کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

12 بابەت

سەید نەجیبی هانەسوورە

شێخی تەریقەت. ناوى (نەجيب سەيد عەبدولڕەحيم سەيد عەبدولڕەحمان سەيد نەسروڵڵا سەيد محەممەد)ە. بە (سەيد نەجيب) ناسراوە. لە سەيدەکانى گوندى (هانەسووره)‌ى ناوچەى نەورۆڵینشينه. باپيرە گەو‌رەی لە گوندى (خانەگا)ى نزيک (پاوه)وە بۆ خوێندن ڕووی لە باشورى کوردستان کردووە. ساڵى ١٩٣٢ لە (هانەسووره)‌ لەدایکبووه. ‌لاى باوکى و مامۆستاى گوندەکه خوێندوويەتى. سێ جار ژيانى هاوسەرگيرى پێکهێناوە. يەکێکە لە پياوە ناسراو و گەورە و ڕيشسپييەکانى نەورۆڵى و تەواوى سنوری هەڵەبجە، ڕۆڵێکى بەرچاوى بينيوە لە چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵايەتى و هەندێک جاريش سياسييەکانى ناچەکەدا. سەرپەرشتی تەکیەی هانەسوورەی کردووە. ساڵى ١٩٧٨ دوای ڕاگواستنی گوندەکان چووەتە هەڵەبجە و لەو کاتەوە‌ ‌تا ئێستا لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

حاجی شێخ ئەحمەد شەمسەدینی نەقشبەندی

عارف و زانابووە. کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدینی تەوێڵەیە. دایکی ناوی خاتوو نووربەخشە، لە میراودەلییەکانی پشدەر. ساڵی ١٨٤٩ لە بیارە لەدایکبووە. لای مەلا حامدی بێسارانی (کاتب) و مەلا ئەحمەدی نۆدشی و مەولەوی خوێندوویەتی. حاشیەی لەسەر (العقيدة المرضية)ی مەولەوی نوسیووە. لە سەردەستی باوکی و شێخ بەهادینی برایدا تەریقەتی وەرگرتووە. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا گوندی ئەحمەدئاوا ئاوەداندەکاتەوە. گوندەکە بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. بچوکترین کوڕی شێخ عوسمانە. پاش مردنی شێخ بەهای برای، دەچێتە ئەستەنبوڵ و لەوێ خەریکی ئیرشاد دەبێت. سوڵتان (عبدالحمید) ڕێزێکی زۆری لێدەگرێت و لە گەڕانەوەیدا یەک بەرگ قورئانی ڕازاوە و گرانبەها و چەند تاڵە مووی ڕیشی پێغەمبەری پێ دەبەخشێت. ساڵی ١٨٨٩ لە ئەحمەدئاوا کۆچیدواییدەکات و لە کەناری چەمی تەوێڵە بەرامبەر ئارامگای باوکی بەخاکدەسپێردرێت.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ ساحێب

لە بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندییە. پزیشکی میللییە. ناوی (ساحێب نەجمەدین عومەر عوسمان نەقشبەندی)یە و بە (شێخ ساحێب) ناسراوە. ساڵی ١٩١٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. لە حوجرەدا خوێندویەتی، دواتر بۆ کاری تەریقەت و ئیرشادی ڕووی لە باکوری ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان کردووە. ساڵی ١٩٥٢ بۆ ئیرشادی چووەتە گوندی (پشتە)ی سنوری شارۆچکەی بەمۆ و خانەقاکەی نۆژەنکردووەتەوە. کاری ئیرشادی پزیشکیی میللی تێدا کردووە. یەکەم کەس بووە لە ساڵی ١٩٦٧ ئاشی بردووەتە بناری بەمۆ و گوندی (پشتە)، کە بە گازوایل کاریکردووە. پاش ڕاگواستنی گوندەکانی بناری بەمۆ، لە شارۆچکەی زەڕایەن نیشتەجێبووە و دووبارە خانەقایەکی بەناوی خانەقای (شێخ ساحێب نەقشبەندی) دروستکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٨١ لە شارۆچکەی زەڕایەن کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ سدیقی شێخ مارفی نێرگسەجاڕ

