کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

15 بابەت

ئەحمەوی سۆفی مەحموود

ناوی (ئەحمەد مەحموود حەمەئەمین)ە و بە (ئەحە لاداش) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی ١٩٤٦ ماڵی باوکی هاتوونەتە هەڵەبجە. لە یەکەم ڕۆژی بۆردومانەکەدا بە ئۆتۆمبێلەکەی چەندین برینداری کارەساتەکەی ڕزگارکردووه و‌ گەیاندونییەتە تیمی پزیشکی لە شنروێ. ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی ٣ی ١٩٨٨ لە گواستنەوەی تەرم و ئەسپەردەکردنیان بەشداربووە. ١٠ منداڵی بێدایکوباوک و چەندین برینداری لە گوڵان گلداوەتەوەتەوە و گەڕاوەتەوە شار، ئاردی بۆ بردوون و نانی بۆ دروستکردوون. لەئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

حاجی باقی عەبدوڵا ڕەشید کۆکۆیی

ساڵی ١٩٥٤ لە چاوگی باوەکۆچەک لەدایکبووە.‌ بەدەستی خۆی ‌تەرمی شەهیدانی بەخاکسپاردووە. لە ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی هەڵەبجە چووەتە ئێران و ڕۆژێک پاش کارەساتەکە گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و بۆ ماوەی ١١ ڕۆژدا ماوەتەوە. وەک شۆفێرێک تەرمەکانی کۆکردووەتەوە و گواستونیەتییەوە. یەکەمجار تەرمەکانی ڕێگەی ملەقەوی و عەنەبی کۆکردووەتەوە و گواستونیەتییەوە بۆ گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عەنەب و شەهیدان.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

سەعدی حەسەن بارام

شایەتحاڵی کیمیابارانی هەڵەبجەیه و بەدەستی خۆی ‌تەرمی شەهیدانی بەخاکسپاردووە. لە ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی هەڵەبجە چووەتە ئێران و هەفتەیەک پاش کارەساتەکە لەگەڵ تیمێکی (٥٠ بۆ ٦٠) کەسی و هەندێک ڕۆژنامەنوسی بیانیدا گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

شایەتحاڵەکانی دادگا

کۆی گشتیی ئەو کەسانەن، کە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا لە دژی تاوانبارانی سەرانی ڕژێمی بەعس لە کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، لەبەردەم دادوەر شایەتیان داو تاوانەکەیان ڕوونکردەوە. کەسەکان (سوەیبە سەعید قادر، ئاراس عابد ئەکرەم، کوێستان ئەکرەم فەرەج، فەخرەدین حاجی سەلیم، هوشیار عومەر عەبدوڵا، کامیل عەبدالقادر، ڕۆشنا عومەر حەمەساڵح، محەممەد فەرەج سەعید، عومەر عینایەت حەمەسەعید، لوقمان عبدالقادر محەممەد، سادق عوسمان عارف، حەمەنەزیف تۆفی محەممەد، نەرمین کەمال، مەلا عەبدول لەتیف بامۆکی، ستار حەیدر عبدالحکیم، گیرهارد فراین هیری نەمساوی، جان ئەرەستۆ لارسنس نەرویژی، یوسی ڤۆتێلای فنلەندی، جون رودی بەلجیکی وەکیلی ستیڤان لوون هێرتن. ڕەمەزان حەمید ئوزتورک).

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

فاروقی زەوارە

بە مرۆڤێکی دووجار شەهید ناسراوە. ناوی (فاروق ئەحمەد زەوارە)یە. ساڵی ١٩٦٠ لە شاری پاوە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی (فریاگوزاری و سەرەتایی ڕووداوە کتوپڕەکان)ی زانکۆی تارانە. ساڵی ١٩٨١ لە ڕێی باباخاسەوە چووەتە ڕێکخراوی مانگی سوور و بووە بە بەرپرسی ڕێکخراوەکە لە پاوە و جوانڕۆ و هەورامان. لە ماوەی هەشت ساڵی جەنگی عێراق و ئێران کاری فریاگوزاری و بە دەمەوەچوونی کردووە. ساڵی ١٩٨٧ لە جێگیرکردن و یارمەتیدانی کۆچکردوانی هەڵەبجە هاوکاربووە. لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٨ بەشداری کۆبوونەوەی قایمقامیەتی پاوە دەکات، وەک گریمانەی کارەسات بڕیار دەدەن ١٠٠٠تەن پێویستی بۆ ئەگەری هاتنی ئاوارە پاشەکەوت بکەن. لە ١٧ی ٣ی ١٩٨٨ چووەتە هەڵەبجە و ٣٧٠ برینداری گەیاندووەتە بنکەی تەندروستی. لە دابەشکردنی ١٠٠ هەزار ئاوارەی هەڵەبجە بەسەر ئۆردوگاکان و میوانداریکردنیان ڕۆڵی هەبووە و هاوکاری دۆزینەوەی کەسوکاری منداڵە ونبووەکانی کردووە. لە پای خزمەتەکانی بە لێقەوماوانی پارێزگای هەڵەبجە لە لایەن کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەوە سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەکراوە.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

