بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
کڕین و سەربڕینی ئاژەڵ دەگرێتەوه. دەشێت قەساب بۆ خۆی دوکانی گۆشتفرۆشی هەبێت و ئاژەڵ سەربڕێت، یان کاری سەربڕین بۆ کەسانی تر بکات. ئەمە زیاتر لە مانگەکانی مەولود و جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان و بۆنەکانی حەوتم دا ئەنجامدراوە. لە کۆندا لە هەڵەبجه و هەوراماندا چەندین قەسابی ناودار هەبوون، کە زۆرجار لە لادێ قەرەباڵغەکان و شارەدێکاندا هەندێکیان کەبابخانەشیان داناوە. ئەو لادێیانەش، کە خاوەنی ئاژەڵداریین، لە کاتێکدا حەیوانیان لێدەکڕن، خۆیان حەیوانەکە سەردەبڕن. لە ئێستادا سەربڕین لە کوشتارگەکاندا دەکرێت و گۆشتەکە دوای پشکنین دەبرێتە دوکانەکانی گۆشتفرۆشی.
پیشەیەکی دێرینە. تایبەتە بە فرۆشتن یان ئاڵوگۆڕکردنی بەروبووم و بەرهەمی پیشەیی ناوچەیەک لە گەڵ ناوچەیەکی تردا. لە هەورامان چەند کەسێک کاروانیان کردووە. بەرهەمە ڕوەکییەکان و کاری پیشە دەستیەکانیان بردووەتە مایدەشت و ئەسفەهان و تەبرێز و شارەزوور و کەرکووک و بەغدا. لەو سەرەوە دانەوێڵە یان بەرهەم و کەرەستەی ئەو ناوچانەیان هێناوەتەوە. بۆ نموونە کاروانچییەکانی تەوێڵە بە مەبەستی ساغکردنەوە و گۆڕینەوەی بەرهەم و بەرووبومەکانی هەورامان، بە زۆری بەرەو شارەزوور و گەرمیان هەتا کەرکووک ڕۆشتوون. بەرەو ئێرانیش: کرماشان و هەمەدان و تەبرێز و قەزوین و ئەسفەهان و تاران ڕۆیشتوون و کەرەستەی پێویستیان لەو شوێنانەوە هێناوەتەوە بۆ هەورامان. لە نموونەی کاروانچەییەکان وەک (حاجی محەممەدی حاجی سادق، مستەفای حاجی فەرەج، فەرەج حەمەمین، مراد عەبدوڵا، عەبالەی مارفە، عەبالەی ئەکرەم، حەمەڕەق، ئەنوەری قادر).
پیشەی گرتنی کەتیرەیە بۆ بەکارهێنانی لە چەند پیشەی تردا، لە دڕکێکی تەپک چڕ، کە پێیدەوترێت (گەوەن، هەنگەوەن). قەدی ئەم دەوەنە زامدار دەکەن و لە زامەکەوە شیلەیەکی خەست دەردەچێت و کۆدەکرێتەوە و پوختدەکرێت و کەتیرەی لێئامادەدەکەن. پێویستیی هەندێک پیشە وایکردووە لەهەوراماندا بایەخ بە کەتیرەکردن بدرێت، سەرچاوەی داهاتی هەندێک خەڵک بووە، لە پێداویستییەکانی کڵاشکردنە، دەیسوون بە لێواری بنەکڵاشەوە، بۆ هەڵنەوەشان و یەکگرتنی سەرە فتیلەی پەڕۆکان.
پیشەیەکی گەڕۆکییە. کەسێک بۆ کڕینی ئەو سەرەکڵاشانەی، کە لەسەر قەڵتاخ دەچنرێن و هەڵدەهێنرێن و قەد دەکرێن و بنیان نییە، دوایی لەسەر ژێرەی لاستێک دادەکوترێن، بە گوندەکانی هەوراماندا گەڕاوە و کڕیونی.
