بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای ناوەندی شاری هەڵەبجه. لە گوندەکانی نەورۆڵی: (تریفە، هانەسورە، پریسی سەرو، پریسی خواروو، چرۆسانە، سەراو، بێلەنگە، کانی توو، گوندە، هانەژاڵە، میراولی، نوەر، کەوته) پێکدێت، جگە لەم گوندانەش، عەشیرەتی نەوڕۆڵی له دەشتی شارەزووریش چەند گوندیان هەیه، کە بە نەوڕۆڵی دەشت ناسراوە. بەهۆی ئەوەی عەشیرەتی نەوڕۆڵی تێدا نیشتەجێیە، کە یەکێکە لە تیرەکانی هۆزی گەورەی جاف، ئەو ناوەی لێنراوە. (سیسیل جۆن ئیدمۆنس)ی جێگری حاکمی سیاسیی ئینگلیز، کە ساڵی ١٩٢٢ سەردانی ناوچەکەی کردووه، لە یاداشتەکانیدا دەڵێت: (لە سێ مایلی شار توشی دەشتێکی سەوزی جوان و بەرتەسک بوین، کە نزیکەی دوو مایل درێژ و مایلێک پان بوو، گوندی گونده لە ناوەڕاستی ئەو دەشتە بوو، چەند گوندێکی دیکەی سەربە نەوڕۆڵییەکانیش لەباوەشی تەپۆڵکەکانی دەوروبەریدا پان ببوونەوە، من دەستبەجێ ناوی شیوی خۆشبەختیم لەسەر ئەم دەشتە دانا، چونکە سەرەڕای دیمەنی جوانی، بەزەوی مێرگوزار توتدڕک و چڕەکانی، تەنانەت کۆگای بەردی ناو کێڵگەکانی پتر له هەر شوێنێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەوڵاتەکەم دەچوو.
کەوتووەتە ناوجەرگەی کوردستان و بە درێژایی چیاکانی زاگرۆسدا درێژبووەتەوە و بەرزیی چیاکانی لەنێوان (١٢٧٠ بۆ ٣٣٩٠م)ە. سنور و ڕوبەری هەورامان بەپێی سەرچاوەکان جیاوازە و دەتوانین بەشێوەیەکی گشتی بڵێین دەکەوێتە سەر هێڵی درێژیی ٤٥ پلە و ٤٠ خولەکی خۆرهەڵات و هێڵی پانی ٣٥ پلە و ٣٥ خولەکی باکور. لە ڕووی جوگرافییەوە: لە باکورەوە شارەکانی (مەریوان و پێنجوێن) لە باشورەوە (جوانڕۆ) لە خۆرهەڵاتەوە(سنە و کامیاران) لە خۆرئاواوە (هەڵەبجە و سەیدسادق)ە. ڕوبەرەکەی بەپێی سەرچاوەی (پەیامی هەورامان)، بەلای کەمییەوە (١٠٣٢٠کم٢) بەسەر هەردوو وڵاتی عێراق و ئێراندا دابەشبووە، بەشێوەیەک (٩١٥٠کم٢) لە دیوی خۆرهەڵاتی کوردستان و (١١٧٠کم٢) لە دیوی باشوری کوردستان. ژمارەی دانیشتوانیشی بەپێێ هەمان سەرچاوە لە هەردوو وڵاتدا زیاتر لە یەک ملیۆن دەبێت. بەهۆی سروشتی ناوچەکەوە، هەورامان بەگشتی دەشتی کەمە و لە چەندین چیا و دۆڵ و نشێو و کۆ و کەمەر پێکهاتووە. لە گرنگترین چیاکانی (شاهۆ)، کە لوتکەی (زاوڵی)یە و (٣٣٩٠م)ە. چیای (ئاتەشگا) (٢٤٦٥م)، چیای کۆساڵان (٢٥٩٦م) چیای پیر ڕۆستەم و عەوداڵان و چیاکانی تەوێڵە و بیارە و زەڵم، کە بەگشتی بە شاخی هەورامان ناودەبرێن و بەپێی ناوچەکان، ناویان لێنراوە، وەک (داڵانی) لە پشتی تەوێڵە، کەماجەڕ و نوەیجەڕ لە پشتی (کەیمنە و بێرواس و بیارە) ژاڵانە بەرانبەر (هەورامانی تەخت) مڵەخورد و شرام و ڕەنگین لە پشت(زەڵم و ئەحمەدئاوا) چیاکانی سورێن لە خۆرهەڵاتی (بانیشار تاکو وڵەسمت). هەورامان کانی و کانیاوی زۆری هەیە. هەموویان دەڕژێنە چەم و دۆڵەکان و بە ئاڕاستەی ڕووباری سیروان لێژدەبنەوە. چیا بەرزەکان بوونەتە سەرچاوەی کۆکردنەوەی بای شێدار و لە ناوچەکەدا هەر چوار وەرزی ساڵ بەدیدەکرێت، کە جیاوازیەکی زۆر لەنێوان پلەکانی گەرما لە وەرزی هاوین و زستاندا هەیە. هاوینان لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٥ پلە و زستانیش ١٠ بۆ ٢٠ پلە ژێر سفری سەدیە. لە پەیمانی زەهاوی ساڵی ١٦٣٩ لەنێوان سەفەوی و عوسمانیدا دابەشکرا. بەشی زۆری بەر سەفەوییەکان و بەشێکی هەورامانی (لهۆن) بەر دەوڵەتی عوسمانی کەوت، کە ئێستا سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە. لە ساڵی ١٧٨٥دا سانەکانی هەورامان، جارێکی دیکە دابەشیانکردەوە. کردیان پێنج بەشەوە بەناوەکانی: (لهۆن، تەخت، دزڵی و شامیان، ڕەزاو و کەمەرە، ژاوەرۆ و گاوەرۆ).
