مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

49 بابەت

ئاژەڵداری

پیشەیەکی دێرین و ئێستای ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکەیە. بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵی گەورەیە بەمەبەستی دەستخستنی سەرمایە و قازانج لە بەرهەمەکانی شیر و گۆشت. ئاژەڵداری یان بە تەنیا دەکرێت، یان چەند کەسێک بە هاوبەشی ئاژەڵ دەکڕن و پێکەوە سەرپەرشتی بەخێوکردنی دەکەن. دەشێت شوان و گاوان و سەرپەرشتیکار بۆ ئاژەڵدارییەکەیان بگرن و دەشکرێت خۆیان بە نۆرە کارەکانی ئیشەکە بەڕێوە ببەن، لە مەترسییەکانی ونبوونی ئاژەڵ و پەلاماری گەلەگورگ پارێزگاریان لێبکەن. شوێنی تایبەت لە مۆڵگە و لەوەڕگای تایبەت بە خۆیان هەیە، بە کەسێک دەوترێت ئاژەڵدار کە لە حەیوانی وردە ٣٠سەر و لە ڕەشەوڵاخ ١٠ سەر زیاتری هەبێت، وردەکە ساڵانە دووجار بەر و گەورە جارێ بەر دەدات. لە ئێستادا دەبێت ئەوانەی بەو پیشەیەوە خەریکن، لە دەرەوەی شارەکان و شوێنی نیشتەجێبوون ئاژەڵداری بکەن. چاودێریی دروستی ئاژەڵەکانیان بکەن و لە نەخۆشیاندا چارەسەریان بۆ وەرگرن.

ئەستێرەوان و ئەستێرەگەڕ

ناسین و ناولێنان و زانینی بەراورد و جوڵە و دەرخستنی ڕەوش و کاردانەوەی دیاریکردنی کات و شوێنی هەڵهاتن و ئاوابوون و پەیوەندیان بە وەرز و نەریت و جوڵەی ژیان و باوەڕەوەیە. بەو کەسەی ئەو چاودرێرییە دەکات و شارەزایی هەیە دەوترێت (هەسارەناس، ئەستێرەناس). لەناوچەی هەڵەبجە بە گشتی و هەورامان بەتایبەتی، کەسانی شارەزا هەبوون، کە بە زانیاری و ئەزمونەکانیان، کات و وەرزی کاروان و ڕاوکردن و سەفەر و چاندن و چەندین نەریتی ئایینی و بۆنەیان دیارییکردوە. بۆ نمونە کات و شوێنی دەرکەوتنی ئەستێرەی کاروانکوژەیان سەرنجداوە، ئەستێرەی بەیان بۆ ڕاوکردن و گەلاوێژ بۆ فێنککردنەوەی گەرما و سیوەیل بۆ میوەگەیین و... هتد. هەندێکجار وەک شارەزای بەخت بۆ زانینی شتی نادیار بەکاربراوە. گۆرانی و فۆلکلۆر و شیعری نوسراوی ناوچەکە بەڵگەی بوونی شارەزایی و ئەستێرەناسی دەدات.

باخدارى

لە پیشە سەرەکییەکانی دانیشتوانى ناوچەکە و بەتایبەتی هەورامانە. لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە سەدان‌ باخی تێدایە. سەرەڕای سەختى و بەردەڵانى و کەمیى زەوی‌، دانیشتوانەکە پەنا بۆ (تەڵانکردن)‌ی زەوییەکان دەبەن و ئەمەش دیمەنێکی جوانی بە ناوچەکە و هەورامان بەخشیوە. بە زۆری بەرهەمى باخەکان بریتین‌ لە: (توو، گوێز، ترێ، هەنار، هەرمێ، هەنجیر، هەڵوژە، قۆخ، قەیسى و بەهێ). به ‌تەڕى و بە وشکراو‌ى دەفرۆشرێن و بوون‌ بە سەرچاوەی داهات بۆ خاوەنەکانیان. لە قەدپاڵى شوێنە بەرزەکانیشدا‌ (ڕەزە دێم) دەکرێت و ترێى ڕەشی ناوچەکە بەناوبانگە.

