شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

باخەکانی حکومەت لە

کەوتووەتە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ) لە دەشتی کۆرژەی خۆرئاوای گوندەکە. ڕووبەرەکەی‌ ٨٠ دۆنمە. بەرهەمى (قەیسی، هەنجیر، ترێ، قۆخ) دەوڵەمەند بووه. لە سە‌رەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق دروستکراوە و سەرپەرشتیکراوه.‌ شەش کارمەندی هەبووە، کە لە دانیشتوانی گوندەکە بوون و هەتا ساڵی ١٩٨١ بەرهەمی هەبووە. ‌ساڵی ١٩٨٣ لە پاش نەمانی دەسەڵاتی حکومەت باخەکە وشکبووە.

باخەکانی مزگەوتی سەرگەت

باخەکانی (مەلاتەها، چواروەزە، بنی چنار) دەگرێتەوە و کەوتووەنە‌تە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). ڕووبەرەکەیان ١٠ دۆنم دەبێت. خاوەندرێتیان بۆ مزگەوتی گوندەکە دەگەڕێتەوە و لەبەر ئەوەیە ئەو ناوەشی لێنراوە. مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو. لەلایەن شێخ ئیسماعیل‌ و بە فەرمانی مەلیک فەیسەلی دووەم لەسەر مزگەوتی گوندەکە وەقفکراوە.

باخەکۆنى پريس

بە دووریی نزیکەی (٦٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (پریسی سەروو). زەویەکەی تەخت و بەپیتە. لەسەر ڕێگای چەوڕێژی نێوان گوندی (پریسی سەروو) و (پریسی خواروو)ە، لەکۆنترین باخەکانی گوندەکەیە و بە ئاوی (کانی دەراش و کانی جانە) ئاودێریدەکرێت، (٧٨٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی لە چوار دۆنم زیاترە.

باخەکۆنی خاکوخۆڵ

کۆمەڵێک باخن کەوتووەنەتە خۆرئاوای گوندی خاکوخۆڵ لە نێوان گوندەکە و گردی دەرەگولان. لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٠٠کان لە لایەن (ڕەحیم عەزیز)ەوە دروستکراون.

باخەگەورەی پریس

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (پریسی سەروو). (٧٩٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووبەرەکەی لە شەش دۆنم زیاترە. بەهۆی گەورەیی ڕووبەرەکەیەوە بە باخە گەورەی (پریس) ناسراوە و بە ئاوی کانیاوەکانی گوندەکە ئاودێریدەکرێت.

باخەگوڵاوی

باخێکە کەوتووەتە خوارووی بەروەزەن و نێوان باخەکانی چەم و خوار جادەی سەرەکیی گوندی (سازان). پێشتر بەم شوێنە وتراوە (باخە گواوی)، بەڵام دواتر کراوەتە باخێکی جوان و ناوەکەی بۆ باخە گوڵاوی گۆڕاوە.

باخچە گەورە

کەوتووەتە بەردەم گوندی (خەرپانی) و لەنێو دۆڵێکدایە. هاوینان شوێنێکی فێنک و هەوارگەیە. لە کانی کارێز و لاڵەگاوە ئاوی بۆهاتووە.

باخ و سالاری

کەوتووەتە بەردەم گوندی (هانەیدن)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). چواردەوی بە تەل و بە دیواری بەرد پەرژین کراوە، ڕووبەرەکەی ٢٠ دۆنم زیاترە و گەورەترین باخە لە سنورەکەدا. بەشێکی پشت بە ئاوی ئەو کانییە دەبەستێت، کە لە ناوباخەکە خۆیدایە و بەشێکی تریشی بە ئاوی چەمی (هەمەشوانە) ئاودەدرێت. لەسەرەتای سەدەی بیستدا دروستکراوە و خاوەنەکەی (ئەفراسیاو بەگ)ی فەرمانڕەوای ناوچەکە بووە، کە بە (سالا) ناسراوە و هەر بەناوی ئەویشەوە ناونراوە. زۆرتر بەرهەمی (سێو، هەنار، هەنجیر، توو، قەیسی، هەرمێ، هەڵوژە) هەیە.

