کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

جەعفەر مستەفا مەعروف

قایمقام و ئەندامی پەرلەمانە. ساڵی ١٩٥٧ لە بەرزنجە لەدایکبووە. کۆلێژە سیاسیەکانی لە زانکۆی سانت کلیمینتس تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٢ قایمقامی پێنجوێن و ساڵی ١٩٩٥ قایمقامی هەڵەبجە بووه،‌ تا مانگی ٨ی ١٩٩٦ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. بە هۆی شەڕی ناوخۆوە، چووەتە هەولێر و دواتر کراوە بە قایمقامی ئاکرێ. لە خولی دووەمی پەرلەماندا و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بووە بە ئەندامی پەرلەمان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.

جەمال نامیق

قایمقامی قەزای هەڵەبجه، پێشمەرگە‌یە. ناوی (جەمال نامیق ئەحمەد بەگی قادر پادشا)یە و بە (جەمال نامیق) ناسراوە. ساڵی ١٩٣٩ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەی لە سلێمانی و کۆلێجی کشتوکاڵی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە و لە ناوچەی هەورامان بووە. ‌پاش ڕێکەوتنامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ کراوەتە قایمقامی قەزای هەڵەبجه و تا ساڵی ١٩٧٤ بەردەوام بووه و دواتر بووە بە قایمقامی قەزای ڕانیە. پاش دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان پێشمەرگه ‌و حکومەت، گەڕاوەتەوە بۆ سنوری هەڵەبجە و کراوە بە ئامر هێزی خەبات. ساڵی ٢٠١٣ کۆچیدواییکردووە.

جەمیل عەبدوڕەحمان محەممەد

قایمقام و شاعیرە. ناوى (جەميل عەبدولڕەحمان محەممەد فەرج مەحموود ميروەيس)ـه. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندى (پريسى ژوروو) لەدایکبووە. خوێندنى قۆناغى سەرەتايى و ناوەندى لە شارى هەڵەبجە و دواناوەندى لە شارى سلێمانى تەواوکردووە و بۆ ماوەى ساڵێک خولى ئامادەکارى و پێگەياندنى مامۆستايانى لەشارى بەغداد بینیوە و لە قوتابخانەی گوندەکانی: سازان، پريسى ژوروو و ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی هەڵەبجەدا مامۆستا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە سەرەتاى هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستى بە نوسینی شيعر و هۆنراوە کردووە و نازناوى (شاخەوان) بووە. جگە لە ديوانە چاپکراوەکەى (ديوانى شاخەوان)، (١٥) کاسێتى تۆمارکراو و سەدان دەستنوسى شيعريى چاپنەکراويشى هەيە. پاش کیمیابارانى شارى هەڵەبجە بووە بە‌ پێشمەرگە و تا ساڵى ١٩٩٦ بەردەوامبووە. لەو ساڵەوە تا ٢٠٠٦ قائيمقامى هەڵەبجە بووه. ساڵى ٢٠١١ خانەنشين بووە و لە زێدى خۆى بە کشتوکاڵ و باخدارييەوە خەريکبووه. ساڵی ٢٠١٧ لە گوندى (پريسى ژوروو) کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.

جۆرج مارتن

ناوی (د. جۆرج مارتن لییز/ (Dr. G. M. Lees )ـە. ڕۆژی ١٦ی ٤ی ١٨٩٨ لە ئيرلەندا لەدایکبووە. کۆلێژی لە (دوبلن) خوێندووە و لە ئەکادیمی شاهانە وەرگیراوە. لە دەستەی تۆپخانە و فڕۆکەوانی شاهانەدا کاریکردووە. وەک ڕێنیشاندەری فڕۆکەوانی چووەتە ميسر و دواتر ڕەوانەی میزۆپۆتامیا کراوە و لە داگیرکردنی شاری کەرکوکدا بەشداریکردووە. ماوەى نێوان ساڵانى (١٩١٩ بۆ ١٩٢١) جێگرى حاکمى سياسى بووە لە هەڵەبجە. لەکاتى شۆڕشى شێخ مەحمووددا، بۆ ماوەیەک لە ماڵەکەی خۆی لە هەڵەبجە لەلایەن لايەنگرانى شێخەوە گەمارۆدراوە، بەڵام بە فێڵ توانیویەتی خۆى دەرباز بکات. ساڵی ١٩٥٥ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
حاکمی سياسی