پیشەیەکی دێرینە. لە هەڵەبجە و هەوراماندا برەوی هەبووە. دروستکردن و دوورینی کورتان بووە بۆ سەر پشتی وڵاخی وەک ئەسپ و مایین و هێستر و گوێدرێژ، بە مەبەستی پاراستنی وڵاخەکە و ئاسانکاریی سواربوونی سوار. کەرەستە و پێداویستیەکان و شێوازی توندوتۆڵییەکەی جیاواز بووە. بە چەند قۆناغێک و لەڕێگەی چەند پێداویستییەکەوە بە ئەندازەی پانی و درێژیی وڵاخەکە قیاسی گیراوە و دروستکراوە. دروستکردنی ڕۆژێک هەتا دوو ڕۆژی ویستوە. پێویستییەکانی بریتیبوون لە: لباد و پارچەی هاوشێوەی، ڕاخەر و بەرگی وەک مافور، جاجم و مەوج و بەڕە، گوریس، کا یان گیای وەک کا، سوژنی تایبەتی ئەستور، بەن و موو، دەزوو، پارچە ئاسن (کەفە). ئەڵقە و قوفڵیان بۆ کردووە بۆ بەستنەوەی کورتانەکە بە پشت و سک و پشتی کلک و پاشکۆی وڵاخەکەوە. جۆری عەجەمی و هەجیجی و ئێرانی و شێخانی و عەسکەری هەیە. دوو لەڕی بۆ دانراوە و پڕیان کردووە لە کا، گەردەنە لە پێشەوە و لەڕ لە دواوە. بە درێژیی کورتانەکە بەرەک و ژێرەک و پاڵۆیان بۆ کردووە بۆ بەستنەوەی بە وڵاخەکەوە. هەندێکجار بۆ پاراستنی کۆپانەکە سەرجلیشیان بۆ دووریوە و جوانکاری و ڕازانەوەیان بۆ کردووه لە گوڵەنگ. وەک ئیدیەم لە باوەڕ و ژیانی ڕۆژانەدا کەوتووەتە سەر زمان، وتراوە (بە کەر ناوێرم، بە کورتان شێرم)، (کێ کەر بێت، ئێمە کورتانین). چەند ساڵێک لە مەوپێش نرخی کۆپانێک لە ناوچەکەدا گەیشتوەتە ١٧٠٠٠٠ دینار.
پیشەیەکی کۆنە، هێنان و بردنی کاڵای ڕەواجدارە لە عێراقەوە بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە، هەتا ئێستاش بەردەوامە و لە سنورەکاندا بایەخی هەیە، لە مەرزەکانی هەورامان بە تایبەت تەوێڵە لە هەردوو ڕەگەزەکە هەن، بە پێی هەلومورجی ناوچە سنورییەکان لە مەرزێکەوە بۆ مەرزێک دەگۆڕێت، لەڕێگا پیادەڕەو و سەختەکانی نێوان هەورامانی دیوی عێراق و ئێران لە ساڵانی دوای ڕاپەڕینەوە سەرچاوەی ژیان بووە. ڕێگەکانی کۆڵبەری ناسەلامەتن و ژیانی کۆڵبەرەکان دەخاتە مەترسییەوە لەو پێناوەدا کۆڵبەران بوونەتە قوربانیی کارەساتە سروشتییەکان و هەڕەشە و پەلاماری هێزەکانی سنوری وڵاتەکان. بووەتە کەیسێکی مرۆیی و چەندین فیلمی دۆکیۆمێنتاری و کاری مۆسیقی و بەرنامەی لەسەر کراوە. وەک پرۆژەیاساش چووەتە پەرلەمانی ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا کۆتاییپێنایەت: ڕێگەکانی بیارە، هانەگەرمڵە - تەوێڵە دزاوەر - شۆشمێ، هاوار، سازان، دەگاشێخان، مڵەوەرد... هتد کۆڵبەریان تێدادەکرێت.
