کڵاشی هەورامی

دواین نوێکردنەوە: 2026-10-15


کاڵایەکی لەپێکردنە. مێژووی سەرهەڵدانی دیارنییە. دروستکردنی بە چەند قۆناغێک دەبێت: قۆناغی پێکەنەگرتن: وەستا و شاگرد، پەڕۆکان (خامی کۆن و چەرچەفی کۆن) پاک دەشۆنەوە و ڕەنگیاندەکەن، زۆربەیان بە ڕەنگی شین و کەمێکیان بە سوور، لە سێبەردا هەڵدەخرێن، هەتا وشکدەبنەوە. وەستای پێکەنەگیر پەڕۆکان بە خشت دادەدڕێت بە ئەندازەی (١٢ به ‌٤سم) ئامادەیدەکات. ئەم خشتانە پەڕۆی تریان تێدەخرێت و قەد دەکرێن و دەکوترێن و دەبنە فتیلە. فتیلەکان کوندەکرێن و بە پێی درێژیی و کورتیان ڕیز دەکرێن و دەکرێن بە سێ بەشی یەکسانەوە و لەسەر یەک دادەنرێن و بە توندی دەبەسترێن و دەبنە تاکێک (پێکەنە). هەر دوو تاک پێکەوە شەتەک دەدرێن و ئامادە دەبن بۆ جوتێک کڵاش. قۆناغی دروستکردنی بنەکڵاش: کڵاشکەر جوتێک پێکەنە دێنێت و دەیانبڕێت. لە لوتەوە بۆ پاژنە (سیرم) دەخاتە کونی فتیلەکانەوە و سێ جاری تر درەوشی دەدات. دووجاریان لە لوتەوە بۆ پاژنە و جارێکیش لە پاژنەوە بۆ لوت و (سیرم) بە کونەکاندا دەبات و توند کێشمانی دەدات و بە پتەوی بنەکڵاشەکە دەبەستێتەوە. پاشان لە هەرچوار لاوە فتیلە و پەڕۆ زیادەکە دەبڕێت و بنەکە بە مشتە دەکوتێت و تەختیدەکات. بە درەوشی (پەرگەماسم) ڕووی سەرەوەی پەڕۆکان بە چێوەکەدا کوندەکات و شاگرد بە مووی ڕێسراوی بزن (پەرگەما)ی دەنێت و دەیداتەوە بە وەستا. وەستا لەسەر شێوەی پێی مرۆڤ ڕێکی دەخات و دەیکوتێتەوە، لوت و پاژنە بزمارڕێژ دەکات و دواجار قەراغی بنەکڵاشەکە کەتیرە دەکات و بنەکڵاش دروستدەبێت. قۆناغی چنین: کڵاشچن بە دەزوو لە ڕێی سووژن (تەبەنە)وە دەستدەکات بە چنینی کڵاش. تایبەتمەندیی دەزووەکە، ئەوەیە کە باریک و قایم و لووس و بەپێی گرژیی و خاوی بێت. بەپێی ئەوەی کڵاشەکە بازاڕییە یان تایبەتە، کڵاشچن لە بن پەرگەوە دەستپێدەکات و ڕیزی یەکەم بە دەوری کڵاشەکەدا دەچنێت. بە هەر ڕیزێک دەوترێت (گەڕ)، دوای گەڕەکان لە پاژنەوە (وەچ)ـەکان دەچنێت و دەوری کڵاش تەواودەبێت. سەری کڵاشەکە بە (ساراچن) و دواتر (سادە)کان دەچنرێت و دواجاریش لە بنپەرگەوە و شیرازەی کڵاش لە هەر چوار لاوە دەچنرێت. بە گشتی لە دروستکردنیدا چەند کەرەستەیەک بەکاردەهێنرێت، وەک:‌

١- بەردەهەسان: بەردێکی ساف و لووسە، بە ئەندازەی دەستێکە، چەور دەکرێت و تیغەکانی پێ تیژدەکرێت.

٢- بەزدان: پێستەیەکی خۆشەکراوی بچووکە، بە قەبارەی لەپی دەستێکە، بۆ چەورکردن، بەز و چەوری دەکرێتە ناویەوە و سیرمەی پێ لووس دەکرێت.

٣- دەرزی: سێ جۆر دەرزی هەیە: دەرزیی گەورە، بۆ ڕایکردنی سیرم بە کونی درەوشداندا. دەرزیی پێنجتیر، بۆ ڕایکردنی سیرمی پێنجەم تیری بنەکڵاش و دەرزیی پەرگەما، کە چوار دەرزیی باریک و کورتن، لە پەرگەمانانی بنەکڵاشدا بەکاردێن.

