شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

گوڵەخانە

به ‌دووریى دوو کيلۆمەتر کەوتووەتە خۆرهەڵاتی ڕێگەی‌ (پردی زەڵم - سەیدسادق)‌. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی مەلاوەیسە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی قەدەفەری و لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە‌ لەگەڵ گوندی (دزڵی) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (گێڵەک، تەپەڕێزینە، گردی قازی) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بانیشار و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی عاموورە هاوسنورە. هەتا پێش ساڵی ١٩٥٣ گوندەکە بە قەدەفەری کۆن ناسراوبووە. بەڵام پاش گواستنەوەی دانیشتوانەکەی بۆ ئەم جێگەیەی ئێستای، بە گوندی قەدەفەری ناسراوە و دواتر کاتێک لەلایەن (حاجی محەممەد سان ئەحمەد)ی باپیری کەسایەتیی دیاری ناوچەکە (محەممەدی حاجی مەحموود)ەوە ئاوەدانکراوەتەوە بووە بە گوڵەخانەوە. دەوترێت لە ناوی خاتونێکەوە هاتووە بە ناوی (گوڵ خاتون)، کە دەکاتە خوشکی میریسوور. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٣ی ڕیشێنه و خاوەنی ٨٠٠ دۆنم زەویی بەراوی کشتوکاڵی و ٧٠٠ دۆنمی دێمە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٤ کەس بووە و زۆربەیان بە پیشەی کشتوکاڵ و باخدارییەوە سەرقاڵبوون و سەرجەمیان لە (عەشیرەتی هارونی)ن و ژمارەیان ١١٩ کەسە و بەسەر ٢٢ خێزاند دابەشبوون. پشت بە سەچاوەی ئاوی بیر و ئاوی (چەمى ڕیشێن) دەبەستن. خزمەتگوزاریەکانی ئاو، مزگەوت، ڕێگاوبان، هۆڵی بۆنەکان و قوتابخانەی تێدایە.

گوڵپ

‌بە دووریی (١١کم) کەوتووەته باکوری ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (سەرگەت، هانەیدن، دەرەیمەڕ) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (باخەکۆن، گەچێنە) و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی نارنجڵە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (زەردەهاڵ، خارگێڵان) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (دێکۆن، ڕۆستەم بەگ) هاوسنورە. مێژووی دروستبوونی گوندی گوڵپ بۆ دێرزەمان دەگەڕێتەوە، بە بەڵگەی شوێنەواری کۆنە گوندی (کەلارا) ی نێوان گوندی ئێستەی گوڵپ و (کانی ژنان) و دەرەفێڵان و قەڵاڕێزینە، کە کەوتووەتە نێوان گوندی گوڵپ و نارنجڵە، لەگەڵ بوونی چەندین گۆڕستانی کۆن وەک قەبرسانی دەرەفێڵان و وەردەگا و کەمال ئاوا، دەرە دڵشاد، هەنارەکۆڵە، گۆرە، قەلاێزینێ. لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە لە چەند تیرەیەک پێکهاتوون، هەندێکیان لە گوندی هانەگەرمڵە و دزڵی، یان لە گوندەکانی نزیک لە گوڵپەوە هاتوون، وەک گەچێنە و نارنجڵە و دەرەیمەڕ، هەروەها شێخەکانیش لەم گوندە نیشتەجێبوون. لە کۆندا هەندێک جولەکەش لەم گوندەدا نیشتەجێبوون. لەدوای دروستبوونی قەوارەیەک بۆ جولەکە گەڕاونەتەوە. سەبارەت بە ناوەکەی بۆچوونی جیاواز هەیە، لەوانە: دەوترێت لە(کڵپە)وە هاتووە، یان لە(کلبە)ەوە هاتووە واتە کەنار، ژمارەیەک گەڕەکی هەبووە لەوانە(قەڵاتێ، سەرگەڕەک، گەماڵاوا، چێرگەڕەک، بنەوشەخسی، بنەوچناری، بانەبازاڕا، سێکوچکەوشەوگای، تەپۆڵکە، دەرەفێڵان)، کانیاوەکانی گوندەکە: (هانە ژەنا، لیمۆ، شێخ سادق، مزگی، تفەوتەپی، کەمەڵە، باخەتازە، کارێز، چنازەرکێ، باخچەوهەواسی، پیرشالیار، دەرەفێڵان، کۆڵیت). ساڵی ١٩٣٢ قوتابخانە لە گوندەکەدا کراوەتەوە و هەر لەسەرەتاوە کچانیش خراونەتەبەر خوێندن. پێش ڕاگواستن ژمارەی خێزانەکانی لەنێوان ٤٥٠ – ٤٨٠ خێزان بووە. لە دوای تەوێڵە گەورەترین و قەرەباڵغترین گوندی ناوچەی هەورامان بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانی ١٠٥ کەس بووە، کە ٥٨ لە ڕەگەزی نێر و ٤٧ لە ڕەگەزی مێ بووە. بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەکەیەوە بەردەوام دانیشتوانی سەنتەری گوندەکە ڕووی لە زیادبوون کردووە. چەندین دوکانی جیاواز و پیشەگەری جۆراوجۆر لە گوندەکەدا شوێنی کارکردنی خۆیان کردووەتەوە. نانەواخە و کەبابخانە و چوار چایخانە و دوکانی ئاسنگەری و کورە و گەرماوی تایبەتی و گشتی و سەرتاشخانە و جۆڵایی جاجم و چەندین پیشەی دەستی و پینەدۆزی و سەعاتسازی تێدابووە. ڕۆژانی هەینی خەڵکی لە گوندەکانی چواردەور دەهاتن و پێداویستیی خۆیان لەم گوندەوە دابیندەکرد. چەندین جەراح و حەکیم و مامانی تێدابووە، کە خەڵکی لە زۆر شوێنەوە هاتونەتە لایان و چارەسەریان وەرگرتووە. ساڵی ١٩٧٦ – ١٩٧٧ کارەبای نیشتیمانی بۆ هاتووە. لە بواری شۆڕشگێڕیدا لە مێژووی سیاسی و نەتەوایەتیی خاوەنی شەهید حەمە گوڵپییە. لە ئێستادا ٢٠٢٤ وەکو پێویست ئاوەداننییە. ساڵی ١٩٥٠ نەخۆشخانەی بۆ دروستکراوە، کاری سەرەکییان ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و باخدارییە، پڕۆژەی ئاو کارەبای هەیە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٤٩ کەس بووه.