چەند کارێکی ئاوێتەی پێکەوەییە. دوای دڵنیابوون لە پێگەشتنی بەری دارگوێز لە ناوچەی هەوراماندا دەستپێدەکات، یەکەمیان بریتییە لە تەکاندنی دار گوێزەکە، لەڕێگەی دارێکی سفتوسۆی درێژەوە، کە لەچنار ئامادەی دەکەن و پێیدەوترێت شەنە و بەو کەسەی کارەکە ئەنجامدەدات و بوێری سەرکەوتنی بە گوێزەکاندا هەیە، دەوترێت شەنیەر و بە پیشەکەش دەوترێت شەنیەری. پێویستە شەنیەر توانا و سەلیقەی هەبێت، بۆ ئەوەی لەکاتی تەکاندندا کەمترین ئازار بەدارەکە بگات. کرێی شەنیەری لە هەموو پیشەکانی تر زیاترە، زۆرجار لە هەوراماندا ڕۆژانە بە نرخی فرۆشتنی هەزارێک لە گوێز مەزەندەکراوە. لەبەر سەختیی کارەکەی لە فەرهەنگی هەوراماندا وتراوە: هەتا ئەوکاتەی وا بەسەر دارەکەوە تەڵاقی نییە. لە مێژووی ناوچەکەدا چەندین کەس بەو کارە بوونەتە قوربانی و ژیانیان لەدەستداوە. گوێزتەکاندن لەکاتی پێگەشتن و ترەکینی توێکڵی گوێز دەستپێدەکات، کە پێیدەوترێت (وەزترەکای - گوێزترەکین). ئەمەش لە باخێکەوە بۆ باخێکی تر بە گوێرەی جۆری دارەکە و شوێنی باخەکە دەگۆڕێت. بە گشتی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەستپێدەکات، بەو کاتەش دەوترێت تەقەشەنە. دوای تەکاندنی گوێزەکان دەستدەکرێت بە کۆکردنەوەی گوێزەکان و کۆماکردنیان لەشوێنێکدا بۆ لێکردنەوەی توێکلەکەیان، کە جاران بە زۆری لە ڕێگەی گەلکارییەوە بووە، پاشان گواستنەوەیان بۆ هەڵخستن و زڕبوونەوە و جیاکردنەوە و ژماردنیان دەگوازرێنەوە بۆ ماڵ. دوای وەرزی کارەکە و دەستهەڵگرتنی باخەوان لە باخەکەی، خەڵکی تری ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی گوێزە ونبووەکان، کە لە کاتی گوێز کۆکردنەوەکەدا بە جێماون، یان ئەو گوێزانەی بە دارەکەوە نەکەوتوون، ڕوو دەکەنە باخەکان و گوێزەکان بۆ خۆیان دەدۆزنەوە، بەو کارەش دەوترێت شارۆ. لە هەوراماندا بایەخی خۆی هەیە و ڕێگە پێدراوبووە و زیاتر بە سەیران و گەشت دەچێت.
پیشەیەکی دێرینەی خۆبەخشییە. لە دەوروبەری هەڵەبجە و هەوراماندا، کۆمەڵێک کەسی خێرەومەند ئەم کارەیان کردووە. لە ئێستادا ئەم کارە بە ئامێری حەفارەدەکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە هەوراماندا ئەم ئامێرە ناتوانێت بچێتە هەموو شوێنێک، هێشتا پیشەکە ماوە.
پیشەیە. دوورین و دروستکردنی لێفەیە لە کەرەستە سادەکانی وەک (لۆکە، خوری، سەرەپارچە). بەتایبەتی لە لادێکاندا گرنگیپێدراوە. متیلگرتن و بەرگی کۆتایی بە گوێرەی خواست و دەسەڵات بووە.