حەسەن ڕەشيد محەممەد

سەرۆکى شارەوانى هەڵەبجە بووە‌. ساڵی ١٩٥٦ لە گوندى (عەبابەيلێ) لەدایکبووە. ساڵى ١٩٧٠ پەيوەندى بە شۆڕشەوە کردووە. دواى نسکۆ و گەڕانەوەی ساڵی ١٩٧٥ خوێندى ئامادەيى تەواوکردووە و ساڵی ١٩٧٦ بووە بە فەرمانبەر. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوه و خاوەنى پێنج منداڵە. پاش ڕاپەڕينی ساڵی ١٩٨٧ى هەڵەبجە لەگەڵ خانەوادەکەى ئاوارەى وڵاتى ئێران بوون‌. ئەندامى سەرکردايەتیى بزووتنەوە بووە. بەشداری لە ڕاپەڕینی ساڵهی ١٩٩١دا کردووە. ساڵی ١٩٩٢ دەستی لە سیاسەت کێشاوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٥ سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە. پاشان لە ٨ی٩ی ٢٠٠٨ بووەتە سەرۆکی شارەوانیی تەوێڵە و دواتر لە ماوەی جیادا کراوە‌ بە سەرۆکی شارەوانیی بیارە و خورماڵ. ساڵی ٢٠١٦ بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەکانی هەڵەبجە بەوەکالەت و ڕۆڵی هەبووە لە پێکهێنان ئەو بەڕێوەبەرایەتییەدا. ساڵی ٢٠٢٢ خانەنشین بووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

حەمەپاشای جاف

حەمەپاشا کوڕی کەیخوسرە و بەگی کوڕی سڵێمان بەگی کوڕی زاهیر بەگە، ساڵی ١٨١٤/١٨١٥ لەدایکبووە و دوای مردنی باوکی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەلایەن بەگزادەکانی جافەوە بە سەرۆکی عەشیرەتەکەی هەڵبژێرراوه. لە ٢٤ی ١١ی ١٨٦٩ مەزبەتەی بوون بە قایمقامی بۆ پڕدەکەنەوە و دەینێرن بۆ بەغداد و دواتریش پلەی پاشایەتی پێ‌ دەدەن. محەممەد پاشا دەبێتە یەکەم قایمقامی هەڵەبجە و دەستی لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا دیار بووە و هەتا ساڵی ١٨٧٣ لەو پۆستەدا ماوەتەوه. بە لێهاتوویی خۆی توانیویەتی هۆزی جاف یەک بخات و بیانکات بە خاوەن دەسەڵاتێکی گەورە و فراوان. (ئیدمۆندز) پێیوایە ناوبراو دوا سەرۆکەکانی جافە‌، کە تەواوی هۆزەکانی عەشیرەتەکەی لەژێر دەستدا بێت. سەر بۆ هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی دانەنەواندووە. بنکەی سەرەکی لە هەڵەبجە بووە. کاتێک نێوانی لەگەڵ کاربەدەستانی عوسمانی لە بەغدا تێکچووه، لەگەڵ خزمانی لە بەگزادەکانی بارام بەگی و وەڵەدبەگی و ژمارەیەکی زۆر لە عەشیرەتەکەی خاکی عوسمانی جێهێشتووە و چووەتە ئێران. ئەوانیش ڕێزێکی زۆریان لێگرتووە و نازناوی (خان)یان پێداوە و ناوچەکانی (زەهاو و قەسری شیرین و هۆرێن و شێخان)یان پێ بەخشیوە و عوسمان بەگی کوڕیشیان کردووە بە حاکمی (جوانڕۆ). ساڵی ١٨٧٧ گەڕاوەتەوە سنوری دەوڵەتی عوسمانی و جگە لە سەرۆکایەتیی عەشیرەتەکەی، پۆستی قایمقامیەتیی هەڵەبجەشی پێدراوەتەوە و لەو پۆستەدا ماوەتەوە. حکومەتی عوسمانی پلەی قاپوچی باشی ١٨٦٢ پێبەخشیووە. ئەگەرچی لەگەڵ مەدحەت پاشای ١٨٦٩-١٨٧٢ والی بەغدا پەیمانی نیشتەجێکردنی جافەکانی مۆرکرد و لەپای ئەو پەیمانە پلەی (میری میران)ی پێدراو و کرا بە قایمقامی گوڵعەنبەر و یەکەی کارگێڕی قەزای بۆ دروستکراوە. بەڵام حەمەپاشا نەک هەر ئەو بەڵینەی نەبردەسەر، بەڵکو تا ساتی کوشتنی دژی نیشتەجێکردنی جافەکان بەرەنگاری کرد. لە کارەکانی دروستکردنی بازاڕ و قەیسەری و مزگەوت و ئاوەدانیی هەڵەبجە، کۆشکێکی لە بەکراوا دروستکردووە، پاشان قەڵای شێروانەی بونیادناوە، ساڵی ١٨٨١ بە فیتی دەوڵەتی عوسمانی نە‌یارەکانی پاشا و عەشیرەتی جاف، لە نزیک (کفری) کاتێک خەریکی ڕاوکردن دەبێت‌ غافڵکوژی دەکەن.