باخ و شێخی

کۆمەڵەباخێکن. کەوتوونەتە نێوان جۆگەی دەلێن و ڕووباری زەڵم، لە خوارەوەی دەروازەی دەربەندی زەڵمەوە دەستپێدەکەن و درێژ دەبنەوە، کە ١٨ دۆنمە، لەگەڵ هەموو ئەو باخانەی، کە کەوتوونەتە نێوان دەیمەجۆ و دەلێن لە ئەحمەدئاوا، کە ٤٠ دۆنم دەبن، کاتی خۆی (شێخ ئەحمەد شەمسەدینی کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵە) خاوەنی بووە، کە گوندی ئەحمەدئاوای ئاوەدانکردووەتەوە و بە موڵکایەتی بە ناوی شێخەکانەوە هاتوون.

باخی گشتیی هەڵەبجە

یەکێکە لە باخ و پارکە گەورە و گرنگەکانی سەنتەری شاری هەڵەبجە. بە باخی (عەلی بەگ)یش ناودەبرێت، چونکە زەوییەکەی لەلایەن عەلی بەگەوە لەسەر شەقامی گشتی و نزیک لە ماڵی وەسمان پاشای جاف بە مەبەستی دروستکردنی پارکی گشتی داویەتی بە شارەوانی هەڵەبجە. مێژووی دروستبوونی ئەم باخە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٠ لە لایەن شارەوانی هەڵەبجەوە لەسەر ڕووبەری (١٢,٤٨٥م٢) دروستکراوە، ئەم باخە تاکە شوێنی هەڵەبجە بووە، کە گەنجان سەردانیانکردووە و دەمەوئێواران پشوویان تێدا داوە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە و ڕێکخراوە بیانییەکانەوە، چەندین جار نۆژەنکراوەتەوە، کەوتووەتە ناو جەرگەی بازاڕ و لە پشت سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوەیە، بەردەوام بە مەبەستی جوانکاری گۆڕانکاری لە باخچەکەدا دەکرێت. بۆ سەوزکردن و ئاودانی ئەم باخە، سود لە ئاوی ئەو بیرانە وەردەگیرێت لە ناو باخەکەدا لێدراوە. دوو دەرگای چوونە ژوورەوەی هەیە. ناوفورەی هەیە. سەکۆی شانۆی تێدا دروستکراوە. لە کۆن و نوێدا چەندین ئاهەنگ و فیستیڤأڵ و کۆنسێرتی لێ سازکراوە. بەسەر‌ چوار بەشدا دابەشبووە. پەیکەری عادیلەخان و چاوەڕوانی سەرۆکی شارەوانی تێدا دانراوە.

باخى مير

یەکێک بووە لە باخە بەناوبانگ و گەورەکانى هەڵەبجە. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٢٥ دۆنم) بووە. ساڵی ١٨٩٥ دروستکراوە. لە عوسمان پاشاى جافەوە بەميرات بۆ ئەحمەدموختار جافى کوڕى ماوەتەوە. چەند کانییەکی تێدا بووە و جۆگەی ئاوی (کوڵەبۆز) بە ناوەڕاستیدا تێپەڕبووە. بە مەبەستی سەرپەرشتیکردن و خزمەتکردنی باخەوانى بۆ گيراوە، لەوانە (مچە مەريوانى، ڕەشەکۆیی، مام عەبۆل) له نمونەی ئەو باخەوانانەبوون. ئەگەرچى باخەکە موڵکى ماڵى ئەحمەدموختار جاف بووه، بەڵام بۆ هەموو کەسێک کراوە بووە. چايخانەى تێدابووه و خەڵکى زياتر بە ئێواراندا سەردانيانکردووە. ساڵی ١٩٦٣ بە پاساوی ئەوەی پێشمەرگە لەوێوە دێنە ناو شار، حکومەت زۆربەی دارەکانی بڕیوەتەوە و دواتر زەوییەکەی کراوە بە کێڵگەی شێلم و توور و دواتریش بووە بە خانووی نیشتەجێبوون و سەرەتا شوێنەکە گەڕە‌کی چوارباخی پێوتراوە و لە ئێستادا بە گەڕەکی باخی میر ناسراوە.

باسێرە

کۆمەڵە باخێکن و لە چەند کانییەکی بچوک پێکهاتووە. دەکەونە سنوری گوندی (دەرەتوێ) لە خوار ڕێگەی (کاروانگەی) هەڵکەوتووە. لە وشەی (هەسێر یا ئەستێڵ)ەوە هاتووە. چونکە باخەکانی بە بەکارهێنانی ئاوی ئەستێر و کۆکردنەوەی ئاوی کانییەکان لەنێویدا و دواتر بەکارهێنانەوەی بۆ ئاودێری ئاوەکەیان بەکارهێناوە.