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی میراولی، لە باشورەوە ڕووباری سیروان، لە باکوری خۆرهەڵات گوندی گونده، لە خۆرهەڵات گوندی هانەژاڵە لە خۆرئاوا گوندی بەشی پیرک. بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریا دەگاتە (٥٩٢م) چیای نەوەر کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای گوندەکە، دوورییەکەی له سەنتەری شاری هەڵەبجەوه (١٥کم) دەبێت، خاوەنی زەوی کشتوکاڵی بە پیتە بەتایبەتی لە بەشی خۆرهەڵاتیەوه، بەڵام بەشی خۆرئاوای بە هۆی بوونی چیای نەوەر ناتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ کشتوکاڵ، تەنها لەچەند بەشێکی کەمدا نەبێت دەتوانرێت بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ سودیلێوەربگیرێت. سەبارەت بەناوی گوندەکە وەک ئاماژەیپێدەدەن، چەند بیروبۆچونێک هەیە لەوانه: دەیگێڕنەوە بۆ وشەی (نادر)، که بە مانای ناوازە دێت، یان لە وشەی (نەبەرد)ەوە هاتووە، بەمانای شوێنێکی سەخت دێت، یان دەڵێن لە وشەی (نەخورد)ەوه هاتووه، به مانای لەوەڕگای پارێزراو دێت. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٥دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١١٩ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٠ی گوندە و سەراوە.
کەوتووەتە بناری چیای سورێن و سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بەردەبەل و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کانی ئاسکان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گەچێنەی بانیبنۆک و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بانیبنۆک و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی شانەدەر هاوسنورە. (٦٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دووریی لە ڕێگەی سەیدسادق - پێنجوێن هەشت کیلۆمەتر دەبێت، ئەم گوندە لە ڕووی کشتوکاڵییەوە خاکێکی به پیتی هەیە و بۆ دەشتی شارەزوور درێژ دەبێتەوە، بەمەش دەتوانرێت سودیلێوەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبومی کشتوکاڵی بەتایبەتی دانەوێڵە، کەوتووەتە دامێن و شوێنێکی(نەوی) نزم، هەر لەبەرئەوە بە(نەوێ) ناونراوه، هەروەها دەوترێت لە(نوێ)وە هاتبێت و بە تێپەڕ بوونی کات بوو بێت بە (نەوێ)، مێژوویەکی کۆنی هەیە و بەڵام به تەواوی نازانرێت کەی ئاوەدانکراوەتەوە، ژمارەیەک شوێنەوار لە گوندەکەدا بوونی هەیە لەوانە قەڵای زوحاک و زیندانی زوحاک و کوورەی کاوه و شوێنەواری چەند ئاشێکی ئاو و بوونی چەند گۆڕستانێکی گەورە لە نزیک ئەم گوندەدا بوونی هەیە ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە، کە گوندی نەوێ مێژوویەکی کۆنی هەیه. ساڵی ١٩٧٨ ژمارەی ماڵەکانی ١٢٠ ماڵ بووە. بەرشاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە و دانیشتوانەکەی ڕاگوێزراون بۆ ئۆردوگای (شانەدەری). لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، دانیشتوانەکەی گەڕاونەتەوە سەر زێد و سەرلەنوێ گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٥دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٠٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢١ی نەوێیە.
یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی سازان و سەر بە ناحیەی (سیروان). بە دووریی (٢٠کم) لە باشوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجەوە دوورە. لەسەر ڕووباری سیروانە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کوڵی متکان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی پێگە لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی لمە و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی چنار هاوسنورە. (٧٠٠ بۆ ١١٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تا بەرەو ڕووباری سیروان بڕوات، زیاتر نزم و لێژ دەبێتەوە. بە گشتی ناوچەکە شاخاویی سەخت و کێوەکانی لە تاوێرە بەردی تیژ و ڕەش پێکهاتوون. بە دارەکانی بەڕوو و قەزوان دەوڵەمەندە و بنێشتکردن و ڕاوەماسی و ئاژەڵداری پیشەی سەرەکیی دانیشتوان بووە. دەربارەی ناوەکەی دووبۆچوون هەیە، بەو پێیەی لە پێچاییەک هەڵکەوتووە و بە زمانی ناوچەکەش بەو جۆرە شوێنانە دەوترێت نەیگا و بە بەراورد بە شوێنەکانی دیکەی گوندەکە هەوای سارد نایگرێتەوە. بەڵام بۆچوونی بەهێز ئەوەیە، کە نەیجە بەواتای جۆرێکی قامیش دێت و بەو ڕووەکە سروشتیە دەوڵەمەندە. هەتا پێش ڕاگواستنی ١٩٧٨ نزیکەی ٣٠ ماڵ بووە. مزگەوتی هەیە و قوتابخانەی نەبووە و بۆ خوێندن هاتونەتە سازان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٥دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٩ی نەیجەڵەیە. مێژووی ئاوەدانکردنەوەی بۆ ساڵی ١٨٣٠ دەگەڕێتەوە. یاروەیسی کوڕی نەزەر کوڕی خوڵاوەیس ئاوەدانیکردووەتەوە. پاشان عیسا حەمەشریف کۆکۆیی و دواتر حەمەکەریمی عەلی زەردۆیی هاتووەتە گوندەکە و لەگەڵ ڕۆستەمی غوڵام، کە خەڵکی گوندی سازان و عەشیرەتی لۆراوی بووە زیاتر ئاوەدانبووەتەوە. بۆیە بەگشتی گوندەکە لە عەشیرەتی زەردۆیی و کۆکۆیی و لۆراوی و ساتیاری پێکهاتووە. بەڵام ساتیارییەکان لە پاش ساڵی ١٩٥٠ گوندەکەیان بە جێهێشتووە. هەروەها کۆمەڵێک خێزان لە عەشیرەتی دەوانی تێدابووە. لەگەڵ خێڵی خاندەلی لە ئەسڵدا هەمەوەندی بوون لەوێ ژیاون.
بە دووریی نزیکەی (١٢کم) کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتی ناحیەی (سيروان) و (١٥کم) لە سەنتەرى شارى هەڵەبجەوە دوورە. لە باشور و باشورى خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانى (تونى حاجى حەسەن، مامەشەيى) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانى (کانى توو، غوڵامى، قارەمانى) هاوسنورە. (٥٨٢م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٧ـە. سەرچاوەى بژێویى دانيشتوانەکەی بريتيیە لە کشتوکاڵ و ڕاوەماسى و ئاژەڵدارى. بەپێى سەرژمێرى ساڵى ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٣٢ کەس بووە، بەڵام لەکاتى ڕاگواستنى نێرگزەجاڕ بۆ ئۆردوگاى زەمەقى لە پارێزگاى هەڵەبجە، زياد لە حەفتا ماڵی لێ نیشتەجێبووە. مێژوویەکی هەزار ساڵەی هەیە. لەسەر ناوى نێرگزەجاڕ چەند بۆچوونێک هەیە، هەندێک پێیانوایە، کە لە گوڵی (نێرگز)ەوە هاتبێت و (جاڕ)يش بە زەوييەک دەوترێت، کە کێڵرابێت و داچێنرابێت و بەروبوومەکەى هەڵگيرابێتەوە و دورابێتەوە. بۆچونى دووەم دەیگەڕێننەوە بۆ بنەماڵەيەکى بەناوبانگى کوردى بەناوى بنەماڵەى نێرگزيیەکان، کە لە گوندەکەدا ژياون، لەوانە (أبو الوفا النيرجسي)، کە نازناوى (تاج و العارفين)ـە. حوجرە و قوتابخانەى ئاينى لە گوندەکەدا مێژويەکى دێرينى هەيە، وەک مەدرەسەی ئاینی (شێخ مەعروفى نێرگزەجاڕ).
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و نزیکەی (١٤کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە خۆرئاوای ئەم گوندەوە (چیای سماقان) و (دێی گوندە) هەڵکەوتووە، لە باشوری خۆرئاواییەوە گوندی (نەوەر) و لە باشور و خۆرهەڵاتەوە گوندی (کەوتە) و(ڕووباری سیروان) و لە باکورەوە گوندی (سەراو) و (دەشتی ئاڵەمات) هاوسنورە. (٦٥٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم گوندە شیوێکی تەنگەبەردا هەڵکەوتووە لەنێوان شاخی نەوەر و شاخی باڵامبۆدا و لە بنەڕەتدا ناوی (کانی کەروێشکان) بووە لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ بە کانی کەروێشکان تۆمارکراوە و ١٢٠ کەس بووە. دواتر ناوەکەی گۆڕاوە بە (هانەژاڵە)، دیارە کانی کەروێشکان کانییەک بووە، کە کەروێشکی زۆر بووە یان زۆر تیایدا بینراوە، هەرچی سەبارەت بە (هانەژاڵە)يشە ئەوە وشەکە زاراوەیەکی هەورامییە و بە مانای کانی ژاڵە دێت، کە دیارە ئەو پانتاییە داری ژاڵەی زۆر بووە. لە کاتی ڕاگوێزانی لە ساڵی ١٩٧٨ نزیکەی پەنجا ماڵێکی تێدابووە. قوتابیانی بە مەبەستی خوێندن چوونەتە (قوتابخانەی گوندە). دانیشتوانەکەى بە پیشەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ڕاوەماسییەوە خەریکن.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی نزیکەی حەوت کیلۆمەتر و نیو لە شاری هەڵەبجەوە دوورە. گۆڕستانی (ملەی مزیار) کەوتووەتە ئەم گوندەوە، کە لە شوێنێکی جوگرافیی بەرز و ستراتیجی ناوچەی نەورۆڵیدایە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی تریفە و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی پریسی سەروو و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گوندە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی سەراو هاوسنورە. مەزاری زۆرێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی عەشیرەتی نەوڕۆڵی تێدایه، وەک (ساداتی هانەسوورە و عەبدوڵا محەممەد خواکەرەمی گەورەی نەوڕۆڵی و ئەحمەد پریسی شاعیر). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٤٥ کەس بووە. لە ئێستادا ١٤ تەنها کەسە. ساڵی ١٩٧٨دا بارکراوە و پێش ئەو کاتە ٥٣ ماڵی تێدا بووە. ناوی گوندەکە لە بنەڕەتدا هەورامییە و بە مانای کانییە سوورە دێت، کە کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندەکەوە، ڕووەو سەراوە و زەوییەکەی سوورمەنە. ڕووبەرەکەی ١٨٦٦ دۆنمە. لەم گوندەدا چەندین کانی و کارێز هەن، وەک (کانی سەید، کارێزی سەید، کانی حاجی عەبدوڵا، کانی حەمل، کانی موسەلێ، حەوکانی). دانیشتوانی گوندی هانەسوورە بە ئاژەڵداری و وشکەدانەوە خەریکبوون و سودیان لە بەروبوومی سروشتی چیای باڵامبۆ وەرگرتووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٣ی هانەسوورەیە.