حەمید بارام حەمەحسێن بارام

بەڕێوەبەری شارۆچکەی بیارەیە. ساڵی ١٩٧٧ لە (ڕومادی) لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە سلێمانی خوێندوە. کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی ١٠ ساڵ پارێزەریی کردووە. وەک نوسەر لە ڕادیۆی نەوا کاریکردووە. بە شێوەی خۆبەخش لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کەمئەنداماندا کاریکردووە. لە ١١ی ٥ی ٢٠١٥ بووە بە بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە و تا ئێستا بەردەوامە. جگە زمانی دایکیی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەری ناحیە

حسێن عەلی زەڵمی

ناوی (حسێن عەلی عەبدوڵا)یە و بە (حسێن عەلی زەڵمی) ناسراوه. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (زەڵم)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە گوندی زەڵم، خورماڵ و سیروان و عەربەت و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. تا قۆناغی دوو لەکۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی بەغداد خوێندووە و وازی هێناوه. ‌ساڵی ٢٠٠٨ کۆلێجی یاسا و ساڵی ٢٠٢٢ کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی تەواوکردووه. ساڵی ١٩٩٧ تا ١٩٩٨ بەڕێوبەری ناحیەی خورماڵ بووە. دواتریش و لە کاتی جیاوازدا بەڕێوبەری ناحیەکانی: پێباز، ئاوەسپی، قۆرەتو، مەیدان باوەخۆشێن، وارماوا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵه. لە قایمقامێتی قەزای شارەزوور دەوام دەکات.

زیاتر بزانە
بەڕێوبەری ناحیە

خالید نەقشبەندی

قایمقامی هەڵەبجەیە. ناوی (خالید عەبدولغەفار نەقشبەندی)یە. ساڵی ١٩١٠ لە (ئامێدى) لە‌دايکبووه. ساڵی ١٩٣٧ ئامادەیی سەربازی و ساڵی ١٩٤٥ کۆلێژی سەربازی تەواوکردووە و ساڵی ١٩٥٠ بڕوانامەی یاسای بەدەستهێناوە. لە‌ (ڕانیە، کۆيە، و هەڵەبجە) قایمقام بووە. ساڵی ١٩٥٧ بووە بە پارێزگاری هەولێر. ساڵی ١٩٥٨ بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردايەتى هەڵبژێرراوە. سەرۆکایەتی یەکەم شاندی عێراقی بۆ باکوری ئەفریقا (میسر، لیبیا، تونس و مەغریب)ی کردووە. سأڵی ١٩٦١ کۆچیدواییکردووە.

