مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

ڕانکێ: پابەرێ

دەرپێی ئافرەتانەی هەورامانە، دووبەشە، بەشی سەرەوەی پارچەقوماشێکی یەک ڕەنگە و بە زۆریش ڕەنگی سپییە، نەفەک لەم بەشەدایە. بەشی خوارەوەشی پارچەقوماشێکی ڕەنگینە و لەخوارەوە دەمپاچە و دەرقاچەکانیان چرچدەکرێن (بەرەچرچە) وەک پزگ و پزوو دێتەوەیەک و بە ئەندازەی پێ تەسک دەکرێنەوە. لەبەر ساردی و سەختیی هەورامان، لە قوماشی ئەستور دەدورێت و زیاتر بایەخ بە تۆکمەیی و دەرقاچەی دەدرێت.

ژێر چەناگە

کاڵایەکی ڕازانەوە و تەواوکاریی کڵاوە. لە مل و ژێرچەناگەدا دەردەکەوێت. بریتییە لە تاڵە دەزوویەکی یان ساکارە، یان بە موورووی جوان و ورد هۆنراوەتەوە. بەزریزەی زیو، یان زێڕ، سەرێکی بە قەراخی کڵاوەکەوە دادەدوورێت و سەرەکەی تری قولاپی زیویین یان تەڵای پێوە بەستراوە و بەژێر چەناگەدا تێپەڕدەکرێت و دەبەسرێت. بەو جۆرە کڵاوە قورسەکە بەسەرەوە گیر دەبێت و ناکەوێت.

زیاتر بزانە
کاڵای خۆڕازاندنەوە

سەرپۆش

تایبەتە بە ژنان. چەند جۆرێکی هەیە: ڕەفتە، سێگۆشە، لاکێشەیی، هەوری، سرکەیی، بەشێوەی ئاسایی و لە گەڵ کڵاویشدا دەدرێت بەسەردا، هی کڵاو پارچە قوماشێکی سێگۆشەییە و هەر گۆشەیەک لە گۆشەکانی لە درێژیدا دەگەنە زەوی و لە ناوەڕاستیدا لە پشتی مل و سەرە و بە هۆی بەنێکەوە بە قوڵپی کڵاوەکەوە دەبەسرێت. دوو گۆشەی بە سەرشانی و بۆ پێش ملی، ڕاست و چەپ بۆ دواوە دەیانداتەوە بەسەر شانیدا و گۆشەی سێیەمی لە دوواوە بەسەر پشتیداو بەسەر کەواکەیدا شۆڕدەبێتەوە. (ڕووسەری)یشی پێدەوترێت.

سەڵتە

جلوبەرگێکی ژنانەیـە، لە هەوراماندا بەتایبەتی جۆرە زستانەکەی، لە پارچە قوماشی ئەستوور دەکرێت. قۆڵدار و دووبەرە و ناواخنی هەیە و لۆکەی تێکراوە. درێژیی دەگاتە سەر کەمەر. لە کۆندا بەدەست دووراوە.

سوخمە

پۆشاکێکی ژنانەیە. لەهەوراماندا لەشێوەی هێلەکدایە، مەخمەڵی بێ قۆڵە، ناوشان هەتا کەمەر و پشتوێن دەگرێت. لەپێشەوە بە قەراخەکانیدا لە ملیوانەوە هەتا پشتەکەی زنجیری نیو لیرە یان زێڕی پێدا دەدورێت و بە هۆی قولاپەوە سنگی لە لای قەدییەوە دەهێنێتەوە یەک و توندو تۆڵی دەکاتەوە و دایدەخات.