گوندە

کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای ناحیەی (سیروان). بە دووریی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی سەراو و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی هانەژاڵە و له ‌باکورەوە لەگەڵ گوندی چرۆستانە و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی میراولی و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی نەوەر هاوسنورە. (٦٧١م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەبارەت بەناوی گوندەکە ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەسەردەمی ئەسکەندەری مەکدۆنی سەرکردەیەکی سەربازی هەبووە بەناوی (گونە)، ڕوویکردووەتە ئەم شوێنە، سەرکردەیەکی ئازا بووه،‌ لە گوندەکەدا قەڵایەکی دروستکردووە، پاشان بەتێپەڕ بوونی کات ناوەکەی گۆڕاوه ‌و بووەتە (گوندە)، لە ڕووی خوێندەوارییەوە بۆیەکەم جار قوتابخانەی تیادا دروستکراوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٠ی گوندە و سەراوە.

گۆمەلار

بە دووریی پێنج کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری سەنتەری ناحیە‌ی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی ئاواییی حەمەی فەرەج و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی خێڵی حەمە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی خارگێڵان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دێکۆن و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی شەشکی خواروو، هاوسنورە. (٥٩٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوی گۆمەلار بەپێی وتەی پیاوانی پێشین لە خۆرهەڵاتی گوندەکە جۆگەی دەلێن توشی پێچێکی سەخت دەبێت و گۆماوی لاری دروستکردووە، ناوەکەش لەوەوە سەرچاوەیگرتووە. گوندەکە سەر بە عەشیرەتی نەورۆڵین و سوارچاکی (کوێخا میرزا حەسەن) بوون. لەگەڵ گوندی خێڵی حەمە بەرەبابن و هەتا ئێستەش تێکەڵی یەکترن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٧ی دەلێنی خوارووە و بەسەر زەوی دێم و بەراودا دابەشدەبێت، دەیمەکە نزیکی ٤٠٠ دۆنمە، کە سەر بە کشتوکاڵی بیارەیە و بەراوەکەش نزیکە ٨٠٠ دۆنم دەبێت و سەر بە کشتوکاڵی خورماڵە. بەهۆی بوونی گۆڕستانێکی دێرینەوە پێدەچێت مێژوویەکی زۆری هەبێت. لە باشوری گوندەکە گردێکی شوێنەواری هەیە پێیدەڵێن (گردە بۆرەکە) لە باکورەوە (هارە ماڕیاو) هەیە، کە کومەڵێک بەردی زۆر گەورەن و خەڵکی گوندەکە پێیانوایە شوێنەواری کۆنن. هەروەها ڕێگەی نێوان خورماڵ و هەڵەبجە لەسەردەمی پاشایەتیی عێراقدا بەم گوندەدا تێپەڕیوە. خەڵکی لە خێڵی حەمەوە هاتوون کشتوکاڵیان کردووە، کەپر و ساباتیان تێدا دروستکردووە و بە شەواندا گەڕاونەتەوە. دواتر بە ڕەسمی لە ساڵی ١٩٥٤ زاینیدا وەک گوند ئاوەدانکراوەتەوە. لە دەشتە گرنگەکانی گوندەکە دەشتی (سەبان)ە، کە پانتایەکی فراوانی هەیە و هەروەها (بەردەلێن)، کە بەراوە و بە ئاوی جۆگەی دەلێن شینکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٧ کەس بووە و لە ساڵانی هەشتاکاندا نزیکەی ٣٠ ماڵ بووە. چەند جار لەسەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق - ئێراندا کەوتووەتە بەر هێرشی تۆپبارانی ئێران و شەهیدی داوە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا تەنها هەشت ماڵ تێیدا نیشتەجێن. خەڵکەکەی زیاتر بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سەرقاڵن.

گێڵەک

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گوڵەخانە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کوڵکنیی حەمەسوور و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی شیرەمەڕ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تەپەڕێزینە هاوسنورە. سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە بیرە. دانیشتوانەکەی چەند بۆچونێکیان هەیە لەوانە‌ ناوەکە تورکی بێت، یان بۆ (شوێن ياخود جێی لەک) دەگەڕێتەوە. لە سنوری گوندەکە گردێکی شوێنەواری هەیە بەناوی گردی (گێڵەک)، کە خانووەکانی گوند لەتەنیشتی گردەکەوە دروستکراون. مێژووی گوندەکە بۆ زیاتر لە دوو سەدە دەگەڕێتەوە. دانیشتوانەکەی سەر بە عەشيرەتى (سەدانی)ن. سەرچاوە بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بریتین لە ئاوی بیر، کانی و کارێز و ئەو جۆگانەی، کە لەچەمی زەڵم وەردەگیرێن. مزگەوت، پرۆژەی ئاو و کارەبا و ڕێگەی قیری هەیە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧١ کەس بووه. لە ئێستادا ژمارەی هەشت ماڵ و ٤٠ کەسی لێ دەژی. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٩ی وڵۆسێنانە‌.