کەسایەتیی ئاینی، ناوی سدیق مەعروف نێرگسەجاڕیە، لە گوندی نێرگسەجاڕ لەدایکبووە، ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە، بەهۆی کۆچیدوایی باوکی (شێخ مارفی نێرگسەجاڕ)ەوە خوێندنی بۆ تەواونەکراوە و سەرقاڵی ئیدارەدانی قوتابخانە و مزگەوتی نێرگسەجاڕ بووە و پشتیوانی زانا و قوتابیانی مەدرەسەکە بووە و وەک باوکی، کۆمەڵێک هەتیوی لە تەکیەکەیدا هێشتوەتەوە و بەخێویکردوون، ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە ئاشتەواییە کۆمەڵایەتیەکانی ناوچەکەدا، گرنگیەکی تایبەتی بە پیشەسازی و دەستڕەنگینی داوه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٣٦١ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ عەبدولڕەحمان کوڕی شێخ عوسمانی سیراجودین

‌له ‌دەوروبەری ساڵی ١٨٣٨ لەدایکبووە. لە خانەقای بیارە خوێندویەتی و لەسەر دەستی باوکی تەریقەتی وەرگرتووه و لە گوندی (گوڵپ) ژیاوە. دەستی هۆنراوە و پەخشاننوسینی هەبووە و نازناوی (بوولوەفا) بووە. جگە لە زمانی کوردی، فاسیشی زانیوە و هۆنراوە و نامەی پێ نوسیوە. ‌مامۆستا مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس لە کتێبی (یادی مەردان/ بەرگی دووەم)ی ژمارەیەکی زۆر لە هۆنراوە و چەند نامەیەکی کۆکردووەتەوە. سەردانی شارەکانی سنە و بەغدادی کردووه.‌ پاش گەڕانەوەی لە حەج نەخۆش کەوتووە و ‌لە دەوروبەری ساڵی ١٨٧٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (غەزالی) بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ عەلائەدین: محەممەد عەلائەدین

مورشی، پیر و جێنشینی تەریقەتی نەقشبەندیە. ناوی (عەلائەدینی کوڕی شێخ عومەر زیائودینی کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدین)ـە. ساڵی ١٨٦٣ لە (بیارە) لەدایکبووە. لەلای مەلا حامیدی بێسارانی قورئان و فیقهـ و نەحو سەرف دەخوێنێ. لە خزمەتی شێخ بهادینی مامیدا لەگەڵ شێخ نەجمەدینی برایدا قۆناغەکانی سەیر و سلوک دەبڕێت و تەریقەت وەردەگرێت. دوای مردنی شێخ بەهادینی مامیان ١٨٨٠ دەگەڕێتەوە بیارە و لە خزمەت شێخ عومەری باوکیدا دەبێت. ساڵی ١٨٩٢ هاوسەرگیری دەکات و هەمان ساڵ لە خزمەت باوکیاندا مۆڵەتی تەریقەت و ئیرشاد وەردەگرێت. دوای کۆچیدوایی شێخ عومەری باوکی و جێگیربوونی شێخ نەجمەدینی برای لەسەر بەرماڵی ئیرشاد، چووەتە گوندی (سەوڵاوا) لە خۆرهەڵاتی کوردستان و خانەقا و خوێندنگەی دووڕۆی پێدەسپێرن. گەڕاوەتەوە بیارە و دەستیکردووە بە بوژانەوەی مەدرسە و خانەقا لە ڕووی مەعنەوی و زانیارییەوە، چەندین مەلا و زانا و شاعیر هاتوچۆی بیارەیان کردووە. لەسەردەمی ئەمدا مەلا بەها ئیمام و سەرحەڵقەی خەتم و سەید مەزهەری کاتب و مەلا تاهیری مەلا حسێن خادیمی مەرقەد و سەید نیزام موعتەمید و میرزا ئەحمەد بەردەستی شێخ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس مامۆستا و وتاربێژی جومعە بووە. ساڵی ١٩٥٤ لە شارۆچکەی بیارە کۆچیدواییکردووە و لە مەرقەدەکەدا بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ عەلی

ڕاوێژکار و نوێنەر و یەکەم خەلیفەی شێخ عوسمانی سراجەدینی تەوێڵەیە. لە تەوێڵە لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی دیار نییە. پێدەچێت هاوتەمەنی شێخ عوسمان بێت. بە شێخ (عەلییە کۆڵە) ناسراوە. باوکی شێح حەیدەری زانا و زاهد و خۆشنوسە. ساڵی ١٨٥٨ لە تەوێڵە کۆچیدواییکردووە. مەولەوی ساڵی مردنەکەی لە شیعرێکا تۆمارکردووە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ عەلی حیسامەدین: گوڵ عەلی