بازرگانی

لە ڕۆژگاری کۆن و نوێدا، پیشەی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە بووه. کڕین و ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و شمەکی هەمەجۆرە بە مەبەستی دەستخستنی سەرمایە و سەرچاوەی بژێوی. دەکرێت لە ناو خۆی یەک شاردا بکرێت و دەشکرێت بازرگانی لە دەروەی شار و وڵاتیش بکرێت و پیشەکە لە پڕۆژەی بچووکەوە بکرێتە پڕۆژەی گەورە. ئاڵوگۆڕەکە برتییە لە کاڵای نێرراوی شوێنەکە بۆ دەرەوەی خۆی و هاوردەی شمەک بۆ ناوەوەی. لە هەڵەبجە و هەوراماندا چەندین بازرگانی بە ناوبانگ هەبوون بۆ کاکڵە و گەنم و توتن و لۆکە و خوری و پێستەو چەرەسات و قوماش و کڵاش و وشکە و کەرەستەی بیناسازی و.. هتد. بازگانی چەند جۆرێکی هەیە، بازگانی کۆ (جوملە)، وردە، دانە. لەکۆنەوە بەهۆی پێگەی جوگرافیی هەورامان لە سەر ڕێگەی شارەزور هەمەدان و پاشانیش نێوان عێراق و ئێران، پیشەکە برەوی هەبووە و گەلێک بازگانی بەناوبانگ لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوردا دەرکەوتوون.

بانگوش

لە جاراندا باو بووە و ئێستا نەماوە یان زۆر کەم بووەتەوە. کەسێکە لە بەرامبەر هەقدەسێکدا بانگوشی دەکات و بە باگردێن سەربان دەگێڕێت و دەکوتێتەوە. هەتا سەقفەکە لە دەڵاندنی ئاو و دڵۆپەکردن بپارێزێت. مزگەوت و خانەقاکان و ماڵەگەورەکان، بانگوشی خۆیان هەبووە.

بەنایی

پیشەیەکی تەلارسازی و خانو و پرد دروستکردنی ئەندازەیی پێشکەوتوو بووە لە هەوراماندا، کە بیناسازییەکەی سەرنجی دەرەوەی ڕاکێشاوە. وەستاکانی ئەم پیشەیە بە کەرەستە و پێداویستیی سادە لە بیناسازییە جوانەکانی کوردستاندا، بەشداربوون. دیارترینیان دیواردانانی وشکەکەڵەک بووە.