لامەرکەزی

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). بە دووریی نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە فولکەی تەپەتۆڵەکە و چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە. لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی تەپەتۆڵەکە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تەپەگوڵاوی و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی شەکرالی و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی خاکوخۆڵ هاوسنورە. (٤٩٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٤ی تەپەگوڵاوییە. مێژووی نیشتەجێبوون لەم گوندەدا زۆر دوور نییە. ساڵی ١٩٦٣ کاتێک ئاوی ڕووباری سیروان دێت، چەندین گوند دەبنە ژێر ئاوەوە لەوانە گوندەکانی (گردی سایق، گردەشێخە، زەردیان، پیران، تەپەکەل و گردی چراخ) و (دێی حسین). دانیشتوانی دێی حسین لە گوندی تەپەگوڵاوی نیشتەجێدەبن. (شێخ خالید نەقشبەندی) زەویوزاری خۆی دەداتە دانیشتوانی گوندەکە و لەنزیک گوندەگە بەناوی (تەپەگوڵاویی سەروو) دەمێننەوە. ساڵی ١٩٧٠ کاتێک حکومەتی عێراقی ئەو سەردەمە لەگەڵ شۆڕشی کوردی ڕێکدەکەون و لامەرکەزی و خۆبەڕێوەبەری بە کورد دەدرێت، دانیشتوانی لە خۆشی ئەو بڕیارە ناوی گوندەکەیان بۆ (لامەرکەزی) دەگۆڕن. سەرەتا چەند ماڵێکی کەم بوون لەگەڵ کوڕ و نەوەکانیان لەو گوندەدا ژیاون وەک (ئەحمەد حسین کەڵور، مەحموود حاجی حەمەعەلی، محەممەد عەلی سلێمان، عەبدوڵا عەلی سڵێمان، حەمەڕەشید عەلی عەزیز). گوندەکە لەگەڵ ٣٠ ماڵی دیکە نیشتەجێدەبن. لە عەشیرەتی کەڵهوڕی سەر بە جافن. (حاجی حەمەعەلی) پیاوماقوڵی گوندەکە بووە. لە ئیستادا تەنها ٣٣ ماڵ لە سەنتەری گوندەکە دەژین. بە باخداری و کشتوکاڵەوە سەرقاڵن. ٢٠٠ دۆنم زەوی دێم و بەراویان هەیە. (کانی مارف) سەرچاوەی سەرەکی ئاوی گوندەکەیە. کانیی (کەنەقوڵە) یەکێک بووە لەسەرچاوەکانی دیکە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵیەوە وشکیکردووە. بە ئاوی ژێر زەوی دەوڵەمەندە. لەو پرۆژانەی، کە بۆی ئەنجامدراوە: جادەی قیر و قوتابخانەی بنەڕەتی و کارەبا و هۆڵی پرسەی هەیە.

لمە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لە نێوان گوندەکانی (پێگە و سازان)دایە. بەهۆی بوونی زەوییەکی لماوی لە کەناری سیروان، کە ئاوەکەی دادەبەزێت نیشتەنی بەجێدەهێڵێت و پێیدەوترێت: لمە. بەرزایی سەیەسوور بەسەریدا دەڕوانێت. نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ ماڵێکی تێداژیاوە. هەمیرخان بەگی ئێناخی بۆ یەکەمجار ئاوەدانیکردووەتەوە. لە ئێستادا چۆڵە و هەموویان لە هەڵەبجە دەژین، کە زیاتر لە ١٠٠ ماڵن. شوێنەواری خانووەکانی هەرماونەتەوە. نزیکەی (٧٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تەواوی خێزانەکانی ناوچەکە بۆ بنەماڵەی هەمیرخانی دەگەڕێنەوە. گوندەکە زۆر کۆن نییە. خەڵکەکەی بە بازرگانیی سەر سنور خەریکبوون. حاجی ڕۆستەمی یونس و حاجی محەممەدی هەواس لە پیاوماقوڵانی گوندەکە بوون. قوتابخانە و مزگەوتی تێدانەبووە، بۆ خوێندن هاتوونەتە گوندی سازان. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦٦ی لمەیە. ساڵی ١٩٥٧وەک گوند هاتووە. بەڵام چۆڵ بووە.

