مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

شاقوڵیاغە

جۆرە خواردنێکی میللی و دێرینە. لە هەورامان زۆرتر لێنراوە. پێویستییەکانی بریتییە لە (ساوەر، ترخێنە، هەڵوژە وشکە و ناوەبەناوەش مێوژ)، پێکەوە دەکوڵێنرێن هەتا خەستدەبنەوە.

شەوەکە: شۆکە

شیرینی سروشتییە و بە شێوەیەکی سروشتی لە مانگی ٩دا، کە سەرما لە بەڕوو دەدات بە شێوەی تۆز و کەفی سپی دادەبارێتە سەر گەڵاکە. پێش ئەوەی خۆر بکەوێت خەڵکی دەچن بۆ کۆکردنەوەی. بە گەڵا و خامەی دارەکەوە دەیهێننەوە و ئاویکی شلەتێنی بۆ ئامادەدەکەن و دەیخەنە ناو ئاوەکەوە و شەوەکەکە لە گەڵاکان دەبێتەوە و دواتر بە هۆی قوماشێکەوە دەپاڵێورێت و دەکوڵێنرێت و سارد دەبێتەوە، ڕەنگێکی قاوەیی لە شێوەی دۆشاوی توو پەیدادەکات و تامێکی خۆشی هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە، شەوکەی پاک، کیلۆی ٢٥ هەزار دینار دەکات.

شلکێنە

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. لە ئاردی گەنم، هێلکە، شیر، (زەعفەران)، خوێ و کەرە دروستدەکرێت، شیرەکە لەناو مەنجەڵێک دەکوڵێنرێت و دواتر سارد دەکرێتەوە، پاشان ھێلکەکانی تێدەشکێنرێت و ئاردی تێدەکرێت و بەباشی تێکەڵدەکرێن، پاشان سێڵ (ساج)ەکەی بۆ داغ و چەور دەکرێت، ئینجا شلکێنەکە دەکرێتە سەر و دەبرژێنرێت، دەکرێت لەناو تاوەش سووربکرێتەوە و بۆ خواردن ئامادەدەکرێت.

غازینێ: کاردوو

بە گیای غازین (کاردوو) دروستدەکرێت. چۆنێتی ئامادەکردنی‌: گیاکە جوان دەشۆرێتەوە، دەجنرێت. سەرەتا کەمێک لەناو ڕۆن سووردەکرێتەوە و ئەنجا سماق و دواتر نۆکی کوڵاو و کەمێک بڕوێشی تێدەکرێت. ئاگرەکەی بۆ کزدەکرێت هەتا خەستدەبێتەوە. دادەنرێت هەتا سارد دەبێتەوه،‌ ئەنجا دەخورێت، چونکە بە گەرمی ناخورێت. تامێکی مزر و خۆشی ھەیە. گیاکەی دوو جۆرە. خەڵکی ھەورامان و شارەزوور لە شەواندا دەیخۆن و پێشکەشی میوانەکانی دەکەن. کاردوو (کاردی): ڕووەکێکی خۆرسکی بەھارەیە، گەڵایەکی پان و باڵابەرزی ھەیە، لەناو دەغڵوداندا شین دەبێت تامی زۆر تفت و تیژە.

قەزاتمە

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. گۆشتی بەرخ، دۆشاوی تەماتە، خوێ، پیاز، ڕۆن، دارچینی، زیرە و ئاو لە کەرەستە سەرەکییەکانییەتی. بۆ دروستکردنی ئەم شلەیە، سەرەتا چەند سەلکە پیازێک لەگەڵ گۆشتێکی زۆری بێ ئێسقان، پێکەوە لە ڕۆندا سووردەکرێتەوە. پاشان چەند دەنکە ھێلێکی تێدەکرێت لەگەڵ کەمێک دارچینی و وزیرە، پاشان دۆشاوی تێدەکرێت، لەگەڵ ئاوێکی کەم لەسەر ئاگرێکی کز دەکوڵێت و ئامادە دەکرێت بۆ خواردن.

قوبڵی

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. برنجی کوردی، ڕۆن، پیاز، خوێ، ئاو لە پێداویستییە سەرەکییەکانییەتی. سەرەتا برنجەکە لە چەڵتوک و بەرد دەبژێررێت و پاکدەکرێت. لەناو ئاو دەخوسێنرێت و ڕۆن و پیازەکەی بۆ دەقرچێنرێت، بەپێی ڕێژەی برنجەکە، ئاو و خوێی تێدەکرێت، کە ھاتە کوڵ، برنجەکە ئاووچۆڕ دەکرێت و دەخرێتە ناو مەنجەڵەکەوە و تێکدەدرێت، کە ئاوی برنجەکە کەمبوویەوە، جارێکی تر تێکدەدرێت و ئاگرەکەی بۆ کزدەکرێت و سەری مەنجەڵەکە دادەپۆشرێت لەپاش چارەکێک جارێکی تر کەوگیری لێ ڕادەدرێت، هەتا دەم دەکێشێت و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.