بنێشتکردن

کارێکی بە کۆمەڵ و پێکەوەییە. بریتییە لە دەرهێنان و هەڵگرتنەوەی بنێشت لە دارەبەن. پێویستی بە وەستایی و شارەزایی و توانین هەیە. بە چەند قۆناغێک ئەنجامدەدرێت. لەوانە: ١- ئامادەکاری: دابینکردنی پێداویستیەکانی بنێشتکردنە. وەک (بەرزە وڵاخ، بۆ گواستنەوەی شتەکان. پاچ و خاکەناز و تەشوێ و بێژنگ. تۆرە و دەبە، پێویستیەخۆراکیەکانی وەک شەکر و چاو و نان و ...هتد). ٢- چوونە سەر کەژ: بۆ پەیداکرنی مەنزڵی حەوانەوەیان لەو ماوەیەی لە کەژ دەبن. هەروەها پەیداکردنی (کەنگ، گڵێجار) بۆ دەستخستنی ئەو خۆڵەی بۆ قوڕی کوچەڵەبەستن پێویستە. ٣- لەلەدان: بریندارکردنی شارەزاییانەی توێکڵ و قەدی دارەبەنە، لە لالەین وەستای لەلە دەرەوە بە تەشوێ. ٤- بەستن: بریتییە لە بەستنی کوچەڵە لە قوڕ دروستکراوەکە، لەلایەن کەسی شارەزاوە بە قەدی دارەکەوە، بۆ ئەوی بنێشتەکە بێتە ناوی. دەساوی تایبەتی پێویستە. ٥- دوولەلە: بریندارکردنەوە و ڕوشانی دارەکەیە لە پشت لەلەی یەکەمەوە دوای (١٠ بۆ ١٥ ڕۆژ لە بەستن). ٦- ماڵین و کۆکردنەوە: هەڵگرتنەوەی بنێشتی تێزاوی نێو کوچەڵەکانە لە دوای (١٠تا ١٥) ڕۆژ دوای دوو لەلە. ئەم کارە دەبێ پێش خۆرکەوتن، یان دوای خۆرئاوابوون ئەنجامبدرێت. دەساوی تایبەت (دەفر) پێویستە. ٧- پاڵاوتن: پاککردنەوە و پاڵاوتنی بەرهەمی بنێشتەکەیە دوای کۆکردنەوە. لەڕێگەی (چاڵ لەنێو زەویدا) یان ڕێگەی نوێ لە (سەتڵ، دەبەی ترشیات)، کە دەتوانرێت بگوێزرێتەوە. ٨- کوڵاندن: بریتییە لە کوڵاندنی بنێشتە تاڵی پاڵفتەکراو، کە شارەزایی پێویستە. هەر چوار تەنەکەکە لە بنێشت دەکرێنە نێو کیسەیەکی خامەوە، کە پێیدەوترێت (لنگە) بە هەر دوو لنگەیەکیش دەوترێت بار.

بیرهەڵکەندن

لێدانی بیر و دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوییە، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی وەک پێداویستییەک پەنای بۆ براوە. لە ناوچەکەدا لەڕێگەی وەستاو کرێکارەوە هەڵکەنراوە و بە بیر هەڵکەنەکە وتراوە و وەستا و بە تیرەی یەک کەمتر یان زیاتر بیرەکەی لێداوە و لەگەڵ قوڵبونی بیرەکە، کرێکارێک لە ڕێگەی گوریس، یان جەنجەڕەوە، خۆڵ و بەردەکەی هەڵکێشاوە. ئەم جۆرە بیرانە بە بیری دەستی ناسراون. کەرەستەکانی بیر هەڵکەندن بریتیبوون‌ لە: پاچ و چەکوش و بێڵی بچووک و قەڵەم و پواز و هەندێکجار نوێڵ و کەرەستەکانی هەڵکێشان، گوریس و سەتڵی بچووکی تایبەت و جەنجەڕ. بۆ کاتی گەرما و غازنەبردنی وەستاکە، لەڕێگەی پانکە و ڕێرەوی هەوابەری بە نایلۆن دروستکراوەوە، فێنکایی براوە بۆ وەستای ناو بیرەکە، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، پەرەیسەند لە گەڕەکێکدا چەند ماڵێک بیریان هەبووە. لە کاتی تەپین و کەم ئاویدا وەستای بیرهەڵکەنیان بۆ گرتووە‌ و دەچێتە بیرەکەوە و پاکیکردووەتەوە و بەم کارەش وتراوە پاکلەمە.

