مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

1 بابەت

گۆڕستانەکانی گوندی

١- بابلەگورز یان بابا گورزین: کەوتووەتە نزیک کانیی (کەڕەجاڵ) لەسەرووی گوندی زەڵم. شوێنەکەی دیاریکراوە و سوخنی هەیە. بەناوی مەزاری باباگورزینەوە ناونراوە. لە بیروباوەڕی خەڵکی ناوچەکەدا هاتووە، کە خەڵک بۆ پاراستنی شتومەکەکانیان پەنایان بۆ بردووە، یان کە چوونەتە هەوار و شاخ، شتەکانیان لەوێ داناوە، بەو باوەڕەی کە چاودێریدەکات و دەپارێزرێت و نابرێت. ٢- پلە لەتەرە یان سەید جەواز: کەوتووەتە بەردەم ماڵەکانی گوندی زەڵم. گۆڕستانێکی دێرینە. بە ناوی مەزاری سەید جەوازەوە ناونراوە، کە نزیک گۆڕستانی تەپۆڵەیە. ٣- تەپۆڵە: گۆڕستان و شوێنەوارە. کەوتووەتە لاشانی کۆشکی کوڕ و بەرانبەریشی کۆشکی کچە، دەستە ڕاستی دۆڵی وشکەناوە و چەپی دۆڵی زەڵمە. شوێنەوارێکی دێرینە. ساڵی ١٩٧٢ وەک گۆڕستان، یەکەم مردووی لێ بەخاکسپێرراوە و نزیکەی ٢٠٠ گۆڕی لێیە. لە هەندێک سەرچاوەدا بە دێی زەنزەنە ناوی هاتووە. زەڵمییەکان بۆ شوێنی یارییە میللییەکان و کۆبوونەوەکان لە وەرزەکانی تردا لە تەپۆڵە کۆبوونەتەوە و هاوینانیش بۆ هەمان مەبەست و کات_بەسەربردن لێی کۆبوونەتەوە. ٤- دارو قیبلێ (داری قیبلە): بەرانبەر ماڵەکانی ئاوایی زەڵم، لەبەرزاییەکدایە. شوێنەوارێکی دێرینە. لە ئێستادا مردووی لێ بەخاکناسپیررێت. پێشتر دارێکی گەورەی لێ بووە و بەهۆی ئەوەی مزگەوتی گوندەکە ڕووی کردووەتە ئەم دارە، بە داری قیبلە ناسراوە.