مامەشەیی

کەوتووەتە کەناری دەریاچەی دەربەندیخان و سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. بە گوندی (مامە شەهید)یش ناو دەبرێت. باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (نێرگزەجاڕ، توونی حاجی حەسەن) و لە باشورەوە لە گەڵ گوندی بەشی پیرک و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی میراولی و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی قارەمانی هاوسنورە. لە خۆرئاواشەوە بە ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان زەوییەکانی داپۆشراوە. شوێنی بەستنەوەی ڕێگەی کاروانە بازرگانییەکانی (هەڵەبجە، هەورامان، گەرمیان، باشوری عێراق) بووە. سەبارەت بە ناوی گوندەکە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک بۆ بوونی گۆڕی پیاوچاکێک لە گوندەکە (مامەی شەهید)ی دەگەڕێننەوە، کە پێیانوایە لەوێ شەهیدبووە. بۆچوونێکی تر پێیوایە لە ناوی عەشیرەتی (مامش و مەنگۆڕ)ەوە هاتووە. بۆچوونێکی تریش پێیوایە یەکەم جار پیاوێک ئاوەدانیکردووەتەوە، کە بە شەوان شەوڕەویکردووە بە ناوچەکەدا و بە (مامە شەویی) ناسراو بووە. مێژووی دروستبوون و سەرەتای ئاوەدانکردنەوەی دیاریکراو نییه، بەڵام شارەزایان و شوێنەوارناسان بۆ پێش هاتنی ئایینی ئیسلامی دەگەڕێننەوە. ساڵی ١٩٦١ ژێرئاو کەوتووه. لەکاتی خۆیدا بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵبوون. سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی گوندەکە (جۆگەی بەرزان، جۆگەی دوانزەیی، جۆگەی بەشی پیرک) بووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٤ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤ی مامەشەییە.

مەتا

کەوتووەتە سنوری ناحیە‌ی (خورماڵ)ـەوە. لەگەڵ گوندەکانی (گێڵەک، گوڵەخانە، شیرەمەڕ، تەپە زێڕینە، گردی قازی، تەپە سەرەقوڵە و قاجر و قەدەفەری) هاوسنورە. کەوتووەتە سەر شاڕێی(گردیگۆ - سەیدسادق). دانیشتوانەکەی ناوی گوندەکە بۆ (ئەڵڵاوەیسی مەتا) ناوێک دەگەڕێننەوە و گردێکی شوێنەواریش لە سنوری گوندەکەدا بەناوی (مەتا)وە ناونراوە. دانیشتووانەکەی بەزۆری بەکاری کشتوکاڵکردنەوە خەریکن و سود لە سەرچاوە ئای بیر و ئەو جۆگەکانی سەر چەمی زەڵم وەردەگرن. هەوەرها کاری ئاژەڵداریش (بەتایبەتی بەخێوکردنی مانگا) دەکەن. دانیشتوانەکەی سەر بە عەشیرەتی (هارونی) و تیرەی (نەورشەی)ین. مزگەوت و کارەبای نیشتمانی هەیە. لە ئێستادا دانیشتوانەکەی شەش ماڵ و نزیکەی ٣٠ کەس دەبن.

مەلاوەیسە

کەوتووەتە ناو دەشتی شارەزوور بناری چیای سورێن و ‌سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ)ـە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی ڕیشێن و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گوڵەخانە و لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی قەدەفەری و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی عاموورە هاوسنورە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٣ی ڕیشێنە. ١٠٢٧ دۆنم زەویی کشتوکاڵی دێم و بەراو و ١٢٧ دۆنم باخی هەیە. زۆربەی دانیشتوانەکەی بە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن. خەڵکەکەی دەڵێن ناو‌ی گوندەکە دەچێتەوە سەر ناوی مەلایەک بەناوی (وەیسە)‌، کە لە ئێرانەوە هاتووە. گردی (شەخسەکە)، (سێتەپان) و (گۆڕی گاوران)ی لێیە. ئاوی (باڵا جۆگە) و کانیی (زەلەڕەش) و حەوزی ناو دێ لە گرنگترین سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکەن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٢٤ کەس بووە.

مۆردین

سەر به شارۆچکەی (سيروان)ـه و بە دووریى (١٠کم) کەوتووەتە باشورى سەنتەرى شارى هەڵەبجەوه. (١٠٥٠م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چنارەی کۆکۆیی و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (گردەناوێ، تەوەنەوەل) هاوسنورە و لە باشورەوە ڕووباری سیروان تێدەپەڕێت و لە گوندەکانی (شیرۆڵە، دەگاگا) لە خۆرهەڵاتی کوردستان جیای دەکاتەوە. ناوەکەی لە (مۆردان)ەوە هاتووە، چونکە مۆردێکی زۆری تێدابووە. دواتر ناوەکە بووە بە مۆردین. دانيشتوانى گوندەکە بەدياريکراوى سەر بەهيچ عەشيرەتێک نين، بەڵام تێکەڵيان لەگەڵ عەشيرەتەکانى نەوڕۆڵى و ئێناخى و کۆکۆییدا هەيە. بنەماڵە ديارەکانى گوندەکە بريتين لە: (ئەحمەد، ڕۆستەم، حمەخان، حەمەوەيس، مورادخان)، کە هەموويان کوڕى (عەليوەيس)ن هاوکات لەگەڵ بنەماڵەى (ڕەشيد مۆردينى). دانيشتوانەکەى بە باخدارى و بنێشتکردن و ئاژەڵدارييەوە خەريکن. چەند کانيیەکى تێدايە گرنگترينيان کانییەکانی: مسەلێ، کانیە کوێرەی گەچینە، گەچێنە(سەرەکی)، ناوحەوشە (نێوباخەکانی گەچێنە)، مۆردین(سەرەکی) ژورنگ، ئیسا، سەربەڵخـە. لەسەرەتای سەدەی بیستەوە مزگەوتی تێداکراوەتەوە. مامۆستا مەلا عەبدولکەریم دەڵەمەڕی مەلایەتی تێدا کردووە، دواتریش لەسەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە مامۆستا مەلاکەریم مۆردینی مەلای بووە، هەتا ساڵی ١٩٧٨و ڕاگواستنی گوندەکە. ساڵی ١٩٦٩ بۆ یەکەمین جار قوتابخانە لە گوندی مۆردین کراوەتەوە و ساڵی ١٩٦٨ (بنکەى تەندروستى) تێدا کراوەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٥٦ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦٢ی مۆردێنە.