پارێزەرایەتی

بۆ بەدواداچوون و یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان سەریهەڵداوە. لە هەڵەبجە و دەوروبەریدا بۆ ساڵی ١٩٤٠ دەگەڕێتەوە. بە هۆی بوونی چەندین نوسەر و خوێندەوار و مافپەروەری دەرچوو لە کۆلیژەکانی یاسا و ماف، هاتووەتە ناو کایەی یاسایی و دادی نێو فەرمانگاکان. دێرینترین ناو (ئیبراهیم ئەحمەد)ـە، کە ساڵی ١٩٤٠ هاتوەتە هەڵەبجە و لە شار و ناوچەی هەورامان پارێزەرایەتی کردووە. بەرەبەرە ناوی تریش دەرکەوتوون، لەوانە، ئەفراسیاوبەگ، غازی سالار بەگ، فەیسەڵ حاجی حەمەئەمین. چەندین ناوی تر سەردانی شاریان کردووەو کاری پارێزەرییان ئەنجام داوە. لەوانەمەحمود بەگ، ئەحمەد بەگ، تەها بابان، ڕەئوف ڕەشید، شێخ جەمال سەرگەتی، حەسەن دەربەنیخانی، ئازاد ئەحمەد سەبری، عادل حەمەجوان، فائق جاف، حەسەن عەبدولڵا،. هەندێکی تر وەک فەرمان و ئەرک هاتوونەتە هەڵەبجەو وەک، حاکمان، ئەحمەد ساڵح، شێخ لەتیف تەها، شێخ لەتیف شێخ شەعید، حاکم عومەر، فەریدوون، عبدالکریم، سەڵاح، ئەفراسیاب ئەکرەم، فتاح محەمەد یار ئەحمەد، دادوەر عبدالرحمن عەلی. لەم مێژوەدا تاساڵی ١٩٩١، زیاتر کێشەکان کۆمەڵایەتی بوون. بە پێشکەوتنی کۆمەڵ، پارێزەری بووەتە لایەنی گرنگی بەرگری و هاوڵاتیان پێیئاشنابوون، کە پارێزەر و پیشەکەی بە دادگای ڕاوەستاو ناوی براوە و هەموو پارێزەران لەسەر ئاستی عێراق بە یاسا لەژێر چەتری سەندیکای پارێزەرانی عێراقدا کاریانکردووە.

تەنەکەچییەتی

پیشەیەکی دێرین و بە بایەخ و گرنگی ناوچەکەیە. بریتییە لە دروستکردنی زۆپای داری نان و چێشت و مقەڵی و ڕەحەتی و کورەو بۆری و جاخ و هێلەک و دوکەڵکێش و تەنکی و کەنوو و قەعدە و دەمە دەکت و بلوسک و تەشت و مەسینە و هەندێک پێداویستیی تر و چاککردنەوەی پەرەمێز و زۆپا و... هتد. پێداویستیەکانی وەستا: تەنەکە و پلێت، مەقەستی تەنەکە بڕین و گیرە و دەزگای پەرچ و بڕبەن و مەبرەد و چەکوش و کوورە و پیم و گاز و مشار و ئاسن و تیغی پۆڵا و کەوەر و سلێندەری لە کارکەوتووی سەیارە و پارچە شێلمان و... هتد. لە ناوچەی هەڵەبجه ‌و هەوراماندا برەوی زیاتربووە و چەندین وەستای لێهاتوویان هەبووە. لەوانە سادق غەنی و وەستا نورەدینی کوڕی و عزەت ئەحمەد لە تەوێڵە. وەستا حەمەمین (حەمەمینی کەڵبە) و محەممەد مستەفا و حسەینی لاسلکی و عەبە تەنەکە و دەروێش محەممەد و وەستا فەرەجی سەعەگۆچان و ئەحمەدی ئەولکەریم و هتد لە هەڵەبجە و چەندین وەستای تر لەناوچەکەدا. لە دوای ڕاپەڕین لە ڕووی هونەرەوە پێشکەوتنی بەخۆوە دیوە و فڕنی سەمونیان لە تەنەکە دروستدەکرد. ئێستاش هەر باوی ماوە.

ترش گرتن

بریتییە لە لێکردنەوەو داڕنینی بەری داری سماق لە کەژ و کێوەکانی هەڵەبجە و هەوراماندا، ئەمەیش لە کۆتایی هاویندا و بە مەبەستی دەسکەوتنی ترشی خۆماڵی، ئەنجامدراوە. بە تایبەتی لە تەوێڵە و بەڵخە و زەڵم و هاواردا. بەری دارەکە، کە لە شێوەی هێشودایە، لێدەکەنەوە و دەیکوتن و هەڵاوێری دەکەن و ترشی لێوە بەدەستدەخەن، کە لە کۆنەوە حەکیمەکانی ناوچەکە ناسیویانە و وەک دەرمان بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی وەک: سەفرا، ئیشتیاو، کوشتنی کرم، شۆردنەوەی گەدە، هەوکردن...هتد، بەکاریانهێناوە. بە گەلێک جۆر و لەگەڵ چەند خۆراکی تردا کەڵکیان لێوەرگرتووە. لە بازأرەکانی خورماڵ و هەوراماندا دەفرۆشرێت و ترشی بەڵخەی هەورامان لە ناوچەکەدا خواستی زۆری لەسەرە. بێجەگە لە سماق لە بەرسیلە و هەناریش ترش دەگیرێت.

