پیرخەنیلە
خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. لەوردە ساوەر دروستدەکرێت. پیاز و ڕۆنی بۆ سووردەکرێتەوە و بەپێی ڕێژەی وردە ساوەرەکە ئاوی تێ دەکرێت و لەسەر ئاگرێکی کز دادەنرێت، هەتا خەست دەبێتەوە و ئامادەدەبێت بۆ پێشکەشکردن.
ترش و ئاو
خۆراکێکی خۆماڵییە. زیاتر لە گوندەکانی سەر بە هەڵەبجە ئامادەدەکرێت. لە دەنکە هەناری وشکراو و ئاو پێکدێت، کە هێلکە دەکرێتە ناوترش و ئاوەکە و پاش کوڵانی بۆ ماوەی ٢٠ خولەک، پیاز و ڕۆنی بۆداخ دەکرێت و بەسەریدا دەکرێت، پاشان پێشکەش بە خێزان دەکرێت.
خۆشاو
خورادنێکی میللی و بەربڵاوی ناوچەی هەورامانە. زیاتر لە وەرزی زستاندا ئامادەدەکرێت و وەک شەوچەرە دادەنرێت. بووەتە کینایە بۆ شتی زۆرخۆش و بەچێژ. لە میوەی وشککراوی وەک، هەڵوژە، مێوژ، توو، لەتکەهەرمێ، لەتکە بەهێ، لەتکەسێو، قۆخی وشک دروستدەکرێت. میوەکان جگە لە(هەڵوژە و توو)ەکان، دەشۆردرێنەوە و لەنانەشان و سوزگیدا ئاوچۆڕ دەکرێن. هەڵوژەکانیش بەجیا دەکوڵێنرێن، پاشان تێکەڵ بەمیوە شۆردراوەکانی تر دەکرێن و دەکوڵێنرێنەوە. تووەکانیش بەجیا دەشۆردرێنەوە و دەگوشرێن و ئاوەکەیان دەگیرێت و تێکەڵ بە میوە کوڵێنراوەکان دەکرێت و جارێکیتر پێکەوە دەکوڵێنرێنەوە و ئاوی خۆشاوەکە بەرەو قاوەیی تاریک، یان سووری دەڕوات. تا زیاتر بکوڵێت، سوورتر دەبێت، باشتر خەستدەبێتەوە. دادەنرێت تاسارد دەبێتەوە و بە ساردی دەخورێت. پێویستی بە کابانی شارەزا هەیە.
شاقوڵیاغە
جۆرە خواردنێکی میللی و دێرینە. لە هەورامان زۆرتر لێنراوە. پێویستییەکانی بریتییە لە (ساوەر، ترخێنە، هەڵوژە وشکە و ناوەبەناوەش مێوژ)، پێکەوە دەکوڵێنرێن هەتا خەستدەبنەوە.
شلکێنە
خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. لە ئاردی گەنم، هێلکە، شیر، (زەعفەران)، خوێ و کەرە دروستدەکرێت، شیرەکە لەناو مەنجەڵێک دەکوڵێنرێت و دواتر سارد دەکرێتەوە، پاشان ھێلکەکانی تێدەشکێنرێت و ئاردی تێدەکرێت و بەباشی تێکەڵدەکرێن، پاشان سێڵ (ساج)ەکەی بۆ داغ و چەور دەکرێت، ئینجا شلکێنەکە دەکرێتە سەر و دەبرژێنرێت، دەکرێت لەناو تاوەش سووربکرێتەوە و بۆ خواردن ئامادەدەکرێت.
قەزاتمە
خواردنێکی کوردەواریی و باوی ناوچەکەیە. گۆشتی بەرخ، دۆشاوی تەماتە، خوێ، پیاز، ڕۆن، دارچینی، زیرە و ئاو لە کەرەستە سەرەکییەکانییەتی. بۆ دروستکردنی ئەم شلەیە، سەرەتا چەند سەلکە پیازێک لەگەڵ گۆشتێکی زۆری بێ ئێسقان، پێکەوە لە ڕۆندا سووردەکرێتەوە. پاشان چەند دەنکە ھێلێکی تێدەکرێت لەگەڵ کەمێک دارچینی و وزیرە، پاشان دۆشاوی تێدەکرێت، لەگەڵ ئاوێکی کەم لەسەر ئاگرێکی کز دەکوڵێت و ئامادە دەکرێت بۆ خواردن.