مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

15 بابەت

برنجی ڕووبەھەنار

خواردنێکی کوردەواریی ناوچەکەیە. برنجی کوردی، خوێ، ڕۆن، پیاز، ئاوی ڕوبەھەنار، کاکڵە گوێز، ئاو و مەنجەڵی گەورە لە پێداویستییە سەرەکییەکانییەتی. سەرەتا برنجەکە دەشۆررێتەوە و لەناو ئاو دەخوسێنرێت. ڕۆن و پیازی بۆ دەقرچێنرێت و ئاوە ڕووبەھەنارەکەی تێکەڵدەکرێت، ئاو و خوێ بەپێی ڕێژەی برنجەکە دەکرێتە ناو، کە ئاوەکە ھاتەکوڵ، برنجەکەی تێدەکرێت و تێکدەدرێت هەتا برنجەکە ڕەنگی ڕووبەهەنارەکە بکرێت، کە ئاوەکەی کەم بوویەوە، تێکدەدرێت و ئاگرەکەی بۆ کزدەکرێت، سەری مەنجەڵەکە دادەپۆشرێت. بەپێی ئارەزوو کاکڵە گوێزی بۆ سوور دەکرێتەوە و لەگەڵ گۆشت یان مریشک دەکرێت بەسەریدا و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.

پیرخەنیلە

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. لەوردە ساوەر دروستدەکرێت. پیاز و ڕۆنی بۆ سووردەکرێتەوە و بەپێی ڕێژەی وردە ساوەرەکە ئاوی تێ دەکرێت و لەسەر ئاگرێکی کز دادەنرێت، هەتا خەست دەبێتەوە و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.

ترش و ئاو

خۆراکێکی خۆماڵییە. زیاتر لە گوندەکانی سەر بە هەڵەبجە ئامادەدەکرێت. لە دەنکە هەناری وشکراو و ئاو پێکدێت، کە هێلکە دەکرێتە ناوترش و ئاوەکە و پاش کوڵانی بۆ ماوەی ٢٠ خولەک، پیاز و ڕۆنی بۆداخ دەکرێت و بەسەریدا دەکرێت، پاشان پێشکەش بە خێزان دەکرێت.

خۆشاو

خورادنێکی میللی و بەربڵاوی ناوچەی هەورامانە. زیاتر لە وەرزی زستاندا ئامادەدەکرێت و وەک شەوچەرە دادەنرێت. بووەتە کینایە بۆ شتی زۆرخۆش و بەچێژ. لە میوەی وشککراوی وەک، هەڵوژە، مێوژ، توو، لەتکەهەرمێ، لەتکە بەهێ، لەتکەسێو، قۆخی وشک دروستدەکرێت. میوەکان جگە لە(هەڵوژە و توو)ەکان، دەشۆردرێنەوە و لەنانەشان و سوزگیدا ئاوچۆڕ دەکرێن. هەڵوژەکانیش بەجیا دەکوڵێنرێن، پاشان تێکەڵ بەمیوە شۆردراوەکانی تر دەکرێن و دەکوڵێنرێنەوە. تووەکانیش بەجیا دەشۆردرێنەوە و دەگوشرێن و ئاوەکەیان دەگیرێت و تێکەڵ بە میوە کوڵێنراوەکان دەکرێت و جارێکیتر پێکەوە دەکوڵێنرێنەوە و ئاوی خۆشاوەکە بەرەو قاوەیی تاریک، یان سووری دەڕوات. تا زیاتر بکوڵێت، سوورتر دەبێت، باشتر خەستدەبێتەوە. دادەنرێت تاسارد دەبێتەوە و بە ساردی دەخورێت. پێویستی بە کابانی شارەزا هەیە.

شاقوڵیاغە

جۆرە خواردنێکی میللی و دێرینە. لە هەورامان زۆرتر لێنراوە. پێویستییەکانی بریتییە لە (ساوەر، ترخێنە، هەڵوژە وشکە و ناوەبەناوەش مێوژ)، پێکەوە دەکوڵێنرێن هەتا خەستدەبنەوە.

شلکێنە

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. لە ئاردی گەنم، هێلکە، شیر، (زەعفەران)، خوێ و کەرە دروستدەکرێت، شیرەکە لەناو مەنجەڵێک دەکوڵێنرێت و دواتر سارد دەکرێتەوە، پاشان ھێلکەکانی تێدەشکێنرێت و ئاردی تێدەکرێت و بەباشی تێکەڵدەکرێن، پاشان سێڵ (ساج)ەکەی بۆ داغ و چەور دەکرێت، ئینجا شلکێنەکە دەکرێتە سەر و دەبرژێنرێت، دەکرێت لەناو تاوەش سووربکرێتەوە و بۆ خواردن ئامادەدەکرێت.

قەزاتمە

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. گۆشتی بەرخ، دۆشاوی تەماتە، خوێ، پیاز، ڕۆن، دارچینی، زیرە و ئاو لە کەرەستە سەرەکییەکانییەتی. بۆ دروستکردنی ئەم شلەیە، سەرەتا چەند سەلکە پیازێک لەگەڵ گۆشتێکی زۆری بێ ئێسقان، پێکەوە لە ڕۆندا سووردەکرێتەوە. پاشان چەند دەنکە ھێلێکی تێدەکرێت لەگەڵ کەمێک دارچینی و وزیرە، پاشان دۆشاوی تێدەکرێت، لەگەڵ ئاوێکی کەم لەسەر ئاگرێکی کز دەکوڵێت و ئامادە دەکرێت بۆ خواردن.