توتنکردن: توتنەوان

توتن بەرهەمێکی کشتوکاڵییە. لە سەدەی ڕابردوودا، سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووریی نیشتمانی و خۆشگوزەرانیی زۆرێک لە دانیشتوانی هەڵەبجە و شارەزوور بووە. بە فراوانی لە گوندەکانی (ئەحمەد ئاوا، دەرەشیش، ئاوایی ڕۆستەم بەگ، خارگێڵان، خەرپانی، عەنەب، بیاوێڵە، جەلیلە، عەبابەیلێ، باوەکۆچەک، نەورۆڵی، سازان، بناری هەورامان و سورێن، شیرەمەڕ و کوڵکنییەکان و لادێکانی تر)دا، چێنراوە. لەبەر بەرزیی زەوی و شێداریی و لینجی توتەنەکە، توتنی ئەم شوێنانە پەسەندتر بووە. لە هەڵەبجە و دەوروبەری زیاتر جۆری(ڕأشوو، سیسترامۆن) بەرهەمهاتووە و لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا وازی لێهێنراوە. چاندن و بەرهەمهێنانی بە چەند قۆناغ و فرماندا تێپەڕدەبێت و هەندێک لەو قۆناغانە بە گەلکاری دەکرێن. لەوانە: ١- شەتڵ کردن: لە کۆتاییەکانی مانگی ئازاردا، لە ڕووبەرێکی تایبەتی زەویدا بە پێوانەی یەک و نیو هەتا سێ مەتردووجا. داپۆشینی بە هەژگ و گەڵا بە مەبەستی پاراستنی. ٢- زەوی کێڵان و گۆل هەڵدان بۆ چاندن: لە مانگی ماییسدا. بە درێژیی ١.٥بۆ٢م و ٣٠سم قوڵ و پان. هەر ١٠ گۆلێک پێیدەوترێت (قەد-قەو)، بە هەر پێنج قەوێکیش دەوترێت ماکاو، هەر پێنج ماکاوێکیش نێرە پێکدێنن. ٣- شەتڵ لێدان و ئاودێران: گواستنەوەی شەتڵ لە دوکانەکان و چاندنیان لە زەویدا و و ئاودێرانی. بە گۆل و دێرۆغە. ٤- پاچەکۆڵەو بژار: دەرهێنانی گیاکەڵە و بژاری گیاکانی تر بۆ پێگەشتنی توتنەکە دوای ئەوەی بووە بە سێ پەل و چوار پەل. ٥- گەڵاشکێن: لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب بەدوواوە دەستپێدەکات و پێش خۆرکەوتن دەبێت. لێکردنەوەی گەڵاکانی توتنی پێگەشتووە: یەکەمجار گەڵاکانی بن پەل، پاشان ناو پەل، دواتر سەرپەل. گەڵا لێکراوەکان بە شەڵتە دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی شریت_ لێدان. ٦- شریت_لێدان: پێوەکردنی گەڵا لێکراوەکانە بە شریتەوە، کە هەر شریتەی نزیکەی ٢م دەبێت و بە چەرداخەوە هەڵدەواسرێن بۆ وشکبوون. ٧- خستنە چاڵاو و زینان: هەر گورزەیەک کە ٥-٦ شیش دەبێت، پاش وشکبوون، بۆ شێدارکردن دەخرێنە زیندانەوە، کە چاڵێکی چوار گۆشەی قوڵی بەژنی زەلامێکە. بنەکەی چەو یان زیخی تێدەکرێت و کەمێ ئاوی تێدەکرێت و بە توتنەکەوە دادەپۆشرێت بۆ شێداریی توتنەکە. دواتر دەردەهێنرێن و لە سندوقێکدا سەنگ و بەرد دەکرێن و شەتەک دەدرێن. پاش چەند ڕۆژێک سندوقەکە لادەبرێت و بە گونیە تەقەڵڕێژ دەکرێن و دەبنە فەردە توتن، هەر فەردەی نزیکەی (٦٠کغم) دەبێت. دوو جۆری هەیە: تەوەس، لاری. لاری بە دوو شێواز بەهەمدێت. بەم شێوازە بەرهەمهێنانە دەوترێت (سامسۆنگ). بەو شێوازەش کە گەڵاکان لەسەر گڵ ڕادەخرێن و ناکرێن بەشریتەوە، دەوترێت ڕەشۆکی.