عەبدولخالق حەسەن

یەکێکە لەشایەتحاڵ و شینگێڕی سەر شەهیدەکانی ڕۆژانی ١٦و١٧ی ٣ی ١٩٨٨هەڵەبجە. ساڵی ١٩٢٨ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ڕۆژێک پێش کیمیباران منأڵەکانی دەنێرێتەوە بۆ ناوچەی هەورامان و تەنیا لە هەڵەبجەدا دەمێنێتەوە. لەو کەسانەیە زۆرترین تەرمی شەهیدان و برینداران دەبینێت. چیرۆکی ڕزگارکردنی گەلێک لە هاوشاریانی لابووە. لەناو تەرمەکاندا شارۆی زیندوان دەکات و لەلایەن تیمەکانی ڕاگەیاندنەوە وێنەی گیراوە. بەسەر تەرمی نێو کۆڵانەکانی شار و حەوزی عەنەب و ڕێگەکانی جەلیلە و حەمەوغاندا دەگەڕێت. بەشێکی زۆر هاوڵاتی ڕزگاردەکات. چەندبارە بە کۆلان و ژێر زەمینەکاندا دەگەڕێت دەیانجار خۆی دەکاتەوە بەشاردا و ١٣ ڕۆژ لەهەڵەبجەدا دەمێنێتەوە. داوا لەسەر عەلی حەسەن مەجید تۆماردەکات و لە دادگا شایەتی لە دژی تاوانباران دەدات. ٢٩ی ١١ی ٢٠٢١ لە سلێمانی کۆچیواییکردووە.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

عەلی مەلا عارف

یەکەم شایەتحاڵی دۆسیەی ئەنفالە لە دادگای بەغداد. ناوی (عەلی مەلا عارف کۆکۆیی)یە. ساڵی ١٩٧١ لەدایکبووە. ئامادەیی ئیسلامی خوێندووە. لەدوای کیمابارانی هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بووە، کە گەڕأویشتەوە ڕەوانەی گرتوخانەی نوگرەسەلمان کراوە و پاش پێنج مانگ بە لێبووردن ئازادکراوە. ھاوسەرگیریی کردووە و خاوەندی دوو منداڵە. لە ئێستادا کاری دوکانداری دەکات و لە هەڵەبجە نیشتەجێیە. لەگەڵ هاوڕێکانیدا، ساڵی ٢٠١١ کۆمەڵەی ئەنفالکراوانی ھەڵەبجەی پێکهێناوە. وەک تاکە شایەتحاڵی ئەنفالکراوەکانی پارێزگای ھەڵەبجە لەکاتی دۆسییەی ئەنفالدا له ‌دادگا ئامادەبووە.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

عوسمان حەمەعەزیز حەسەن

شایەتحاڵی کیمیابارانی هەڵەبجەیه و بەدەستی خۆی ‌تەرمی شەهیدانی بەخاکسپاردووە. خەڵکی گوندی (باوەکۆچەک)ـە. ڕۆژ‌ی ١٦ى ٣ى ١٩٨٨ لە باخەکانی دەرەوەی شاردا بووە و بۆ پێداویستی سەردانی ناوشاری هەڵەبجەی کردووە.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

عومەری عەلی عەزیز

ساڵی ١٩٥٢ لە چرۆستانە لەدایکبووە. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٨٧ بووە بە پێشمەرگە. شەوی ١٧ی ٣ی ١٩٨٨ لەگەڵ چەند کەسی تردا تەرمی ناو مەکینە وەرگەڕاوەکەی بەخاکسپاردووە. ڕۆژی دواتر لەگەڵ تیمێکی ٦٠ کەسیدا بۆ کۆکردنەوە و ناشتنی شەهیدان چووەتە هەڵەبجە و تەرمی چەندین شەهیدی بەخاکسپاردووە.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

