مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

31 بابەت

بەرزەڵنگ

گیایەکی بەهارە و هاوینەی سروشتییە. بۆنێکى خۆشى هەیە، گوڵەکەى بە لاتەنیشتى ساقەکەیەوەیە، لە کۆندا بەبۆنەی بۆنەخۆشەکەیەوە خەڵکى ناوچەکە یەک دوو چڵ لەو گیایەیان دەخستە بەرباخەڵیانەوە. بۆ دەرکردنى کێچ و ئەسپێش بەکاریانهێناوە. ژنانیش گوڵى ئەم گیایەیان وردکردووە و کردویانەتە کیسەى بچووکەوە و لەگەڵ مێخەکدا لە ملیان کردووە. لە شاخەکانى هەڵەبجە و هەورامان دەڕوێت. گۆرانیبیژان و شاعیرانی ناوچەکە ناویان هێناوە.

بەڕەزا

گیایەکی بەهاریی سروشتییە. لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجە و هەورامان دەڕوێت. لە قەدپاڵى بەردە سەختەگەورەکان و ئەو شوێنانەى، کە تەڕ و شێدارن دەڕوێت و ساڵانە لەسەر بنجى خۆى دەڕوێتەوە. بۆ خواردن وەک سەوزە دەخورێت. وەک چایی و چێشت و بەشێوەی سوورکردنەوەش دەخورێت. خەڵکی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنى هەندێک نەخۆشى بەکارىدەهێنن.

پسڵ

لە گیا سەلک پیازییەکانە، بەهاران خۆڕسکانە لە تاق و لاپاڵ و شوێنی بەرزایی چیاکاندا دەڕوێت، تا بەرزتر بچیت پێگەشتن و جۆرەکەی باشترە، وەک دەرمان بە دۆخەوا و شلە لێدەنرێت و بە برنجیشەوە لە هەوراماندا لێدەنرێت و پێدەوترێت (پسڵینەز). لە کاتی ئامادەکردندا بۆنێکی تایبەتی هەیە، گەڵاکانی لە شێوەی ترشۆکەدایە. لە دەروبەری شاخەکانی تەوێڵە و بەڵخە و زەڵم و هاوار و ملەوەردا هەیە. لەبەرئەوەی شوێنی هێنانی دورە، لە گیاکانی تر گرانترە.

پونگە

گیایەکی گەڵاداری بۆن خۆشی بەهارەیە. لەنزیک جۆگە ئاوەکاندا سەوزدەبێت. لەو گیایانەیە لە دەرمانگەی میللی و ئارایشتدا بەکاربراوە. چارەسەری ژانەسک و تەنگەنەفەسی و فشاری خوێن و... هتد. پێکراوە وەک سەوزەش لە گەڵ کوزەڵە و بەنۆڵەدا دەفرۆشرێت.

پیچک

گیایەکی بەهاریی سروشتییە. لە ناوچە شاخاویییەکانی ناوچەکەدا دەڕوێت. بۆنێکى تیژى هەیە و لەکاتى هەڵکەندنیدا وەک پیاز فرمێسک بەچاودا دەهێنێت. ساڵانە لەسەر بنجى خۆى سەوز دەبێتەوە. بە چێشت و زیاتر لە ناوچەکە بە کەلانە دەیخۆن.

پیشۆک: پیژوکی

گیایەکی خۆڕسکە. زۆرتر لە بەرزاییەکان و ناوچە شاخاوییەکانی ناوچەکەدا دەڕوێت. گەڵایەکی سەوزی باریکی خەت سپی هەیە. سەلکەکەی لەژێر زەویدایە، لە شێوەی گلک، یان پیازی فیسقە پاکدەکرێت و دەخورێت.

تاڵیشک

گیایەکی بەهارییە، لەدەم جۆگا و زەوییە تەڕەکانی هەڵەبجە و کەژ و تەڵانەکانی هەوراماندا بەڕادەیەکی زۆر دەڕوێت. گەڵاکەی شیردار و مشارییە، تاکە گوڵی ڕەنگ زەردە، کەڵکەکانی بە بایەک دەڕۆن. خواردنی کەوە. لە کۆنەوە لە گەڵ گیا وردەدا بە ڕادەیەکی کەم خوراوە. ڕەگەکەی زیاتر بایەخی دەرمانی هەیە و گەڵاکانی دەکرێتە زەڵاتە، لە باوەڕ و نەریتی ناوچەکەدا جێگەی گرتووە و بەکاربراوە. لەکاتی نەمان و بەسەرچوونیدا لە دوکانەکانی گژوگیافرۆشی لە هەڵەبجە و خورماڵ دەستدەکەوێت.