شاڵ: چۆخە و ڕانک

پۆشاکە و زۆرتر تایبەتە بە هەورامانەوە. لەخوری و مەرز دروستدەکرێت. دوای پاچین و بڕینەوەی بزنی مەرەز یان خوری مەڕ، کەرەستەکە بە تەشی دەڕێسرێت و دەبێتە بەن. ئەم بەنانە بە ئەندازەی قاتێک ڕایەڵ دەکرێن و دەبرێنە لای وەستای دروستکردنی شاڵ. جۆڵاکە بەنەکە دەتەنێت و دەکاتە قوماش و دوودەق هەتا چوار دەق قەددەکرێت بە تەختەیەکی (١٥ بۆ ٢٠سم) درێژ و (پێنج بۆ ١٠سم) پان هەڵدەپێچرێت و بۆ ماوەی ٤٥ خولەک لەناو مەنجەڵی تایبەت دەکوڵێنرێت و پاشان وشکدەکرێتەوە و هەڵدەخرێت و دەبێتە قوماشی ئامادە بۆ دوورینی شاڵ. شاڵدوورین وەستای تایبەتی خۆی هەیە. شاڵی لەمەرز دروستکراو ڕەنگی خورمایی کاڵ و تۆخ و ڕەش و سپی و شینکی خاکی و زەردی هەیە. نرخەکەی زیاترە. ئەوەی لە خوری مەڕ دروستدەکرێت ڕەش و سپی و خۆڵەمێشی هەیە. هەندێکجار بە توێکڵی گوێز یان گیا ڕەنگدەکرێت و قاوەیی و زەرد و سەوزی کاڵ و سوورباوی لێدەردەچێت. چەند کەرەستە و تیغ و ئامێرێک لەم پیشەیەدا بەکاردێن، وەک: برینگ، شەی، تەشی، دووک، لوولەک، مەکۆ، دانە، دەفە، پاتەتە.

فەرەنجی: کوڵەباڵ

لە پیشەسازییە دەستییەکانی ناوچەی هەورامانە. لە مەرەز یان خوری و بەرگن دروستدەکرێت. بۆ خۆپاراستن لەسەرما و گەرما کەڵکی لێوەردەگیرێت. قۆڵی نییە. بەرگەی حەوت ساڵ دەگرێت. سیمایەکی ناسینەوە و کەسییەتی ناوچەی هەورامانە. لە ناوچەکانی تری کوردەواری جۆرێکی ئەستورتر و درێژتر دروستدەکەن، پێیدەوترێت کەڕەک، کە زۆرتر شوان لە بەریدەکات.

کەوا

پۆشاکێکی ژنانەی ناوچەکەیە. لەبەرئەوەی ناوچەکە کوێستانی و ساردە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لە پێشەوە دەرەدامانە و هەڵنەدووراوە. لە پارچە قوماشی قورس و ئەستوور دروستدەکرێت، بەتایبەت کەوای زستانە، بەتانەدارە. لە درێژاییدا بە ئەندازەی کراسەکە درێژە. دووبەرە و ناواخنی لۆکەی تێدەکرێت. چاکی هەیە و لەکاتی کارکردندا چاکەکان کۆدەکرێنەوە و گرددەکرێن و دەخرێنە سەرسمت، یان دەکرێنەوە بە گیرفانی کەواکەدا. بەو جۆرە بە زەویدا ناخشێن و نادڕێن. لەکاتی ئاساییدا ئەم چاکانە بەردەدرێنەوە.

کەواو سەڵتە

لە سنوری هەڵەبجە لەبەرکراوە. شێوەکەی لەگەڵ شوێن و جۆری کاری کورددا تایبەتمەندیی خۆی وەرگرتووە. چەند جۆرێکی هەبووە. لە سەردەمی خۆیدا گەورەپیاوان و ناودار و میرزا و مەلاکان لەبەریانکردووە. بۆ کەواوسەڵتەیەک چوار مەتر قوماش پێویست بووە. تا ساڵانی(١٩٧٠-١٩٨٠) خەڵکی ناوچەکە پۆشیویەتی. ئێستا ناوبەناو لە ڤیستیڤاڵە فەرهەنگی و کلتوریەکانی ناوچەکەدا خەڵکی لەبەریدەکەن.

