ياڵانپێ

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


بە (ئێڵانپێ و هێڵانپێ)ش ناودەبرێت. کەوتووەتە سنوری‌ ناحیەی (خورماڵ). له ‌دامێنى زنجيرە چياى سورێن و خۆرئاواى ئەو زنجيرە چيايەدا هەڵکەوتووه. بە دورى پێنج کیلۆمەتر‌ لە سەنتەرى شارۆچکەى خورماڵەوە دووره. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی دزڵی لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی هانەی قوڵ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بانیشار و لە باشورەوە لەگەڵ شارۆچکەی خورماڵ هاوسنورە. سەبارەت بە ناوەکەی بۆچونی جیاواز هەیە، دەڵێن وشەیەکی تورکیە بەواتای(پیاوی ئازا و دز) دێت، لەسەر کەتیبەیەکی ئەشکانیاکان بە ناوی (ئیڵێپی)ەوە تۆمارکراوە، (مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) دەڵێت بە واتاى (دێی پاڵەوانان) دێت، کۆتا بۆچونيش پێیوایە‌ (وشەیەکی کوردییە و لە دامێنی یاڵدایە(ياڵ واتە دۆڵێک لەناوچەيەکى بەرزدا) و وەک مەدالیا بە گەردنی یاڵەکاندا هەڵواسراوە. دانيشتوانى سەر بە هیچ عەشیرەتێک نین و تەنها (گۆران - هەورامى)‌ن ، چونکە (گۆران - جاف)يش هەيە، مێژووەکەی زۆر کۆنە و بە پێی لێکۆڵینەوە و کنە و پشکنینی شوێنەواری، کە بۆ ئەو کەلوپەلە دەستیانەی، کە دۆزراونەتەوە، هی سەردەمی (شارستانیەتیی ئەشکانی و ماد و ساسانییەکانە). خاوەنی ٢٥ کانیی هەمیشەییە و هەتا ئێستا هیچ کانییەکی وشکینەکردووە، ئاوی بەهارانیشی زۆر زۆرە و زۆربەی شوێنەکانی پڕ دەبن لە ئاو و گرنگترین کانیەکانی بریتین لە: (پەڵگا، هانە چیاڵە، هانەوا، هانە گەورە، هانەو ڕێبوارا، حەوزو شێخ ڕەزای، وێکەن، هانەو کاک هەسەنی، سەرو حەوزی، کانی تو، هانە بەکان) و چەندین کانیی تر. لەبەرئەوەى ناوچەى شاخاوى و دەشتاييشى هەيە، دانيشتوانەکەى هەم بە ئاژەڵداری و هەم بە باخەوانی و هەمیش بە کشتوکاڵەوە خەريکن، بەگشتى باخى (هەنجير و هەنار و گوێز) لە ناوچە بەرزەکانى گوندەکە و دانەوێڵەى (گەنم و جۆ)ش لە دەشتايى و تەختاييەکانى دامێن چيادا دەکرێن، لە خزمەتگوزارییەکانی (ڕێگاى قیر، مزگەوت، کارەبای نیشتیمانی - قوتابخانە، تۆڕى ئاو)، بەڵام بە هۆى نەبونی خوێندکارەوە قوتابخانەکە هەڵپەسێردراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٥٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی تەکیە و یاڵانپێیە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (ڕەزوان عارف عەباس)، لەدایکبوو: ١٩٨٦، پيشە: مامۆستاى زانکۆ، لە ٧ی ١٢ی ٢٠٢٢.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عارف عەباس ساڵح، لەدایکبوو: ١٩٥٤، پيشە: ئاژەڵدار‌، لە‌ ٧ی ١٢ی ٢٠٢٢.
  3. بەشێک لە زانياريیە پێوانکارييە جوگرافيیەکان لە ڕێگەى سيستمى زانياريیە جوگرافيیەکان (GIS)ـەوە دەرهێنراون.