کەشکەک

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. شلەیەکی خەستکراوی زستانەیه و زۆرتر لە هەورامان بایەخی پێدراوە. زیاتر ماڵە دەوڵەمەندەکان کردویانە و منداڵان بە قاپ لێیانبردووە. کەرەستەکانی: گەنمە کوتراو لەگەڵ سەروپێ، ئێسقانی گەورە بەیەکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر دەکوڵێنرێت و تێڕادانیشی هەر بە ئێسکێکی گەورە بووە. ئیدیۆمی (لە بێخەبەران کەشکەک سەڵاوات)ی لەسەر وتراوه،‌ کە مەبەست لێی ئەوەیە ئەگەر لە تێڕادانی غافڵ بیت، کەشکەکە بن دەگرێت و بەکەڵکی خواردنی نامێنێت و دەبێت سەڵاواتی لێ بدەیت.

کوتە

شیرینییەکی میللی تایبەت بەناوچەی هەورامانە. لەبەروبوومی ناوچەیی دروستدەکرێت. لە پێکهاتەیدا تووە وشکە و قەزوانی ناسک یان بەنەمشک و کاکڵەی گوێز هەیە. هەردوکیان بە جیا لە دۆڵێکدا دەکوترێن. پاشان دەکرێنە دەفرێکەوە و پێکەوەش دەکوترێن. نمێک ئاو لە کوتراوەکە دەپژێنرێت جوان هەڵدەشێلرێت، هەتا دەچێتەوە یەک و یەکدەگرێت. زیاتر لەزستاندا دروستکراوە.

گوێزی سوێر

چەرەسێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. وەک شەوچەرە بەکارھاتووە، زۆر بە تامە (گوێزی ساغ) یان کاکڵە گوێزەکان دەکرێنە ئاو و خوێی تێدەکرێت ھەندێک کەس دەیکوڵێنن، یان سوێر دەکرێت و بۆ خواردن ئامادەدەکرێت.

گێتەمەژگە

خۆراکێکی تایبەت و میللیی سنوری هەورامانە. کولێرەیەکە گوێزی هاڕاوی زەردەچەوە پێوەکراوی تێدەکرێت. دوو جۆری هەیە: یان گوێزەهاڕاوەکە دەکرێتە سەر هەویرەکە و پێوەی دیارە، یان دەکرێتە ناو هەویرەکە و دەق دەکرێت و گوێزەکە دیارنییە.

لەپارێ

جۆرە شیرینیەکی میللیی هەورامانە. تووەوشکە، کاکڵەی گوێزی خاوێن و پوخت پێکەوە لە هاوەندا دەکوترێن و ئاویان لێدەپرژێنن، چەند جارێک ئەم دیودیویان پێدەکرێت و هەتا پێکەوە دەلکێنرێن و دەبن بە شیرینیەکی پتەو و بەتام. ئەگەر کەمێکی لێ بخورێت، برسیت نابێت.

لەپۆرتە: پەیکە

هەڵگرتنی هەنجیریی گەییوە بە شێوازێکی تایبەت. لە زۆربەی گوندەکانی هەوراماندا باوە. هەنجیرەکان لەسەر یەک دەپەستێنرێن و وشکدەکرێن و لەزستاندا وەک شەوچەرە لەگەڵ میوەی هەڵگیراوی تری وەک مێوژ و کاکڵە گوێز و... هتد دەخورێت.

نانی هەورامی

جۆرە نانێکی ناسک و تایبەتە. لە کوردەواریدا بە نانی هەورامی ناسراوە. شێلانی هەویرەکە و بێژانەوەی ئاردەکە و تین و تاوی ئاگرەکە و هونەری نانکەرەکە، مەرجی جوانیی نانەکەن. ئەم نانە دەقکردن و هەڵگرتن و گواستنەوەی لە جۆرەکانی تری نان ئاسانترە. بەقەدکردن و دەقکردن و پێچانەوەی چەند نانێک، کە جیرەی کەسێک بێت دەوترێت مووچە.