کڵاشی هەورامی

کاڵایەکی لەپێکردنە. مێژووی سەرهەڵدانی دیارنییە. دروستکردنی بە چەند قۆناغێک دەبێت: قۆناغی پێکەنەگرتن: وەستا و شاگرد، پەڕۆکان (خامی کۆن و چەرچەفی کۆن) پاک دەشۆنەوە و ڕەنگیاندەکەن، زۆربەیان بە ڕەنگی شین و کەمێکیان بە سوور، لە سێبەردا هەڵدەخرێن، هەتا وشکدەبنەوە. وەستای پێکەنەگیر پەڕۆکان بە خشت دادەدڕێت بە ئەندازەی (١٢ به ‌٤سم) ئامادەیدەکات. ئەم خشتانە پەڕۆی تریان تێدەخرێت و قەد دەکرێن و دەکوترێن و دەبنە فتیلە. فتیلەکان کوندەکرێن و بە پێی درێژیی و کورتیان ڕیز دەکرێن و دەکرێن بە سێ بەشی یەکسانەوە و لەسەر یەک دادەنرێن و بە توندی دەبەسترێن و دەبنە تاکێک (پێکەنە). هەر دوو تاک پێکەوە شەتەک دەدرێن و ئامادە دەبن بۆ جوتێک کڵاش. قۆناغی دروستکردنی بنەکڵاش: کڵاشکەر جوتێک پێکەنە دێنێت و دەیانبڕێت. لە لوتەوە بۆ پاژنە (سیرم) دەخاتە کونی فتیلەکانەوە و سێ جاری تر درەوشی دەدات. دووجاریان لە لوتەوە بۆ پاژنە و جارێکیش لە پاژنەوە بۆ لوت و (سیرم) بە کونەکاندا دەبات و توند کێشمانی دەدات و بە پتەوی بنەکڵاشەکە دەبەستێتەوە. پاشان لە هەرچوار لاوە فتیلە و پەڕۆ زیادەکە دەبڕێت و بنەکە بە مشتە دەکوتێت و تەختیدەکات. بە درەوشی (پەرگەماسم) ڕووی سەرەوەی پەڕۆکان بە چێوەکەدا کوندەکات و شاگرد بە مووی ڕێسراوی بزن (پەرگەما)ی دەنێت و دەیداتەوە بە وەستا. وەستا لەسەر شێوەی پێی مرۆڤ ڕێکی دەخات و دەیکوتێتەوە، لوت و پاژنە بزمارڕێژ دەکات و دواجار قەراغی بنەکڵاشەکە کەتیرە دەکات و بنەکڵاش دروستدەبێت. قۆناغی چنین: کڵاشچن بە دەزوو لە ڕێی سووژن (تەبەنە)وە دەستدەکات بە چنینی کڵاش. تایبەتمەندیی دەزووەکە، ئەوەیە کە باریک و قایم و لووس و بەپێی گرژیی و خاوی بێت. بەپێی ئەوەی کڵاشەکە بازاڕییە یان تایبەتە، کڵاشچن لە بن پەرگەوە دەستپێدەکات و ڕیزی یەکەم بە دەوری کڵاشەکەدا دەچنێت. بە هەر ڕیزێک دەوترێت (گەڕ)، دوای گەڕەکان لە پاژنەوە (وەچ)ـەکان دەچنێت و دەوری کڵاش تەواودەبێت. سەری کڵاشەکە بە (ساراچن) و دواتر (سادە)کان دەچنرێت و دواجاریش لە بنپەرگەوە و شیرازەی کڵاش لە هەر چوار لاوە دەچنرێت. بە گشتی لە دروستکردنیدا چەند کەرەستەیەک بەکاردەهێنرێت، وەک:‌ ١- بەردەهەسان: بەردێکی ساف و لووسە، بە ئەندازەی دەستێکە، چەور دەکرێت و تیغەکانی پێ تیژدەکرێت. ٢- بەزدان: پێستەیەکی خۆشەکراوی بچووکە، بە قەبارەی لەپی دەستێکە، بۆ چەورکردن، بەز و چەوری دەکرێتە ناویەوە و سیرمەی پێ لووس دەکرێت. ٣- دەرزی: سێ جۆر دەرزی هەیە: دەرزیی گەورە، بۆ ڕایکردنی سیرم بە کونی درەوشداندا. دەرزیی پێنجتیر، بۆ ڕایکردنی سیرمی پێنجەم تیری بنەکڵاش و دەرزیی پەرگەما، کە چوار دەرزیی باریک و کورتن، لە پەرگەمانانی بنەکڵاشدا بەکاردێن. ٤- دەقاق: تەختەیەکی چوارگۆشەی مەحکەمە و بۆ تەختکردنی بنەکڵاش بەکاردێت. هەر لایەکی (١٥سم) ئەستورییەکەی (٥سم) دەبێت. ٥- درەوش: لە شێوەی دەڕنەفیزدایە. دەمەکەی لە پۆڵا و دەسکەکەی لە دار دروستدەکرێت. چەند جۆرێکی هەیە (پەرگەماسم، درەوشی درەوشدان، قۆدەپاچ، پاژنە و لووت سم). ٦- دواڵگیر: وەک دەرزی وایە، دەسکەکەی لە دار یان پلاستیک دروستکراوە. لە کاتی کێشمانکردنی بنەکڵاشدا دەدرێت لە سیرمە بۆ ئەوەی لە کونی درەوشدانەکەدا نەڕەوێتەوە. ٧- قەدگیر: ئاسنێکی نیوە هلالی کراوەیە. بۆ کوتانەوەی (لوت و سنگ و قۆدە) ی بنەکڵاش بەکاردێت. ٨- کوڵەدرەوش: وەک درەوش وایە، بەڵام لە بەشی خوارەوەی نوکەکەی کوڵە. چەند جۆرێکی هەیە: کوڵەدرەوشی گەورە، کوڵەدرەوشی پاش درەوشدان، کوڵەدەرەوشی پەنج تیرە، کوڵەدرەوشی پەرگەمانان، کوڵەدرەوشی جارەکردن. ٩- مشتە: لە پۆڵا دروستدەکرێت. کێشەکەی (کیلۆ و نیو هەتا دوو کیلۆ) دەبێت. دوو جۆری هەیە (مشتەی کڵاشکردن)، کە تیرەکەی لە بنەوە (٣ بۆ ٤سم) و درێژییەکەی (١٥سم)ـە و (مشتەی پێکەنەگرتن)، کە بچوکترە. ١٠- کۆتە: کەرەستەیەکی سەرەکیی دروستکردنی کڵاشە. لە داری: کێکف، تاوگ، دارەبەن، بەڕوو و گوێز دروستدەکرێت. دوو جۆری هەیە (کۆتەی کڵاشکەر) و (کۆتەی پێکەنەگیر). کۆتەی کڵاشکەر لە کۆتەی پێکەنەگیر ئەستوورتر و گەورەترە. درێژییەکەی (٤٥ بە ٥٠سم)ە و (١٥ بۆ ٢٠سم) لە خوارەوە دەتاشرێت و دەچەقێنرێتە ناو زەوی. ڕووی سەرەوەی بازنەیی و سافە. تیرەکەی (١٢ بۆ ١٥سم)ـە. ١١- گازن: کەرەستەیەکی دروستکردنی کڵاشە. دەمەکەی لە مەبرەد (پۆڵا) و دەسکەکەی لە دار دروستدەکرێت، دەمەکەی (١٥سم) درێژ و (٣سم) پانە. زۆر تیژە و بۆ هەڵهێنانی چەرم و پاچین و بڕینەوەی بنەکڵاش بەکاردەهێنرێت.

