کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

14 بابەت

عەبدوڵا محەممەد خواکەرەم نەورۆڵی

سەرۆک عەشرەتی نەورۆڵی، ئاینپەروەر، نیشتمان دۆست، سوارچاکە. ساڵی ١٨٨٠ لەدایکبووە. خاوەنی ٣٠٠ سێ سەد ئەسپسوار و ٧٠٠ پیادە بووە، ئیدارە و کارگێڕی زۆر باشی لە عەشیرەتەکەیدا بەڕێوەبردووە. لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان و گەرمیاندا دەسەڵاتی ڕۆشتووە. ئەو ماوەیەیی، کە دابڕان لە فەرماندارێتی و قایمقامی هەڵەبجەدا بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوه،‌ دروستبووە، وەک بەڕێوەبەری شار کاری هاوڵاتیان بەڕێکردووە. کاتێک هەواڵی تیرۆرکردنی شاعیر و چیرۆکنوس (ئەحمەدموختار جاف)ی پێ دەگەیەنن، بەدەم تەرمی شاعیرەوە ڕۆیشتووە و مەراسیمیان بۆ جەنازەکەی کردووە. هاوکار و کۆمەکی هەژارەکانی کردووە و ئاشی تایبەتی بۆ داناون. هاوڕێی مەلیکی کوردستان (شێخ مەحموودی حەفید) بووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

ئەحمەد بەگى مەحموود پاشاى جاف

سەرۆک عەشرەتی جافە. ناوى (ئەحمەد بەگ کوڕى مەحموود پاشا کوڕى محەممەد پاشا کوڕى کەيخەسرەوبەگى جاف)ـه، دايکى ناوى (ئامينەخانى کچى يارئەحمەدبەگى وەڵەدبەگ)ـە. ساڵی ١٨٨٤ لەدایکبووە. لە سەرۆک و بەگزادەکانی عەشيرەتى جافە. کوڕە بچووکى مەحموودپاشا بووە. هاوسەرەکەى ناوى (بەهيەخانى کچى فەتاح بەگى محەممەد پاشاى جاف) بووه و یەک کوڕی هەبووە. مەحموود پاشا موڵکێکى زۆرى داوە بە ئەحمەد بەگى کوڕى، لەوانە لە گەرميان: قەرەبڵاغ، ڕەحيم وەرەقە، بەکر بايەف، شێخ تەويل، لە شارەزووريش سەراوى سوبحان ئاغا. بە گەنجى کۆچیدواییکردووە و لە مزگەوتی مەحموود پاشاى باوکى لە قزرابات بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

ئەحمەد خەسرەو کوڵکنی

ناوی (ئەحمەد خەسرەو مستەفا ڕەمەزان)ـە و بە (ئەحمەدی خەسرەوی کوڵکنی) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٢٧ لەدایکبووە. بە کاری کشتوکاڵییەوە سەرقاڵبووە. هاوکاریی شۆڕشی کورد و پێشمەرگەی کردووە. پاش ڕاپەڕین بووە بە سەرۆکی عەشیرەتی سەدانی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ‌ساڵی ٢٠٠٥ لەگوندی کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسره ‌و کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی شیرەمەڕ‌ بەخاکسپێراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

تەحسين ميرزا حەسەن

سەرۆک عەشيرەتى نەورۆڵییە. ساڵى ١٩٦٣ لە گوندى (خێڵى حەمە) لەدايکبووه. کوڕى بچوکى (ميرزا حەسەن)ی سەرۆک هۆزى پێشووترى (نەورۆڵى)يە. خوێندنى سەرەتايى لە (خێڵى حەمە) ناوەندى و دواناوەندى لە‌ هەڵەبجە تەواوکردووە. بەهۆى ئاوارەيى لەخوێندن دابڕاوه. ساڵى (١٩٨٧ تا ساڵى ١٩٩١) ئاوارەى وڵاتی ئێران بووە و پاشان گەڕاوەتەوە زێدى خۆى. دووجار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. ئێستا له شاری ‌هەڵەبجە دەژى.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

حاجی حەمەعەلی لامەرکەزی

پیاوماقوڵ و سەرۆک عەشیرەتی کەڵور بووە، لە ساڵی ٢٠١٩ کۆچیدواییکردووە. جەڕاحێکی بەناوبانگیش بووە. هەر لە گوندی لامەرکەزی دانیشتووە. شارەزای مێژوو و بنەماڵەکانی ناوچەکە بووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

حسێن بەگى مەحموود پاشاى جاف

بەگزادە و سەرۆک عەشیرەتی جافه. ناوی (حسێن بەگ کوڕى مەحموود پاشا کوڕى محەممەد پاشا کوڕى کەيخەسرەوبەگى جاف)ـە. دايکى ناوى (حەبيبە)یە. سێيەم کوڕى مەحموود پاشاى جافه. ساڵى ١٨٨١ لەدایکبووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوه.‌ موڵکی لە: زەڕايەن، سەيدسادق (باوەکوژراو)، عەنەب، بياوێڵە هەبووە. ساڵى ١٩٣٦ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى (عەبابەيلێ) بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

