بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٠٤ لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. کوڕی حەمەعەلی میرزا حەمەکەریمی پاڵانیابووە، کە باوکی یەکەم سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەبووە. خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواوکردووە. چەند ساڵێک لە خوێندن دابڕاوە و دەستیکردووە بە کاروباری بازرگانی، پاشان دەستیکردووەتەوە بە خوێندن. لە ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٧ سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووه. لەسەردەمی ناوبراودا چەندین پڕۆژەی چاکسازیی لە ھەڵەبجە جێبەجێکراون. ساڵی ١٩٨٧ کۆچیدواییکردووە.
سەرۆکى شارەوانى هەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٥٦ لە گوندى (عەبابەيلێ) لەدایکبووە. ساڵى ١٩٧٠ پەيوەندى بە شۆڕشەوە کردووە. دواى نسکۆ و گەڕانەوەی ساڵی ١٩٧٥ خوێندى ئامادەيى تەواوکردووە و ساڵی ١٩٧٦ بووە بە فەرمانبەر. ژيانى هاوسەریی پێکهێناوه و خاوەنى پێنج منداڵە. پاش ڕاپەڕينی ساڵی ١٩٨٧ى هەڵەبجە لەگەڵ خانەوادەکەى ئاوارەى وڵاتى ئێران بوون. ئەندامى سەرکردايەتیى بزووتنەوە بووە. بەشداری لە ڕاپەڕینی ساڵهی ١٩٩١دا کردووە. ساڵی ١٩٩٢ دەستی لە سیاسەت کێشاوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٥ سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە. پاشان لە ٨ی٩ی ٢٠٠٨ بووەتە سەرۆکی شارەوانیی تەوێڵە و دواتر لە ماوەی جیادا کراوە بە سەرۆکی شارەوانیی بیارە و خورماڵ. ساڵی ٢٠١٦ بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەکانی هەڵەبجە بەوەکالەت و ڕۆڵی هەبووە لە پێکهێنان ئەو بەڕێوەبەرایەتییەدا. ساڵی ٢٠٢٢ خانەنشین بووە.
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە و لە بەگزادەکانی جافە. ناوی (داودبەگ کوڕی حەمەسەعید بەگ کوڕی وەسمان پاشای جاف)ـە و بە (داودبەگی عەبابەیلێ) ناسراوە. ساڵی ١٨٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووه. لە حوجرە خوێندویەتی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. چووەتە عەبابەیلێ و کۆشکی بۆ خۆی دروستکردووە. لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار موبەریدەی کارەبای بردووەتە گوندی عەبابەیلێ. لە سەرەتای ساڵانی بیستەکان و لەسەردەمی ئینگلیزەکاندا بووە بە یەکەمین سەرۆکی شارەوانی. یەکێک بووە لە سەرۆکەکانی هۆزی گەورەی جاف. لە سنوری شارەزوور و هەڵەبجەدا خاوەنی ١٨ گوند بووه. ساڵی ١٩٧٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی عەبابەیلێ بەخاکسپێرراوە.
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. ناوی (سەلام بیلال ئەسکەندەر)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی شارستانی لە زانکۆی موسڵ بە دەستهێناوە. ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩ سەرۆکی شارەوانیی (خورماڵ) بووە. چەندین پۆستی کارگێڕی وەک (بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بەوەکالەت، لێپرسراوی پڕۆژەکان، پلان و بەدواداچوون) بینیوە. ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە. چەندین پڕۆژەی وەستاوی خستوەتەوەگەڕ و چەند پڕۆژەیەکی نوێی ئەنجامداوە.
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. ناوی (کەریم قادر "خەیات" فەرەج هەڵەبجەیی)یە. ساڵی ١٩٥٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و بەشی شارستانیی کۆلێجی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووه و وەک ئەندازیار لە شاری نەجەف دامەزراوە. دواتر ڕاژەکەی گواستووەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی محەلی. لەماوەی جیاوازدا بەرپرسی شارەوانییەکانی قەڵادزێ و سەیدسادق بووە. ساڵانی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ وەک ئەندازیار لە شارەوانیی هەڵەبجە و دواتر سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە کاریکردووە. پاش کیمیابارانی هەڵەبجە خۆی و خێزانەکەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون. پاش ڕاپەڕین و لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ ماوەیەک لە شارەوانیی هەڵەبجەی تازە (قەزای شارەزوور) وەک ئەندازیار کاریکردووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ شارەوانی سلێمانی. ساڵی ١٩٩٦ بە نەخۆشی لە کۆچیدواییکردووە.
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. بە(سەید حەکیم سەید نەجیب هانەسوورەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (هانەسوورە) لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی تەواوکردووە. لە وەرزشکارە دێرینەکانە و لەم تیپە وەرزشییانە یاریکردووە: تیشکۆ، نەورۆز، گوڵان ..هتد. ماوەیەک کراوەتە سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە. خيزاندارە و لە ئێستادا فەرمانبەرە لە خانوبەرەی هەڵەبجە.
سەرۆکى شارەوانیى هەڵەبجەیە. ساڵى ١٩٣١ لە شارى سلێمانى لەدایکبووه. خوێندنى سەرەتايى لە قوتابخانەى فەيسەڵييە تەواوکردووە، بڕوانامەى بەکالۆريۆسى لە بەشى (ديراساتى ئيسلامى)ى لە زانکۆى سلێمانى بەدەستهێناوە. لە نێوان ساڵانى ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٧ سەرۆکى شارەوانیى هەڵەبجە بووه، دواتر گواستراوەتەوە بۆ سلێمانى و بەوەکالەت کراوە بە سەرۆکى شارەوانیى سلێمانی و دواتریش بووە بە سەرۆکى شارەوانیى سەرچنار. ماوەیەک بەڕێوەبەرى مەسڵەحەى سلێمانى بووە. ساڵانى ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٧ نائيب ئەميندارى گشتیى ئەوقافى سلێمانى بووە. ساڵى ١٩٩٢ کۆچیدواییکردووە.
