شاڵ: چۆخە و ڕانک
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
پۆشاکە و زۆرتر تایبەتە بە هەورامانەوە. لەخوری و مەرز دروستدەکرێت. دوای پاچین و بڕینەوەی بزنی مەرەز یان خوری مەڕ، کەرەستەکە بە تەشی دەڕێسرێت و دەبێتە بەن. ئەم بەنانە بە ئەندازەی قاتێک ڕایەڵ دەکرێن و دەبرێنە لای وەستای دروستکردنی شاڵ. جۆڵاکە بەنەکە دەتەنێت و دەکاتە قوماش و دوودەق هەتا چوار دەق قەددەکرێت بە تەختەیەکی (١٥ بۆ ٢٠سم) درێژ و (پێنج بۆ ١٠سم) پان هەڵدەپێچرێت و بۆ ماوەی ٤٥ خولەک لەناو مەنجەڵی تایبەت دەکوڵێنرێت و پاشان وشکدەکرێتەوە و هەڵدەخرێت و دەبێتە قوماشی ئامادە بۆ دوورینی شاڵ. شاڵدوورین وەستای تایبەتی خۆی هەیە. شاڵی لەمەرز دروستکراو ڕەنگی خورمایی کاڵ و تۆخ و ڕەش و سپی و شینکی خاکی و زەردی هەیە. نرخەکەی زیاترە. ئەوەی لە خوری مەڕ دروستدەکرێت ڕەش و سپی و خۆڵەمێشی هەیە. هەندێکجار بە توێکڵی گوێز یان گیا ڕەنگدەکرێت و قاوەیی و زەرد و سەوزی کاڵ و سوورباوی لێدەردەچێت. چەند کەرەستە و تیغ و ئامێرێک لەم پیشەیەدا بەکاردێن، وەک: برینگ، شەی، تەشی، دووک، لوولەک، مەکۆ، دانە، دەفە، پاتەتە.
سەرچاوەکان:
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٤٣٦-٤٣٧.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (موحسن محەممەد)، لەدایکبوو: ١٩٧٦، پیشە: شاڵدروو، لە ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٣، لە هەڵەبجەی شەهید.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم