کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

عەلی جەعفەر محەممەد

کەسایەتییەکی هەژار و بەخشراوبووە. باڵایەکی درێژ هەبووە. ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە، بە (حەمەیەلی) ناسراوە. لە سەرەتاکانی تەمەنی دەبێتە خۆشەویستی هەمووان. پاش کۆچیدوایی باوکی، لەگەڵ دایکیدا دەژی و زۆربەی ژیانی بە گوڵەبەڕۆژە فرۆشتن و بنێشت فرۆشتن بەسەردەبات. لەماڵی خوشکێکی دەژی بەناوی (سعادە جەعفەر محەممەد)، کە ئەرکی بەخێوکردن و پارێزگاریکردنی لەئەستۆی ئەماندا بووە. ساڵی ٢٠١١ کۆچیدواییکردووە.

مەلا مەعاز

ناوی (مەناف ناسر عەبدولمحەممەد)ە و بە (مەلا معازی ناوباخان) ناسراوە. ‌ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی (ناوباخان) لەدایکبووە. حەز و خولیای بۆ وتاردان هەیە و بەردەوام لە گرتە ڤیدیۆیەکاندا وەک مامۆستایەکی ئاینی وتار دەدات و خۆی تووڕە دەکات، هەندێک جاریش وەک شاعیر و گۆرانیبێژ دەردەکەوێت. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین ئەکاونت و پەیج بەناویەوە دانراون، زۆربەی کات قسەکانی لەناو خەڵکیدا بەکاردەهێنرێن، وەک تەنز و تەعلیق لە دەسەڵاداران و مامۆستایانی ئاینی. ماوەی یەک ساڵە ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت چەند جارێک لە گرتە ڤیدۆکانیدا دوعایدەکرد و دەیوت: (خوایە ژنێکم بە نسیب بکەی). لە وتە دیارەکانی: (خوایە ژنێکم بەنسیب بکەی حەساسیەتی بە ئاڵتون هەبێ)، (داوا لە مەلاکان دەکەم موسڵمانبوونی خۆیان ڕابگەیەنن)، (بەزۆر پاڵ بە کەسەوە مەنێن بۆ بەهەشت نەکا بکەوێتە دۆزەخەوە).

مەلیحە خان

ناوی (مەلیحە میران عەبدولکەریم)ـە. ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی (هاوار) لەدایکبووە. بە لارولەنجە ڕۆیشتووە بە ڕێدا. ماڵەکەی لە گەڕەکی شارەوانی بووه لە شوێنەگشتییەکان و بازاڕدا مقەبا و کارتۆن و زبڵ و خاشاکی کۆکردووەتەوە و بردویەتییەوە بۆ ماڵەوە. چەند جارێک شارەوانی خانووەکەی بۆ پاککردووەتەوه، بەڵام ئەو پێیوتوون: هیچیان تیا نەهێشتووە و هەموویان بردووە. کاتێک بە مەلیحە خان بانگکراوە، وتویەتی: خانەکەی منیش وەک پارێزگاکەی هەڵەبجە وایە! لە مامەڵەکردندا زۆر سەر ڕاست بووە، لای دوکاندارەکانی بازاڕی شارەوانی قەرزی کردووە، سەرڕاستانە داوێتییەوه. زۆرجار بەبێ هۆ سۆندەی ئاوی کڕیوە. ساڵی ٢٠٢١ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە.

مچەشێت

لە بەخشراوە دیارەکانی هەڵەبجەیە. ناوی تەواوی مستەفا محەمەد مەحمودە. ساڵی ١٩٣٤ لە مۆردین لە دایکبووە. کەسێکی بەتوانا و بەهێزبووە و بە پاڵەوان ناسراوە. لە گەنجیدا بەردێک بەر سەری دەکەوێت و دۆخی تێکدەدات. دوای هاتنیان بۆ هەڵەبجە لە مزگەوتی پاشا گیرساوەتەوە و هەر لەوێش ماوەتەوە. تاکەکەس بووە لە ساڵی ١٩٨٨ تا کشانەوەی ئێران و هاتنەوەی سوپای عێراق لە هەڵەبجەدا ماوەتەوە. بەو هۆیەوە دەسگیردەکرێت و دەبرێتە نوگرە سەلمان، دوایی ئازاد دەکرێت و پاش ڕاپەڕین دێتەوە هەڵەبجە. لە توڕەبووندا جنێوی دەدا و تفی دەکرد و دەستی دەوەشاند. ساڵی ١٩٩٨ کۆچیدواییکردووە.

محەممەد حەبیب محەممەد

ساڵی ١٩٧٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی لە شارەزوور و هەڵەبجە تەواوکردووە. دوای کیمیابارانی هەڵەبجە دەرفەتی خوێندنی لەدەستداوە و کراوە بە سەرباز. بەشداری گرتنی کوێت و شەڕی کەنداوی کردووە و بە کاریگەری ئەم جەنگانە باری دەروونی تێکچووە. لە هەورامان بەگشتی و تەوێڵەدا بە قسەی خۆش ناسراوە. لە ئێستا لە نێوان شارۆچکەی خورماڵ و تەوێڵەدا ژیان بەسەردەبات و دەمێنێتەوە.

محەممەد مستەفا کەریم

ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووە. دانیشتوی گوندی (زەردەهاڵ)ی هەورامانە. لە بەڕێوەبەرێتیی چاودێری و گەشەپێدان ناوی تۆمارە و پێناسی بۆکراوە. زیاتر لەگەڵ تەوێڵەییەکاندا نێوانی خۆشە و زۆرتر لەوێ دەردەکەوێت. لە قسەخۆشەکانی (حەزم لە تەوێڵەییە و دەبم بە زاوایان). خولیایەکی زۆری بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ هەیە و ئارەزووی لە پیشەکەیە. زۆرجار بە یارمەتی کەسانی نادیار جلوبەرگی پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیس بە ئەستێرەوە پەیدادەکات و لەکاتی گەشتیاری و قەرەباڵغی ناوچە گەشتیارییەکاندا وەک کارمەند خۆی دەردەخات و هەندێجار گرفت دروستدەکات، بە تایبەتی بۆ خەڵکی دەرەوەی هەورامان، کە نایناسن. لەبەرئەوە لە ڕاگەیاندنێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە فریودانی ئەم کەسایەتییەی بەو جۆرە دەرکەوتنە قەدەغەکردووە و هەر کەسێک وەک کارمەندی پۆلیس بەخشراوەکە پیشانبدات، ڕووبەڕووی یاسای دەکاتەوە.

پێشتر 1
...
44 45