مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

14 بابەت

پشتوێن-بیبن

دیاردەیەکی باوی مێژوویی خەڵکی ناوچەکەیە. یارمەتی دەرکەوتنی جوانی و پاراستنی ناوەندی لەش و مانەوەی قەدوباڵای ڕێکی داوە. گورجوگۆڵی بە مرۆڤی ناوچەکە بەخشیوە. جۆری جیاواز و شێوازی بەستنی جیاجیایی هەبووە و بۆ مەبەستگەلی زۆر بەستراوە. شێوازی گرێدان و پان بەستن و قەدقەد بەستنی هەبووە و ڕیشەی بەستنەکەی لە هەورامان بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە و چەند شێوازێکیشی هی سەردەمی ئەردەڵانەکانە لە زەڵم. دیارترین و گرانترینیان پشتوێنی دەستکردی هەجیجییەکانە، کە خواستی زۆری لەسەرە.

تەکبەن: کەمەربەند

جۆرە پشتێنێکی میللییە. لە سنوری هەڵەبجە لەبەرکراوە. لە خوری و بەرگن دروستدەکرێت. کەرەستەکەی بەشێوەی پارچەی ئامادەکراوی فەرەنجییە، بە ئەندازەی مەترێکە و لە ئاستی پشتدا پانییەکەی بستێک دەبێت. ئەمسەر و ئەوسەرەکەی بە قۆپچە دێتەوەوە بۆ داخستن. هەندێکجار لە ناوەوە باخەڵی هەبووە. لـە ژێرەوە دەبـەسـتـرێت و بـۆ پشـتئێشـە و فـەقـەرات، کـەڵکـی لێوەرگیراوە.

چێرگجی

کراسێکی بی قۆڵی کوولەکەبڕی سادەو نەختێ درێژە، درێژییەکەی دەگاتە سەر ئەژنۆ، ئەم ژێرکراسە زۆرجار لەڕەنگی ئەو کراسە دەکرێت، کە ئافرەت هەڵیبژاردووە. زۆربەی جار لەگەڵ کردنی کراسەکەدا، ئەم ژێرەیەش دەکرێت.

ڕانکێ: پابەرێ

دەرپێی ئافرەتانەی هەورامانە، دووبەشە، بەشی سەرەوەی پارچەقوماشێکی یەک ڕەنگە و بە زۆریش ڕەنگی سپییە، نەفەک لەم بەشەدایە. بەشی خوارەوەشی پارچەقوماشێکی ڕەنگینە و لەخوارەوە دەمپاچە و دەرقاچەکانیان چرچدەکرێن (بەرەچرچە) وەک پزگ و پزوو دێتەوەیەک و بە ئەندازەی پێ تەسک دەکرێنەوە. لەبەر ساردی و سەختیی هەورامان، لە قوماشی ئەستور دەدورێت و زیاتر بایەخ بە تۆکمەیی و دەرقاچەی دەدرێت.

سەرپۆش

تایبەتە بە ژنان. چەند جۆرێکی هەیە: ڕەفتە، سێگۆشە، لاکێشەیی، هەوری، سرکەیی، بەشێوەی ئاسایی و لە گەڵ کڵاویشدا دەدرێت بەسەردا، هی کڵاو پارچە قوماشێکی سێگۆشەییە و هەر گۆشەیەک لە گۆشەکانی لە درێژیدا دەگەنە زەوی و لە ناوەڕاستیدا لە پشتی مل و سەرە و بە هۆی بەنێکەوە بە قوڵپی کڵاوەکەوە دەبەسرێت. دوو گۆشەی بە سەرشانی و بۆ پێش ملی، ڕاست و چەپ بۆ دواوە دەیانداتەوە بەسەر شانیدا و گۆشەی سێیەمی لە دوواوە بەسەر پشتیداو بەسەر کەواکەیدا شۆڕدەبێتەوە. (ڕووسەری)یشی پێدەوترێت.

سەڵتە

جلوبەرگێکی ژنانەیـە، لە هەوراماندا بەتایبەتی جۆرە زستانەکەی، لە پارچە قوماشی ئەستوور دەکرێت. قۆڵدار و دووبەرە و ناواخنی هەیە و لۆکەی تێکراوە. درێژیی دەگاتە سەر کەمەر. لە کۆندا بەدەست دووراوە.