حەمەئەمین بەگی عەباس بەگ

ناوی (حەمەئەمین بەگی عەباس بەگی یارئەحمەدبەگ‌)ـە. ‌ساڵی ١٩١٣ لە گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ)ى نزیک شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. پاش کۆچیدوایی (ئەحمەد بەگ)ی (ڕیشێن) و (حەمەسەعید بەگ)ی (دەرەشیش)، بووەتە سەرۆک عەشیرەتی (وەڵەدبەگی). خاوەن دیوەخان بووە، پەیوەندی لەگەڵ هەموو بەگزادە جافەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان کەسایەتییەکانی سنورەکەدا هەبووه. ‌ساڵی ١٩٦١ بەشداری کۆبوونەوە فراوانەکەی گوندی (تەپی سەفا) بووە. ساڵی ٢٠٠٣ لەشاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

حەمەسەعید مەحموود سان ئەحمەد شەمێرانی

ناوی (حەمەسەعید مەحموود سان ئەحمەد)ە. ‌ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی (کانی کەوه)‌ی ناوچەی شەمێران لەدایکبووە. لە حوجره خوێندویەتی. ‌پاش کۆچیدوایی باوکی لە ساڵی ١٩٧٤ بووە بە‌ سەرۆک عەشیرەتی شەمێران. ‌ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندیکردووە بە شۆڕشی ئەیلولەوە و تا ١٩٧٤ پێشمەرگە بووە و پلەی سەرلق بووە. له ‌پاش ڕاپەڕین‌ ئامر هێزی شەمێران بووە. ‌ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ ڕیشسپیانی عەشیرەتی شەمێرانی پێشنیازی دروستکردنی سندوقی عەشیرەتی شەمێرانیان کردووە و سەرکەوتوبوون لە بەدەمەوچوونی پرسه ‌و کێشەکاندا. لەگەڵ ئامۆزای خۆی ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. تا ئێستاش سەرۆک عەشیرەتی شەمێرانه ‌و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و کاریگەرە لە چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارە و ڕۆڵی هەیە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

حەمەی هەواس ئێناخی

ناوی (حاجی محەممەد عەباس ئەحمەد)ە. ‌ساڵی ١٩١٤ لە گوندی (لمە)ی ناوچەی ئێناخینشینی خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵەوە خەریکبووە. ‌ساڵی ١٩٤٥ بۆ ماوەی چەند مانگێک دەسەڵاتداری شاری پاوە بووە. ساڵی ١٩٦١ بەشداری کۆبوونەوه فراوانەکەی گوندی تەپی سەفای کردووە. لە شۆڕشی ئەیلولدا یەکێک بووە لە ‌سەرپەلەکانی داستانی پردی زەڵمی ساڵی ١٩٦٣. ‌ساڵی ١٩٧٦ لەلایەن حکومەتەوه ‌بۆ ماوەی ٦ مانگ دەستگیرکراوە. ‌ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن خزمانی عەشیرەتی ئێناخییەوە وەک سەرۆک عەشیرەتی ئێناخی هەڵبژێرراوە. لەکاتی کیمیابارانی ١٩٨٨ی هەڵەبجه،‌ ئاواری ئێران بووە. ساڵی ١٩٩٣ له ‌شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

خەسرەو مستەفا سەدانی

ناوی (خەسرەوى مستەفا ڕەمەزان)ـە و بە (خەسرەوی مچە) یان (خەسرەو مستەفا سەدانی) ناسراوە. ‌ساڵی ١٨٧٠ لەدایکبووه. سەرۆک عەشرەتى سەدانی بووە. ساڵی ١٩١٦ ‌بەشداری غەزای ڕووسی کردووە. پەیوەندی باشی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفیددا هەبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. لەسەردەمی ئەودا وازیان لە ژیانى کۆچەری هێناوە و لە گوێ چەمى زەڵم نزیک شارۆچکەی خورماڵ ساڵی ١٩٣٧ بەناوی ئیسماعیلی کوڕیەوە گوندی (کوڵکنیى ئیسماعیلی خەسرەو)یان ئاوەدانکردووەتەوە، کە ئێستا بە (کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسرەو) ناسراوه. ‌ساڵی ١٩٣٣ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی شیرەمەڕ بەخاکسپێراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