میراولی

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان)ـە و لەناوچەی نەوڕۆڵی و لە ئەوپەڕی خۆرئاوای هەڵەبجە لە بناری (شاخی نەوەر)دا هەڵکەوتووە و نزیکەی (٢٢کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (چرۆستانە، گوندە، دەشتی ئاڵەمات) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی نەوەر و لە خۆرئاواوە لەگەڵ ملەی دارێ و گوندی مامەشەیی هاوسنورە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٢٠ کەس بووە. پێش ڕاگواستن نزیکەی ٤٦ ماڵێکی تێدا بووە، بەڵام لەئێستادا تەنها دوو ماڵی بە هەمیشەیی تێدایە، کە خەریکی ئاژەڵدارین. گوندی میراولی گەورەترین گوندی ناوچەی نەورۆڵییە و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٦ـە و ڕووبەرەکەی دەگاتە ٢٩٦٨ دۆنم، دانیشتوانی بە پیشەی مەڕ و ماڵات بەخێوکردنەوە سەرگەرمن، لەگەڵ کشتوکاڵکردن بە تایبەتی گەنم و جۆ. شوێنە جوگرافيیەکانى گوندى میراولی بریتین لە:(میرەجانە، نزارە ڕەش، خانگی سەید، دارەگورگێ، شەخسی پیر محەممەد، حەوزەکە، کونە گۆزگە). کانی و سەرچاوە ئاوییەکانی گوندی میراولی بریتین لە: کارێزی مزگەوتەکەی میراولی، کونە گۆزە(وشکی کردووە)، کانییە مارە، کانی هەسێرەکە، کانی دێ عەتە(ئاوێکی کەمی ماوە).

میریسوور

بە دووریی نۆ کیلۆمەتر لە‌ سەنتەری ناحیە‌ی (خورماڵ)ـەوە دوورە. لە باشورەوە لەگەڵ گوندی عاموورە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دەرەگوڵان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی ڕیشێن و لە باشورەوە لەگەڵ چیای سورێن هاوسنورە. سەبارەت بەناوی گوندەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کەسایەتی و پیاوچاکی ئاینی بەناوی (سەید محەممەد یان ئەحمەد کوڕی سەید عیسای بەرزنجیە)، کە نازناوەکەی (میریسوور) بووە و لەگوندەکەدا ژیاوە و لەپاش مردنیشی هەر لە گوندەکەدا نێژراوە، ئەم کەسایەتییە لای (یارسانەکانیش بە پیاوچاکێکی ئاینی) باسیلێوەکراوە. سەبارەت بە ڕابردووەکەی، مێژوویەکی ورد و پوخت لەبەردەستدا بوونی نیە، بەڵام هەبوونی گۆڕستانی زۆر کۆن و دۆزینەوەی پارچەی (شوێنەواری و سکە و دراوی زێڕ و زیو) شاهێدی مێژوویەکی کۆن و دێرینی ناوچەکەن، هەرەوها لە کۆنیی ناوچەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت، کە (ئەژدەهاک یان زوحاک) ی پاشای دەوڵەتی(ماد)، لەسەردەمی خۆیدا لەساڵی (٥٣٩ پ. ز) پایتەختەکەی لە ئەکبەتانەوە گواستووەتەوە ئەم ناوچەیە و شارێکی گەورە دروستدەکات، بەناوی کوڕەکەی ناوی دەنێت (زوور)، ڕووبەری ئەم شارە دەگاتە (گوڵ عەمبەر) پایتەختی شارەکەش گوندی (نەوێ) دەبێت. کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، دوو سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی دانیشتوانی گوندەکەن و بۆ بژێویی ژیانیان سودییانلێوەرگرتوون. گوندی (میریسوور) چەندین جار بەر شاڵاوی ڕژێمەکانی عێراق کەوتووە، ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن ڕژێمی ئەو کاتەی عێراق و (زەعیم سدیق)ەوە بۆردۆمانکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٩٥ کەس بووە و ساڵی ١٩٧٧ بووە بە ٣٣٢ کەس و لە ئێستادا ژمارەی ماڵەکانی ١٢ ماڵە و دانیشتوانەکەشی ٥٢ کەسە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٢ی میریسوورە‌. بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە و پاشان وێرانکراوە و دانیشتوانەکەی ڕاگوێزراون بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی شانەدەری و دواتریش بۆ ئوردوگای (باریکە). لەدوای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ساڵی ١٩٩١ دانیشتوانەکەی گەڕانەوەونەتەوە و سەرلەنوێ بەدەست و بازوی خۆیان گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە.