کەوتووەتە ناوچەی هەورامان. لە باکورەوە لەگەڵ دۆڵی بنجەودڕەی و لە باشورەوە لەگەڵ دۆڵی دەرەقەیسەر و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ کانی باخی سان و دۆڵی بێزەل لە خۆرئاواوە لەگەڵ دۆڵی زەردەهاڵ هاوسنورە. لە ئێستادا چۆڵە، بەڵام پێش پرۆسەی ڕاگواستنی بەزۆرەملێی سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق، ئاوەدانبووە و شانبەشانی گوندەکانی دراوسێی وەک دەرەقەیسەر و زەردەهاڵ دانیشتوانەکەی سەرقاڵی کاری باخداری بوون، بۆ پێداویستیەکانیان ڕۆشتوونەتە بازاڕی بیارە، جگە لەوەی بەرهەمێکی باشی میوەهات و گوێزیان هەبووە و بەشی دانیشتوانەکەی کردووە و زیادەکەشی براوەتە بازاڕی بیارە بۆ ساغکردنەوەی و داهاتێکی باشی بۆ خاوەن باخەکان مسۆگەرکردووە، لەوانەش بەرهەمی ترێ و هەرمێ و گوێز و هەنار و توو. لە ئێستادا باخەکانی بەهۆی کەشوهەوای فێنک بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا، سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت، خراپیی ڕێگاوبانەکان دەرفەتی سەردانیکردنی وەک پێویست بە گەشتیاران نەداوە. ئەوەی هەیە تەنها لە وەرزی بەهاردا دەوروپشتی، کە چەند گرد و تەپۆڵکەیەکی تێدایە، دەبێتە جێ سەیرانی خەڵکی، بە تایبەتی لە بۆنەی نەورۆزدا. (١٣٢٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦١ی پشت جۆگەی هانەنەوتێیە.
کەوتووەتە ناوچەی هەورامان. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی دەرەیمەڕ و لە باشورەوە لەگەڵ لوتکەی تاقە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ لوتکەی لەنگەلەرز و شەڵواندڕ لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی سەرگەت هاوسنورە. (١١٢٤م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزه. لە ئێستادا نزیکەی ٣٢ ماڵ دەبێت و دانیشتوانەکەی بە زۆری خەریکی ئاژەڵداری و کاری بازرگانین و کاری کۆڵبەری دەکەن. جگەلەوەی کاری باخداریان فەرامۆشنەکردووە و ڕووبەرێکی فراوان ڕەزە دێم بەتایبەتی لە شەڵواندڕ و چیاکانی دەوروبەريدا هەیە و بەشی خۆبژێوی دانیشتوانەکەی دابیندەکات و بەرهەمە زیادەکەشی لە نێو بازاڕی خورماڵ دەفرۆشرێت و داهاتێکی باش بۆ خاوەن باخەکان دەستەبەردەکات، بە جۆرێک ترێی شەڵواندڕ لای دانیشتوانی خورماڵ بەناوبانگە، هەروەها بە بوونی هەوارگەی گەشتیاریی زۆر بەناوبانگە، لەوانەش (هانەنەوە و هانە توتمان و هانەی نسار تاریک و هانەوتێ و هانەتایلە و قەڵای داڵ)، کە سەرجەمیان شوێنی گەشتیارین و خاوەنی باخی دارگوێز و کانیاوی زوڵاڵ و سازگارن، کە ساڵانە خەڵکێکی زۆر سەدانیاندەکەن. دۆما، گەڕەکێکی دیاری ناو گوندەکەیە ساڵی ١٩٢٠ دروستکراوە، ماڵەکانی تاڕادەیەک تەختە، نزیکەی بیست ماڵی تێدایە. دانیشتوانەکەی هەموو پیشەوەر بوون، هەر بۆیە بەم گەڕەکە وتراوە (گەڕەکەو دۆما)، کە (دۆم) بەواتای پیشەوەر دێت. لەو پیشانە: کڵاشچن، ئاسنگەر، خەیات، ڕستنوچنین بە تەشی، جۆڵایی، هەلاجی و لێفە دوورین... بەتایبەت ژنەکانیان لەوانە (پوورە ئامینە، حاجی حەلاو، پوورە ڕابیعە) دەستڕەنگین بوون. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٠٤ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵی ٤٩ی هانەیدنە.
