ناوچەی هەورامان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


کەوتووەتە ناوجەرگەی کوردستان و بە درێژایی چیاکانی زاگرۆسدا درێژبووەتەوە و بەرزیی چیاکانی لەنێوان (١٢٧٠ بۆ ٣٣٩٠م)ە. سنور و ڕوبەری هەورامان بەپێی سەرچاوەکان جیاوازە و دەتوانین بەشێوەیەکی گشتی بڵێین دەکەوێتە سەر هێڵی درێژیی ٤٥ پلە و ٤٠ خولەکی خۆرهەڵات و هێڵی پانی ٣٥ پلە و ٣٥ خولەکی باکور. لە ڕووی جوگرافییەوە: لە باکورەوە شارەکانی (مەریوان و پێنجوێن) لە باشورەوە (جوانڕۆ) لە خۆرهەڵاتەوە(سنە و کامیاران) لە خۆرئاواوە (هەڵەبجە و سەیدسادق)ە. ڕوبەرەکەی بەپێی سەرچاوەی (پەیامی هەورامان)، بەلای کەمییەوە (١٠٣٢٠کم٢) بەسەر هەردوو وڵاتی عێراق و ئێراندا دابەشبووە، بەشێوەیەک (٩١٥٠کم٢) لە دیوی خۆرهەڵاتی کوردستان و (١١٧٠کم٢) لە دیوی باشوری کوردستان. ژمارەی دانیشتوانیشی بەپێێ هەمان سەرچاوە لە هەردوو وڵاتدا زیاتر لە یەک ملیۆن دەبێت. بەهۆی سروشتی ناوچەکەوە، هەورامان بەگشتی دەشتی کەمە و لە چەندین چیا و دۆڵ و نشێو و کۆ و کەمەر پێکهاتووە. لە گرنگترین چیاکانی (شاهۆ)، کە لوتکەی (زاوڵی)یە و (٣٣٩٠م)ە. چیای (ئاتەشگا) (٢٤٦٥م)، چیای کۆساڵان (٢٥٩٦م) چیای پیر ڕۆستەم و عەوداڵان و چیاکانی تەوێڵە و بیارە و زەڵم، کە بەگشتی بە شاخی هەورامان ناودەبرێن و بەپێی ناوچەکان، ناویان لێنراوە، وەک (داڵانی) لە پشتی تەوێڵە، کەماجەڕ و نوەیجەڕ لە پشتی (کەیمنە و بێرواس و بیارە) ژاڵانە بەرانبەر (هەورامانی تەخت) مڵەخورد و شرام و ڕەنگین لە پشت(زەڵم و ئەحمەدئاوا) چیاکانی سورێن لە خۆرهەڵاتی (بانیشار تاکو وڵەسمت). هەورامان کانی و کانیاوی زۆری هەیە. هەموویان دەڕژێنە چەم و دۆڵەکان و بە ئاڕاستەی ڕووباری سیروان لێژدەبنەوە. چیا بەرزەکان بوونەتە سەرچاوەی کۆکردنەوەی بای شێدار و لە ناوچەکەدا هەر چوار وەرزی ساڵ بەدیدەکرێت، کە جیاوازیەکی زۆر لەنێوان پلەکانی گەرما لە وەرزی هاوین و زستاندا هەیە. هاوینان لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٥ پلە و زستانیش ١٠ بۆ ٢٠ پلە ژێر سفری سەدیە. لە پەیمانی زەهاوی ساڵی ١٦٣٩ لەنێوان سەفەوی و عوسمانیدا دابەشکرا. بەشی زۆری بەر سەفەوییەکان و بەشێکی هەورامانی (لهۆن) بەر دەوڵەتی عوسمانی کەوت، کە ئێستا سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە. لە ساڵی ١٧٨٥دا سانەکانی هەورامان، جارێکی دیکە دابەشیانکردەوە. کردیان پێنج بەشەوە بەناوەکانی: (لهۆن، تەخت، دزڵی و شامیان، ڕەزاو و کەمەرە، ژاوەرۆ و گاوەرۆ).

سەرچاوەکان:

  1. پەیامی هەورامان، هادی بەهمەنی، ٢٠٢٠، چاپی پێنجەم، ل٢٢٠-٢٥٧.
  2. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپخانەی مەهارەت، تاران، ٢٠٠٥، ل٢١.
  3. هەورامان توێژینەوەیەکی سۆسیۆئەنترۆپۆلۆجی، عیززەت فەتاح حەمە ساڵح، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان، ٢٠٠٦، ل٢٧.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

وەرزی هەڵەبجە

پڕۆژەیەکی گەورەی دانراوە لە دەروازەی شاری هەڵەبجە. پانۆرامای بیرهێنانەوەی ڕووداوی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. وەک مۆنۆمێنت و سونبولی نەمری و ژیانەوە خۆی دەنوێنێت. کاری هونەرمەند (ڕەجا محەممەد عەلی)یە و لە‌ بیرۆکە و بە سەرپەرشتی هونەرمەند خۆیشیەتی، بە کەرەستە و میتاڵی هەمان ئەو چەک و موشەکانەی بەعسن، کە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ دران بە شاری هەڵەبجەدا و نەتەقینەوە. ساڵی ٢٠٠١ جێبەجێکراوە. لە باخچەی تەنیشت بەڕێوەبەرێتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەدایە. بەردەکان لە عەنەب کۆکراونەتەوە بۆ بنکەی پڕۆژەکە، لە ناوەڕاستدا دەستی نزا بە نێرگزی ڕواوەوە بەرزبوونەتەوە، کە هێمای ژیانەوەن. لەبەر گۆڕانکاریی شەقامەکە ساڵی ٢٠٢٣ لابراوە.