عەلى بەگى مەحموود پاشاى جاف

بەگزادە و سەرۆک عەشرەتی جافە. ناوی (عەلى بەگ کوڕى مەحموود پاشا کوڕى محەممەد پاشا کوڕى کەيخەسرەو بەگى جاف)ـە، لە سەرۆک و بەگزادە ديارەکانى عەشيرەتى جافە، ساڵی ١٨٧٨ لەدایکبووه. دووەمين کوڕى مەحموود پاشاى جافه.‌ خوێنداوارى باشى هەبووە، خەتيشى زۆرجوان بووە. لە ئەستەنبوڵ دۆستايەتى لەگەڵ دەروێش پاشا پەيدا دەکات، دەروێش پاشا خزمايەتى و ژن و ژنخوازى لەگەڵ سوڵتاندا هەبووە، ڕۆژێک مەحموود پاشا دەبێتە ميوانى دەروێش پاشا، دەروێش پاشا و لە کێشەکەى ئاگادارى دەکاتەوە، دەروێش پاشا لەلاى سوڵتان تکاى بۆ دەکات و ئەويش لە مەحموود پاشا خۆشدەبێت. سوڵتان پلەى پاشا (بيگلەربەگ)ى بە مەحموود پاشا دەدات. دواى مردنى مەحموود پاشا لە ساڵى ١٩٢١، عەلى بەگ دەبێتە سەرۆکى عەشيرەتى جاف، بەڵام دواى ماوەيەک جێگرى حاکمى سياسى ئينگليز (ليز) لە هەڵەبجە ئەو پۆستە لە عەلى بەگ وەردەگرێتەوە و دەيدات بە کەريم بەگى فەتاح بەگى ئامۆزاى. ئەوکارەش بەگزادەکانى جاف لە هەڵەبجە و عاديلەخانم نيگەران دەکات. مەحموود پاشا لە ژيانى خۆيدا موڵکێکى زۆرى بەخشیبوو بە عەلى بەگى کوڕى، لەوانە: قەرەتەپە، شەمێران، بەشارەت، تويلەجو، شێخ موسا، عالان و حاسڵ، شەکمەيدان، جانجان، سەرشاتەى خواروو، سەرشاتەى ژووروو. عەلى بەگ لە دێى قشڵاخەڕووتە دادەنيشت. عەلى بەگ لە تەمەنى (٤٥)ساڵيدا و لە ساڵى ١٩٢٣ بە نەخۆشى گرانەتا لە هەڵەبجە کۆچیدوايیدەکات و لە خانەقاى بيارە لە تەنيشت مەجيد بەگى عوسمان پاشاى ئامۆزايى و شێخانى بيارەوە بەخاکدەسپێردێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و تەنها يەک منداڵيان ‌بووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

مەحموودی حەمەی سان ئەحمەد شەمێرانی

ناوی (مەحموود محەممەد سان ئەحمەد)ە. ‌ساڵی ١٩٠١ لە گوندی (کانی کەوە)ی شەمێران لەدایکبووە. لە حوجرە خوێندویەتی. باوکی سەرکردە و فەرماندەی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید بووە و سەرۆک عەشیرەتی شەمێران بووە. لەلایەن باوکیەوە وەک نیازپاکی نێرراوە بۆ لای ئینگلیزەکان بۆ هەڵەبجە، بەڵام دەستگیریانکردووە و دواتر لەلایەن باوکیەوە ئازادکراوە. ساڵی ١٩٥٢ لەپاش کۆچیدوایی باوکی، بووە بە سەرۆک عەشیرەتی شەمێران. پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییەکانی ناوچەکەدا‌ هەبووە. لەگەڵ ئامۆزای خۆیدا ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. ‌ساڵی ١٩٧٤ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی کڵاوسوور لە گوندی کانی کەوەی شەمێران بەخاکسپێراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

مەلا حەسەن حەمەئەمین عەبدوڵا

کەسایەتییەکی دیاری گوندی کانی ئاسکانە. لە لای مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز خوێندویەتی، بەڵام ئیجازەی وەرنەگرتووە. ڕۆڵی پیاوماقوڵ و کەسایەتییەکی دیار دەبینێت و سەرۆکی عەشیرەتی جافە. لە هێنانی پڕۆژەی ئاوەدانی بۆ گوندەکە ڕۆڵی هەبووە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت

محەممەد سان ئەحمەد شەمێرانی

ناوی (محەممەد سان ئەحمەد میر ئەحمەدی وەسمان خاڵه)‌یە و بە (‌محەممەد سان ئەحمەدی شەمێرانی) ناسراوە. ‌ساڵی ١٨٧٠ لە گوندی (کانی کەوە)ی ناوچەی شەمێران لەدایکبووە. لە ‌حوجرە خوێندویەتی. پاش کۆچیدوایی سان ئەحمەدی باوکی لە ساڵی ١٩٠٠ بووەتە سەرۆک عەشیرەتی شەمێران. دۆستی نزیکی شێخ مەحموودی حەفید بووه و دژی ئینگلیز شەڕی کردووە. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی سەرۆک عەشیرەتەکان و بەگزادە جافەکان هەبووە. ‌ساڵی ١٩٥٢ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچیدواییکردووە لە گۆڕستانی کڵاوسوور لە گوندی کانی کەوەی شەمێران بە خاکسپێراوە.

زیاتر بزانە
سەرۆک عەشیرەت