پیشەیەکی دێرینی ناوچەکەیە. هەتا بڵاوبوونەوەی قاپ و قاچاخی فافۆن و دواتریش تیڤأڵ برەوی هەبووە. بریتییە لە نوێکردنەوە و سپیکردنەوە و چاککردنەوەی دەفرە مسینەکانی وەک قازان و قاپوقاچاخ و کەوچک و سینی و مەنجەڵی گەورە و سەتڵ و شەمعدان و سەماوەر و شەربە و قۆری و هەندێک شتی تری هونەری، کە وەک توحفەیات خراونەتە بازاڕەوە. بە هەندێک کەرەستە و توخمی وەک لم و قەڵایی و نوشادەر و هەوەڕشۆر و.. هتد. بەوەستای پیشەکە دەوترێت مسگەر. لە پاییزدا کاری مسگەرەکان زیاتر بووە، چونکە خەڵکی دەفرەکانیان پاک و نوێکردوونەتەوە. مسگەرەکان بە کۆڵان و لادێکاندا بۆ ئەو کارە گەڕاون. لە ساڵی ١٩٥٠بەدواوە بەرەبەرە پیشەکە ڕووی لە کزی کردووە. جولەکەکانی هەڵەبجە دوای جەژنی کفتە قاپ و قاچاخەکانیان فرۆشتوەتەوە و ئەوەش جوڵەیەکی گەرمی بازاڕ بووە. هەندێک لە مسگەرەکانی هەڵەبجە:حەمەکەریمی بابا، محەممەد عەبدوڵا سەعەکەڕ، ئەحمەدی مسگەر.
سازکردنی پارچە ئاسنێکە بۆ بنی پێی وڵاخە بەرزەکان، کە زیاتر بۆ بار بەکارهاتوون. لە سنوری ناوچەکەدا ئەم پیشەیە هەبووە. لە ناوچە سنوری و شاخاوییەکاندا بایەخی زیاتری پێدراوە. ناڵی گوێدرێژ چوار بزمار و هی وڵاخی بەرزەش شەش بزمار بووە. ئەو وڵاخانەی توێکڵی بنی پێیان، کە لەشێوەی نا زیندەدایە، وەستای ناڵەبەند دەیداتشێ و دەیبڕێت. پێویستە بەشارەزاییەوە بکرێت و نەگاتە پێستی زیندەی وڵاخەکە. پاشان پارچە ئاسنەکە بە بزماری تایبەت لە بنی پێی وڵاخەکە دەدات و سەری بزمارەکان پاندەکاتەوە. پێداویستییەکان: ناڵ، بزمار، گاز، چەکوش و سمتراش، تیغێکی بڕین و تاشین، هەموو ناڵبەندێک شاگردێکی هەیە بۆ گرتنی پێی وڵاخەکە. یان کەسێکی شارەزا، کە پێی وڵاخەکە دەگرێت بۆ ناڵبەند. ئەرک و بارەبەری وڵاخەکە، ونبوون و کەوتنی ناڵەکان، ناڵکردنەوە دێنێتەوە پێش. ئەو وڵاخەی ناڵدەکرێت، چوست و چالاکترە. هەر وڵاخێک دوای ناڵکردن بشەلێت، ئەوە بزمارەکە گۆشتی زیندووی گرتووە و پێویست بووە ناڵبکرێتەوە.
پیشەیەکی دێرینەی بیناسازی و جوانکاریی ماڵە لە هەوراماندا، وەستاکەی ژنە، بریتییە لە سافکردن و سواقدانی دەرودیوار و تەختی ماڵ و هەندێک شوێن و تاقی خانو. لە ڕیگەی هێنانی گڵی تایبەتی ڕەنگ جیاواز لە گڵەجانەکاندا. گرتنەوە و بە قوڕکردن و سواقدانەکە کاری هەموو ژنێک نییە و وەستای تایبەتی هەیە. جوانکارییەکە چوار قۆناغی هەیە، ماڵەکێشان، یەکەم ساو، هێلەساو، ڕقەساو. بۆ هەر قوناغێکی پیشەکە بە وێنەی ماڵە و شفرەی وەستای گەچکاری ئێستا، سافکردنەکە بە چەندجۆر بەردی تایبەتی دەبێت، کە پێیدەوترێت(سیرەکۆ- سیرەکۆڵێ). هاوینان بێجگە لەماڵ، کەپر و هەوار و تەڵانی ناوباخیش سواق دەدەن.