بە دووریی پێنج کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی یاڵانپێ و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی زەڵم و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بانیشار هاوسنورە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢٣ کەس بووە و ساڵی ١٩٧٧دا بووە ٤٧٠ کەس و لەئێستادا ١٩٥٠ -٢٠٠٠ کەسە، کە زۆربەیان لە شارۆچکەی خورماڵدا نیشتەجێن. گوندەکە بەچەند بەرزاییەک چواردەور دراوە، شاخی (ڕەنگین) و بانی (هانەی قوڵ) لە باکور و شاخی (مارە گیرەو) و (حوشترمل) لە خۆرهەڵات و (تەپەنۆدژانە)ش لەباشوریەوە. سەبارەت بەناوی (هانەی قوڵ) بۆچوونی جیاواز هەیە، یەک لەوانە بەناوی ئەو کانییەوە هاتووە، کە لەناو گوندەکەدا هەبووە. (هانە)ش بە هەورامی واتە (کانی). دانیشتوانەکەی لە چەند بنەماڵەیەک پێکهاتوون (سیدە بەگ، سۆفی کەریم، محموود و شێ، بابا وەیسە، خێڵی خەیاتان، خێڵی ئوڵا، قالە بەرزە)، کە لەسەرەتاوە گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. ساڵی ١٩٧٢ بۆ یەکەمجار قوتابخانەی لێ کراوەتەوە. لە شۆڕشەکەی (شێخ مەحموودی حەفید)دا خەڵکی گوندەکە بەسەرۆکایەتیی (مەحموودخانی دزڵی) بەشدارییانکردووە. پاشان لەشۆڕشی ئەیلولیشدا بەشداربوون و بەو هۆیەوە لە ساڵی ١٩٦٣ بەفڕۆکە بۆردومانکراوە و چەند هاوڵاتیەکی لێ شەهید بووە. ساڵی ١٩٧٨ بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە و دانیشتوانەکەی ڕاگوێزراوە بۆ ئۆردوگای نزیک خورماڵ. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ خەڵکەکەی هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەیان داوە. بەهۆی کەمیی سەرچاوەی ئاوەوە لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمیکردووە بۆ تەنها پێنج ماڵ، کە بە ئاژەڵدارییەوە خەریکن. لە شوێنی گوندە کۆنەکەیانەوە بە بۆری، ئاویان بۆ ئاوەدانییە نوێیەکە ڕاکێشاوە و ڕێگەکەی چەوڕێژە، کارەبای نیشتیمانی و مزگەوتیان هەیە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی تەکیە و یاڵانپێیە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). له خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دەرەتفێ و له باکورەوە لەگەڵ گوندی هاوار لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گریانە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ شاخی شنروێ هەتا دەچێتەوە سەر ڕووبارى سیروان هاوسنورە. (٩٢٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرچاوەی ئاوی (کانی هەوارەکۆن)ی هەیە، کە ئاوێکی زۆری هەیە. دانیشتوانەکەی له پەیڕەوانى ئاینى کاکەیی یارسانن. گوندەکە پاشماوەی قەڵا و مۆری تیادۆزراوەتەوە، کە بۆ سەردەمى ماددەکان دەگەڕێتەوه. زەوییەکى فراوانی هەیە، کە لەوەڕگایە بەڵام پێیدەڵێن(بەر دێ)، واتا بەردەمى گوند. بۆیە دەکرێت پێشتر دێیەکى گەورە بووبێت. سەبارەت بە ناوى ئەم گوندە بۆچونی بەهێز ئەوەیە، پێشتر گوندى هاوار لێرە بووبێت و بەواتای هاوارى کۆن دێت. ژمارەى خێزانەکانى نزیکەى ٤٥ خێزانە، بەکارى کشتوکاڵى و باخداری و ئاژەڵداریەوە خەریکبوون. ئەم گوندەش دەوڵەمەندە بە سامانى ئاوى بە هۆی تێپەڕبوونى چەمێک بە ناو گوندەکەدا، کە لەهەورامانەوە دێت و پاش ئەوەى بە گوندی هاواردا تێدەپەڕێت بەرەو خۆرهەڵات دەبێتەوە و لێرە بە (چۆمى زەوار) ناو دەبرێت و بڕێکى زۆر باخدارى لەبەر کراوه، بۆیە بە گوێز، هەنار و هەنجیر دەوڵەمەندە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی هاوارە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی پاڵانیان لە باشورەوە لەگەڵ گوندی هاوارەکۆن لە خۆرهەڵات لەگەڵ شارەدێی تەوێڵە و گوندی دۆڵبیان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تاوێرە هاوسنورە. (١٠٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لوتکەی (بەفری میری) یان (چادرگە) بە بەرزیی (٢٠٠٤م) بەرزترین خاڵی ئەم گوندەیە. لە ڕوی جوگرافیەوە سەر بە ناوچەی هەورامان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان یان کاکەیین. ڕۆژی (ماستی قەڵاتێ) یان (بەخشین) لە بۆنە بەناوبانگەکانیانە. مێژووی ئەم گوندە بۆ ٩٨٤ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و شوێنەواری دێرینی وەک (سایە قەڵا) و (قەبری یوسو) لەگوندەکە هەن. ناوی هاوار لە بنەڕەتدا بۆ (ها)، کە ئامڕازی ئاماژە پێکردنە لە شێوەزاری هەورامیدا و (وار) بەواتای (خوار) دێت. هەردوو وشەکەش پێکەوە بەواتای لە (خوار دەگەیەنن) بەو پێیەی، کە کەوتووەتە بەشی خوارەوەی ناوچەی هەورامانی لهۆن. ڕایەکی دیکە پێیوایە ناوی گوندەکە لە (هاناو هاوار)ی خەڵکی شارەزورەوە هاتبێت، کە لە کاتی شەڕوشۆڕی ناوچەکەدا ڕویان لە گوندەکە کردووە. هاوار خاڵی یەکگرتنی سێ چۆم (دۆڵ)ی پڕ لە ئاوی وەک چەمی شنروێ لە خۆرئاوا و چەمی دواوان لە باکور و چەمی ئاشی لە خۆرهەڵات، بۆیە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە ئاو و چەندین کانی بەناوبانگی وەک (کانیە درێژ، کانی وێشەی، کانی چەمی شنروێ) و چەندینی دیکە، کە دانیشتوانەکەی بۆ ئاوی خواردنەوە و پێداویستیی ڕۆژانە پشتیانپێبەستووە. بە دار قەزوان و دارەبەن و بنێشتکردن و بەخێوکردنی هەنگ بەناوبانگە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٥٧ کەس لە ١٩٧٧دا ٥٨٢ کەس بووە، لە ئێستادا ژمارەی خێزانەکان زیاتر لە ٤٠٠ خێزانە. یەکەمین قوتابخانە لە ١٥ی ٩ی ١٩٥٣ کراوەتەوە لە گەڕەکەکانی (ئاواییی ژووروو، بەردەڕەشێ، خەرمانی سەوڵێ، خەرمانێ، کانیە) پێکهاتووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی هاوارە و جادەی قیری بۆ چووە و بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری.
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی عێراق و خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باشوری خۆرهەڵاتی سلێمانی. لە شارە دێرینەکانی هەرێمی کوردستانە، لەخۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شار و گوندەکانی پاوە، مەریوان، نەوسود و شۆشمێ دزاوەر هاوسنورە. بە چیاکانی هەورامان و شنروێ و سورێن و باڵانبۆ دەورەدراوە، ناوەندی پارێزگا و قەزای ناوەند ناحیەکانی سیروان و بیارە و خورماڵ و بەمۆی لەخۆگرتووە. پێشتر سەنتەری قەزای گوڵعەنبەر بووە و سرۆچک، قزڵچە و قەرەداغی لەسەربووە. لە کۆنەوە لە دەوروبەریدا ژیان بووە و شوێنەوارکانی وەک بەکراوا و زەمەقی لێدەرکەوتووە. جافەکان و سیانزەماڵە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانیدا، ڕۆڵیان هەبووە. ئاوەدانە و ناوچەیەکی گەشتیارییە و چەندین باخ و باخاتی لێیە، بە میوەکان ناودارە، بەتایبەتی هەناری هەڵەبجە، سنوری هەرێمی بڕیووە. دەشتی بەپیتی شارەزوور بەشێکی گەورەی خاکەکەی پێکهێناوە، ئاووهەوای ماماوەندە و تەنیا لە چلەکاندا گەرم و ساردە. بارانی مسۆگەرە و لە ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویدا بە هۆی سیروان و سەرچاوەکانی زەڵم و ڕیشێن و سورێن و تەوێڵە و بیارە و خارگێڵان و دەرەشیشەوە دەوڵەمەندە. لە گەڕەکە کۆنەکانی پیرمحەمەد، پاشا، سەرا، کانی قوڵکە، کانیعاشقان و لە ئێستادا گەشەیکردووە و دەیان گەڕەکی تری لێدروستبووە. شوێنەوارە بەناوبانگەکانی ناو شارەکە، قەیسەریی حامیدبەگ و ئاشی مەحمود یاروەیس و باخی میر و مەزاری پیر محەممەدن. تا نیوەی سەدەی بیستەم جولەکەی تێدابووە و گەڕەکی جولەکان ئێستاش ماوە. زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانی سوننەن و لە گەڵ ئەماندا کاکەییەکانی هاوار و هاوارەکۆن و دەرتوێی لێدەژین، شێوەزار و شێوازی ئاخاوتنی دانیشتوانەکەی سەر بە شێوەزارەکانی کرمانجی ناوەڕاست/سلێمانی و هەورامی. مەڵبەندی زۆرێک لە شاعیرە ڕابەر و بەناوبانگەکانی کوردبووە و لەوانە، نالی، مەولەوی، گۆران، تاهیربەگ و ئەحمەدموختار..