خدر کەریم محەممەد مەحموود

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٥٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٠ بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی میکانیکی گشتی بەدەستھێناوە. کراوەتە بەڕێوەبەری ئەشغاڵ و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٥سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە. لە چەند ڕێکخراو و دامەزراوەیەکدا ئەندام بووە، لەوانە (ساڵى ٢٠٠٦ ئەندامی ڕێکخراوی ئاشتیی جیهانی، ساڵى ٢٠٠٧ باڵیۆزی ڕێکخراوی ئاشتیی جیهانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ساڵى ٢٠٠٨ جێگری شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتى، ساڵى ٢٠٠٩ دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی دۆستایەتیی کوردی – ژاپۆنی، ئەندامی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی، ساڵى ٢٠١٠ ئەندامی ڕێکخراوی منداڵان بۆ دروستکردنی باخچەی خۆکرد، ئەندامی دەستەی کارگێریی ڕێکخراوی گەلانی بندەست). لە ماوەى کارکردنیدا چەندین خەڵاتى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى وەرگرتووە، لەوانە: (خەڵاتی شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتی لە بەلجیکا، خەڵاتى شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتی لە هێرۆشیما، خەڵاتى ئاشتیی مناڵپارێزی جیهانی، خەڵاتى ئاشتی لە ئیتاڵیا، خەڵاتى ئاشتی لە ئەڵمانیا، خەڵاتى ڕێزلێنان لەلایەن نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاران، خەڵاتى ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن و خەڵاتى باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان گەلانى عێراق و ژاپۆن). چەندین سەردانى گرنگى ئەنجامداوە، لەوانە بۆ (ئەنجومەنی ئاسایش بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ جێگری یەکەمی بانکی مۆن سەبارەت بە ناساندی کەیسی هەڵەبجە بە جینۆساید، سەردانی مانچستەر بۆ کۆنفڕانسی شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتی، پەرلەمانی ئەوروپا، بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی دروستکردنی باخچەی خۆکرد لەلایەن منداڵان لە ئیستانبوڵ، بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی نەهێشتنی چەکی کۆکوژ لە لاهاى، شاری مەرزەبۆتۆ لە ئیتاڵیا).

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە

دانا نوری محەممەد

ناوی (دانا نوری محەممەد عەلی)یە، ساڵی ١٩٧٣ لە شاری سلێمانی لەدایکبووه. تا قۆناغی ئامادەیی له ‌سلێمانی تەواوکردووه. کۆلێجی یاسای لە‌ زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٠ بەڕێوبەری ناحیەی خورماڵ بووە. پێشتریش بەڕێوبەری ناحیەی قەرەداغ بووە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە وڵاتی بەریتانیا دەژی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.

زیاتر بزانە
بەڕێوبەری ناحیە

داود بەگی عەبابەیلێ

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە ‌و لە بەگزادەکانی جافە. ناوی (داودبەگ کوڕی حەمەسەعید بەگ کوڕی وەسمان پاشای جاف)ـە و بە (داودبەگی عەبابەیلێ) ناسراوە. ساڵی ١٨٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. لە حوجرە خوێندویەتی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. چووەتە عەبابەیلێ و کۆشکی بۆ خۆی دروستکردووە. لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار موبەریدەی کارەبای بردووەتە‌ گوندی عەبابەیلێ. لە سەرەتای ساڵانی بیستەکان و لەسەردەمی ئینگلیزەکاندا بووە بە‌ یەکەمین سەرۆکی شارەوانی. یەکێک بووە لە سەرۆکەکانی هۆزی گەورەی جاف. لە سنوری شارەزوور و هەڵەبجەدا خاوەنی ١٨ گوند بووه. ساڵی ١٩٧٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی عەبابەیلێ بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

ڕەئوف نوری جەلالی

قایمقامە. ناوی (ڕەئوف نوری جەلال)ـە، لە ساڵی ١٨٩٦ لە شاری ڕەواندز لەدایکبووە و و خوێندنی سەرەتایی لە کەرکوک تەواوکردووە، ساڵی ١٩٠٩ پەیوەندیکردووە بە قوتابخانەی (ڕوشدییەی سەربازی) لە بەغداد و ساڵی ١٩١٢ تەواویکردووە، سەفەری کردووە بۆ ئەستانە و چووەتە کۆلیژی جەنگی و لەوێ بە پلەی (نائب زابت) ساڵی ١٩١٤ تەواویکردووە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرەکانی جەنگەوە کردووە لە بەرەی (ئێران) و ھەردوو بەرەی (وان) و (تبلیس) لە قەفقاس و بەھۆی بەشداریکردنی لەو شەڕانەدا مەدالیای (جوامێریی ئەڵمانی) و (مەدالیای ئاسنینی عوسمانی) وەرگرتووە. ساڵی ١٩٣١ و دەستی لەکارکێشاوەتەوە و ساڵی ١٩٣٥ بووە بە بەڕێوەبەری شارەدێی (ئامێدی) و دواتر چەند شوێنێکی تری بەڕێوەبردووە. ساڵانی ١٩٤٤ بۆ ١٩٤٧ قایمقامی ھەڵەبجە بووه و چەند کارێکی باشی پێشکەشکردووە، لەوانە: کردنەوەی قوتابخانە لە گوندی (گوندە) و قوتابخانەیەک لە ناوەندی لە سەنتەری قەزا و هەوڵی داوە بۆ کردنەوەی سێ شەقامی سەرەکی، کە شارەکە دەبڕێت و دامەزراندنی گەڕەکی سەردەمیانەی تەندروستی و کردنەوەی باخچەی ساوایان.