چنوور و شەوبۆ

دوو گیای بۆنخۆشی بەهارەی کوێستانەکانە. زۆرتر لەبەرزاییەکانی شاخی هەورامان، شنروێ، سورێن، داڵانی، شرام، دەڕوێن. شەوبۆ: گوڵێکی وردەی زۆری ڕەنگ مۆری هەیە. چنوور: لاسکەکەی لە ناو کرۆکەکەیەوە لە کۆتاییدا گوڵ دەردەکات. لە گۆرانی و فۆلکلۆری هەوراماندا ناویان هاتووه. وەگ (گوڵە هۆ گوڵە چنوری. چنور و شەوبۆ)‌ خۆشەویستان بە دیاری بەیەکی دەبەخشن.

دەرمانە سەوزە

دەرمانێکی سروشتيیە. دەرمانەکە لە ناوچەکە و بەتایبەت لە سروشتی سنوری گوندی (بانیشار)دا زۆرە. ‌لە ڕووەکێکی ‌شێوە بەڕەزادایه،‌ تایبەتە بە وەرزی بەهار هەموو گیاکەی لێدەکریتەوه،‌ دواتر وشکدەکرێت و وەک دەرمان بۆ چارەسەری زام بەکاردێت. زياتر لە ٤٠ ساڵە خەڵکى ئەم گوندە بۆ ساڕێژکردنى برینەکانیان ئەو دەرمانە بەکاردەهێنن، کە بۆیەکەمجار لە لایەن ئافرەتێکى گوندەکەوە دۆزراوەتەوە.

ڕکێشە

گیایەکی پانە و لاسکەکەی ناسکە و دانەکانی وردە. لە هەوراماندا کەڵک لە گەڵا و دانەکەی وەردەگرن. گەڵاکەی بۆ ساڕێژبوونەوەی برین و پاڵاوتنی خوێن و ئێشی دان و ئاوسانی گورچیلە بەکاریدەهێنن. بۆ ڕاکێشانی کێمی هەوکردنی نینۆک و لافشە و زیبکە و دومەڵ بەسوودە.

ڕووسکە

گیایەکی بە هارییە، گەڵاکەنی سەوزی توکدارن و کەمێک بە دەوری یەکدا خولاوەن، لە خێزانی پیازەکانە. لیقی و تیژە و لە جنیندا خوران بۆ دەست دروستدەکات. چەند گیایەکی هاوشێوەی خۆی بە دەوریدا هەیە و باش نەناسرێتەوە، تێکەڵدەبن. لەزۆربەی قەدپاڵی چیا و نسارەکانی شنروێ و ڕەنگینە و سورێن و شەڵواندڕ و بەڵخە و ... هتدا هەیە. لە هەندێک شوێن بە هەڵە پێیدەوترێت (بزن تڕێن). گوڵی سپی و مۆر و زەردی هەیە. هەڵدەکێشرێت و لێدەکرێتەوە و قیسقەکەی بەجێدەمینێت و ساڵی تر لەسەر هەمان فیسقە سەوز دەبێتەوە. دەکوڵێنرێت و لەگەڵ هێلکە سوردەکرێتەوە. (ڕوسقە)یشی پێدەوترێت.

سالمە

گیایەکی بەهارەیە. لەسەر قەدێک لە شێوەی قەدی هەڵاڵەبریمەدا وەستاوە و گەڵاکانی درێژکۆلەن و لە بەشی خوارەوەی قەدەکە پێنج بۆ حەوت گەڵا دەردەدات و لە بنەوە پان دەبنەوە، بەشی سەرەوەی قەدەکەی دەبێتە گوڵێکی قەرەباڵغی مۆر. لە کۆتایی مانگی سێ بۆ پێنج دەردەکەوێت، لە شاخەکانی هەوراماندا دەڕوێت و خەڵکی گریانە دەیهێنن و وشکیدەکەن، سەلکەکەی نیشاستەیەکی نەرمکەرەوەی تیایە، بۆ هەوێن لە دروستکردنی ساردەمەنی و دۆندرمەدا بەکاردێت. لە کۆنەوە لە ناوچەکەدا بۆ مەبەستی چارەسەر بەکاریانهێناوە، بۆ سەرما بردەڵە و ئازاری سنگ و پتەوبوونی ئێسک، لای حەکیمان کەڵکی لێوەرگیراوە.