ئامادەکردنی: د. هێمن کەمال حەمەئەمین

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کێلەسپی

ساڵی ١٩٥٩ گوندی (کێلەسپی) لەگەڵ گوندی (جان جان) لەیەک دراوە و ناحیەی (سیروان) پێکهێنراوە. ساڵی ١٩٥٧ بە فەرمی هەردوو گوندەکە کراون بە یەک. کەوتووەتە سەرەتای لای ڕاستی ئەو ڕێگەیەی لە سیروانەوە بۆ هەڵەبجە دەچێت. بنچینەی ناوەکەی بۆ ئەو کێلەسپی و بەرزانە دەگەڕێتەوە، کە لە دروستکردنی گۆڕستانی گوندەکەدا هەبوون، ئەم کێلانە لە بەردی شاخ تاشراون و زۆرینەیان لە دوو مەتر بەرزتر بوون. هەتا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشێک لەم کێلانە مابوون. دوو لە کێلەکان نوسراوی لەسەر هەڵکۆڵرابوو، لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق مستەفا) ساڵی ١٩٦٣، کێلەکان دیارنەمان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٧ی بەشارەتە.

گەچێنەی زێڕوون

کەوتووەتە قەدپاڵی زنجیرە چیای سورێن. بە دووریی نزیکەی (١٣کم) کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیە‌ی (خورماڵ)ەوە. لە حۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بانیبنۆک و لە باکورەوە لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چنارە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کانی ئاسکان هاوسنورە. مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی ١٩١٠ دەگەڕێتەوە کاتێک (فەقێ محەممەد ئەکبەر) لە گوندی (قەویلەوە)هاتووە و بونیادیناوە. ‌لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور، ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی (شانەدەری و سەیدسادق). لەپاش ڕاپەڕین، ‌ساڵی ١٩٩٦ ئاوەدانکراوەتەوە‌ و لە ئێستادا چوار ماڵی تێدایە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٨ کەس بووە.

گردەچاڵ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بەحرکە) لە پارێزگای هەولێر. هەڵەبجەییەکان لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و گەڕانەوەیان لە وڵاتی ئێران، لە دەشتاییەکانی حەوزی بازیان و باینجان هێشتنیاننەوە، پاش ماوەیەکی کەم کۆمەڵێکی زۆیان لێ دەستبەسەرکران و بەره ‌و سنوری ئەم گوندە ڕاگوێزران و لە سەختترین ژیاندا نیشتەجێکران. بە سادەترین پێداویستی و کولەمەرگی ڕووبەڕووی سەختیی ڕۆژگارەکە کرانەوە. بە یارمەتی و چاونەترسی هەولێرییەکان توانیان ئەو ڕۆژانە بەڕێبکەن.

گردی قازی

لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گوڵەخانە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گردیگۆ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تەپەڕێزینە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گێڵەک هاوسنورە. لەسەر سەرچاوەی ناوەکەی زانیاریەکی ئاشکرا نییە، بەڵام ئەوەی، کە دیارە میژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بەشێک لە خێزانەکانی لە گوندەکانی دەوروبەرەوە، کە سەر بە(عەشیرەتی سەدانی)ن، دێنە ئەم جێیە و هەتا ئێستاش ماونەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٨ی کشەدەریی تەپەڕێزینەیە‌. لەئێستادا ژمارەیان ١٠٠ کەسە و بە سەر ٢٣ خێزاندا دابەشبوون. خاوەنی ٣٤٠ دۆنم زەویی بەراوە و نزیکەی ٨٠ دۆنمی باخی هەنارە. دیارترین کانی، کە گوندەکە بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگرن بەناوی (کانی گیڵەک)ەوەیە، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ باخداری و کشتوکاڵ. گوندەکە ڕاستەوخۆ کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی (خورماڵ -سەیدسادق) و مزگەوت و بیری ئاوی خواردنەوە و ڕێگاوبان و هۆڵی بۆنەکانی هەیە. پیشەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە کشتوکاڵ و باخداری و فەرمانبەری میری.