ساڵح زەکی بەگ

قایمقام و پارێزگار، شاعیر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (ساڵح زەکی بەگ کوڕی حسەین بەگ کوڕی داود بەگ کوڕی مەحموود بەگ)ـە. لە بنەماڵەی (ساحێبقڕان)ـە. لە‌ ٦ی ٣ی ١٨٨٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. کە منداڵ بووە دایکی و دواتریش و باوکی کۆچیدواییانکردووه. عوسمان بەگی مامی بردویەتییە لای خۆی. لە سلێمانی و بەغداد خوێندویەتی. ساڵی ١٩٠٢ چووە بۆ ئەستەنبوڵ و لە خوێندنگەی جەنگی خوێندویەتی و ساڵی ١٩٠٦ پلەی مولازمی وەرگرتووە. بەشداری شەڕی یەکەمی جیهانی کردووە و لە شەڕی (شوعەیبه)‌دا بریندار بووە. پلەی (موقەدەم)ی وەرگرتووە و ساڵی ١٩٢١ وازی لە سوپا هێناوە و گەڕاوەتەوە عێراق. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و تورکی زانیوە و شارەزای زمانی فەرەنسی و فارسیش بووە. بە کوردی هۆنراوەی نوسیوە. ساڵی ١٩٢٢ بووە بە قایمقامی (ئاکرێ‌). لە بەغداد گۆڤاری (دیاری کوردستان)ـی دەرکردووە. بە ماوەی جیاجیا بەڕێوەبەری ناحیەکانی (قەزانیه)، (شارەبان)، (عەفەک) و قایمقامی (چەمچەماڵ)، (کۆیە) و (ئامێدی)، هەروەها پارێزگای (سلێمانی)، (دیالە) و (هەولێر) بووە. لە ١٣ی ١٢ی ١٩٤٤دا لە بەغداد کۆچیدواییکردووە.

سانەکان

فەرمانڕەوای هەردوو دیوی هەورامانی خۆرهەڵات و باشورن. لە ناوچەکەدا سان، وەک سەرۆکی حکومەتێکی دەرەبەگی، دەسەڵاتی هەبووه. زۆربوونی نەوەی سانەکان دابەشبوونی بچوکتری لێکەوتووەتەوە و پشک و بەشیان لە هەورامان وەرگرتووە. یەک لەدوای یەک فەرمانڕەوای ناوچەیی خۆیانیان کردووه.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

سەعدی عەبدولحەمید حەکیم

سەعدی عەبدولحەمید حەکیم، ساڵی ١٩٤٢ لەدایکبووە. باوکی خەڵکی شارۆچکەی باغر ئابادە و لە شاری سنە بووە. جگە لە زانین و شارەزایی لە زمانی کوردی و فارسیدا، لە زانکۆی ئەزهەر لە میسر خوێندوویەتی و فێری زمانی عەرەبیش بووە. لە بەشی ڕۆشنبیریی کوردی کاریکردووە و کۆمەڵێک دەستنوس و نوسینی هەیە، کە خۆی نووسیونی. سەعدی عەبدولحەمید لە کۆمپانیای نیشتمانیی کارەبا لە بەغداد کاریکردووە. دواتر لە ساڵی (١٩٧٦)دا بووەتە قایمقامی هەڵەبجە و ماوەیەک قایمقامی ئەو شارە بووە. ڕۆژی ٢١/٢/٢٠١٧ کۆچیدواییکردووە.