هتد. چەندین مەزاری پیاوچاک و نشینگە و مەدرەسەی خوێندنی هەبووە، وەک مەدرەسەی خەرپانی و عەبابەیلێ و بیاوێڵە و پریس و خورماڵ و بیارە و تەوێڵە و هتد. دوای سلێمانی، خوێندنی زانستی تێداکراوەتەوە و لە ئێستادا زانکۆی هەڵەبجە و پەیمانگای هەیە. دانیشتوانی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بازرگانی و فەرمانبەری حکومییەوە خەریکن. چەندین خۆرهەڵاتناس و گەڕیدە و کاربەدەستی بیانی سەردانیانکردووە و باسیانکردووە، لەوانە مێجەرسۆن، ئەدمۆندز، لیز، بێڵ و ڕیچ و..هتد. ڕۆژی ٢٤ی ١١ی ١٨٦٩ یەکەم قایمقامی دەستبەکاربووە و ئیدارەی پارێزگا ئەو ڕێکەوتەی ساڵانە وەک ڕۆژی هەڵەبجە دیاریکردووە. لە ئاماری ١٩٧٧ ژمارەی دانیشتوانی ناوشارەکە ٢٢٤١١ و ئاماری ساڵی ١٩٨٧ ٣٧٠٤٧ کەس بووە. مەڵبەندی چالاکیی شۆڕش و سەرهەڵدانەکان بووە. لە ڕاپەڕینی ١٣ی٥ی ١٩٨٧ گەڕەکی کانیعاشقانی تەختی زەوی کراوە و بەشێک لە دانیشتوانی شار ئاوارەی ئێران بوون و لە مانگی ئازاری ١٩٨٨ بووە مەیدانی شەڕی عێراق و ئێران. لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژیمی عێراقەوە کیمیاباران کرا و ٥٠٠٠ کەس لە هاوڵاتیانی شارەکە شەهیدبوون. دوای ڕاپەڕین، گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ بڕیاڕدان لە سەر بە پارێزگابوونی لێ کراوە، ئێستا زۆرینەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و زانکۆ و پەیمانگا و دەیان دامەزراوەی گرنگی لێیە.
بە (ئێڵانپێ و هێڵانپێ)ش ناودەبرێت. کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). له دامێنى زنجيرە چياى سورێن و خۆرئاواى ئەو زنجيرە چيايەدا هەڵکەوتووه. بە دورى پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارۆچکەى خورماڵەوە دووره. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی دزڵی لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی هانەی قوڵ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بانیشار و لە باشورەوە لەگەڵ شارۆچکەی خورماڵ هاوسنورە. سەبارەت بە ناوەکەی بۆچونی جیاواز هەیە، دەڵێن وشەیەکی تورکیە بەواتای(پیاوی ئازا و دز) دێت، لەسەر کەتیبەیەکی ئەشکانیاکان بە ناوی (ئیڵێپی)ەوە تۆمارکراوە، (مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) دەڵێت بە واتاى (دێی پاڵەوانان) دێت، کۆتا بۆچونيش پێیوایە (وشەیەکی کوردییە و لە دامێنی یاڵدایە(ياڵ واتە دۆڵێک لەناوچەيەکى بەرزدا) و وەک مەدالیا بە گەردنی یاڵەکاندا هەڵواسراوە. دانيشتوانى سەر بە هیچ عەشیرەتێک نین و تەنها (گۆران - هەورامى)ن ، چونکە (گۆران - جاف)يش هەيە، مێژووەکەی زۆر کۆنە و بە پێی لێکۆڵینەوە و کنە و پشکنینی شوێنەواری، کە بۆ ئەو کەلوپەلە دەستیانەی، کە دۆزراونەتەوە، هی سەردەمی (شارستانیەتیی ئەشکانی و ماد و ساسانییەکانە). خاوەنی ٢٥ کانیی هەمیشەییە و هەتا ئێستا هیچ کانییەکی وشکینەکردووە، ئاوی بەهارانیشی زۆر زۆرە و زۆربەی شوێنەکانی پڕ دەبن لە ئاو و گرنگترین کانیەکانی بریتین لە: (پەڵگا، هانە چیاڵە، هانەوا، هانە گەورە، هانەو ڕێبوارا، حەوزو شێخ ڕەزای، وێکەن، هانەو کاک هەسەنی، سەرو حەوزی، کانی تو، هانە بەکان) و چەندین کانیی تر. لەبەرئەوەى ناوچەى شاخاوى و دەشتاييشى هەيە، دانيشتوانەکەى هەم بە ئاژەڵداری و هەم بە باخەوانی و هەمیش بە کشتوکاڵەوە خەريکن، بەگشتى باخى (هەنجير و هەنار و گوێز) لە ناوچە بەرزەکانى گوندەکە و دانەوێڵەى (گەنم و جۆ)ش لە دەشتايى و تەختاييەکانى دامێن چيادا دەکرێن، لە خزمەتگوزارییەکانی (ڕێگاى قیر، مزگەوت، کارەبای نیشتیمانی - قوتابخانە، تۆڕى ئاو)، بەڵام بە هۆى نەبونی خوێندکارەوە قوتابخانەکە هەڵپەسێردراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٥٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی تەکیە و یاڵانپێیە.
کۆمەڵە باخێکی گەورەی تایفەی ئەوڵانە لە گوندی (زەڵم)، کەوتوونەتە پشتی سەرچاوەو چەمەی زەڵم، بە چاوگێکی تر ئاودەدرێن، کە پێیدەوترێت (هانە قوڵقوڵە) یان (چەمە وردیکڵە) و سەرچاوەکەی لەناو باخەکاندایە و دواتریش باخە وێرانە لەخوار خۆیەوە ئاودەدات و ئاوەکەی دێتەوە سەر جۆگەی شێخ خەیات و بوونەتە شوێنی گەشتیاری.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (پریسی سەروو) و بەرانبەر باخە گەورە هەڵکەوتووە. (٧٩٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی زیاترە لە حەوت دۆنم، خاوەندارێتی زەوییەکە کۆچکردوو (میرزا کەریمە)، لەگەڵ باخەکەدا بەشێکی زەوییەکەشی کراوە بە کشتوکاڵ و بە ئاوی کانییاوەکانی گوندەکە ئاودێریکراوە.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (عەبابەیلێ)، ڕێگەی قیری گوندەکە بە پشتیدا تێپەڕ دەبێت. بە ئاوی کانیە بەهارێ ئاو دەدرێت. بە هەنار و ترێ بەناوبانگە، تاپۆیە. نزیکەی هەشت بۆ ١٠ دۆنم دەبێت. موڵکی شێخ ڕەشیدی عەبابەیلێ بووە.
چەند باخێکن و کەوتوونەتە ئەمبەروئەوبەری چەمی زەڵمەوە، کە بە جۆگە سەرەکییەکانی شێخ خەیات و جۆگە مەننە و بنەوانەکانی قێخا و نەسە و حەمەکە و چەند کانییەک، کە لەناو هەندێک لە باخەکاندا هەن، ئاو دەدرێن، بەشێکی زۆریان بوونەتە شوێنی گەشتیاری. ئەوانیش باخی: گۆشەو دۆڵینێ لەبەردەم سەرچاوەی زەڵم، گۆشەو پردێ و نەزرگەی شێخی تێدایە، باخەگەورە لە بەرانبەر دێی زەڵم بۆ خوارەوە، باخو سەلیمی لەبەردەم دێی زەڵم بە درێژایی گوندەکە درێژ دەبێتەوە، پێشاو کۆمەڵە باخێیکی بەرانبەر یەکن لە تەنگەبەرەیەکدا، سەرو کەوێڵێ، دەرەو وێشەی لەبەرانبەر گوندی زەڵمن لە بەشی خوارەوەی، جەمیناوا، مزگی، کەریمە، فەتە دەکەونە وشکەناو لەبەرانبەر یەکتردان، لە پاڵ ئەمانەشدا چەند باخێکی تر هەن.
١- دۆڵ هەنجیر: باخێکە کەوتووەتە ناو دۆڵێک لەچیای ڕوتاواکە لە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی هاوار. ٢- شاوەیس: چەند باخێکن لە باشوری گوندی هاوار، کە لە جۆگەی بنەوانی گوێزە گەڵوازەوە ئاودێریدەکرێن. ٣- گوێزە سەوز: چەند باخێکن لە دواوانی گوندی (هاوار)، کە باخەکانی بە ئاوی کانی ئاو دەدرێن و سەرچاوەی کانییەکەیان بە کانیە چێیگ (واتە: سارد) ناودەبرێت. ٣- هەڵوژێ: چەند باخێکی دارگوێزن لە باکوری گوندی هاوار بە کانی هەلوژێ ئاودێریدەکرێن. ٤- نۆمدەرە: چەند باخێکی دارگوێزن لە باکوری گوندی (هاوار)، کە با ئاوی کانی باخەکان ئاودێریدەکرێن. ٥- گوێزە کوێر: چەند باخێکن لە باکوری گوندی (هاوار) لە کانی و ئەستیلکی گوێزە کوێر و ئاوی کانی با ئاودێریدەکرێن. ٦- قەڵەنەری: چەندین باخن لە باشوری گوندی هاوار، کە لە شاجۆگەی ئاشیەوە ئاودێریدەکرێن و دەکەونە خوارووی مەزاری میر ئەسکەندەری خامۆشەوە. ٧- سۆڵە: چەند باخێکن لە خۆرهەڵاتی گوندی هاوار. لە جۆگەی سۆڵە و لە بنەوانی مەجیدەوە ئاودێریدەکرێن. ٨- سایان: کۆمەڵێک باخ دەگرێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی گوندی هاوار، لە بنەوانی سایان ئاودێریدەکرێن. ٩- سۆڵەی ژووروو: چەند باخێک دەگرێتەوە لە باکوری گوندی هاوار. زیاتر باخەکان لە بەشی خۆرەتاون و لە بنەوانی سۆڵە ئاودێریدەکرێن. ١٠- بەردۆل: کەوتووەتە باکوری گوندی هاوار لەناو دۆڵێک هەڵکەوتووە، کە کانیی سەربەخۆی هەیە و زۆربەی دارەکانی گوێزن.