جاڕچی

بانگەواز و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیانە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو. پێش ئەوەی بڵندگۆ و ئامێرەکانی دەنگی دەرکەون، کەسێک ئاگادارییەکانی لە ڕێگەی بانگکردن و گەڕان بە شەقامە سەرەکییەکانی شاردا بە هاوڵاتیان گەیاندووە. بەو کەسانە وتراوە جاڕچی. هەندێکجار لە بازاڕەکانیشدا بۆ ساغکردنەوەی کاڵا جاڕیانداوە بۆ فرۆشیار. پاشان ئەم پیشەیە لەڕێگەی بڵندگۆوە کراوە و دواتر بۆ چەند مەبەستێکی گشتی لە ڕێگەی مزگەوتەکانەوە جاڕدراوە. بە تایبەتی لە شارەدێ و شارۆچکەکانی هەوراماندا بڵندگۆی تایبەت بۆ ئاگادارکردنەوە دانراوە و ئێستاش بۆ گەلێک مەبەست لەڕێگەی مزگەوتەوە لە هەورامان جاڕدەدرێت. لەجاڕچییە کۆنەکانی هەڵەبجە، کە شوێنیان لە چوارڕیانی مرورەکەی بازاڕدا بووە: ڕەئوفی عەباس، ڕەفیقە سوری جاڕچی. شێخ ساڵح، کاک جەلال، ئێستاش لە شارەدێی (تەوێڵە) حەیدەرە سوور زۆربەی جاڕەکان دەدات.

جۆڵایی

دروستکردنی: شاڵ، ڕانکوچۆغە، بەرماڵ، گڵێم لە مەرەز و خورییە. بە وەستای ئەم پیشەیە دەوترێت (جۆڵا). بەو دەزگایەی، کە جۆڵا کاری لەسەر دەکات، دەوترێت (پاچاڵ)، کە دەزگایەکی ئاڵۆز و گرانە و گواستنەوەی گرانە‌. لە دروستکردنی (شاڵ)دا، چەند کەرەستەیەک بەکاردەهێنرێت، وەک:‌ ١- برینگ: وەک مەقەست وایە، بۆ پاچینەوە و بڕینەوەی خوری بە مەڕەکانەوە بەکاردێت. (هەورینگ)یشی پێدەوترێت. ٢- پاتەتە: لە پارچە تەختەیەک دروستدەکرێت. بەرزی و نزمیی تەنین ڕێکدەخات. ٣- تەشی: کەرەستەیەکی لە دار دروستکراوی سەرخڕی کلک باریکی چزو پێوەکراوە. بۆ ڕێسانی خوری یا مەرەز بەکاردێت. ٤- دانە - شانە: لە قامیش و دەزوو دروستدەکرێت. ئیشی تەنینی مەرەزەکە یان خورییەکە دەکات. ٥- دەفە: لە گوێز یان قەزوان دروستدەکرێت، بۆچنینی مەرەز یان خوری بەکاردێت. ٦- دووک (خەڕەک): کەرەستەیەکی لە دار و بەن و چەرم و تەل دروستکراوە. بۆ هەڵکردنی بەنی ڕێسراو. ٧- شەی: کەرەستەی تێکەڵکردنی دوو جۆری ڕەنگ جیاوازی خورییە. بریتییە لەڕاگیرکردنی نزیکەی (٧٠ بۆ ٨٠)تەل بەستوونی بە تەختەیەکەوە، کە زۆرتر لە داری گوێز دروستکراوە. بنکی تەلەکان بە هۆی چەرمێکەوە لە ژێرەوە بەند دەکرێن. دوو جۆر مەرەز یان خوری (ڕەش، سپی) پێکەوە لە شەیەکە دەدەن و ڕەنگی شینکی دەردەچێت. ٨- لوولەک: قامیشێکی بچووکە بە ئەندازەی پەنجەیەک. بەنی ڕێراوی لەسەر هەڵکراوە. ٩- مەکۆ: کەرەستەو پێداویستیی شاڵە. پارچەدارێکە لە قەزوان یان گوێز لە شێوەی بەلەمێکی بچووکدا دروستدەکرێت و لوولەکێکی بەن لەسەر هەڵکراوی تێدەخرێت. کاری تەنینی مەرەز یان خوری ئەنجامدەدات.

