هەڵەبجە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی عێراق و خۆرهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باشوری خۆرهەڵاتی سلێمانی. لە شارە دێرینەکانی هەرێمی کوردستانە، لەخۆرهەڵاتەوە لەگەڵ شار و گوندەکانی پاوە، مەریوان، نەوسود و شۆشمێ دزاوەر هاوسنورە. بە چیاکانی هەورامان و شنروێ و سورێن و باڵانبۆ دەورەدراوە، ناوەندی پارێزگا و قەزای ناوەند ناحیەکانی سیروان و بیارە و خورماڵ و بەمۆی لەخۆگرتووە. پێشتر سەنتەری قەزای گوڵعەنبەر بووە و سرۆچک، قزڵچە و قەرەداغی لەسەربووە. لە کۆنەوە لە دەوروبەریدا ژیان بووە و شوێنەوارکانی وەک بەکراوا و زەمەقی لێدەرکەوتووە. جافەکان و سیانزەماڵە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانیدا، ڕۆڵیان هەبووە. ئاوەدانە و ناوچەیەکی گەشتیارییە و چەندین باخ و باخاتی لێیە، بە میوەکان ناودارە، بەتایبەتی هەناری هەڵەبجە، سنوری هەرێمی بڕیووە. دەشتی بەپیتی شارەزوور بەشێکی گەورەی خاکەکەی پێکهێناوە، ئاووهەوای ماماوەندە و تەنیا لە چلەکاندا گەرم و ساردە. بارانی مسۆگەرە و لە ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویدا بە هۆی سیروان و سەرچاوەکانی زەڵم و ڕیشێن و سورێن و تەوێڵە و بیارە و خارگێڵان و دەرەشیشەوە دەوڵەمەندە. لە گەڕەکە کۆنەکانی پیرمحەمەد، پاشا، سەرا، کانی قوڵکە، کانیعاشقان و لە ئێستادا گەشەیکردووە و دەیان گەڕەکی تری لێدروستبووە. شوێنەوارە بەناوبانگەکانی ناو شارەکە، قەیسەریی حامیدبەگ و ئاشی مەحمود یاروەیس و باخی میر و مەزاری پیر محەممەدن. تا نیوەی سەدەی بیستەم جولەکەی تێدابووە و گەڕەکی جولەکان ئێستاش ماوە. زۆرینەی دانیشتوانەکەی موسڵمانی سوننەن و لە گەڵ ئەماندا کاکەییەکانی هاوار و هاوارەکۆن و دەرتوێی لێدەژین، شێوەزار و شێوازی ئاخاوتنی دانیشتوانەکەی سەر بە شێوەزارەکانی کرمانجی ناوەڕاست/سلێمانی و هەورامی. مەڵبەندی زۆرێک لە شاعیرە ڕابەر و بەناوبانگەکانی کوردبووە و لەوانە، نالی، مەولەوی، گۆران، تاهیربەگ و ئەحمەدموختار..هتد. چەندین مەزاری پیاوچاک و نشینگە و مەدرەسەی خوێندنی هەبووە، وەک مەدرەسەی خەرپانی و عەبابەیلێ و بیاوێڵە و پریس و خورماڵ و بیارە و تەوێڵە و هتد. دوای سلێمانی، خوێندنی زانستی تێداکراوەتەوە و لە ئێستادا زانکۆی هەڵەبجە و پەیمانگای هەیە. دانیشتوانی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بازرگانی و فەرمانبەری حکومییەوە خەریکن. چەندین خۆرهەڵاتناس و گەڕیدە و کاربەدەستی بیانی سەردانیانکردووە و باسیانکردووە، لەوانە مێجەرسۆن، ئەدمۆندز، لیز، بێڵ و ڕیچ و..هتد. ڕۆژی ٢٤ی ١١ی ١٨٦٩ یەکەم قایمقامی دەستبەکاربووە و ئیدارەی پارێزگا ئەو ڕێکەوتەی ساڵانە وەک ڕۆژی هەڵەبجە دیاریکردووە. لە ئاماری ١٩٧٧ ژمارەی دانیشتوانی ناوشارەکە ٢٢٤١١ و ئاماری ساڵی ١٩٨٧ ٣٧٠٤٧ کەس بووە. مەڵبەندی چالاکیی شۆڕش و سەرهەڵدانەکان بووە. لە ڕاپەڕینی ١٣ی٥ی ١٩٨٧ گەڕەکی کانیعاشقانی تەختی زەوی کراوە و بەشێک لە دانیشتوانی شار ئاوارەی ئێران بوون و لە مانگی ئازاری ١٩٨٨ بووە مەیدانی شەڕی عێراق و ئێران. لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژیمی عێراقەوە کیمیاباران کرا و ٥٠٠٠ کەس لە هاوڵاتیانی شارەکە شەهیدبوون. دوای ڕاپەڕین، گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ بڕیاڕدان لە سەر بە پارێزگابوونی لێ کراوە، ئێستا زۆرینەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و زانکۆ و پەیمانگا و دەیان دامەزراوەی گرنگی لێیە.

سەرچاوەکان:

  1. ڕاگەیاندنی پارێزگای هەڵەبجە سەبارەت بەدیاریکردنی ڕۆژی هەڵەبجە، ٢٣ی ١١ی ٢٠٢٣.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار هومایون ساحێب لە گەڵ نوخشە ناسح، لە دایکبوو ١٩٧٨،بکالۆریۆس، قایمقام، ١٣ی ٣ی ٢٠٢٥ هەڵەبجە.
  3. هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا. حەکیمی مەلا ساڵح بەرگی یەکەم چاپی یەکەم. چاپخانەی منارە ٣٠٠٤ ل ١٠-١٢.
  4. هەڵەبجەو کەسایەتییەکانی. کۆکردنەوەو ڕێکخستنی: ئازاد حەمدی.بەشی دووەم. چاپخانەی ڕەنج. ژمارەی سپردن(١١٠٦)ساڵی ٢٠٠٩ ل ١٣.
  5. هەڵەبجە یادەوەریی و شارستانێتی . ئامادەکردنی: محەمەد غەفور شەریف. چاپی یەکەم. چاپخانەی کارۆ ٢٠٢٢ل٣٠، ٢٤٣، ٢٤٩.
  6. هەڵەبجە مەملەکەتی ژیان، خەبات عەبدوڵا، چاپی یەکەم، چاپخانە ڕەنج، سلێمانی، ٢٠١٠، ل ٨٣.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

3

هاوبەشی پێبکە