ناحیەی

کەوتووەتە باشوری پارێزگای هەڵەبجە. مەڵبەندی شارەدێیەکەی کەوتووەتە گوندی (گڵێجاڵ)ـەوە. سنوری گوندەکانی (بەلەسۆ، پشتە، گمە، بەڕوێن، تووەوشکێ، چواردارانی سەروو، چواردارانی خواروو، حاجی ئاوا، قەڵپ، کانی پاشا، کانی وەیسکێ، سەعداوا، شێخ جەمال) دەگرێتەوه. لە شەش کەرتی کشتوکاڵی پێکدێت. لە ٤ی ١١ی ١٩٩٩ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لەسەر قەزای خانەقین، فەرمانی بە ناحیەکردنی بۆ دەرچووه، لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەرزیران لە ‌١١ی ٨ی ٢٠١٥، لە ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٥ بە فەرمانێکی هەرێمی پەیوەستکراوە بە پارێزگای هەڵەبجەوە. بەرزترین لوتکە چیای (١٦٢٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە گرنگترین لو‌تکەچیاکانی، لو‌تکەکانی: (باڵەکەڕێ، ‌ملەی ئەسحاب، هۆرەکە، گورگان). ڕووبەری گشتیی ناحیەکە (١٢٩کم٢)یە. ژمارەی دانیشتوانەکەی لە ساڵی ٢٠٠٩ تەنها ١٤٦ کەس بووە. بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە ١٣٥٣ کەس. دانیشتووانەکەی سەر بە عەشیرەتی گڵێجاڵین. بەهۆی نزیکیی لە مەرزە پشتەوە دانیشتووانەکەی بە کاری بازرگانییەوە سەرقاڵن.

ناحیەی

تا سەرەتای ساڵی حەفتاکان بیارە گوندێکی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بووە. بە مەرسومێکی کۆماری بە ژمارە ١٤٤ لە ٦ی ٤ی ١٩٧١ ناحیەی بیارە پێکهێنرا. ناحیەکە زۆربەی گوندەکانی سنوری هەورامانی لەخۆدەگرێت. بۆیە لە ڕێکەوتی ٩ی ٣ی ١٩٩٣ بە فەرمانی وەزاریی ژمارە ١٣٠٠ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، ناوەکەی لە ناحیەی بیارەوە بۆ ناحیەی هەورامان گۆڕدرا، بەڵام ئەم بڕیارە زۆر درێژەی نەکێشا و لە ڕووی ئیداری و لە تۆمارە فەرمییەکاندا هەر بە ناحیەی بیارە مایەوە. سنورەکەی کەوتووەتە هەورامانی لهۆن و لە هەردوو شارەدێی تەوێڵە و شارۆچکەی بیارە پێکدێت. ناحیەکە لە باکورەوە ناحیەی خورماڵ و لە باشور و خۆرئاوا بە ناحیەی سیروان و ڕووباری سیروان، لە خۆرهەڵاتەوە بە زنجیرەچیاکانی هەورامان، دەورەدراوە. کە لە خۆرهەڵاتی کوردستانی جیادەکاتەوە. سەنتەری ناحیەکە (١١١٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەڵام بەگشتی ناحیەکە لە بەرزیی (٩٠٠م) دەستپێدەکات و هەتا بە ئاڕاستەی باشوری خۆرهەڵات بڕوات بەرزتر دەبێتەوە، کە دەگاتە (٢٠٧٥م). ناحیەکە لە ٢٠ کەرتی کشتوکاڵی و ٢٨ گوند پێکهاتووە. گوندەکانی لە بناری چیاکان و نێو دۆڵەکان و ناوچە بەرز و شاخاوییە سەختەکان هەڵکەوتوون. بەهۆی بوونی کلتورێکی دەوڵەمەند و ئاووهەوای لەبار و سەرچاوەی ئاویی و مەزارگەی ئایینی، ناوچەکە بە گەشتوگوزاری سروشتی و ئایینی و کلتوری بەناوبانگە. دانیشتوانەکەی لە هەورامی و کاکەییەکان پێکدێن. کاکەییەکان لە گوندەکانی (هاوار، هاوارەکۆن، دەرەتوێ) نیشتەجێن و پەیڕەوی ئاینی یارسانن. بەگشتی ناحیەکە زەویی کشتوکاڵی کەمە. بۆیە دانیشتوانەکەی زیاتر بە کاروباری باخداری و بەهۆی نزیکیی لە سنوری ئێران و بوونی دەروازەی ڕەسمی شوشمێ و مەرزی لاوەکی دیکەوە، بە کاری بازرگانییەوە سەرقاڵن. کۆی گشتیی دانیشتوانی ناحیەکە لەساڵی ٢٠٢٣ لە ٩٢٤٦ کەس و ١٨٤٨ خێزان پێکهاتووە. بەشێوەیەک، کە ٣٩٩١ کەس و ٧٩٨ خێزان تەنها لەسنوری شارەدێی تەوێڵە نیشتەجێن. ڕووبەری گشتیی ناحیەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە (١٨٧,٨کم٢)یە. بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسی و کارگێڕیەکان بەردەوام ڕووبەری ناحیەکە لە گۆڕانکاریدا بووە، لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ ڕووبەرەکەی (٢٢٨کم٢) بووە، کە ڕێژەی ١٤,٣%ی کۆی گشتیی ڕووبەری قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە، بەڵام لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٨٧ بۆ (١٧٤کم٢) کەمبووەتەوە و ڕێژەی ١١.٤%ی ڕووبەری قەزاکەی پێکهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕووبەرەکەی (١٦٩,٥کم٢) بووە و ڕێژەی ٢١,٣%ی قەزاکەی پێکهێناوە. لە ساڵی ١٩٧٧دا بۆ یەکەمجار وەک یەکەیەکی کارگێڕی، سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی تێدا ئەنجامدراوە، کە کۆی گشتیی دانیشتوانەکەی ١٤٣٦٨ کەس بووە و ڕێژەی ١٥,٦% دانیشتوانی قەزای هەڵەبجەی پێکهێناوە. دەربارەی سەرژمێریی ساڵی ١٩٨٧ بەهۆی پڕۆسەی ڕاگواستنی گوندەکان و دوورکەوتنەوە لە سنوری ئێران بەهۆی شەڕی هەردوو وڵاتەوە، بۆ سەنتەری شاری هەڵەبجە و ناحیەی سیروان بە زۆرەملێ گوازراونەتەوە و سەرژمێریی گشتیی سنوری ناحیەکەی نەگرتووەتەوە.