چاڵەوان

جاران هەبووە. جوتیارانی گوندەکان و بەتایبەت گوندی (گڵێجاڵ)، کە چاڵیان بۆ پاراستنی دانەوێڵه ‌کۆکراوەکانیان لە وەرزی هاویندا هەڵکەندووە، چەند کەسێکیان بۆ چاودێریکردنی چاڵی دانەوێڵەکان بەکرێگرتووە و پێیانوتووە (چاڵەوان). ئەرکیان پاسەوانیکردنی چاڵەکان بووە.

چەرچییەتی

فرۆشتنی بابەتی وردەی بە ئاسان هەڵگیراوی وەک شانە، پیل، تەوقە، مەقەست، نینۆکگیر و چکلێت و نوقڵ و دەرزی و سابون و بەکرە و لەم بابەتانە لەگەڵ هەندێک لە بابەتی جلوبەرگی منداڵانە و سەرپۆش و پێداویستی وەک پیاڵە و ژێرپیاڵەو..هتد. لە نێو سەبەتە یان سندوقێک. کەسێک بە کۆڵ بە گەڕەک و کۆڵانی شار و شارۆچکە و لادێکان و نێو تەڵان و باخ و هەوارەکاندا دەگەرێت و دەیانفرۆشێت، یان بەشتی تری وەک هێلکە و بەرهەمی ئاژەڵی دەیانگۆڕێتەوە. بە فرۆشیارەکە دەوترێت چەرچی یان دێوەرە. کۆڵەکەی نابێت هێندەقورس بێت بە کەسێک هەڵنەگیرێت. لە هەڵەبجە و شار و شارۆچکەکان دەوروبەر و هەوراماندا گەڕاون. هەندێکیان جێگیری ناو شوێنی خۆیان بوون و هەندێکیشیان لە شوێنێکەوە چوونەتە شوێنیکی تر، چوونەتە نێو شیعری فۆلکلۆر و گۆرانی میللیی ناوچەکەوە.

چەخماخچیيەتی

کار و پیشەیەکی دەستییە. نەختێک کەرەستە و پێویستیی ئاسنگەری تێدایە. لە هەوراماندا پیشەسازیەکی لەبەرچاو بووە. وردە کەلوپەلی تفەنگ، دەمانچە، چەقۆ، قەڵەمبڕ، فیشەک و ئەوەی بارووتیی بێت، دروستدەکات.