سەعید قەزاز

قایمقامی‌ هەڵەبجەیە‌. ناوی (محەممەد سەعید کوڕی مەلا مەجید کوڕی ئەحمەد کوڕی حەسەن قەزاز)ە، ساڵی ١٩٠٤ لە سلێمانی لەدایکبووە. بە منداڵی خراوەتە حوجرە و دواتر لە (مەدرەسەی ڕوشدییەی عەسکەری) خوێندویەتی. ساڵی ١٩٢٢ بووە بە مامۆستا. ساڵی ١٩٢٤ بە کاتبی کاپتن لاین دامەزراوه و ساڵی ١٩٢٨ بووە بە کاتبی نهێنی موفەتیشی ئیداری لە لیوای (دلێم) لە ئەنبار و هەمان ساڵ بووە بە وەرگێڕ لە موتەسەڕیفییەتی موسڵ. لە حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی سەردەمی پاشایەتیدا بووەتە وەزیری ناوخۆ، تا ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی، کاتب بووە لە لقی هەواڵگریی نهێنیی وەزارەتی ناوخۆ، کاتبی نهێنی موفەتیشی ئیداری لە حیللە و دلێم، مودیری تەحریراتی لیوای کەرکوک، بەڕێوەبەری شارەدێیەکانی (تکریت، دوزخورماتوو، شەقڵاوه، تانجەرۆ‌ و بازیان)، قۆمیسەری سنوری عێراق، قایمقامی (زاخۆ، کفری) یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ناوخۆ، وەکیل و دواتر موتەسەڕیفی (هەولێر، کوت، کەرکوک و موسڵ)، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی کەشتیوانی، وەزیری ناوخۆ، دوو جار بووە بە نائیبی سلێمانی و شەش جاریش وەزیری ناوخۆ، ساڵی ١٩٣٨ بۆ ١٩٣٩، کە هەڵەبجە قایمقامی نەبووە، بەوەکالەت قایمقامیەتی بەڕێوەبردووە. لەسەردەمی ئەمدا هەڵەبجە بە دوو مەکینەی کارەبایی ڕوناککراوەتەوە. ساڵی ١٩٥٨ خۆی ڕادەستی شۆڕشگێرانی ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ دەکات. ساڵی ١٩٥٩ لەسێدارەدراوە.

سەلامی حاجی بیلال

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە‌یە. ناوی (سەلام بیلال ئەسکەندەر)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی موسڵ بە دەستهێناوە. ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩ سەرۆکی شارەوانیی (خورماڵ) بووە. چەندین پۆستی کارگێڕی وەک (بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بەوەکالەت، لێپرسراوی پڕۆژەکان، پلان و بەدواداچوون) بینیوە. ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە. چەندین پڕۆژەی وەستاوی خستوەتەوەگەڕ و چەند پڕۆژەیەکی نوێی ئەنجامداوە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

سەید کەریم سەید قادر خەیات هەڵەبجەیی

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. ناوی (کەریم قادر "خەیات" فەرەج هەڵەبجەیی)یە. ساڵی ١٩٥٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و بەشی شارستانیی کۆلێجی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووه و وەک ئەندازیار لە شاری نەجەف دامەزراوە. دواتر ڕاژەکەی گواستووەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی محەلی. لەماوەی جیاوازدا بەرپرسی شارەوانییەکانی قەڵادزێ و سەیدسادق بووە. ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ وەک ئەندازیار لە شارەوانیی هەڵەبجە و دواتر سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە کاریکردووە. پاش کیمیابارانی هەڵەبجە خۆی و خێزانەکەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون. پاش ڕاپەڕین و لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ ماوەیەک لە شارەوانیی هەڵەبجەی تازە (قەزای شارەزوور) وەک ئەندازیار کاریکردووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ شارەوانی سلێمانی. ساڵی ١٩٩٦ بە نەخۆشی لە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی شارەوانی

سلێمان بەگی هەورامی

فەرمانڕەوای هەورامان بووە‌. کوڕی میر جیاشی کوڕی میر جەلالەدینی هەورامییەوە. کەسێکی دەروێش مەشرەب و دەستبڵاو بووە. دەستی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی هەوراماندا و قوتابخانە، کارونسەرا و خانوی بۆ هەژاران دروستکردووە. بەرەنگاری لەشکرکێشی بالول بەگی ئەردەڵان بووەتەوە و بەرگری لە هەورامان کردووە. ساڵی ١٤٩٢ کۆچیدواییکردووە. سەرچاوەکان ٤٠ ساڵ جیاوازی دەکەن لە کاتی فەرمانڕەوایکردنەکەیدا.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا
پێشتر 1
...
5 6 7
...
45 دواتر