کڵاوزەڕ

کاڵایەکی ژنانەیە لەسەردەکرێت. بەهاو پێگەکەی لە هەوراماندا وەک ئاڵتوون بۆ مارەیی ژن ئەژمارکراوە. قوماشێکی دوو توێیە، بە تەقەڵی ورد و پڕ، لە قەوارەی کڵاوێکی سادەدا بەیەکدا دووراوە. دیوی دەرەوەی پارچەیەکی قورس و ڕەق و ڕەش، یان شینی تۆخە، دیوی ناوەوەی ساف و لووس و نەرمە. هێندە تەقەڵی لێدەدرێت هەتا قاڵب کڵاوەکە دەچێتەوە یەک و دەوەستێت و ناقوپێت. لە تەوقەسەرەوە و قوڵپی بۆ دەکرێت و لیرە و قڕانی پێوەکرێت. ڕووبەری دەرەوەی کڵاوەکە بە پارەی سپی (نیوقەرانی، یەک قەرانی، پێنج قەرانی، تاک، ئەشرەفی ..هتد) ی بەڕیز و یەک لەسەر هەتا قەراخی کڵاوەکە پێوە بەنددەکرێت. ئەو کڵاوزەڕەی تەواوبێت و نوقسانی نەبێت، ئەوەیە گێلگێلە و پرچکە و ژێرچەناگەی هەبێت.