ئامادەبوون بۆ چل ساڵی

کورتە فلیمێکی دیکۆمێنتارییە. ١٣ خولەک فۆرمات: Dvcam، بەرهەمی: خۆرهەڵاتی کوردستانە. ئامادەکاری بابەت و سیناریۆ و دەرهێنان و بەرهەمهێن و دەنگدانەر و مۆنتێر: مهرداد سلێمانییە. وێنەگر: سیامەک سلێمانی. دەنگهەڵگر: ئارەش ڕەسافی. بێژەری دەق: سەعید سلێمانی. موزیک: هەڵبژاردە. کورتەی فلیمەکە: گێڕانەوەی تێپەڕبوونی ژیانی دەرهێنەری فلیمسازی و تەنگەژە و هەڵچون و داچوونی ژیانی ئەو دەرهێنەرەیە. بەشداری دوەمین فیستیڤاڵی فلیمی دیکۆمێنتەریی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. ١٦ی ١٠ی ٢٠١١ لە هەڵەبجە پیشاندراوە. مهرداد سلێمانی: لە دایکبووی ١٩٧٤ی کرماشانە. بەکالۆریۆسی لە سینەمادا هەیە. مامۆستای دەرهێنان و مۆنتاژە. چەند ئەزمونێکی فلیمۆگرافی هەیە.

ئاوێنە

کورتە فلیمە. ساڵی ٢٠٠٥ بەرهەمهێنراوە. لە نوسین و سیناریۆیی (سەنعان فایەق هانەدنی)یە، دەرهێنانی (سەردار قادر)بووە، ئەنجومەن تەوێڵەیی کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە، تەلەفزیۆنی خاک مۆنتاژی بۆ فلیمەکە کردووە. ئەکتەرەکانی (شەیما حەمەئەمین، بابا سەنعان، شەیدا شارەزووری، هۆشمەن محەممەد، ئاشنا بورهان)بوون.

ئەنفال ئەڵقەی بووکێنی فڕاندم

فلیمێکی دیکۆمێنتەریی ١٨ خولەکییە. ساڵی ٢٠١٠ بەرهەمهاتووە. بەرهەمهێن: تەلەفزیۆنی کەرکوک. ئامادەکاری بابەت و سیناریۆ و نوسەری دەق و خوێندنەوە و دەرهێنەر: محەممەد سەید. وێنەگر: شێرزاد ئەکرەم. دەنگهەڵگر: ئەحمەد قادر. دەنگدانەر و مۆنتێر: دەریا دڵشاد. بەڕێوەبەری بەرهەم: محەممەد عەزیز. بابەتی فلیم: سیاسی، کۆمەڵایەتی. بابەت: دوو قەیرەکچی دەزگیراندار، ئامۆزا دەزگیرانەکانیان بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەون و... بەشداری دوەمین فیستیڤاڵی فلیمی دیکۆمێنتەریی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. ١٩ ی ١٠ی ٢٠١١ لە هەڵەبجە پێشکەشکراوە.

ئەو ڕۆژەی هەناسەیان لێسەندمەوە

فلیمێکی دیکۆمێنتارییە. ساڵی ٢٠١٦ بەرهەمهاتووە. بەرهەمی کۆمپانیای (بەمۆ)یە. بیرۆکە و دەرهێنانی: عوسمان محەممەد. وێنەگرتن و مۆنتاژ: بەهجەت بەکر. مۆسیقا: ڕێباز سادق. باس لە سەختیی ژیانی بەرکەوتەی کیمیاباران (کامیل عەبدولقادر) دەکات. ساڵی ٢٠١٩ بەشداری فیستیڤاڵی فیلیمس (سەلامەت)ی لە تاران کردووە.

ئەوکاتەی بابا نۆئێل گریا

سیناریۆ و دەرهێنانی ڕەحیمی زەبیحی. کامێرا: ئەمیر عەلی وەیسی. دەنگهەڵگر: ئەرستۆ موسەخەری. نواندنی: (سەڵاحەڕەش، شوان عەتووف، جەلیل ڕەحمان زادە، جەبار محەممەد، نیگا بەکر، نەوزاد مەجید، دەوەن نەوزاد، عەلی زەبیحی، جەلیل سەعید، ئاشتی عەبدوڵڵا، بەرزان حامید و چەند بەشداربوویەکی تر). لاوانەوە و گۆرانیی سەرەتا و کۆتایی: هومایون ساحیب. یادکردنەوەی بیست و دوو ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە ١٦-١٧ی ٣ی ٢٠١٠ لە هۆڵی ئەحمەد موختار پیشاندراوە.