سەیارا

گیایەکی بەهاری کوێستانییە. زوو سەوز دەبێت. گوژمەی گەڵای هەیە. ڕیشکەکەی لە شێوەی هەنگڵ و توورەکە و گونی بچووک بچووک پێک دێت. گوڵەکەی زەردە. گەر لێنەکرێتەوە تاڵ دەبێت. لە شنروێ و شاخەکانی هەورامان و زۆربەی تەڵانەکانی تەوێڵە و بیارە و نسارەکانی پشت ڕەنگینە و هانەنەوە و زۆر شوێنی پارێزگاکەدا هەیە. دەکوڵێنرێت و بە هێلکەوە سووردەکرێتەوە.

سوورهەراڵە

گیایەکی بەهارە و هاوینەی سروشتییە. بەزۆری لە قەدپاڵ و شوێنی خڕەبەرددا دەڕوێت و ساڵانە لەسەر بنجی خۆیی دەڕوێتەوە. گوڵێکی سووری ئاڵ و بۆنێکی تیژ و خۆشی هەیە. گەڵاکانی لینجە و بە دەستدا دەلکێت. لە شاخەکانی هەورامان و هەڵەبجە هەیە. بۆ هەندێک نەخۆشی و جوانی و بۆنخۆشیش خەڵکی ناوچەکە بەکاریدەهێنن.

شنگی: شنگ

جۆرە گیایەکی خۆڕسکە. بەزۆری لە هەڵەبجە و هەوراماندا دەڕوێت. ڕەنگی سەوز و گەڵا باریکە. وەک گیایەکی دەرمانی دەناسرێت. شیرێکی سپی لەبنی گەڵا و لاسکەکەیەوە دەردێت. لە گۆرانی و ئیدیۆمی ناوچەکەدا ناوی هاتووە و چەند دۆڵێکی ناوچەکەشی بەناوەوە کراوە، وەک (شنگەدۆڵ) لە نزیک شارەدێی تەوێڵە.

قەیتەران

گیایەکی سروشتیی و دەرمانییە.‌ لە خێزانی ڕووەکە پەڕدارەکان (سەرخەسییەکان)ـە. لاسک باریک و مەیلەو ڕەشە. گەڵاکانی سەوز و سافن. بەزۆری لە ئەشکەوت و قەراخ ئەو بەردانە دەڕوێت، کە بەردەوام تکە و تنۆکی ئاو بەسەریدا بڕژێت. دژە ئاوە و تەڕ نابێت. نزیکەی ٣٠٠ جۆری هەیە. دەچێتە پیشەسازیی دەرمان و ئارایشتەوە. لە سنورى پارێزگای هەڵەبجە بەگشتی و بەتایبەتی لە گوندی (هانەیدن، سەرگەت، چەمى هەمەشوانە) بریکى زۆر لەم گیایەی لێیە.

کاڵەکەمارانە

گیایەکی تەمەندرێژی قەد خشۆک یان قەد هەڵواسە. تاڵ و توند و ئاو دەرکەر و ڕەوانکەرە. بەرەکەی هێندەی شەمامە یان گەورەترە. یەکێکە لەو گیایانەی لە کۆنەوە سەرچاوەی زۆرترین دەوا و دەرمان بووە. لەدەرمانی میللیدا لە هەورامان بۆ بێنوێژی ژنان و مەڵهەمی سەربرین بەکاربراوە.

کەرەس

گیایەکی بەهارییە. لە سنورى شاخەکانى هەورامان و هەڵەبجەدا بوونى هەیە. لە شوێنەبەرز و سەختەکان و لەناو خڕەبەرد دەڕوێت. شێوەی لە گیای کەما دەچێت، بەڵام گەڵاکانی وردترە. وەک چا لێدەنرێت و دەوترێت بۆ چارەسەری بەرد و ڕمڵی گورچیلە و ميزەڵدان باشە.

کنیواڵ

گیاییەکی بەهاریی خۆڕسکە. شێوەی لەنێوان تەڕەپیاز و سیری سەوز و کەورەردایە. لە تەڵان و دەشت و چیاکان دەوربەری هەڵەبجە و هەورامان دەڕوێت. وەک سەوزە دەخورێت و هاوشێوەی پیاز و پیچک لە هەندێک شوێنی ناوچەکە گەر پیاز و پیچک نەبن، کەلانەی لێ دروستدەکرێت.

گەبڵە

گیایەکی بەهارانەیە. دوای توانەوەی بەفر دەردێت. تەمەن کورتە. گوڵی بچووکی زەردو سووری هەیە. لە چیا و شاخەکانی هەوراماندا زۆرە. پێش پشکوتنی گوڵەکانی سەرەتای دەرهاتنی، لێدەکرێتەوە. دەکوڵێنرێت و سووردەکرێتەوە، هێلکە و کاکڵەی گوێزی تێدەکرێت. (گەوڵە)شی پێدەڵێن.

1 2 دواتر