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی (عەبابەیلێ)ی نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتايى و ناوەنديى و ئامادەيى لە هەڵەبجە خوێندووە. پەيمانگاى تەکنەلۆجى لە کەرکوک تەواوکردووە. دواتر بەکالۆريۆسى لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى زانکۆى هەڵەبجەى بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. ساڵى ١٩٩٣ بووە بە لێپرسراوى لقى هەڵەبجەى يەکێتى ژنانى کوردستان و هەمان ساڵ بووە بە فەرمانبەر لە شارەوانیى هەڵەبجە. لەو فەرمانگەیەدا پلە کارگێڕییەکانی بڕیوە و ساڵی ٢٠١٦ بووە بە سەرۆکى شارەوانیى هەڵەبجە و تا ٢٠٢٢ بەردەوامبووە. لەسەر داواى خۆى دەستی لە کار کێشاوەتەوە. بە نوێنەرایەتیی هەڵەبجە ئەندامی ڕێکخراوی لاهایە بۆ جينۆسايد. بەشداری چەندان کۆبوونەوە و کۆنفرانسى لەناوە و دەرەوەى وڵات کردووە و زیاتر لە ١٥٠ خەڵات و ڕێزلێنانى وەرگرتووە.
سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی (سیروان)ـە. ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی جانجان لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. دایکی ناوی (ئامینەی حەمەئەمینی حامید عەزیز)ە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دواتر ئامادەیی لە ساڵی ١٩٨٢-١٩٨٣ تەواوکردووە. وەک کاندیدی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی یەکبوون لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠٠٠ دەستنیشانکراوە و دەرچووە. ساڵی ٢٠٠٠ وەک یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێراوی شارەوانیی سیروان دەستبەکاربووە. لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیدا ماوەتەوە، جگە لە چەند جارێک و بۆماوەیەکی دیاریکراو نەبێت.
سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی خورماڵە. ناوی (ئەحمەد محەممەد حسێن)ـه و بە (مامۆستا ئەحمەد خورماڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٧ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی له خورماڵ و ناوەندی لە سیروان و ئامادەیی لە هەڵەبجە و کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووه. بووە بە مامۆستا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ساڵی ٢٠٠٠ لەیەکەم هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا هەڵبژێرراوە و بووە بە سەرۆکی شارەوانیی خورماڵ و تا ٢٠٠٣ بەردەوامبووە. دواتر گواستراوەتەوە بۆ شارەوانی شارەزوور وەک فەرمانبەر دەستبەکاربووە.
ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی بامۆک لەدایکبووە. سەرەتایی لە بامۆک و دواناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە و بەشی (هندسە البناء والانشاءات)ی لە موسڵ تەواوکردووە. ١٩٨٨ ئاوارەی ئێران بووە و ١٩٨٩ گەڕاوەتەوە، لە ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی دامەزراوە. لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمپانیا و بەڵێندەران کاریکردووە و دەستی لە ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، خورماڵ، سیروان، هەوراماندا هەبووە. ٢٠٠٣ بووەتە سەرۆکی شارەوانیی خورماڵ و ٢٠٠٧ دەستی لە کارکێشاوەتەوە. هاوسەرگیری کردووەو خاوەنی سێ منداڵە. دواجار بەڕێوەبەری بەشی هونەری شارەوانیی هەڵەبجە بووە. ساڵی ٢٠٢٢ کۆچیدواییکردووە.
یەکەم سەرۆکی شارەوانیی (تەوێڵە)یە. بە (ڕەیس) ناسراوە. ساڵی ١٩١٤ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. لە بنەماڵەی ئاغەلەرانە و باوکی لە ناودارانی تەوێڵەبووە. تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە. سەرەتا لەگەڵ حیزبی هیوا بووە. لە سەردەمی پاشایەتیدا لەگەڵ حامدبەگ بووە و سەر بە کوتلەی نوری سەعید بوون. لە ساڵی ١٩٤١ەوە تا ١٩٥٨ سەرۆکی شارەوانیی تەوێڵە بووە و لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨ لادراوە. لە ساڵی ١٩٦٤ەوە تا ١٩٧٥ کراوەتەوە بە سەرۆکی شارەوانی و دوای نسکۆ گواستراوەتەوە بۆ دهۆک. ساڵی ١٩٧٦ خۆی خانەنشین کردووە و گەڕاوەتەوە بۆ تەوێڵە. پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا، ڕێگاوبان و نەخۆشخانە لە سەردەمیدا جێبەجێکراون. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ٢١ منداڵە. ساڵی ٢٠١٣ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە و تەرمەکە براوەتەوە بۆ تەوێڵە و لە گۆڕستانی باباسەرهەنگ بەخاکسپێرراوە.
لە بەگزادەکانى وەڵەدبەگى عەشيرەتى جافە. ناوی (بارام بەگ کوڕى ئەحمەد بەگ کوڕى محەممەد بەگ کوڕى قادر بەگە. باوکى بە ئەحمەد بەگى ڕێشێن ناسراوە. (سەبیحەخان)ی دایکیشی کچی عوسمان پاشای جاف و عاديلەخان بووە. ساڵى ١٩٢٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، هاوسەرگيرى کردووە. له دوای خۆیدا سێ کوڕ و سێ کچی جێهێشتووە، يەکێک لەوانە هونەرمەندى گۆرانيبێژ (پەيوەند جاف)ـە. له ناوەڕاستى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو ماوەيەک سەرۆکى شارەوانیی هەڵەبجه بووە. ساڵی ١٩٨٣ به نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.