گجی

کراسی ئافرەتانەی هەورامانە. لەبەر ساردیی شوێنەکە و جوانیی سروشتەکەی تایبەتمەندیی خۆی هەیە. لەپارچە قوماشی ڕەنگاوڕەنگی تاڕادەیەک ئەستور دروستدەکرێت، لە شانەوە هەتا قولەپێ درێژ دەبێتەوە، لە کۆندا بە دەست دووراوە، بەپێی حەز، پولەکە و گوڵی پێوەدەکرێت. لە پشتەوە پارچە قوماشێکی بە پانی چوار پەنجە و درێژیی نیوگەز پێیدادەدوورن و کۆتاییەکەی بە تاکە تارانی دەڕازێننەوە. ئەم جۆرە کراسە فەقیانەدار بووە و لە کاتی لەبەرکردندا فەقیانەکان لە پێشەوە بە یەکترییەوە بەستراونەوەتەوە.

مشکی

سەرپۆشێکی پیاوانەی دێرینی ناوچەکەیە، لە ڕابوردوو ئێستاشدا سیمای ناسینەوەی پیاوی کوردە. تایبەتمەندیی خۆی هەیە و بەشێکیشە لە کەلەپوری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان. هەندێک لە جۆرەکانی بە قەبارەی جیاواز هەن و ژنانیش وەک کۆڵوانە بەکاریانهێناوە. بەستنی هەرجۆرێک و شێوازی بەستنەکە و ڕەنگەکەی، کەسێتیی مرۆڤەکە و تەمەنەکەی دیاریکردووە. لە جۆرەکانی: ١- سادە: تەختی ڕەش و هێڵ و نەخشی سپی ٢- داودبەگی: تەختی ڕەش و هێڵ و نەخشی سەوز ٣- ئەڵوەنی: وەنەوشەیی و هێڵ و نەخشی سەوز، هی زۆرینەی خەڵکی ٤- ئاوریشمی: تەختی ڕەش و هێڵ و نەخشی سەوزی بریسکەدار، تایبەت بووە بە بەگزادەکان ٥- سوور: تەختی ڕەش و هێڵ و نەخشی سوور، تایبەت بە گەنج و لاوەکان ٦- ڕەش: تایبەت بە کوێخاو دەوڵەمەند و خاوەن پیشەکان

برنجی ڕووبەھەنار

خواردنێکی کوردەواریی ناوچەکەیە. برنجی کوردی، خوێ، ڕۆن، پیاز، ئاوی ڕوبەھەنار، کاکڵە گوێز، ئاو و مەنجەڵی گەورە لە پێداویستییە سەرەکییەکانییەتی. سەرەتا برنجەکە دەشۆررێتەوە و لەناو ئاو دەخوسێنرێت. ڕۆن و پیازی بۆ دەقرچێنرێت و ئاوە ڕووبەھەنارەکەی تێکەڵدەکرێت، ئاو و خوێ بەپێی ڕێژەی برنجەکە دەکرێتە ناو، کە ئاوەکە ھاتەکوڵ، برنجەکەی تێدەکرێت و تێکدەدرێت هەتا برنجەکە ڕەنگی ڕووبەهەنارەکە بکرێت، کە ئاوەکەی کەم بوویەوە، تێکدەدرێت و ئاگرەکەی بۆ کزدەکرێت، سەری مەنجەڵەکە دادەپۆشرێت. بەپێی ئارەزوو کاکڵە گوێزی بۆ سوور دەکرێتەوە و لەگەڵ گۆشت یان مریشک دەکرێت بەسەریدا و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.