ھەنار

خواردن و میوەیەکی باوی ناوچەکەیە. تایبەتمەندیی هەڵەبجە و هەورامانی بەخۆیەوە هەڵگرتووە. زیاتر لە جۆرێکی ھەیە (ترش، مێخۆش، مەلیسی، سپی، نرمەدار، ساوا، شیرین) و بەناوی شوێنی بەرهەمهێنانیشیەوە دەناسرێتەوە. جگە لەوەی وەک میوەیەک بەکاردێت، دەکرێت به ‌شەربەت و ڕووبەھەناریش. توێکڵی ھەنار بۆ تاڵکردن و خۆشەکردنی مەشکە و بۆ ڕەنگکردن بەھێزکردنی قژ بەکاردەھێنرێت. ساڵانە لە ناوچەکەدا ڤێستیڤاڵی تایبەتی بۆ ڕێکدەخرێت و لە هەڵەبجە و زۆربەی شارەکانەوە خەڵکی سەردانی فیستیڤاڵەکە دەکەن و لە بەرهەمی هەناری ناوچەکە دەبەنەوە.

هێڵەپەپێ

خواردنێکی سوورەکراوەی هێلکە و ڕۆژنە بە ئارد. لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە باوبووە. کەرەستە سەرەکییەکانی: هێلکە، ڕۆن، ئاردە، زیاتر لەوکاتانەدا کراوە، کە ماڵی منداڵدار هێلەکەیان کەم بووەتەوە و بەشی هێلکەوڕۆنی نەکردووە، ئاردیان بۆ زیادکردووە و بەشی زیاتری خێزانی کردووە. بە هەورامی (هێڵەپەپێ)ی پێدەڵێن.

یەکاوە سیاوە

خواردنێکی تایبەتی ناوچەی هەورامانە، شلەمەنییە. لە برنج و ئاوی هەندێک لە مزرەمەنییەکان بە گوێرەی وەرزەکان دروستدەکرێت، بەگوێرەی زەوق و ویست، خەستبوونەوەی ناگاتە ئاستی قوبڵی. باوترینیان لە پاییز و زستاندا بە برنج و ڕووبەهەنار لێدەنرێت. هەر بەهەمان شێوە (یەکاوە ترشە)ش لە برنج و ئاوی ڕێواس لە وەرزی بەهاردا و (یەکاوە ترشە) لە برنج و ئاوی سماقی کوڵاو لە وەرزی هاویندا دروستدەکرێن.

بەرزەڵنگ

گیایەکی بەهارە و هاوینەی سروشتییە. بۆنێکى خۆشى هەیە، گوڵەکەى بە لاتەنیشتى ساقەکەیەوەیە، لە کۆندا بەبۆنەی بۆنەخۆشەکەیەوە خەڵکى ناوچەکە یەک دوو چڵ لەو گیایەیان دەخستە بەرباخەڵیانەوە. بۆ دەرکردنى کێچ و ئەسپێش بەکاریانهێناوە. ژنانیش گوڵى ئەم گیایەیان وردکردووە و کردویانەتە کیسەى بچووکەوە و لەگەڵ مێخەکدا لە ملیان کردووە. لە شاخەکانى هەڵەبجە و هەورامان دەڕوێت. گۆرانیبیژان و شاعیرانی ناوچەکە ناویان هێناوە.

بەڕەزا

گیایەکی بەهاریی سروشتییە. لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجە و هەورامان دەڕوێت. لە قەدپاڵى بەردە سەختەگەورەکان و ئەو شوێنانەى، کە تەڕ و شێدارن دەڕوێت و ساڵانە لەسەر بنجى خۆى دەڕوێتەوە. بۆ خواردن وەک سەوزە دەخورێت. وەک چایی و چێشت و بەشێوەی سوورکردنەوەش دەخورێت. خەڵکی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنى هەندێک نەخۆشى بەکارىدەهێنن.

پسڵ

لە گیا سەلک پیازییەکانە، بەهاران خۆڕسکانە لە تاق و لاپاڵ و شوێنی بەرزایی چیاکاندا دەڕوێت، تا بەرزتر بچیت پێگەشتن و جۆرەکەی باشترە، وەک دەرمان بە دۆخەوا و شلە لێدەنرێت و بە برنجیشەوە لە هەوراماندا لێدەنرێت و پێدەوترێت (پسڵینەز). لە کاتی ئامادەکردندا بۆنێکی تایبەتی هەیە، گەڵاکانی لە شێوەی ترشۆکەدایە. لە دەروبەری شاخەکانی تەوێڵە و بەڵخە و زەڵم و هاوار و ملەوەردا هەیە. لەبەرئەوەی شوێنی هێنانی دورە، لە گیاکانی تر گرانترە.

پونگە

گیایەکی گەڵاداری بۆن خۆشی بەهارەیە. لەنزیک جۆگە ئاوەکاندا سەوزدەبێت. لەو گیایانەیە لە دەرمانگەی میللی و ئارایشتدا بەکاربراوە. چارەسەری ژانەسک و تەنگەنەفەسی و فشاری خوێن و... هتد. پێکراوە وەک سەوزەش لە گەڵ کوزەڵە و بەنۆڵەدا دەفرۆشرێت.

پێشتر 1
...
40 41 42
...
48 دواتر