەکانی (شارەوانیی دوو، تەقتەقان، مەسۆیە، شاڕێ، بەفری میری، شۆڕش، گۆران سیتی، شەهیدانی کیمیاباران) دەگرێتەوە.

پێشتر 1
...
15 16 17
...
47 دواتر