داناو زانا و مرشد و پیری نەقشبەندی بووە. ناوی عەلی حوسامودینی کوڕی شێخ محەممەد بەهائودینی کوڕی شێخ عوسمانی سراجەدینە. ساڵی ١٨٦١ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لە بەناوبانگترین شێخانی تەریقەت و ناسراوترین نەوەی سراجودیینە. نوسەرێکی کارامە و خەتحۆش و خاوەنی کەشکۆڵ بووە. زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی بە باشی زانیوە. ڕێبازی قادری لەسەر دەستی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ عەلی کەرکوک وەردەگرێت. شێخ حسامەدین لە سێ شوێن خانەقای هەبووە (تەوێڵە، خورماڵ، باخەکۆن). مەنزڵگەی نزیک بە سنوری سێ دەوڵەتی عێراق و ئێران و تورکیا بووە. گەلێک مزگەوتی دروستکردووە، وەک مزگەوتی (نوێن و خورماڵ و سەقز). لەگەڵ ئەدمۆنز خۆشی هاتووە. دەسەڵاتی مەعنەوی بەسەر ڕۆم و عەجەمدا هەبووە. لەشام و حەڵەب و ئەستەنبوڵەوە موریدانی خەڵکیان هێناوەتە دەرگای. ژمارەیەک جێنشینی لە وڵاتانی جۆراوجۆر هەبووە. پەیوەندیی باشی لەگەڵ شاعیران و زانایانی سەردەمەکەیدا هەبووە. هاندەر و یارمەتیدەرێکی باشی زانست و خوێندەواری بووە. لە کردنەوەی قوتابخانەکاندا هاوکارییەکی باشی پێشکەشکردووە. گەلێک کاربەدەست و ڕۆژهەڵاتناس سەردانیانکردووە. خاوەنی کەشکۆڵێکی شیعرییە، ئەم پیرە ساڵی ١٩٣٩ کۆچیدواییکردووە و لە باخەکۆن بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ عوسمانی بیارە

کەسایەتیی ئایینی و شاعیرە. ناوی (محەممەد کوڕی شێخ عەلائەدین کوڕی شێخ عومەر کوڕی شێخ عوسمان سیراجودین)ـە. ساڵی ١٨٩٦ لە گوندی (سەفی ئاوا‌)ی نزیک جوانڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لەسەر دەستی باوکی دەستی بە خوێندنی ئاینی کردووە. پاش کۆچیدوایی باوکی، لە شوێنی دانراوە. ساڵی ١٩٥٨ بیارەی بەجێهێشتووە و ڕووی لە گوندی (دووڕووە)ی هەورامانی کوردستانی خۆرهەڵات کردووە و نزیکەی بیست ساڵ لەوێ ماوەتەوە و خانەقاکەی ئاوەدانکردووەتەوە، هەر بەم هۆیەشەوه ‌به (شێخ عوسمانی دووڕووە) ناسراوە. چەند جارێک ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. کە گەڕاوەتەوە بیاره، وەفدێکی بەرزی حکومی لە بەغداوە بۆ بەخێرهاتنەوەی هاتووەنەتە بیارە. زۆر نەماوەتەوە و بەرە و بەغداد و ئەردەن و دواتریش تورکیا سەفەریکردووە. هەزاران موریدی نەقشبەندی و لایەنگری تەریقەت لە خانەقاکەی کۆبوونەتەوە و پەیڕەویان لەسەر دەستی وەرگرتووه. هۆنراوەکانی کۆکراوەتەوە و لە (دیوانی حەزرەتی شێخ محمەد عوثمان سراج الدین نەقشبەندی)دا چاپکراوە. ساڵی ١٩٩٧ لە تورکیا کۆچیدواییکردووه.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ عوسمانی سیراجودین