گردیگۆ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لەسەر سێڕیانی خورماڵ هەڵەبجە و سەیدسادق و لە نزیک پردی زەڵمە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (کوڵکنیی فەقێ کەرەم و کوڵکنیی حەمەسوور) و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (گردی قازی و تەپەڕێزینە) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی (تەپی سەفا) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپەتۆڵەکە، تەپەسەرقوڵە، کشەدەر) هاوسنورە. لە تۆمارە فەرمیەکاندا بەناوی کوڵکنیی خواروو ناوی هاتووە. هەندێکیش دەڵێن مێژووی زۆر کۆنە و پێدەچێت ئەو گردە بۆ سەردەمی گۆتییەکان بگەڕێتەوە. بەڵام مێژووی ئاوەدانکردنەوەی بۆ ساڵی ١٨٠٠کان دەگەڕێتەوە. سەرەتا ئەولمحمەمەدی کاخانی حەمەخانی محە ئاوەدانیکردووەتەوە، بەهۆی گردەکەی ناویەوە ناونراوە گردیگۆ و خۆشی بووەتە موختاری گوندەکە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ١٤٣ کەس بوون، کە ٨٣ نێر و ٦٦ لە ڕەگەزی مێ بوون. لە ساڵی ١٩٧٠ بەشێوەی کاتی قوتابخانەی تێدا کراوەتەوە و لە ماڵی هاوڵاتیەک بەناوی عەوڵای ئەحمەدی وەیسی، هەتا ساڵی ١٩٨٧ بەردەوامدەبێت و دواتر گوندەکە وێرانکراوە. لە کۆندا گۆڕستانی سەرەکیی گوندەکە گۆڕستانی شاوەیس و باوەیس بووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات مردووەکانیان لە گوندی شیرەمەڕ و شوێنانی دیکە بەخاکدەسپێرن. ڕێکخراوی HAD ئەڵمانی لە ساڵی ١٩٩٤ کەلوپەلی بیناسازی پێشکەش بە دانیشتوانی گوندەکە کرد و لەهەمان ساڵدا هەمان ڕێکخراو قوتابخانەی بۆ گوندەکە کردەوە. لەساڵی ١٩٩٣ ڕێکخراوی ڕابیتەی ئیسلامی کورد، مزگەوت و لە ساڵی ١٩٩٨ هۆڵی پرسەی بۆ گوندەکە دروستکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ نەخۆشخانە لە گوندەکەدا کراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ قوتابخانەیەکی بنەڕەتیی دیکە لە گوندەکە کراوەتەوە. لەڕووی خزمەتگوزارییەوە ئەحمەدی کوێخا ڕەشید خزمەتێکی زۆری بە گوندەکە کردووە و ژێرخانی ئاوەدانی هێناوەتە گوندەکە. لەساڵی ٢٠١٦ مزگەوتەکە بە شێوەی خێرخوازی نۆژەنکراوەتەوە و هۆڵی پرسەی پیاوان دروستکراوە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی گوندەکە و سێڕیانی هەڵەبجە بۆ خورماڵ و سیروان و پێگەی ستراتیجیی گوندەکە لە ڕووی سەربازییەوە، تەنها لەسەردەمی زەعیم سدیق چوارجار گوندەکە سووتاوە و کاولبووە. لە شەڕی ناوخۆدا دووبارە شوێنی پێکدادانی هێزە کوردییەکان بووە و بەردەوام هێرشیکراوەتەسەر. لە نەخشەی گرتنی هەڵەبجە وەک شوینێکی سەرەکی و دابڕینی هەڵەبجە لە سلیمانی هێرشیکراوەتەسەر.

گریانە

بە دووریی (٢٥کم) لە باشورى خۆرهەڵاتى شاری هەڵەبجەوە دوورە. سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. کەوتووەتە سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان. لە خۆرهەڵاتەوە ڕووباری سیروان لەگەڵ گوندی شێخان لە شارستانی پاوە لەیەکیان جیادەکاتەوە. له خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار، هاوارە کۆن) لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (بۆین و ڕێشاو) و لە باکورەوە لەگەڵ شارەدێی تەوێڵە و گوندەکانی (سۆسەکان، دەرەتفێ) هاوسنوره. دەربارەی ناوەکەی، بۆچوونی بەهێز ئەوەیە، کە لەئاڤێستادا بە (گارێهانە) ناوی هاتووە. بە تێپەڕبوونی کات لەسەر زار بۆ (گریانە) گۆڕاوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٨٣ کەس و ساڵی ٢٠١٦دا ٦٥٠ کەس بووە. کۆمەڵێک گۆڕستان و ئەشکەوتى تێدایە لەوانە ئەشکەوتى (کونیل، زاخێ، دووەر، مقەر، کولێن دەشت)، هەروەها شوێنەواری ٣٥ خانو و میحرابی مزگەوت و بەردە دنگێک و دوو ئاش تێیدا بەجێماوە، یەکێکیان تەمەنى بۆ زیاتر لە ‌١٠٠ ساڵ دەگەرێتەوه. گریانە بە دارەبەن بەناوبانگە. چەندین کانی و کارێزی‌ تێدایە، لەوانە (کانی پیرکامڵ، کانی بن گوێز، کانی کونێل، کارێزی وەیسە، کارێزی حەمەکافە). زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٣ی گریانەیە‌.