مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

4 بابەت

سەکلەتفی

شیرینییەکە و تایبەتە بە ناوچەی هەورامان. تووی وشک لە ناو دۆڵ یان هاواندا دەکوترێت، هەتا دەبێت بە ئاردەتوو، بە هێڵەک دەبێژرێت و ئاوی لێدەپرژێنرێت و دەپەستێورێت و هەڵدەگیرێت بۆ وەرزی سەرما. بە شەکرشکێن دەشکێنرێت و پارچەی لێدەکرێتەوە.

شەوەکە: شۆکە

شیرینی سروشتییە و بە شێوەیەکی سروشتی لە مانگی ٩دا، کە سەرما لە بەڕوو دەدات بە شێوەی تۆز و کەفی سپی دادەبارێتە سەر گەڵاکە. پێش ئەوەی خۆر بکەوێت خەڵکی دەچن بۆ کۆکردنەوەی. بە گەڵا و خامەی دارەکەوە دەیهێننەوە و ئاویکی شلەتێنی بۆ ئامادەدەکەن و دەیخەنە ناو ئاوەکەوە و شەوەکەکە لە گەڵاکان دەبێتەوە و دواتر بە هۆی قوماشێکەوە دەپاڵێورێت و دەکوڵێنرێت و سارد دەبێتەوە، ڕەنگێکی قاوەیی لە شێوەی دۆشاوی توو پەیدادەکات و تامێکی خۆشی هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە، شەوکەی پاک، کیلۆی ٢٥ هەزار دینار دەکات.

کوتە

شیرینییەکی میللی تایبەت بەناوچەی هەورامانە. لەبەروبوومی ناوچەیی دروستدەکرێت. لە پێکهاتەیدا تووە وشکە و قەزوانی ناسک یان بەنەمشک و کاکڵەی گوێز هەیە. هەردوکیان بە جیا لە دۆڵێکدا دەکوترێن. پاشان دەکرێنە دەفرێکەوە و پێکەوەش دەکوترێن. نمێک ئاو لە کوتراوەکە دەپژێنرێت جوان هەڵدەشێلرێت، هەتا دەچێتەوە یەک و یەکدەگرێت. زیاتر لەزستاندا دروستکراوە.

لەپارێ

جۆرە شیرینیەکی میللیی هەورامانە. تووەوشکە، کاکڵەی گوێزی خاوێن و پوخت پێکەوە لە هاوەندا دەکوترێن و ئاویان لێدەپرژێنن، چەند جارێک ئەم دیودیویان پێدەکرێت و هەتا پێکەوە دەلکێنرێن و دەبن بە شیرینیەکی پتەو و بەتام. ئەگەر کەمێکی لێ بخورێت، برسیت نابێت.