کەسایەتیی ئاینی، ڕأبەری نەقشبەندیی کوردستان و یەکەم خەلیفەی مەولانا خالدبووە. ناوی (شێخ عوسمان کوڕی خالید ئاغای کوڕی عەبدوڵا ئاغای کوڕی سەید محەممەد)ە. لە دەوروبەری ساڵی ١٧٨١ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. نراوەتە بەر خوێندنی نەحو، سەرف و شەرعی خوێندووە و قورئانی تەواوکردووە. هەر بۆ خوێندن چووەتە: بیارە، خەرپانی و خورماڵ. لەسەر دەستی (مەولانا خالید‌ نەقشبەندی) تەریقەتی وەرگرتووە و خەریکی ئیرشاد بووە. چەندین کەس لەسەر دەستی سلوکیان کردووە و چەندین خەلیفە و مەنسووبی هەبووە. چەند جارێک ژیانی هاوسەریی پێکهێناوه. دامەزرێنەی ڕێبازی نەقشییە لە هەورامان و یەکەم خەلیفەی مەولانا بووه،‌ کە خانەقای نەقشی لە تەوێڵە کردبێتەوە. دوای کۆچکردنی مەولانا خالد ماوەیەک لە سلێمانی لە جێی مەلانا لە خانەقا دانیشتووە. باوکی بولبەها و بولوەفا و شێخ عومەرە. گەلێک نامەی لێ بەجێماوە و ڕێزی لە زانایان گرتوە. ڕێگری لە فراوانبوونی مەزهەبی شیعی کردووە و وەفدی بۆ ئەو مەبەستە ناردووتە لای غوڵامشاخان. مەولەوی کردووتە مامۆستا و مودەرسی مرید و خەلیفە و مناڵەکانی،‌ دەوروبەری ساڵی ١٨٦٦ کۆچیدواییکردووه و لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە‌.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ محەممەد بەهائەدین

کەسایەتیی ئایینی و شاعیرە. ناوی (شێخ محەممەد بەهائەدین کوڕی شێخ عوسمانی سیراجودین)ـە. بە بوولیەهاش ناسراوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٣٦ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. کتێبە سەرەتاییەکانی سەرف و نەحوی خوێندووە. لەسەر دەستی باوکی‌ تەریقەتی نەقشبەندی وەرگرتووە و لە خانەقا یارمەتی باوکی داوە. شێخ عوسمان وەسیەتی کردووه،‌ کە شێخ محەممەد لە جێنشینانی ئەو بێت. لەسەردەمی شێخ محەممەددا خانەقای تەوێڵە زۆر ئاوەدان و پڕ لە هاموشۆکەران بووە. لەسەردەمی ئەمدا لە چواردەوری خانەقا خانو دروستدەکرێت و گومەز لەسەر ئارامگای باوکی دادەنرێت. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و ژمارەیەکی زۆر منداڵی بووە. دەستی هۆنراوە و پەخشاننوسینی هەبووه و نازناوی (بولبەها)بووە. جگە لە زمانی کوردی، فارسیشی زانیوە و هۆنراوەی پێ نوسیوە. لە دەوروبەری سالی ١٨٨١ لە گوندی (گوڵپ) کۆچیدواییکردووە و لە تەوێڵە بە تەنیشت باوکییەوە بەخاکسپیرراوه.‌

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت

شێخ مارفی نێرگسەجاڕ

ناوی (مەعروف عەبدولڕەحمان عەبدولقادر)ە. ساڵی ١٨٦٦ لە گوندی (نێرگسەجاڕ) لەدایکبووە. بە مەبەستی خوێندن زۆر لە ناوچەکانی باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان گەڕاوە، لای شێخ مەحموودی موفتی مزگەوتی گەورەی هەڵەبجە ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتووە، هەر لەوێش دە ساڵ لەسەریەک پێشنوێژی کردووە و دەرسی وتووەتەوە. پاشان مەدرەسەی نێرگسەجاڕی نوێکردووەتەوە و لە گوندی ئەحمەد بڕندەش مزگەوت و حوجرەی دامەزراندووە، لە گوندی وازۆڵیش حوجرەیەکی کردووەتەوە، بەڵام بۆ خۆی جوتیاریی کردووە و بە ڕەنجی شانی خۆی ژیاوە، دەیان هەتیو و بێسەرپەرشتیاری بەخێوکردووە، چاکەخوازێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بووە. چوار جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ساڵی ١٩١٥ لە گوندی ئەحمەد بڕندە کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
شێخی تەریقەت