خەساندن

کوشتنی غەریزە و توانای جووتبوونی ئەو ئاژەڵە نێرانەیه،‌ کە لە کۆمەڵی کوردەواریدا بۆ مەبەستی جیاجیای وەک قەڵەوی، گۆشت، ئیشوکاری سەخت پەنایان بۆبراوە. ئەو کەسەی کارەکە دەکات پێیدەوترێت خەساس. ئەو ماڵاتانەی خەسێنراون بریتیبوون لە (ئەسپ و هێستر، کەر، جوانەگا، گیسک و کاوڕ). چەند پیاوێک بە گوریس ئاژەڵەکە لە زەوی دەدەن و چوار پەلی دەبەستن. خەساس بەچەقۆ هەردوو هێلکەگونی ئاژەڵەکە دەردەهێنێت. یان لبادێک بە گونی ئاژەڵەکەوە دەپێچێت و لەسەر بەردێک یان بە پەستانێک گونی پان دەکاتەوە. وڵاغی خەساو هەتا سێ ڕۆژ توانای خواردن و ڕۆشتنی نەبووە. لە ناوچەکەدا ئەم پیشەیە هەبووه،‌ کە لە ئێستا لە ڕێگەی پزیشک و دەرمانەوە کارەکە دەکرێت و پیشەکە بەرو فەوتان ڕۆیشتووە.

خەڵوزگەری

پیشەیەکی دێرین و سەخت و میراتێکی مێژووییە، بریتییە لە سوتانی داری جۆراوجۆر، تا ئاستیکی سوتان و خەفەکردن و کوژانەوەیان، بۆ دەستخستنی خەڵوز، بە مەبەستی بەکارهێنانی جۆراوجۆر لە چێشتخانە و چایخانە و کاتی سەیران و گەشتدا. پێداویستییەکانی گۆڕینی دار بۆ خەڵوز: هەڵکەندنی چاڵی گەورە، گرتنی چواردەوری چاڵەکان بە بەردی نەسوتاو و بە قوڕ سواقدان و نەفەس بڕین. دارەکانی تێدەخرێت و دەسوتێنرێن و دادەپۆشرێن. دواتر لە گونیە و کیس دەکرێن و ڕەوانەی بازاڕ دەکرێن. ئەمە بێجگە لەوەی هەرماڵیک لە کۆندا بە کوژانەوەی ئاگردان و زۆباکەی خەڵوزی دەستدەکەوت، لە هەڵەبجە و دەوروبەریدا سەرچاوەی بژێوی چەندین خێزان و کاری تایبەتی چەندین کەس بووە. بە پەیدابوونی جۆری سوتەمەنی پیشەکە ئەو بەرفراوانییەی نەماوە. خەڵوزی داربەڕوو لە پلەی یەکەمدا بووە و پاشان دارەکانی تر. لەنزیک گوندی جەلیلە تا ساڵی ٢٠٠٠ شوێنی خەڵوزکردن مابوو. لە ئێستادا وەک پاراستنی دارستان و ژینگە پیشەکە قەدەغەکراوە، خەڵوز بۆ بازاڕەکان هاوردە دەکرێت.

خشتبڕی

پیشەیەکی دێرینەی بواری بیناسازیی و پیشەسازیی ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور بووە، بەتایبەتی لە لادێکانی پێدەشتدا. دروستکردن و ئامادەکردنی خشتی قوڕ بووە بۆ خانو، کە پێیوتراوە خشتی کاڵ. بە چەند قۆناغێکە، هێنان و دابینکردنی گڵ و خۆڵی تایبەت و کردنی بەقوڕ و داپۆشینی قوڕەکە بۆ ماوەیەک هەتا بترشێت. خشتبڕ، کا دەکاتە سەروبن و ناوی قاڵبی خشتبڕینەکە، بۆ ئەوەی یەکبگرێت و نەتەقێت، بە ڕیز خشتەکانی ئامادەکردووە و وشکیکردونەتەوە و پاشان خستوویەتییە بەردەم وەستای دیوار. لە ڕابردوودا زۆرینەی خانوەکانی شار بەگشتی و دیوارە ناوکێشەکان لەم خشتانە دروستکراون و بە پێشکەوتنی کەرەستەکانی بیناسازی، پیشەکە باو و برەوی خۆی لەدەستداوە و لەم ساڵانەی دواییدا لە لادێکانی دەشتی شارەزووردا زیاتر لە دروستکردنی گەوڕدا بەکاریانهێناوە.

1 2 3 دواتر