بەر دێ

کەوتووەتە بەردەم قەڵا و کانی هاوارەکۆن. هەر لەبەرئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە. لە کۆمەڵێک باخ و هەندێک زەویوزار پێکهاتووە. باخەکانی بە ئاوی کانی هاوارەکۆن ئاودەدرێن. زەوییەکانی دەکرێنە لەوەڕگا و لە کۆندا کراونەتە کشتوکاڵی گوندەکە. ڕێگای هاوارەکۆن – گریانە دەچێت بەناویدا و هەردوو بەشی (زەوی) و (باخەکان) لەیەکتر جیادەکاتەوە.

بێدەری

کەوتووەتە نێوان سۆسەکان و تەوێڵە و لە سەرەتای چوونە ناو تەوێڵەیە لە نزیک ئاساوگا. چەند باخ و باخات و کانی و ئاون لە دامێنی چیای بێدەری و دەڕوانن بەسەر ڕێگەی (تەوێڵە - سۆسەکان) بەو ناوچە و دەوروبەرە دەڵین: بێدەری، کە چەند چڵێک لە گوێزەکانی ئەم باخانە وەقفی مزگەوتی گەورەی تەوێڵە کراون.

ترجان

تاکە باخێکە و کەوتووەتە گوندی (دەرەتوێ) لە خوار باخی (هەرمێلێ) لە هەورامان‌. بەهۆی وشکەساڵییەوە ئەم باخە زیانی زۆری بەرکەوتووە. سەرچاوەی ئاوەکەی وشکیکردووە و باخەکانی وشک هەڵاتوون.

چاڵەخەڵوزێ

کەوتووەتە سنوری گوندی (هاوار)ی سەر بە ناحیەی (بیارە) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (هاوار دەرەتوێ)یە. کاتی خۆی خەڵکی ناوچەکە ئاوی ئەم باخەیان بۆ کوژاندنەوەی خەڵووز بەکارهێناوە. ناوەکەشی هەر لەوەوە سەرچاوەیگرتووە.

چاڵی نەیجە

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بەشێوەی تەڵان تەڵان ڕیکخراوە و کانی و ئەستێڵ و داری توو، هەنار و هەنجیری تێدا بوو‌ە. ناولێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کەوتووەتە بەشی خوارەوەی گوندەکە و قامیش و نەیجەی تێدا ڕوواوە.

چوار وەشە

کەوتووەتە نێو گوندی هاوار. کۆمەڵەباخێکن زیاتر توو، هەنار، هەنجیرن. لە تەنیشتیەوە تەختایی(باریکەی) هەیە. لەسەرویانەوە کەلی (بڵێ) هەیە، کە ڕێگای سەرەکیی گوندەکانی (هاوار و هاوارەکۆن و گریانە)یە. لە تەنیشت تەختایی باریکەیە. پێیدەوترێت(قەڵاتێ)، پاشان شۆڕدەبێتەوە بەرە و چەمی ئاشی. لەم چەمەدا ئاشی ئاو هەبووە. بەهۆی شێوەی ناوچەکە، کە زیاتر چوارگۆشە بووە ئەو ناوەی وەرگرتووە. لە گوندەکەدا ناوبانگێکی زۆری هەیە و بە یەکێک لە چەم و باخە دیارەکانی(هاوار) دادەنرێت.

حەوزی نیزامان

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەتوێ) لە نێوان چەمی (بگارێ) و باخەکانی (چەمی دەرەتوێ). ڕێگای سەرەکیی گوندەکە بە سەرەوەیدا تێپەڕدەبێت. باخەکانی بە ئاوی (چەمی دەرەتوێ) ئاودەدرێن.

حسەينى حاجى

بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک ‌کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى(زەمەقیی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). کۆمەڵە زەويیەکى کشتوکاڵیى بەپيتن و ڕوبەرەکەيان نزيکەى(٣٥) دۆنمە و بەهۆى بوونى سێ بيرى ئيرتيوازى لەناوياندا کراون به ‌بەراو و بەدارى هەنار و چەند بەروبومێکى ديکە چێنراون. لەبەرئەوەى سەرەتا موڵکى(حسەين ئەحمەد ميروەس) بووە ناونراوە باخەکانى حسينى حاجى و لە ئێستا موڵکى (سەرکەوت مەحسین حەمەفەرە‌ج)ـە.

پێشتر 1
...
10 11 12
...
47 دواتر