عیزەت باوەکۆچەکی

فۆتۆگرافەر و شایەتحاڵی کیمیابارانی هەڵەبجەیه. ناوی (عیزەت شەفیق محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٢ لە (باوەکۆچەک) لەدایکبووە. دەرچووی قۆناغی ئامادەییە. بەدەستی خۆی ‌تەرمی شەهیدانی بەخاکسپاردووە. ڕۆژی ١٧ى ٣ى ١٩٨٨ لە ئێرانەوە لەگەڵ هێزێکی سوپای ئێراندا بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ ماوەتەوە. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا نزیکەی ١٥٠٠ تەرميان کۆکردووەتەوە و بەخاکیانسپاردوون. ڕۆژی ١٨ی ٣ی ١٩٨٨ بەکامێراکەی ١٦ وێنەی هەڵەبجە و کارەساتەکەی گرتووە. ڕۆژی ٢٠ی ٣ی ١٩٨٨ لەگەڵ تیمی کۆکردنەوەی تەرمەکان کاریکردووە و وێنەی چۆنێتی کۆکردنەوە و گواستنەوەی تەرمەکانی گرتووە و بە گشتی ١٥٨ وێنەی کارەساتەکەی گرتووە و لە کەناڵە جیاوازەکانی ڕاگەیاندندا بڵاوکراونەتەوە.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

لوقمان عەبدولقادر محەممەد

بە (لوقمانی کۆمەڵی کیمیاباران) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی ئامادەیی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٨ ماڵەکەیان بەر بۆمبی کیمیایی کەوتووە و دایک و دوو براو دوو خوشکی شەهید بووە و خۆیشی و خوشکێکی بەسەختی بریندار بوون. لە کەیسی قوربانیان و منداڵەونبووەکاندا چالاکانە کاردەکات و منداڵە دۆزراوەکان بە باوک و کەسی خۆیان ناوی دەبەن. لە ٢٠٠٧ـەوە تا ئێستا سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانە. لە دەیان فیلمی بەڵگەنامەیدا بەشدار و هاوکاری کردووە و بەسەرهاتی ژیانی کراوە بە کتێب. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە شاری هەڵەبجە دەژی.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

مامۆستا کاميل

قوربانیی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. ناوی (کاميل عەبدولقادر وەیس محەممەد خان)ـە و بە (مامۆستا کاميل) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (زەمەقیی خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (سيروان) لەدایکبووە. تا پۆلی سێیەمی ناوەندی لە دواناوەندیی دیراساتی ئیسلامی هەڵەبجە خوێندووە. لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا بە سەختی بريندار دەبێت و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی خێزانەکەی شەهید بوون‌. ساڵی ١٩٨٩ درێژەی بە خوێندن داوە و لە دواناوەندیی دیراساتی ئیسلامی سلێمانی وەرگیراوەتەوە و لەو ساڵەدا لە تاقیکردنەوەی وەزاریدا سێیەمی هەموو عێراق بووە و درێژەی بە خوێندن داوە. پاش ڕاپەڕین کۆلیژی زمان/ بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە. ساڵی ١٩٩٧ بووە بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی لە کۆمیتەی داکۆکی لەمافی کەسوکاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە. دامەزرێنەری کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاوییه،‌ کە دواتر ناوەکەی بووە بە (کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە) و وتەبێژی فەرمیی کۆمەڵەکە بووە. وەک سکاڵاکار و شایەتحاڵ دژی سەرانی بەعس لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەشداربووە. ساڵی ٢٠١٣ لە دادگایەکی پاریس بە هاوەڵی کۆمەڵێک پارێزەری نێودەوڵەتی وەک نوێنەری قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دژی دوو کۆمپانیای فەرەنسی، کە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە سکاڵاى جوڵاندووە. ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی لەکارکەوتنی سییەکانيەوە بۆ چارەسەر ڕوو لەوڵاتی (ئەڵمانیا) دەکات، تا ئێستا لەوێ ماوەتەوە. چاوی چەپی لەدەستداوە و نەشتەرگەری چاندنی سییەکانی بۆ ئەنجامدراوە. دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە و سەدان چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە و کتێبێکیشی بە زمانی کوردی و عەرەبی لەسەر کارەساتی هەڵەبجە نوسیوە بەناوی: (١٦/٣/١٩٨٨ ئەو ڕۆژەی هەموو شتێکیان لێ سەندمەوە) و (١٦/٣/١٩٨٨ الیوم الذي سلبوا مني کل شيء). لە ئێستاشدا خەریکی بەچاپگەیاندنی کتێبێکی ترە بە ناوی (گەڕان بەدوای هەناسەدا)، کە سەرگوزەشتەی سەفەری چارەسەر وەرگرتنيەتى لە ئەڵمانیا. لەچەند فیلمێکی دیکۆمێنتاریی سینەمایی تایبەت بە هەڵەبجە بەشداریکردووە، لەوانە:(بەلەنجە - الفتاة المدللة) (نفس تنگ)، (کامیل بەدوای هەناسەدا دەگەڕێت). هەروەها بەشداری چەندین کۆنگرە و کۆنفرانسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و چەندین چالاکیی مەدەنى کردووە و بووە بە هێمای قوربانیدانی کارەساتەکە. ‌