نارنجڵە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (گەچێنە و باخەکۆن) و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گوڵپ لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بنجەودڕەی هاوسنورە. مێژوویەکی دێرینی هەیە و چەندین تەپ و گردی بەناوی جۆراوجۆرەوە تێدایە. وەک (کڵاوی ئاشور، ئاوبارە، مەلاسیاوە، ملەگا کۆرە و هتد). خودی گوندەکە لە دامێنی ئەم گرد و تەپۆڵکانە هەڵکەوتووە. لەم گوندەدا گۆڕستانی زۆری تێدایە. زۆربەیان بە دەستوری موسوڵمانان نێژراون. ئەوانەیان کەوتوونەتە ناو سنوری گوندەکەوە بریتین لە: (مەلاشێخ، قەڵا، کۆسەپەڕە، ئایشە نەمام، مەرەخازی). نارنجڵە لە کۆندا لە شوێنێکدا بووە بەناوی (بناری قەڵای سەنگی سیاو)، دواتر لە شوێنێکی دیکەدا گیرساونەتەوە بەناوی (نارنجڵە کۆنە). زیاتر لە پەنجاوپێنج کانی و کانیاوی پڕ لە ئاوی سازگاری هەیە. (هانەکەیوا، هانەودەگای، فەقی ڕۆستەم، هانە سیاڵە) و چەندینی کانیاوی دیکە. هۆکاری ناولێنانەکەی بۆ دوو بیروبۆچوونی سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان: کانیاوێک، کە (نەیجە)ی تێدابووە بەواتای (قامیش و زەل) دێت. دووەمیان بوونی ژنێک بە ناوی (نارنج) و دواتر هەردوو ناوەکە بوونەتە نارنجڵە. پێش ڕاگواستنی گوندەکان ژمارەی دانیشتوانەکەی ٩٧ خێزان بوون. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانيشتوانەکەى ٢٢٦ کەس بووە. ئێستە تەنها دوو ماڵ لەنێو گوندەکەدا نیشتەجێن. (١٠٢٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٩ی جۆگەی بنجۆی دڕەیە و زەویوزارێکی زۆری هەیە، ٧٦٥ دۆنم لەوەڕگا، ٩٥ دۆنم بەراو، ٨٦ دۆنم دێم.

ناوباخان

کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (خورماڵ). بە کۆمەڵێک شاخ و گرد و تەپۆڵکە دەورەدراوه. ڕووباری زەڵم به ‌بەردەمیدا تێپەڕ دەبێت. له ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوودا بەناوی (کلکەی باخ) واتە: قەراغ یان کۆتایی باخ ناوبراوە، دانیشتوانەکەی وەکو هاوینەهەوار، واتا وەکو سەردان لەکاتی هاویندا هاتوونەتە ناوچەکه ‌و پاشان لەزستاناندا ڕۆشتوونەتەوه، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ وەکو شوێنی مانەوەی هەمیشەیی و گۆڕینی ناوەکەی بۆ (ناوباخان)، تێیدا نیشتەجێبوون. ناولێناکە لەگەڵ هەڵکەوتەی شوێنەکە‌ (ناو + باخ) گونجاوە. ڕووپۆشی ڕووەکی لە گوندەکەدا به ‌باخ ودارستان و لەوەڕگاوە دەکاتە ٦٧٩ دۆنم. پیشەی سەرەکیی دانیشتوانەکەی بریتییە لە کشتوکاڵ و باخداری و فەرمانبەری حکومی.

ناوچەی بناری سورێن

ئەو گوندانە دەگرێتەوە، کە دەکەونە بنارى زنجیرە شاخی(سورێن)ـەوە. لە ڕووی جوگرافییەوه ‌کەوتووەتە‌ خۆرئاوای قەزای (خورماڵ). لە نزیک گوندى (بانیشار بە چوار کیلۆمەتر لە باکوری خۆرئاوای شارۆچکەی خورماڵەوه ‌دەستپێدەکات هەتا گوندەکانى (قەڵبەزە و تازەدێ)). لەبەرئەوەى پشتەوەی شاخى سورێنە ئەو ناوەی لێنراوە. کۆی گوندەکانی ئەو سنورە نزیکەی ٢٥ گوندن و هەندێکیان دەکەونە سنورى (سەیدسادق و پێنجوێن)ـەوە. ئەو گوندانەی، کە بە بناری سورێن ناودەبرێن، لە ڕووی کارگێرییەوە سەر به شارۆچکەی خورماڵن و پێکدێن لە: (بانیشار، عامورە، ڕیشێن‌، میریسوور، دەرەگوڵان، چنارە، کانی ئاسکان، گەچێنەی سورێن، بانیبنۆک، نەوێ، بەردەبەل، قەڵبەزە، تازەدێێ سەروو، تازەدێێ بناری سورێن). بەرزترین لوتکە شاخ لە زنجیرە شاخی سورێن و بناری سورێن لوتکەی (داڵەمێزە)، کە لە (٢٥٠٠م) زیاترە. پاشان لوتکەی (هەیانە)، کە بەرزییەکەی نزیکەی (٢٥٠٠م)ـە و شاخی سورێن و بەسەر تەواوی دەشتی (شارەزوور) لە باشوردا دەڕوانێت و لە خۆرهەڵاتیش بەسەر شاری (مەریوان)دا دەڕوانێت. لە سەردەمی (شێخ مەحموودی حەفید)دا بنکە ‌و بارەگای شۆڕشەکەی بووە. لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولیشدا چەندین بارەگای هێزی پێشمەرگەی لێ بووە. شوێنی حەوانەی یەکەمین مەفرەزەی شۆڕشی نوێ بووە. ناوچەیەکی شاخاویی سەختە و چەندین دۆڵ و ئەشکەوتی تێدایە. بە ئاڕاستەی دەشتی شارەزوور لێژدەبێتەوە و دەشتەکانی بۆ کشتوکاڵکردن بەپیتن. بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوه،‌ چەندین سەرچاوەی ئاوی هەیە وەک سەرچاوەی ئاوی (ڕیشێن).