٤- دەقاق: تەختەیەکی چوارگۆشەی مەحکەمە و بۆ تەختکردنی بنەکڵاش بەکاردێت. هەر لایەکی (١٥سم) ئەستورییەکەی (٥سم) دەبێت.

٥- درەوش: لە شێوەی دەڕنەفیزدایە. دەمەکەی لە پۆڵا و دەسکەکەی لە دار دروستدەکرێت. چەند جۆرێکی هەیە (پەرگەماسم، درەوشی درەوشدان، قۆدەپاچ، پاژنە و لووت سم).

٦- دواڵگیر: وەک دەرزی وایە، دەسکەکەی لە دار یان پلاستیک دروستکراوە. لە کاتی کێشمانکردنی بنەکڵاشدا دەدرێت لە سیرمە بۆ ئەوەی لە کونی درەوشدانەکەدا نەڕەوێتەوە.

٧- قەدگیر: ئاسنێکی نیوە هلالی کراوەیە. بۆ کوتانەوەی (لوت و سنگ و قۆدە) ی بنەکڵاش بەکاردێت.

٨- کوڵەدرەوش: وەک درەوش وایە، بەڵام لە بەشی خوارەوەی نوکەکەی کوڵە. چەند جۆرێکی هەیە: کوڵەدرەوشی گەورە، کوڵەدرەوشی پاش درەوشدان، کوڵەدەرەوشی پەنج تیرە، کوڵەدرەوشی پەرگەمانان، کوڵەدرەوشی جارەکردن.

٩- مشتە: لە پۆڵا دروستدەکرێت. کێشەکەی (کیلۆ و نیو هەتا دوو کیلۆ) دەبێت. دوو جۆری هەیە (مشتەی کڵاشکردن)، کە تیرەکەی لە بنەوە (٣ بۆ ٤سم) و درێژییەکەی (١٥سم)ـە و (مشتەی پێکەنەگرتن)، کە بچوکترە.

١٠- کۆتە: کەرەستەیەکی سەرەکیی دروستکردنی کڵاشە. لە داری: کێکف، تاوگ، دارەبەن، بەڕوو و گوێز دروستدەکرێت. دوو جۆری هەیە (کۆتەی کڵاشکەر) و (کۆتەی پێکەنەگیر). کۆتەی کڵاشکەر لە کۆتەی پێکەنەگیر ئەستوورتر و گەورەترە. درێژییەکەی (٤٥ بە ٥٠سم)ە و (١٥ بۆ ٢٠سم) لە خوارەوە دەتاشرێت و دەچەقێنرێتە ناو زەوی. ڕووی سەرەوەی بازنەیی و سافە. تیرەکەی (١٢ بۆ ١٥سم)ـە.

١١- گازن: کەرەستەیەکی دروستکردنی کڵاشە. دەمەکەی لە مەبرەد (پۆڵا) و دەسکەکەی لە دار دروستدەکرێت، دەمەکەی (١٥سم) درێژ و (٣سم) پانە. زۆر تیژە و بۆ هەڵهێنانی چەرم و پاچین و بڕینەوەی بنەکڵاش بەکاردەهێنرێت.

سەرچاوەکان:

  1. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمان محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل٤٢٦.
  2. هونەری ژیان لە هەوراماندا، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ل١٠٣-١٠٧.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

82

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

مەلا قادری قادری

زاناو خوێندەوار و مدرس و وتاربێژە، ئیمام جومعەی مزگەوتی پاوە. ساڵی ١٩٥٣ز لە نوریاو لە دایک بووە  لای مامۆستا هەڵکەوتووەکانی ئێران و عێراق خوێندوویەتی و خوێندنی تەواوکردووە.لە هەردوو کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ١٩٨٨ز و کۆڕەوە گەورەکەی ساڵی ١٩٩١ز ڕۆڵێ بەرچاوی هەبووە لە فریاکەوتن و بەتەنگەوەچوونی کوردانی باشووردا. لە پاڵ هەستی کوردانەی گەنجانی تردا، لیژنەیەکی یاریدەدەری ئاوارەکان دروستدەکات و لە وتاری جومعەدا بەتەنگەوەچوونی ئاوارەو لێقەوماوان لە تاعەت و عیبادەت بانتر وەسف دەکات. بەو هۆیەوە کوردانی ڕۆژهەڵات دەمودەستر دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەئاوارەو بریندارانی هەردوو کارەساتەکە. دوای ڕاپەڕین ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ڕوداوەکانی مەرزی نێوان باشور و ڕۆژهەڵات، خێزاندارەو  لە شاری پاوە نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
مامۆستایى ئاینى