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

مەحموود حەمەساڵح مەحموود

شایەتحاڵی کیمیابارانی هەڵەبجەیه. ناوی (مەحموود حەمەساڵح مەحموود عەبدولقادر)ە و بە (مەلا مەحموودی ئازادی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٢ لە شاری پێنجوێن لەدایکبووە. بەرپرسی تیمێکی ٨٠ بۆ ١٠٠ کەسی مەیدانی بووە بۆ کۆکردنەوەی تەرمی شەهیدەکان و پاشانیش بەرپرس و سەرپەرشتی ماڵەکانی کردووە بۆ ئێران. سێ ڕۆژ دوای ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لەگەڵ هاوڕێکانی گەڕاونەتەوە بۆ هەڵەبجە و ٢٠ ڕۆژ ماونەتەوە. لە قۆناغی یەکەمی کارەکەیاندا نزیکەی ٩٠٠ تەرمیان لە ئەستێر و حەوزی ملەقەوی و ڕێگەی گوندەکانی (عەنەب، بیاویڵە، جەلیلە، عەبابەیلێ) و دەوروبەری شاردا کۆکردووەتەوە و بە خاکیانسپاردوون‌. لە قۆناغی دووەمدا لەگەڵ هاوڕێکانی تریدا تەرمی ناو ماڵ و ژێرزەمینەکانیان کۆکردووەتەوە لە ڕێگەی ئۆتۆمۆبێلەوە ڕەوانەی گۆڕی بەکۆمەڵیان کردوون لە شەهیدان.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

محەممەد مارف محەممەد

شایەتحاڵی کیمیابارانی هەڵەبجەیه. بەدەستی خۆی ‌تەرمی شەهیدانی بەخاکسپاردووە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (بامۆک) لەدایکبووە. لە ڕاپەڕینی ١٩٨٧ی هەڵەبجە چووەتە ئێران و لە پاش دوو ڕۆژ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەگەڵ تیمێک گەڕاوەتەوە‌ بۆ شارەکە.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران

موحسین ساڵح قادر

ساڵی ١٩٦٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٨٧ و دوای خۆپیشاندانەکەی هەڵەبجە چووەتە ئێران. دوو ڕۆژ دوای کیمیابارانی هەڵەبجە لەگەڵ ڕزگار هەولێریدا بە کامێرایەکی وایزن و چوار فیلمی ٣٦ییەوە گەڕاوەتەوە هەڵەبجە. پێنج شەو و ڕۆژ ماوەتەوە و ٢٠٠ وێنەی گرتووە. لەوانە فڕۆکە تێکشاوەکەی عێراق و کۆمەڵێک لە مردووەکان، کە کۆکراونەتەوە و چەندین وێنەی شەهیدان و ژێرزەمین و کۆڵانەکانی شار. بەشێک لە وێنەکان لە ڕۆژنامەکانی ئێران و پاکستان و وڵاتە عەرەبییەکاندا بڵاوکراونەتەوە. شایەتی ئەو دیمەنانەی دەرهێنان و گواستنەوەی تەرمی شەهیدەکان بووە، کە بە شێک لەو تەرمانە ئێرانییەکان بە دیلە عێراقییەکان دەریانهێناون. له ‌ئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی.

زیاتر بزانە
شایەتحاڵی کیمیاباران