ناوچەی سازان

سازان، زیاتر لە گوندێکە، بەڵکو ناوچەیەکی جوگرافییە و جگە لە گوندی سازان، گوندەکانی کانی گوێز، لمە، پێگە، قوڵی متکان، کۆساوا، ڕێشاو، تلەوەرێ و نەیجەڵە دەگرێتەوە. گوندی سازان لە سەنتەریاندایە و تەنها (١١کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورە. هەرچەندە ناوچەکە دێرینە و شوێنەواری ژیانی سەردەمە جیاوازەکانی تێدایە، بەڵام ناونانی ناوچەکە بۆ شێخ موئمنی سازانی دەگەڕێتەوە، کە لە گوندی تاودۆڵاو لە شاری سنەی خۆرهەڵات هاتووەتە دیوی ئەمدیو بۆ خوێندن و مەلایەتی و لە سەردەمی مەولەویی شاعیردا ژیاوە. کاتێک پرسیاری لێکراوە لەکوێ گیرسایتەوە؟ وتویەتی: شوێنێکم سازاندووە بۆخۆم. ئیدی لەوە بەدوا ناوچەکە بە سازان ناوبراوە. سنوری ئەم ناوچەیە هەریەکە لە ملەی کانی گوێز و سازان لە عەبابەیلێ و دەڵەمەری جیادەکەنەوە، هەروەها ڕووباری سیروان لە بەشی خۆرهەڵات و باشور لە گوندی شێخان لە دیوی خۆرهەڵات جیایدەکەنەوە. نەیجەڵەش لە ناوچەی کۆکۆیی جیایدەکاتەوە. ناوچەکە لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە فرە بنەماڵەیە، بەڵام شێخەکان، کە بۆ نەوەکانی شێخ موئمنی سازانی و دوو کوڕەکەی دەگەڕێنەوە، بەناوبانگترین و زۆرینەن، پاشان لۆراوبەگی، ئێناغی، زەردۆیی و کۆکییش تێیدا دەژین.

ناوچەی کۆکۆیی

کۆکۆییەکان ئەگەرچی وەک عەشیرەتێک زیاتر ناوبانگیان دەرکردووە، بەڵام ناوچەیەکی جوگرافین و لەنێوان سنوری عێراق و ئێراندا و بە پانتاییەکی فراوان و لەسەر ڕۆخی ڕوباری سیروان و لە چوارچێوەی چەند گوندێکدا، دەتوانرێت سنورەکەیان دیاریبکرێت. ناوی ئەم ناوچەیە لە دوو بڕگەی (کۆ) و (کۆ)وە هاتووە و ڕای بەهێز ئەوەیە، کە ئەم عەشیرەتە بەهۆی بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەناوخۆیان و دەرەوەی خۆیان بە کۆمەڵ ژیاون و لەیەکتر جیانەبونەتەوە. بۆچوونی دووەمیش پێیوایە، کە بۆبەخێوکردنی مەڕوماڵات ڕوویان لە ناوچە بەرزەکان و کۆ و کەمەرەکان کردووە،(کۆ)ش بەواتای شاخ دێت و ئەم کۆ و ئەو کۆیان کردووە و ئەو ناوەیان بڕاوە بەسەردا. ناوچەی جوانڕۆ لە خۆرهەڵاتی کوردستان شوێنی سەرەکییان بووە لە زستاندا لە گوندەکانی (گوڕی گەور، بەوڕۆڵ، سیمان، تین) بەشێکیشیان لە گوندی (ساتیاری و ڕواوانی زەردۆیی و مەرەخێڵی ئێناخیدا) دەبن. لە هاوینیشدا لە کوێستانەکانی (کۆیڵە، ماکوان، نمرەساوەند، شاهۆ) ماونەتەوە. لە باشوری کوردستانیش لە گوندەکانی (چاوگ، چنار، نەیجەڵە، بۆین، کۆکۆیی شەمێران) نیشتەجێبوون. لە سێ تیرەی سەرەکی پێکهاتوون، ئەوانیش: شاوەیس و خوڵاوەیس (خوڵام وەیس) و مری وەیس (مورید وەیس). لە ئێستادا دانیشتوانی ئەم گوندانە لە شارەکانی هەڵەبجە و کرماشان و سەریاس و پاوە و سلێمانی بەشێوەیەکی سەرەکی نیشتەجێبوون.

پێشتر 1
...
8 9 10
...
47 دواتر