هەڵەبجە لە مێژووی خوێناوی عێراقدا

نووسین و ئامادەکردنی: سەریاس جوانڕۆیی چاپی یەکەم:چاپخانە: رێدار بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠٢٦، تیراژ: ٥٠٠ دانە ناوەڕۆکی پەیوەندار: هەڵەبجە، بەشێک لە مێژووی هەلەبجە، قۆناغی ئاوەدانکردنەوەی شار بە ناوی هەڵەبجە، قەزای گوڵعەنبەر، هەڵەبجەو هەڵبژاردن، هەندێک لەو تاوانانەی بەرانبەر هەڵەبجە ئەنجامدراون، هەڵەبجە ١٩٧٧-١٩٨٨، جەنگی عێراق و ئێران، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانتاوەکو ١٣-٥-١٩٨٧، تۆپبارانی هەڵەبجەو کارەساتی قوتابخانەکەی سیروان، پەلاماری ئێران و داگیرکردنی هەڵەبجە، ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر شاری هەڵەبجە،خەڵکی هەڵەبجە لەبەردەم چارەنوسێکی نادیاردا، چەکی کیمیایی، کیمیابارانی هەڵەبجە، ئێران چی برد لە هەڵەبجە، دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی  هەڵەبجە لەبەردەم دادگادا، بەڵگەنامەکان.

پێگەی هەورامان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی باشوری کوردستاندا(١٩٧٥-١٩٨٨)

ئامادەکردنی: صباح مجید فتاح چاپی یەکەم، ٢٠٢٦ ناوەڕۆکی پەیوەندار: هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و دروستبوونەوەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی حزبەکان لە هەورامان(١٩٧٥-١٩٧٩) خەباتی چەکداری حزبەکان لە هەورامان، دۆخی دانیشتوانی ناوچەی هەورامان( ١٩٧٥-١٩٨٨) کردەی ڕاگواستنی گوندەکانی هەورامان، بزافب جەماوەری، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان لە هەورامان، کیمیابارانی دانیشتوانی ناوچەی هەورامان.

هەڵەبجە لە ژێر هەوری زەهراویدا

نووسینی: د. ئارام ئەسعەدعەبدولڕەحیم، زانا ئەحمەد عەلی چاپی یەکەم، ٢٠٢٦، سلیمانی ناوەڕۆکی پەیوەندار: پوختەیەک لە مێژووی هەڵەبجە،  ناوی ، جوگرافیای ، دانیشتوانی، پێمهاتەی کۆمەڵایەتی و، ئاینی و ڕۆشنبیری ، گرتنی شاری هەڵەبجە لە لایەن سوپای ئێرانەوە. کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، مێژووی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بارودۆخی دانیشتوانیهەڵەبجەپاش کیمیاباران

ئەمیر سلیم ئەمین بەگ

ڕاگەیاندن کارە، لە دایک بووی گوندی  بەڵخەی هەورامان ، ساڵی 1972. سەروتای خوێندنی لە زێدی خۆی دەستپێکردووە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە، لەدواتێ قۆناغی ئامادەیی لە هەولێر خوێندووە، دەرچووی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان -زانکۆی بەغدا 1995، لە ساڵی 1995پیشەی مامۆستایە -پسپۆڕی زمانی عەرەبی، لە ساڵی 2000 وەک راگەیاندکارێک کاری ڕاگەیاندن ئەکات . دەستی نوسینی شیعری هەیە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، 18ساڵە وەک پەیامنێر لە سنوری هەڵەبجە شارەزوور هەورامان کار ئەکات، لە ساڵی 2009  پەیامنێری کەناڵی سپێدە بووە،  لە 2018 پەیامنێری کەناڵی زاگرۆس عەرەبیە تا ئێستا بەردەوامە،  خاوەنی سێ منداڵە لە هەڵەبجە نیشتەجێیە

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

وەرزی هەڵەبجە

پڕۆژەیەکی گەورەی دانراوە لە دەروازەی شاری هەڵەبجە. پانۆرامای بیرهێنانەوەی ڕووداوی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. وەک مۆنۆمێنت و سونبولی نەمری و ژیانەوە خۆی دەنوێنێت. کاری هونەرمەند (ڕەجا محەممەد عەلی)یە و لە‌ بیرۆکە و بە سەرپەرشتی هونەرمەند خۆیشیەتی، بە کەرەستە و میتاڵی هەمان ئەو چەک و موشەکانەی بەعسن، کە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ دران بە شاری هەڵەبجەدا و نەتەقینەوە. ساڵی ٢٠٠١ جێبەجێکراوە. لە باخچەی تەنیشت بەڕێوەبەرێتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەدایە. بەردەکان لە عەنەب کۆکراونەتەوە بۆ بنکەی پڕۆژەکە، لە ناوەڕاستدا دەستی نزا بە نێرگزی ڕواوەوە بەرزبوونەتەوە، کە هێمای ژیانەوەن. لەبەر گۆڕانکاریی شەقامەکە ساڵی ٢٠٢٣ لابراوە.