سوخمە

پۆشاکێکی ژنانەیە. لەهەوراماندا لەشێوەی هێلەکدایە، مەخمەڵی بێ قۆڵە، ناوشان هەتا کەمەر و پشتوێن دەگرێت. لەپێشەوە بە قەراخەکانیدا لە ملیوانەوە هەتا پشتەکەی زنجیری نیو لیرە یان زێڕی پێدا دەدورێت و بە هۆی قولاپەوە سنگی لە لای قەدییەوە دەهێنێتەوە یەک و توندو تۆڵی دەکاتەوە و دایدەخات.

شاڵ: چۆخە و ڕانک

پۆشاکە و زۆرتر تایبەتە بە هەورامانەوە. لەخوری و مەرز دروستدەکرێت. دوای پاچین و بڕینەوەی بزنی مەرەز یان خوری مەڕ، کەرەستەکە بە تەشی دەڕێسرێت و دەبێتە بەن. ئەم بەنانە بە ئەندازەی قاتێک ڕایەڵ دەکرێن و دەبرێنە لای وەستای دروستکردنی شاڵ. جۆڵاکە بەنەکە دەتەنێت و دەکاتە قوماش و دوودەق هەتا چوار دەق قەددەکرێت بە تەختەیەکی (١٥ بۆ ٢٠سم) درێژ و (پێنج بۆ ١٠سم) پان هەڵدەپێچرێت و بۆ ماوەی ٤٥ خولەک لەناو مەنجەڵی تایبەت دەکوڵێنرێت و پاشان وشکدەکرێتەوە و هەڵدەخرێت و دەبێتە قوماشی ئامادە بۆ دوورینی شاڵ. شاڵدوورین وەستای تایبەتی خۆی هەیە. شاڵی لەمەرز دروستکراو ڕەنگی خورمایی کاڵ و تۆخ و ڕەش و سپی و شینکی خاکی و زەردی هەیە. نرخەکەی زیاترە. ئەوەی لە خوری مەڕ دروستدەکرێت ڕەش و سپی و خۆڵەمێشی هەیە. هەندێکجار بە توێکڵی گوێز یان گیا ڕەنگدەکرێت و قاوەیی و زەرد و سەوزی کاڵ و سوورباوی لێدەردەچێت. چەند کەرەستە و تیغ و ئامێرێک لەم پیشەیەدا بەکاردێن، وەک: برینگ، شەی، تەشی، دووک، لوولەک، مەکۆ، دانە، دەفە، پاتەتە.

فەرەنجی: کوڵەباڵ

لە پیشەسازییە دەستییەکانی ناوچەی هەورامانە. لە مەرەز یان خوری و بەرگن دروستدەکرێت. بۆ خۆپاراستن لەسەرما و گەرما کەڵکی لێوەردەگیرێت. قۆڵی نییە. بەرگەی حەوت ساڵ دەگرێت. سیمایەکی ناسینەوە و کەسییەتی ناوچەی هەورامانە. لە ناوچەکانی تری کوردەواری جۆرێکی ئەستورتر و درێژتر دروستدەکەن، پێیدەوترێت کەڕەک، کە زۆرتر شوان لە بەریدەکات.

کەوا

پۆشاکێکی ژنانەی ناوچەکەیە. لەبەرئەوەی ناوچەکە کوێستانی و ساردە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لە پێشەوە دەرەدامانە و هەڵنەدووراوە. لە پارچە قوماشی قورس و ئەستوور دروستدەکرێت، بەتایبەت کەوای زستانە، بەتانەدارە. لە درێژاییدا بە ئەندازەی کراسەکە درێژە. دووبەرە و ناواخنی لۆکەی تێدەکرێت. چاکی هەیە و لەکاتی کارکردندا چاکەکان کۆدەکرێنەوە و گرددەکرێن و دەخرێنە سەرسمت، یان دەکرێنەوە بە گیرفانی کەواکەدا. بەو جۆرە بە زەویدا ناخشێن و نادڕێن. لەکاتی ئاساییدا ئەم چاکانە بەردەدرێنەوە.