بنەهارگا

جۆرە کولێرەیەکە لە شێوەی کێکدایە. لە دروستکردنیدا: ئارد، کاکڵەی گوێز، پیاز و خوێ بە کاردێت. هەویرەکەی وەک هەویری نانی تیرییە. دوو چین هەتا شەش دروستدەکرێت، کە چین چین کاکڵە و پیازەکەی تێدەکرێت. ناوناکەشی (بنەهارگا) لەوە‌وە هاتووه،‌ کە بۆ برژاندن، دەخرێتە ناو کوانوو و بنی زۆپای دار یان ئاگردانەوه.

زیاتر بزانە
کولێرە‌

پیرخەنیلە

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. لەوردە ساوەر دروستدەکرێت. پیاز و ڕۆنی بۆ سووردەکرێتەوە و بەپێی ڕێژەی وردە ساوەرەکە ئاوی تێ دەکرێت و لەسەر ئاگرێکی کز دادەنرێت، هەتا خەست دەبێتەوە و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.

ترش و ئاو

خۆراکێکی خۆماڵییە. زیاتر لە گوندەکانی سەر بە هەڵەبجە ئامادەدەکرێت. لە دەنکە هەناری وشکراو و ئاو پێکدێت، کە هێلکە دەکرێتە ناوترش و ئاوەکە و پاش کوڵانی بۆ ماوەی ٢٠ خولەک، پیاز و ڕۆنی بۆداخ دەکرێت و بەسەریدا دەکرێت، پاشان پێشکەش بە خێزان دەکرێت.

خۆژە: خۆزە

لە گیای خۆژە دروستدەکرێت. چۆنێتیی ئامادەکردنی‌: گیاکە جوان پاکدەکرێت دەشۆررێتەوە و ورددەکرێت. لەگەڵ ڕۆن و پیازدا سووردەکرێتەوە. پاشان خوێ و ئاوی تێ دەکرێت و کەمێک برنجی تێکەڵدەکرێت، کە دەمی کێشا بە مەرجێک کەمێک بڵ بێت، زۆر نەکوڵێت، هەتا وشکنەبێت وەک لەپەترشییە. خۆژە: له کوێستانەکان و شوێنه سارد و شێدارەکاندا دەڕوێت.

خۆشاو

خورادنێکی میللی و بەربڵاوی ناوچەی هەورامانە. زیاتر لە وەرزی زستاندا ئامادەدەکرێت و وەک شەوچەرە دادەنرێت. بووەتە کینایە بۆ شتی زۆرخۆش و بەچێژ. لە میوەی وشککراوی وەک، هەڵوژە، مێوژ، توو، لەتکەهەرمێ، لەتکە بەهێ، لەتکەسێو، قۆخی وشک دروستدەکرێت. میوەکان جگە لە(هەڵوژە و توو)ەکان، دەشۆردرێنەوە و لەنانەشان و سوزگیدا ئاوچۆڕ دەکرێن. هەڵوژەکانیش بەجیا دەکوڵێنرێن، پاشان تێکەڵ بەمیوە شۆردراوەکانی تر دەکرێن و دەکوڵێنرێنەوە. تووەکانیش بەجیا دەشۆردرێنەوە و دەگوشرێن و ئاوەکەیان دەگیرێت و تێکەڵ بە میوە کوڵێنراوەکان دەکرێت و جارێکیتر پێکەوە دەکوڵێنرێنەوە و ئاوی خۆشاوەکە بەرەو قاوەیی تاریک، یان سووری دەڕوات. تا زیاتر بکوڵێت، سوورتر دەبێت، باشتر خەستدەبێتەوە. دادەنرێت تاسارد دەبێتەوە و بە ساردی دەخورێت. پێویستی بە کابانی شارەزا هەیە.

سەکلەتفی

شیرینییەکە و تایبەتە بە ناوچەی هەورامان. تووی وشک لە ناو دۆڵ یان هاواندا دەکوترێت، هەتا دەبێت بە ئاردەتوو، بە هێڵەک دەبێژرێت و ئاوی لێدەپرژێنرێت و دەپەستێورێت و هەڵدەگیرێت بۆ وەرزی سەرما. بە شەکرشکێن دەشکێنرێت و پارچەی لێدەکرێتەوە.

پێشتر 1
...
39 40 41
...
48 دواتر