پیشەیەکی دێرینەی هونەری تەلارسازییە لە ناوچەی هەورامان. بریتیە لە ڕێککردن و شێوەپێدانی ئەندازەیی لەلایەن کرێکاری شارەزاو بە سەلیقەوە بۆ کاری دیوار لەبیناسازیدا. نەقاڕی شێوەیەکی جوانی هونەری دەداتە ڕووە دەرکەوتوەکانی بیناکە. کەرەستەکانی جارانی دیوار و خانو و بەرد بووە. هێنانی بەردەکان لەکانە بەردەکانەوە و شکان و جوانکردنیان، کاری نەقاڕەکان بووە. هەقدەستی نەققاڕ لە کرێکاری ئیشەکانی تر گرانترە و نەقاری بەردی سپی لە بەردەکانی تر ئاسانترە. نەققاڕ ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٥٠ بەرد ئامادەدەکات. بەردی وشکەکەڵەک گرانتر و کاری هونەری زیاتری دەوێت. بەردە گۆنیاکراوەکان ١٠ بۆ ١٥ بەرد ڕۆژانە ئامادەدەکرێن. ئەو ڕووکارانەی، کە دەردەکەون لەڕێگەی ئەم پیشەوە دەبنە جێی سەرنج. بۆیە لە هەورامان زیاتر بایەخیان پێدراوە و ئێستاش سیمایەکی جوانی هەورامان لای گەشتیاران بەستراوە بە وەستابەنا و نەقاڕەکانی بەردەوە. ڕۆژانە لەوانە نەقاڕی بەردە ڕەشەکانی کانی باخەکۆن و پشت دەگاشێخان و گوڵپ.
لە پیشە دێرینەکانە و لە ناوچەکەدا بایەخ و گرنگیی خۆی هەبووە. بریتییە لە شیکردنەوە و نوێکردنەوەی لۆکە و خوری و بەکارهێنانی لە دروستکردنی لێفە و دۆشک و سەریندا. ئەو کەسەی کارەکە دەکات، پێدەوترێت هەلاج. کەرەستەکانی: ئامێرێکی دەستی لە دار و پێستە دروستکراو، چەکی پیاکێشان. دارێکی بۆ دابەش و کوتان و ڕێککردنی لۆکەکە، شایانی دار بۆ کێشان، خام و بەرگ و بەن و گۆنییە، سوژن و..هتد. لە شارەکاندا کارەکە لە دوکاندا کراوە، بەڵام لە لادێکانی هەورامان هەلاجەکە زۆرجار بۆ کردنەوەی دۆشەک و لێفەکان چووەتە ماڵان. ئێستا ئامێری کارەبایی بۆ شیکردنەوەکە بەکاردەهێنن و پیشەکە گەرچی بەتەواوی لە ناونەچووە، بەڵام کەمبووەتەوە.
کێڵانی باخ و ڕەزەدێمەکانی هەورامانە بە شیوازی کۆن، لەبەرئەوەی ئامێری نوێ ناتوانێت ببرێتە زەوییەکان. کەڵک لە گاجووت وەردەگیرێ، پەیداکردنی دووگا بە مەرجەکانی توانینیان بۆ کێڵان و خەساندنیان، دوای دووساڵ جوتیان پێدەکرێت. لە هەوراماندا هیتیاری، ناوبانگی زۆر هەبووە، بە تایبەتی لە بەڵخە، کە توانیویانە جووتی شوێنەکانی تریش بکەن، سەرچاوەیەکی باشی بژێوی و پیشەیەکی برەوداربووە.