قوبڵی

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. برنجی کوردی، ڕۆن، پیاز، خوێ، ئاو لە پێداویستییە سەرەکییەکانییەتی. سەرەتا برنجەکە لە چەڵتوک و بەرد دەبژێررێت و پاکدەکرێت. لەناو ئاو دەخوسێنرێت و ڕۆن و پیازەکەی بۆ دەقرچێنرێت، بەپێی ڕێژەی برنجەکە، ئاو و خوێی تێدەکرێت، کە ھاتە کوڵ، برنجەکە ئاووچۆڕ دەکرێت و دەخرێتە ناو مەنجەڵەکەوە و تێکدەدرێت، کە ئاوی برنجەکە کەمبوویەوە، جارێکی تر تێکدەدرێت و ئاگرەکەی بۆ کزدەکرێت و سەری مەنجەڵەکە دادەپۆشرێت لەپاش چارەکێک جارێکی تر کەوگیری لێ ڕادەدرێت، هەتا دەم دەکێشێت و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.

کەشکەک

خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. شلەیەکی خەستکراوی زستانەیه و زۆرتر لە هەورامان بایەخی پێدراوە. زیاتر ماڵە دەوڵەمەندەکان کردویانە و منداڵان بە قاپ لێیانبردووە. کەرەستەکانی: گەنمە کوتراو لەگەڵ سەروپێ، ئێسقانی گەورە بەیەکەوە بۆ ماوەیەکی زۆر دەکوڵێنرێت و تێڕادانیشی هەر بە ئێسکێکی گەورە بووە. ئیدیۆمی (لە بێخەبەران کەشکەک سەڵاوات)ی لەسەر وتراوه،‌ کە مەبەست لێی ئەوەیە ئەگەر لە تێڕادانی غافڵ بیت، کەشکەکە بن دەگرێت و بەکەڵکی خواردنی نامێنێت و دەبێت سەڵاواتی لێ بدەیت.

گوێزی سوێر

چەرەسێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. وەک شەوچەرە بەکارھاتووە، زۆر بە تامە (گوێزی ساغ) یان کاکڵە گوێزەکان دەکرێنە ئاو و خوێی تێدەکرێت ھەندێک کەس دەیکوڵێنن، یان سوێر دەکرێت و بۆ خواردن ئامادەدەکرێت.

گێتەمەژگە

خۆراکێکی تایبەت و میللیی سنوری هەورامانە. کولێرەیەکە گوێزی هاڕاوی زەردەچەوە پێوەکراوی تێدەکرێت. دوو جۆری هەیە: یان گوێزەهاڕاوەکە دەکرێتە سەر هەویرەکە و پێوەی دیارە، یان دەکرێتە ناو هەویرەکە و دەق دەکرێت و گوێزەکە دیارنییە.

لەپۆرتە: پەیکە

هەڵگرتنی هەنجیریی گەییوە بە شێوازێکی تایبەت. لە زۆربەی گوندەکانی هەوراماندا باوە. هەنجیرەکان لەسەر یەک دەپەستێنرێن و وشکدەکرێن و لەزستاندا وەک شەوچەرە لەگەڵ میوەی هەڵگیراوی تری وەک مێوژ و کاکڵە گوێز و... هتد دەخورێت.

نانی هەورامی

جۆرە نانێکی ناسک و تایبەتە. لە کوردەواریدا بە نانی هەورامی ناسراوە. شێلانی هەویرەکە و بێژانەوەی ئاردەکە و تین و تاوی ئاگرەکە و هونەری نانکەرەکە، مەرجی جوانیی نانەکەن. ئەم نانە دەقکردن و هەڵگرتن و گواستنەوەی لە جۆرەکانی تری نان ئاسانترە. بەقەدکردن و دەقکردن و پێچانەوەی چەند نانێک، کە جیرەی کەسێک بێت دەوترێت مووچە.

هێڵەپەپێ

خواردنێکی سوورەکراوەی هێلکە و ڕۆژنە بە ئارد. لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە باوبووە. کەرەستە سەرەکییەکانی: هێلکە، ڕۆن، ئاردە، زیاتر لەوکاتانەدا کراوە، کە ماڵی منداڵدار هێلەکەیان کەم بووەتەوە و بەشی هێلکەوڕۆنی نەکردووە، ئاردیان بۆ زیادکردووە و بەشی زیاتری خێزانی کردووە. بە هەورامی (هێڵەپەپێ)ی پێدەڵێن.

یەکاوە سیاوە

خواردنێکی تایبەتی ناوچەی هەورامانە، شلەمەنییە. لە برنج و ئاوی هەندێک لە مزرەمەنییەکان بە گوێرەی وەرزەکان دروستدەکرێت، بەگوێرەی زەوق و ویست، خەستبوونەوەی ناگاتە ئاستی قوبڵی. باوترینیان لە پاییز و زستاندا بە برنج و ڕووبەهەنار لێدەنرێت. هەر بەهەمان شێوە (یەکاوە ترشە)ش لە برنج و ئاوی ڕێواس لە وەرزی بەهاردا و (یەکاوە ترشە) لە برنج و ئاوی سماقی کوڵاو لە وەرزی هاویندا دروستدەکرێن.