کەواو سەڵتە

لە سنوری هەڵەبجە لەبەرکراوە. شێوەکەی لەگەڵ شوێن و جۆری کاری کورددا تایبەتمەندیی خۆی وەرگرتووە. چەند جۆرێکی هەبووە. لە سەردەمی خۆیدا گەورەپیاوان و ناودار و میرزا و مەلاکان لەبەریانکردووە. بۆ کەواوسەڵتەیەک چوار مەتر قوماش پێویست بووە. تا ساڵانی(١٩٧٠-١٩٨٠) خەڵکی ناوچەکە پۆشیویەتی. ئێستا ناوبەناو لە ڤیستیڤاڵە فەرهەنگی و کلتوریەکانی ناوچەکەدا خەڵکی لەبەریدەکەن.

کڵاوزەڕ

کاڵایەکی ژنانەیە لەسەردەکرێت. بەهاو پێگەکەی لە هەوراماندا وەک ئاڵتوون بۆ مارەیی ژن ئەژمارکراوە. قوماشێکی دوو توێیە، بە تەقەڵی ورد و پڕ، لە قەوارەی کڵاوێکی سادەدا بەیەکدا دووراوە. دیوی دەرەوەی پارچەیەکی قورس و ڕەق و ڕەش، یان شینی تۆخە، دیوی ناوەوەی ساف و لووس و نەرمە. هێندە تەقەڵی لێدەدرێت هەتا قاڵب کڵاوەکە دەچێتەوە یەک و دەوەستێت و ناقوپێت. لە تەوقەسەرەوە و قوڵپی بۆ دەکرێت و لیرە و قڕانی پێوەکرێت. ڕووبەری دەرەوەی کڵاوەکە بە پارەی سپی (نیوقەرانی، یەک قەرانی، پێنج قەرانی، تاک، ئەشرەفی ..هتد) ی بەڕیز و یەک لەسەر هەتا قەراخی کڵاوەکە پێوە بەنددەکرێت. ئەو کڵاوزەڕەی تەواوبێت و نوقسانی نەبێت، ئەوەیە گێلگێلە و پرچکە و ژێرچەناگەی هەبێت.

گجی

کراسی ئافرەتانەی هەورامانە. لەبەر ساردیی شوێنەکە و جوانیی سروشتەکەی تایبەتمەندیی خۆی هەیە. لەپارچە قوماشی ڕەنگاوڕەنگی تاڕادەیەک ئەستور دروستدەکرێت، لە شانەوە هەتا قولەپێ درێژ دەبێتەوە، لە کۆندا بە دەست دووراوە، بەپێی حەز، پولەکە و گوڵی پێوەدەکرێت. لە پشتەوە پارچە قوماشێکی بە پانی چوار پەنجە و درێژیی نیوگەز پێیدادەدوورن و کۆتاییەکەی بە تاکە تارانی دەڕازێننەوە. ئەم جۆرە کراسە فەقیانەدار بووە و لە کاتی لەبەرکردندا فەقیانەکان لە پێشەوە بە یەکترییەوە بەستراونەوەتەوە.

مشکی

سەرپۆشێکی پیاوانەی دێرینی ناوچەکەیە، لە ڕابوردوو ئێستاشدا سیمای ناسینەوەی پیاوی کوردە. تایبەتمەندیی خۆی هەیە و بەشێکیشە لە کەلەپوری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان. هەندێک لە جۆرەکانی بە قەبارەی جیاواز هەن و ژنانیش وەک کۆڵوانە بەکاریانهێناوە. بەستنی هەرجۆرێک و شێوازی بەستنەکە و ڕەنگەکەی، کەسێتیی مرۆڤەکە و تەمەنەکەی دیاریکردووە. لە جۆرەکانی: ١- سادە: تەختی ڕەش و هێڵ و نەخشی سپی ٢- داودبەگی: تەختی ڕەش و هێڵ و نەخشی سەوز ٣- ئەڵوەنی: وەنەوشەیی و هێڵ و نەخشی سەوز، هی زۆرینەی خەڵکی ٤- ئاوریشمی: تەختی ڕەش و هێڵ و نەخشی سەوزی بریسکەدار، تایبەت بووە بە بەگزادەکان ٥- سوور: تەختی ڕەش و هێڵ و نەخشی سوور، تایبەت بە گەنج و لاوەکان ٦- ڕەش: تایبەت بە کوێخاو دەوڵەمەند و خاوەن پیشەکان