یەکێکە لە کار و کردە دێرینەکانی ناوچەکە و هەورامان، سەرچاوەیەکی باشی دابینکردنی بژێوی و هۆکارێکی باشی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە. کە هەتا ئێستەش برەوی هەیەو بایەخی خۆی لەدەستنەداوە. بریتیە لە ڕاگرتن و پەروەردەکردن و لێخوڕینی ئەو وڵاخانەی، کە بۆ مەبەستی سواری و گواستنەوەی کەرەستە و بەروبوومەکان بەکاردێن. وەک (کەر، هێستر، بارگیر، ئەسپ، مایین). زۆرجار خاوەن وڵاخ خۆی لە وڵاخەکان ناخوڕێت و کەسی تایبەتی بەکرێ بۆ دەگرێت. لە کۆندا بە پێی دەسەڵات، جوانترینی (ئەسپ، هێستر، مایین) ڕازێنراوەتەوە و بووکی پێبراوە.
کەرەستە و کاڵایەکی خۆڕازانەوەیە. نرخی گرانە و بە کێشانەی زێڕ دەفرۆشرێت. دوو جۆرە. یرچکەی زەنگیانە: بریتییە لە موور و زەنگیانەی زەرد، زەردییان لە زێڕ و تەڵا دەکات. پرچکەی تەڵایی، زێڕ و تەڵای ورد لە هۆنینەوەیدا بەکاربراوە. لە قاڵبی پانیی (٢ بۆ ٣سم)دەهۆنرێنەوە و دەچنە چوارچێوەیەکی ڕاستە، درێژییان بە قەد درێژیی دەوراندەوری لێواری کڵاوەکەیە و بە قەراخی لێواری کڵاوەکەدا دادەدورێت و قەراخی کڵاوەکە بەو پرچکە زێڕەنگە دەشاردرێتەوە.
دیاردەیەکی باوی مێژوویی خەڵکی ناوچەکەیە. یارمەتی دەرکەوتنی جوانی و پاراستنی ناوەندی لەش و مانەوەی قەدوباڵای ڕێکی داوە. گورجوگۆڵی بە مرۆڤی ناوچەکە بەخشیوە. جۆری جیاواز و شێوازی بەستنی جیاجیایی هەبووە و بۆ مەبەستگەلی زۆر بەستراوە. شێوازی گرێدان و پان بەستن و قەدقەد بەستنی هەبووە و ڕیشەی بەستنەکەی لە هەورامان بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە و چەند شێوازێکیشی هی سەردەمی ئەردەڵانەکانە لە زەڵم. دیارترین و گرانترینیان پشتوێنی دەستکردی هەجیجییەکانە، کە خواستی زۆری لەسەرە.
جۆرە پشتێنێکی میللییە. لە سنوری هەڵەبجە لەبەرکراوە. لە خوری و بەرگن دروستدەکرێت. کەرەستەکەی بەشێوەی پارچەی ئامادەکراوی فەرەنجییە، بە ئەندازەی مەترێکە و لە ئاستی پشتدا پانییەکەی بستێک دەبێت. ئەمسەر و ئەوسەرەکەی بە قۆپچە دێتەوەوە بۆ داخستن. هەندێکجار لە ناوەوە باخەڵی هەبووە. لـە ژێرەوە دەبـەسـتـرێت و بـۆ پشـتئێشـە و فـەقـەرات، کـەڵکـی لێوەرگیراوە.
کراسێکی بی قۆڵی کوولەکەبڕی سادەو نەختێ درێژە، درێژییەکەی دەگاتە سەر ئەژنۆ، ئەم ژێرکراسە زۆرجار لەڕەنگی ئەو کراسە دەکرێت، کە ئافرەت هەڵیبژاردووە. زۆربەی جار لەگەڵ کردنی کراسەکەدا، ئەم ژێرەیەش دەکرێت.